عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران رایگەیاند، لەدەستدانی یەحیا سینوار، سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس، بە ئازارە بەڵام نابێتە مایەی راوەستانی بەرەی مقاوەمە. دەشڵێت: حەماس زیندوەو هەر زیندوش دەمێنێتەوە.
ئاوێنە: عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ئەمڕۆ شەممە، پەیامێكی لەبارەی كوژرانی یەحیا سینوار بڵاوكردەوەو تێیدا ستایشی ناوبراوی كردوەو وتویەتی، رۆژی 7ی ئۆكتۆبەر، سینوار گورزێكی قەرەبونەكراوەی لە ئیسرائیل داو كەسێكی وەك ئەو كە "تەمەنێكی لە روبەڕوبونەوەی دوژمنی دەستدرێژیكار و ستەمكاردا بەسەربرد، هیچ سەرئەنجامێكی دیكەی نابێت جگە لە شەهیدبون."
هێمای بۆ ئەوەش كردوە "بێگومان لەدەستدانی سینوار بۆ بەرەی مقاوەمە بەئازارە" بەڵام بەرەی مقاوەمە چۆن بە لەدەستدانی چەند سەركردەیەكی باڵای خۆی لە بەرەوپێشچون نەوەستا، بە لە دەستدانی سینواریش بەرەی مقاوەمە راناوەستێت.
خامنەیی جەختی كردۆتەوە كە "حەماس زیندوەو هەر زیندوش دەمێنێتەوە."
وتوشیەتی"ئێمە وەك هەمیشە لە پشت جەنگاوەران وخەباتكاران دەمێنینەوە."