ئا: دیما ئەحمەد
حزبە بچوکەکان، کە بەشێکیان پێکەوە هاوپەیمانییان پێکهێناوە، بەنیازی بردنەوەی کورسیو بەدەستهێنانی پێگەیەکی نوێن لەهاوکێشەی سیاسی کوردستاندا، بەڵام کاندیدی لیستێک دەڵێت "حزبەکانی دەسەڵات کاندیدەکانمان دەکڕن".
لیستی ھاوپەیمانی: کاندیدەکانمان دەکڕن
بەختیار غەریب، کاندیدی لیستی ھاوپەیمانیو بەرپرسی ڕاگەیاندنی ھاوپەیمانیەتیەکەیە کە (ئارام قادر) سەرۆکایەتی دەکاتو چەندین کاندیدیان ھەیە لەسلێمانیو ھەولێرو دھۆکو ھەڵەبجە بۆ پەرلەمان، لەبارەی بەشداری کردنیان بەلیستێکی سەربەخۆ، بەختیار بەئاوێنەی وت "بەدەر لەحزبی دەسەڵات گەڕاینو داوامان لەسەرجەم لایەنە سیاسیەکان کرد ھاوپەیمانیەک بۆ ئەم ھەڵبژاردنە پێکبھێنین، بەڵام ھیچ لایەنێک ئامادەی ئەوەی نەبوو ببێتە ھاوپەیمانمان، ھەر یەکەیان هۆکارێکیان ھەبوو، بەتایبەت بەرژەوەندیان لەگەڵ دەسەڵات رێگر بووەو بەبەڵگەوە ئەو قسەیە دەکەم".
ئەو کاندیدەی ھاوپەیمانی ئاماژە بەگوشارەکانی دەسەڵات دەکات لەسەریانو وتی "نەک هەر ھاودیدانمانو دەنگدەرەکانمان، بەڵکو کاندیدەکانیشمان لەلایەن حیزبی دەسەڵاتەوە دەکڕدرێت لەسلێمانیو ھەولێریش، بەڵکو رێگریمان لێکرا کۆنگرەی دووەمی ھاوپەیمانیەکەمان ببەستین لەچەند مانگی ڕابردوودا، تا ئێستا لەدھۆک پارتی نایەڵێت بارەگا بکەینەوە، کاندیدانمان لەو شارە دوکانێکی شت فرۆشتنی خۆیان کردوە بەشوێنی بانگەشە بۆ ھاوپەیمانیەکە".
ئەو کانیدەی ھاوپەیمانی باسی لەوەش کرد دەسەڵات لێیان دەترسێت، ئەو وتی "ئەگەر دەسەڵات ترسی لەئێمە نیە بۆچی دێت کاندیدەکانمان دەکڕێت؟! کەسانێک لەلایەن دەسەڵاتەوە قسەیان لەگەڵ کراوەو پێیانوتون شتیان بۆ دەکەن تا واز لەھاوپەیمانی بھێنن، بەوەجبە ھاودیدانمان دەچنە ناو حیزبی دەسەڵاتەوە لەھەموو ئاستەکاندا، کە ئێمە پێمانوایە ھیچان بۆ ناکرێت تەنھا فریوو دەدرێنو سەنگو قورساییان نامێنێت".
وتیشی "ئەوانەی رۆشتوون لەم کاتی ھەڵبژاردنەدا پۆستەرو فلیکسی ھەڵبژاردنیشیان بۆ ئامادەکراوە، کە دوو ئەندامی سەرکردایەتیو حەوت کاندیدین، ئەمەش جۆرێکە لەغەدر لەئێمە دەکرێت".
ھاوپەیمانی هەرێمی کوردستان: ھاوپەیمانییەکی مەدەنی کاتین
عوسمان زیندانی لێپرسراوی مەڵبەندی حیزبی شیوعی کوردستان لەسلیمانی کاندیدی لیستی (ھاوپەیمانی هەرێمی کوردستان)ە، کە لەسێ لایەنی (زەحمەتکێشان، شیوعی، سۆسیالست) پێکهاتووەو کاندیدانی ھەرسێ حیزبەکە لەسەرجەم شارو قەزاو ناحیەکان پێکەوە بانگەشە بۆ لیستەکەیان دەکەن، زیندانی بەئاوێنەی وت "ئێمە ھاوپەیمانیەکی مەدەنی کاتین بۆ ھەڵبژاردن، بەڵام وەک حیزبی شیوعی پێشتر بەبڕیاری کۆنگرەو کۆمیتەی ناوەندی ئۆپۆزیسیۆن بووینو نازانین دوای ھەڵبژاردنیش چی دەگوزەرێت، پێدەچێت لەداھاتووشدا ھەر ئۆپۆزیسیۆن بین، چونکە سیستەمی ئێستای حکومڕانی کوردستان لەگەڵ بیروباوەڕی ئێمە ناگونجێت، کە سەرجەم قوتابخانەو نەخۆشخانەکانیان کردووە بەئەھلی".
لەبارەی ئەوەی جیاوازی حیزبی شیوعی لەگەڵ پارتیو پەکێتی چییە، ئەو وتی "جیاوازی ئەوەیە یەکێتی سی ساڵە حکومڕانەو وەک ئۆپۆزیسیۆن خۆی نیشان دەدات، پارتیش دەیگوت نەوت سەربەخۆ دەکەم بۆ کوردستانێکی بەھێز، بەڵام کوردستانی تووشی قەرزێکی سیو دوو ملیار دۆلاری کرد، ئەوان ڕاستگۆ نین بەڵام ئێمە ڕاستگۆ دەبین".
