رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایدهگهیهنێت كه پێویستە زەمینەی گفتوگۆ لەنێوان هەمو چینو توێژەکانی وڵاتهكهی فراوانتر بکرێت. دەم پارتی-یش -وهك گهورهترین پارتی كوردی لهتوركیاو باكوری كوردستان- پێشوازیی لەهەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لهتوركیا دهكات.
ئاوێنه: سەرۆک کۆماری تورکیا لهوتارێكدا كه لهکۆبونەوەی گشتیی سەندیکای پیشەسازییەکانی کانزای تورکیا پێشکەشیکرد، ڕایگهیاند، "ئەمڕۆ ڕۆژی ئەوەیە یەک بین، یەکگرتو بینو هەموو بەیەکەوە تورکیا بین. ئەمڕۆ ڕۆژی بەهێزکردنی برایەتی هەتاهەتاییمانە. چاوەڕوانین پارتەکانو سەندیکاکانو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەبێ گوێدانە بۆچونەکانیان، پشتیوانی لەکۆکردنەوەی برایەتیمان بکەن".
وتیشی، "لەم قۆناغەدا کە گرژیی لەناوچەکەماندا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست، پێویستە زەمینەی گفتوگۆ لەنێوان هەموو چینو توێژەکانی کۆمەڵگاکەماندا فراوانتر بکەین".
ئهو وتانانهی رەجەب تەیب ئەردۆغان لهكاتێكدایه كه دهنگۆی دهستپێكردنهوهی گفتوگۆو پرۆسهی ئاشتی لهتوركیا لهچهند میدیایهكی توركیو جیهانی قسهی لهسهر دهكرێتو خراوهته بهر باس.
لای خۆیانهوه تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغڵوڵاری، هاوسەرۆکانی دەم پارتی، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەئیستانبوڵ ڕایانگەیاند، بەگرنگییەوە لەوتەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانو دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە، دەڕوانن و لەنزیکەوە چاودێری پێشهاتەکان دەکەن.
لەیەکەم ڕۆژی کردنەوەی وەرزی نوێی یاسادانان لەپەرلەمانی تورکیا دوو هەفتە لەمەوبەر، لەپێشهاتێکی چاوەڕواننەکراودا دەوڵەت باخچەلی تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی دەم پارتی کرد لەپەرلەمانو وتی، "لەکاتێکدا داوای ئاشتی دەکەین بۆ جیهان، لەناوخۆدا پێویستیمان بەئاشتییە".
لای خۆیەوە سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی و سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پێشوازی لەو هەنگاوە کردو هیوای خواست هەنگاوی دیکەی بەدوادا بێت و ببێتە هەوێنی دیالۆگ و دانوستان.
بهڵام موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی كرێكارانی كوردستان -پەکەکە- لهدوایین چاوپێكهوتنیدا ڕهتیكردهوه كه ههوڵێكی لهو جۆره لهئارادا بێت.