لەجەنگاوەرەوە بۆ دەنگدەر
  2024-10-17       178       
٢١٥ هەزارو ٩٦٠ کەس لەهێزی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەدەنگدانی تایبەتدا بەشداری دەکەن

ئا: هێڤی ئاوات

 

ئەمڕۆ ھەڵبژاردنی تایبەت لەھەرێمی کوردستان بەرێوە دەچێت، سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت "دەنگدان بەوپەڕی نهێنی بەڕێوەدەچێت‌و هێز نییە بزانێ کێ دەنگی بەکێ داوە". جێگری بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەش رایدەگەیەنێت "پێشمەرگە ئازادە دەنگ بەکێ دەدات".

 

د.عیماد جەلیل، سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، کە سەرپەرشتی پرۆسەی هەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات، بەئاوێنەی راگەیاند ٢١٥ هەزارو ٩٦٠ کەس لەهێزی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکانی هەریمی کوردستان ئەمڕۆ لەدەنگدانی تایبەتدا بەشداری دەکەن، بۆ ئەو مەبەستەش ١٦٥ بنکەی دەنگدان‌و ٧٤٩ وێستگە لە ١١ پارێزگای هەرێمی کوردستان‌و عێراق ئامادە کراوە بۆ دەنگدانی تایبەت، کە لە کاتژمێر ٧ی بەیانییەوە دەستپێدەکات‌و تا کاتژمێر ٦ی ئێوارە پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت.

د.عیماد وتی "هیچ فشارێکمان هەست پێنەکردووە بەرامبەر ئەو پێشمەرگەو هێزە ئەمنیانە بکرێت کە ئەمڕۆ بەشداری لەدەنگدانی تایبەتدا دەکەن، پێشمانوایە دەنگدەر گوزارشت لەڕای خۆی دەکات لەناو کابینەی دەنگداندا، لەبەرئەوە ئەنجامی دەنگدانی تایبەت دابەش دەبێت بەسەر هەموو حزب‌و لیست‌و کاندیدەکاندا".

وتیشی "گرەنتی ئەوە کراوە کە دەنگدەر بەنهێنی دەنگ بدات، بەئەندازەیەک کە کۆمۆیسیۆنیش نازانێت ئەو دەنگدەرە کێیە دەنگی بەفلان‌و فیسار لیست داوە، مەحاڵە بزانرێت کێ دەنگی بەکام لیست یان کاندید داوەو تەواو تەواو دەنگدانەکە نهێنییە‌و رێوشوێنێکی توند گیراوەتە بەر بۆ ئەوەی بەکۆدی نهێنی زۆر بەهێز دەنگ بدرێت، بەجۆرێک کە کەس شوناسی دەنگدری بۆ نەدۆزرێتەوەو بردنە ژوورەی مۆبایل بۆ ناو بنکەی دەنگدان قەدەغەیە".

د. عیماد جەغتی لەوەش کردەوە کە لەدوای دەنگدانی تایبەت، لەلایەن کۆمسیۆنەوە کارتی دەنگدان لەپێشمەرگەو ھێزە ئەمنییەکان وەردەگیرێتەوەو لەدوای کۆتایی ھاتنی ھەڵبژاردنی گشتی پێیان دەدرێتەوە، ئەو وتی "هەموو دەنگدەرو هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە، کە دەنگدانتان بەنهێنی‌و پارێزراو دەبێت‌و هیچ کەسێک نازانێت کە دەنگتان بەکی داوە خۆتان نەبێت".

 

ئەمە لەکاتێکدایە کە بەشێکی زۆری ئەوانەی ئەمڕۆ بەشداری دەنگادانی تایبەت دەکەن، سەر بەهێزی پێشمەرگەی کوردستان‌و هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆن‌، بەپێی یاسای عێراق هەر کەسێک پلەی سەربازی هەبێت نابێ بەشداری لەبانگەشەی هەڵبژاردن بکات، بەڵام زۆربەی هێزەکانی پێشمەرگەو ئاسایش بەئەفسەرو پلەدارەکانیانەوە سەر بەدوو حزبی دەسەڵاتداری کوردستانن‌و پەیوەستن بەئینتیمای حزبیەوە، سەرباری ئەوەش لایەنە پەیوەندیدارەکان جەغت دەکەن لەوەی ئەوان ئازادن دەنگ بە چ لیست‌و کاندیدێک دەدەن‌.

