میدیای ئیسرائیل: یەحیا سینوار كوژراوە
  2024-10-17       178       

میدیای ئیسرائیل بڵاویكردۆتەوە، یەحیا سینوار، سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لە ناوچەی تەل سوڵتانی رەفەح كوژراوە.

ئاوێنە: ئێستگەی سوپای ئیسرائیل بڵاویكردۆتەوە لە ئۆپەراسیۆنێكی ئەمڕۆی سوپاكەیاندا كە سێ كەسی تێدا كوژراوە یەكێكیان یەحیا سینوار، سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس بوە.

پێشتر وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێكی سوپاكەیاندا لە كەرتی غەززە سێ كەس كوژراون كە ئەگەری هەیە یەكێكیان یەحیا سینوار بێت.

وتەبێژەكەی سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێكدا وتبوی، ژمارەیەك چەكدار لەناو بینایەكدا دەستنیشان كران و تەقەیان لێكرا، دوای دروستبونی شەڕە تەقە، هێزێكی ئیسرائیلی چۆتە نێو بیناكەوەو یەكێك لەو تەرمانەی كە دۆزرانەوە لە یەحیا سینوار دەچێت.

دوابەدوای ئەوەش كەناڵی 14ی ئیسرائیل رایگەیاند، تەرمی سینوار لەلایەن سوپای ئیسرائلەوە لە ناوچەی تەل سوڵتانی رەفەح دۆزراوەتەوە.

بەپێی میدیای ئیسرائیل، ئەو دو كەسەی دیكە كە لەگەڵ سینوار بون و كوژراون دو سەركردەی حەماسن بەناوەكانی مەحمود حەمدان و هانی حەمدان.

بەپێی سەرچاوەكان ئەو تەرمەی گومان دەكرێت سینوار بێت، پكشنینی دی ئێن ئەی بۆ دەكرێت.

یەحیا سینوار لەدوای كوژرانی ئیسماعیل هەنیە لە تاران، وەك سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لەجێگەی هەنیە دانرا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×