یەکشه‌ممه‌ رۆژی‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌یه‌: هه‌موو لیسته‌كان پێشبینی ده‌كه‌ن سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ به‌ده‌ستبهێنن
  2024-10-19       668       
هەموو لیستەکان پێشبینی دەکەن سەرکەوتنی گەورە بەدەستبهێنن

ئا: دیما ئەحمەد

 

یەکشەممە ٢٠ ی ئەکتۆبەر، هەڵبژاردنی گشتی بۆ پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت‌و دەنگدانی گشتی ئەنجامی پرۆسەکەو کێش‌و قەبارەی لیستەکان یەکلایی دەکاتەوە، هەموو لیستەکان پێشبینی دەکەن سەرکەوتنی گەورە بەدەستبهێنن.

 

پارتی: بەتەمای ٤٥ کورسین

محەمەد عوسمان، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پێشبینییان بۆ ژمارەی ئەو کورسیانەی لەم ھەڵبژاردنەدا بەدەستیدەهێنن، بەئاوێنەی وت "ئێمە ھەموو ئامادەباشیەکانمان کردووەو وەک پارتی بەتەمای چل‌و سێ کورسی بۆ چل‌و پێنج کورسی بەدەستبھێنیەوە کە کورسیەکانی پێشتری خۆمان دەکات، گەشبینیەکەشم لەوەوە  سەرچاوە دەگرێت، پارتی حیزبی خەڵک‌و ئاوەدانیە".

وتیشی "پارتی لەسلێمانی دەنگەکانی لەزیادبووندایە، پێنج کورسی بەرەو سەر دەھێنین بەھۆی ئەوەی خەڵکانێک لەسلێمانی ئومێدیان بەپارتیەو هیوامان بەوەیە شەش بۆ حەوت کورسی بەدەستبھێنین".

 

یەکێتی: ٣٠ کورسی دەهێنین

بێستون عوسمان، کاندیدی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێشبینی دەکات لەم هەلبژاردنەدا ژمارەی کورسیەکانیان بۆ پەرلەمانی کوردستان زیاد بکات، ئە بەئاوێنەی وت "بەدڵنیاییەوە دەنگەکانمان زیاد دەکات، بەحکومی ئەو پەیامانەی ئێستا حیزبەکەمان ھەڵیگرتووە، جیاواز لەجاران کە بەرنامەی یەکێتی خزمەتکردنەو بەرنامەی کارکردنمان ئاشکرایە".

وتیشی "لەسەروو سی کورسی دەھێنین، لەبەرئەوەی ئەمجارە یەکێتی گەنجی لەگەڵدایە کە پێشتر ئەوە نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمجارە خەڵکی، یەکێتی بەھی خۆی دەزانێت، ھیوادارم بەشێوەیەکی کارا خەڵکی بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، چونکە ئەمجارە گۆڕانکاریەکان جیاواز دەبن‌و کاک پافڵ ئەوەی دەڵێت جێبەجێی دەکات".

 

بەرەی گەل: نازانین چەند کورسی دەهێنین

شادمان مەلا حەسەن، کاندیدی ژمارە یەکی بەرەی گەل لەھەولێر، ئاماژە بەوە دەکات پێشبینی کردن لەم هەڵبژاردنەدا کارێکی ئاسان  نییە، ئەو بەئاوێنەی وت "بەھۆی ئەوە ٨٥%ی ئەو دەنگانەی سووتاون دەنگی لیستەکەی ئێمەیە، بۆیە قورسە پێشبینی بکەم کە چەند کورسی دەھێنێنین، بەپارتی‌و یەکێتی کار لەسەر دەنگەکانی ئێمە دەکەن، ھەتا کۆتا ڕۆژی ھەڵبژاردن نازانم چی دەبێت، ئەمەش بۆچونی ھەموومانە لەبەرەی گەل کە بەرچاومان ڕوون نیە ئاخۆ چەند کورسی دەھێنین".