 

لەبارەی دەنگدانی ھێزەکانی پێشمەرگەوە، رەنج جەعفەر ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەئاوێنەی راگەیاند ئەوان ئەمرۆ بەشداری لە پرۆسەی ھەڵبژاردندا دەکەن‌و ھەر پێشمەرگەیەکیش ئازادە لەوەی دەنگ بەکێ دەدا، رەتیشیدەکاتەوە ھیچ جۆرە فشارو زۆر لێکردنێک بوونی ھەبێت لەسەر ئەفسەرو پێشمەرگەکانیان لەکاتی دەنگداندا. ئەو وتی "پێمانوتراوە ئێوە تەواو ئازادن، چۆن دەنگ دەدەن کارێکی ئارەزو مەندانەیە، ھیوادارین زۆرترین کەسمان دەنگ بدەن".

سەبارەت بە دەنگۆی فشاری لایەنەکانی دەسەڵات لەسەر ھێزی پێشمەرگە بۆئەوەی دەنگیان پێ بدەن، ئەو وتی "من نازانم دەبێت چی فشارێک بونی ھەبێت؟ لەکاتێکدا سور دەزانین دەنگدانەکە بەکارتی ئەلیکترۆنیەو سیستەمەکە رێگا بەھیچ فشارو گزیکارییەک نادات. پاشان ئەوا چاویش لەپێشمەرگە سور کرایەوەو فشاریان لێکرا دەنگ بەکێ بدەن، ئەسڵەن کێ دەزانێت ئەو پێشمەرگەیە ھەر دەنگ دەدات یان ئەگەر دەنگیشی دا، بەکێی دەدات؟ ئەمە جگە لەوەی کە لەهەموو بنکەی دەنگدان چاودێری هەموو حزبەکان ئامدە دەبنو پرۆسەکە زۆر بەشەفافی بەڕێوەدەچێت".

رەنج ئاماژە بەوە دەکات کە وەزارەتی پێشمەرگە لەچەند بەشێک پێکدێت، ئەو وتی "دیوانی وەزارەتمان هەیە، دوای ئەوە لیواکانی سەر بەوەزارەتە، پاشان هێزەکانی ٧٠و ٨٠یەو دوو هێزی تریش هەن لەسەر پێشمەرگە حسابن، ئەوانیش هێزی زێڕەڤانی لەگەڵ بەرگری‌و فریاکەوتنە، کە موچەیان لەسەر وەزارەتی ناوخۆیە، بەڵام ئەرکیان ئەرکی پۆلیس نییەو ئەرکیان هەمان ئەرکی پێشمەرگەیە".

وتیشی "لەدوای دەنگدانی هێزی تایبەت، ھێزە ئەمنیەکان بۆ پاراستنی بنکەو مەڵبەندەکان لەرۆژی دەنگدانی گشتیدا ئەرکی سەرشانی خۆیان جێبەجێ دەکەن. کۆمسیۆنیش کارتی دەنگدان لەھێزەکانی پێشمەرگەو ناوخۆ وەردەگرێتەوە، ئەویش بۆ ئەوەیە دوای دەنگدانی تایبەت ھیچ کەسێک لەھێزەکانی ناوخۆ نەتوانێت لەدەنگدانی گشتیشدا دەنگ بداتەوە، بەڵام دوای دەنگدانی گشتی ئەو کارتانەمان دەدرێتەوە".

رەنج ئەوەی روونکردەوە کە جگە لەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن‌و دەنگدان بەشێوەیەکی شەفاف دەبێت، ئەمجارەیان جیاواز لەهەموو جارەکانی تر لەحاڵەتێکدا بۆ نمونە پەنجە مۆر نەخوێنرێتەوە ئەوا ٥% رێگە پێدراوە بەشداری دەنگدان بکەن، کە لەساڵانی رابردوودا نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر کێشەی دەخستە رێڕەوی دەنگدانەوەو لیکدانەوەی ئەوەی بۆ دەکرا بیانووییەکە بۆ رێگرتن لەلایەنێکی سیاسی دیاریکراو لەناوچەیەکدا کە مافی دەنگدانیان لێزەوت دەکرێت، ئەو وتی "کەسێک کە کارتی دەنگدانی هەیەو هەموو بەڵگەنامەکانی پێیەو پەنجە مۆرەکەی نایخوێنێتەوەو دوای چێکردنەوە دەردەکەوێ مافی خۆیەتی کێشەی پەنجە مۆری بۆ چارەسەر بکرێت، کە لەهەڵبژاردنەکانی پێشوودا کێشەی لێدەکەوتەوەو لێکەوتەی سیاسی دەبوو".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×