وتیشی "کۆمسیۆن بەڵێنی دا پێشێلکاریی نەبێت، بەڵام پێشێلکاریی زۆر کراوە، ئەمە زیانی زۆری بۆ دەنگەکانی ئێمە ھەبووە، ئەگەر پێشێلکاریی نەبوایە، دەنگی باشمان دەھێنا، ئەوانەشی لەخۆوە دەنگەکانی خۆیان زیاد دەکەن، ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمان دەکەنە ١٥٠ کورسی ئەوەندە کورسی بۆ خۆیان زیاد دەکەن، بەڵام من نامەوێت ھیچ ژمارەیەک بڵێم بەڵام دڵنیام دەنگ دەھێنین‌و بارودۆخمان باشە وەک بەرەی گەل".

 

هەڵوێست: سوێند بەخوا نازانم چەند کورسی دەھێنین

عەلی حەمە ساڵح، سەرکی لیستی هەڵوێستی نیشتیمانی، سەبارەت بەپێشبینیان بۆ ئەو کورسیانەی بەدەستیدەهێنن، بەئاوێنەی وت "سوێند بەخوا نازانم چەند کورسی دەھێنین، ناتوام ھیچ ژمارەیەک بڵێم، بەھۆی ئەوەی بەرچاوم ڕوون نیە، لیستەکەمان تازەیە، ڕێکخستمان نیە، تەنھا پشتمان بەدەنگی ناڕازی بەستووە وەک مامۆستاو فەرمانبەرو خەڵکی ناوبازاڕو بەسەرجەم چین‌و توێژەکانەوە، کە ئاخۆ دەچن بۆ دەنگدان‌و دەنگمان پێدەدەن یان نا".

وتیشی "تا ڕادەیەک پارتی‌و یەکێتی‌و حیزبە ئیسلامیەکان ڕەنگە بزانن چەند دەنگ دەھێنن، چونکە ئەزموونی دەنگدانی پێشوویان ھەیە، بەڵام ئێمە ھیچی ئەمانەمان نیە".

 

کۆمەڵ: ٧ کورسی دەهێنین

شنۆ عەبدوڵا، کاندیدی کۆمەڵی دادگەری بۆ پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات بەپێی ئەوەی ئەم چەند ڕۆژە لەبانگەشە بەشداربووەو بەگوێرەی ئەو بەلێنانەی لەدەنگدەرانی خۆیانی وەرگرتووە دەنگەکانیان زیاد دەکات بۆ سەروو پێنج کورسی، ئەو بەئاوێنەی وت "پێشتر پێنج کورسیمان ھێناوە، بڕوام وایە ڕۆژ بەڕۆژ دەنگەکانمان زیاد بکات، چونکە درۆمان لەگەڵ دەنگدەرانی خۆمان نەکردووە".

لەبارەی ئەوەی ئەم دڵنیاییەی لەچیەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەو وتی "وەک کۆمەڵی دادگەری پەرلەمانتارانمان چالاکی تەواویان ھەبوو، خزمەتی تەواوی خەڵکی کوردستانیان کردووە بەو ھۆیەوە پێشبینی دەکەم دەنگەکانمان زیاد بکات بۆ شەش کورسی تا حەوت کورسی".

 

یەکگرتوو: سەروو ٥ کورسی دەهێنین

 عوسمان کاروانی، سەرۆکی لیستی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان جەغت لەوە دەکات لەم هەڵبژاردنەدا دەنگەکانیان زیاد دەبێت، لەبەرئەوەی یەکگرتوو چەندین ھەڵوێستی دیاری ھەبووە لەشەش ساڵی ڕابردوودا لەبەرژەوەندی خەڵک‌و بۆ لێپێچینەوە لەحکومەت، ئەو بەئاوێنەی وت "ئەمجارە سیستەمی ھەڵبژاردن جیاوازەو لەلایەن کۆمسیۆنی باڵایی سەربەخۆی ھەڵبژاردنی عێراقیشەوە سەرپەرشتی دەکرێت، ھەموو ئەمانە ئومێدێکی زیاتری بۆ ئێمە دروستکردووە وەک دەنگدەرانی یەکگرتوو، بۆ ئەمجارە کورسیەکانمان زیاد دەکات‌و سەروو پێنج کورسی دەھێنین".

وتیشی "لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێشتر دوو کورسیمان ھەبوو، لەم ھەڵبژاردنەی ئەمجارەی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆتە چوار کورسی، واتا بۆ ئەمجارەش دەنگەکانمان دەبێتە دوو ھێندە، چونکە یەکگرتوو دەنگەکانی گەشەی باشی بەخۆیەوە بینیەوە".

 

گۆڕان: ٨ کورسی دەهێنین

مونیرە عوسمان، کاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژە بەوە دەکات کە ژمارەی دەنگەکانیان زیاد دەکات، بەھۆکاری ئەوەی لەڕابردوودا دەنگدەرەکانیان سزایان داوین بەھۆی ئەوەی بەشداریمان کردووە لەحکومەتدا لەگەڵ پارتی‌و یەکێتی، بەڵام لەئێستادا بەخۆداچونەوەیەکی گشتگیران کردووە، ئەو وتی "وەک شانازییەک تاکە حیزبین لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست داوای لێبوردنمان لە دەنگدەرەکانمان کردووەو بەدەنگدەرەکانی خۆمانمان وتووە لەم خولی شەشەمەدا دەبینە ئۆپۆسیۆن لەپەرلەمان".

وتیشی "ئەوەندەی من لەگەڵ خەڵکی پەیوەندیم ھەبووە، حەوت بۆ ھەشت کورسی پەرلەمانی بەدەستدەھێنین چونکە خەڵکێکی باش لەئێستادا پشتوانی بزووتنەوەکە دەکەن‌و بڕوایان بەچاکسازی ناو بزوتنەوەکە ھەیە".

 

ھاوپەیمانی کوردستان: ٣ کورسی بەدەستدەهێنین

شەیدا مەعروف، کاندیدی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لەناو ھاوپەیمانی هەرێمی کوردستان، بەئاوێنەی وت "وەک زەحمەتکێشان لەخولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستانەوە بەشداری ھەڵبژاردنمان نەکردووە، ئەمجارە بەھۆکاری ئەوە بەشداریمان کردووە لەگەڵ حیزبی شیوعی‌و پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لیستێکمان دروستکردووە بەناوی لیستی ھاوپەیمانی کوردستان، چاوەڕوانین لەم لیستەدا سێ کورسی بەدەستبھێنین، ئەوا ھەر حیزبەمان کورسی خۆی دەبێت لەپەرلەمانی کوردستان".

شەیدا وتیشی" تەمانە دەکەم وەک ھاوپەیمانیەکە سێ کورسی بھێنین بەڵام بەتەنیا خۆمان وەک زەحمەتکێشان ھیچ کورسیەک ناھێنین بەھۆکاری ئەوەی حیزبەکانی دیکە بەتایبەت حیزبەکانی دەسەڵات دەستیان خستە حیزبەکەمانەوە زۆرینەی لایەنگرو بەشێک لە بەرپرسەکانیان بردین بۆخۆیان و ئێمە وەک پێویست رێکخستنمان نەماوەو حیزبەکەمان تووشی ئەو بارودۆخە بوو کە ھەمووان دەزانن".

 

بزوتنەوەی ئیسلامی: ٢ کورسی بەدەستدەهێنین

وەلید  فەرەج، کاندیدی بزووتنەوەی ئیسلامی‌و برای مەلا کرێکار، بەئاوێنەی وت "هیوام وایە دوو کورسی پەرلەمان بەدەستبھێنین، دڵنیاین خەڵکێکی زۆر دەنگ بەئێمە دەدەن، من خۆشم وەک برای مەلا کرێکار چونکە تێکەلی ھیچ لایەنێکی عیلمانی نەبووم‌و براکەم بەبێ تاوان گیراوە، وەک مەلا کرێکار خەڵکێکیش بەو ھۆکارە دەنگم دەدەنێ".

 

نەوەی نوێ: هیچ ناڵێین

تایف گۆران، کاندیدی نەوەی نوێ لەبارەی ئەوەی ئاخۆ چەند کورسی دەھێنن، ئەو بەئاوێنەی وت "ناتوانن لەو بارەیەوە لێدوان بدەن، چونکە پێیانڕاگەیاندوین کە نابێت لێدوان بدەین بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×