عوسمان زیندانی ئاماژەی بەوە کدر کە ئەمجارە ھەلێکی باشتر لەئارادایەو پێشیانوایە ئەمجارە خەڵکی بەڕێژەیەکی زیاتر لەجاران دەچن بۆ دەنگدان، ئەو وتی "لیستی زۆرو کاندیدی زۆری سەربەخۆ دروستبووە، جگە لەوەش خەڵک لەوە تێگەشتووە ئەگەر نەچن بۆ دەنگدان، پارتیو یەکێتی بەکەمینەیەکی کەم حکومەت پێکدەھێنن".
زیندانی ئەوەشی روونکردەوە کە بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان پشتیوانی لیستی هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان دەکات، ئەو وتی "بزوتنەوەی دیموکراتی کوردستان کە بەحیزبەکەی مام خدر ناسراوە ئۆپۆزیسیۆنەو لەھەولێرو دھۆکو گەرمیان پشتیوانی لیستەکەمان دەکاتو کاندیدی نیە بۆ پەرلەمان".
هەروەها شەیدا مەعروف، کاندیدی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لەبازنەی سلێمانی لەسەر هەمان لیست، ئاماژە بەوە دەکات کە نایەکسانییەکی زۆر هەیە لەنێوان لیستەکانی دەسەڵاتو حزبە بچوکەکان لەرووی توانای مادیو دەرفەتەوە، ئەو وتی "بەپێچەوانەی حزبەکانی دەسەڵاتەوە، لیستەکەی ئێمە تیمێکی نییە تا بەشێوەیەکی مەیدانی پشتگیریمان لێبکاتو دەنگمان بۆ کۆبکاتەوە، لایەنی داراییمان زۆر خراپە".
ئەم کاندیدەی زەحمەتکێشان ئاماژە بەوە دەکات کە ترسی نیە لەدەرچوون یان لەدەرنەچونی، ئەو وتی "لەبەرئەوەی من کادێری حیزبو کاندیدی سەربەخۆ نیمو ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حیزبەمو گرنگ ئەوەیە حیزبەکەم بەشدارە لەھەڵبژاردنو سەری بەرزدەکەمەوە بە بەشداریم لەھەڵبژاردن بەو دەنگدانەی کۆیدەکەوە، ئاساییە بچمە پەرلەمان یان نا، ھەرچەندە ناخۆشە دەرنەچم، چونکە ھەوڵی زۆرم داوە ببمە پەرلەمانتارو دەربچم".
ھاوپەیمانی سەردەم: لەھەولێرو سلێمانیش کورسی بەدەستدەهێنین
شاڵاو عومەر، کاندیدی بزووتنەوەی سۆشیالیستی کوردستانە لەسەر لیستی هاوپەیمانی سەردەم، کە ھەریەک لەحزبەکانی پارتی ڕەنجدەرانی کوردستانو پارتی پارێزگارانی کوردستانو یەکێتی نەتەوەی کوردستانو بزوتنەوەی سۆشیالیستی کوردستان پێکیانهێناوە، شاڵاو بەپەیامنێری ئاوێنەی وت "لەھەولێرو سلێمانیش کورسی بەدەستدەهێنین بەپێی ئەو ڕاپرسیەی خۆمان کردوومانە، لەرێگەی سۆشیال میدیاو ئەندامەکانمانەوە بانگەشەی ھەڵبژاردنمان لەھەموو شارو شاروچکەکەکان دەستپێکردووەو دروشمەکەشمان پێکەوەژیانو دادپەروەریە".
وتیشی "بەھۆی ئەوەی سەنگو قورسایی بزووتنەوەکەمان لەشارەزوورو دەربەندیخانو ڕاینەو قەڵادزێو چەمچەماڵە زیاتر پۆستەرمان لەو شوێنانەیە، ھەرچەندە لەسلێمانیش پۆستەرمان ھەڵواسیوەو بانگەشە دەکەین".
لەبارەی ژمارەی کاندیدەکانی لیستی ھاوپەیمانی سەردەم،ئەو وتی "لەبازنەی سلێمانی سیانزە کاندیدمان ھەیە، لەبازنەی ھەولێر پانزە کاندیدمان ھەیە، لەدھۆک پانزە کاندیدمان ھەیە، لەھەڵەبجە سێ کاندیدمان هەیەو چاومان لەوەیە دوو بۆ سێ کورسی بەدەستبھێنین، چاویشمان لەوەیەبەتایبەتی لەدەنگی پارتی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان بەرین، چونکە ئێمە لەھەناوی ئەو حیزبەوە ھاتوینەتە دەرەوە".
بزوتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی: لەهەڵەبجە دەنگ دەهێنین
بزوتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی، کە باڵی جیابوەوەی بزووتنەوەی ئیسلامیەو حاجی کامیل عەلی ڕابەرایەتی دەکات، ژمارەیەک کاندیدی هەیە، م.محەمەد ئەمین یەکێکە لەو کاندیدانەو سەرۆک لیستی ئەو حیزبەیە لەسلێمانی، ئەو وبەئاوێنەی وت "وەک ھەر حیزبێکی دیکە ھەوڵی زۆرمان بۆ ئەوەیە بچینە پەرلەمانی کوردستان، لەماوەکانی پێشتریشدا کەسانی وەک ئەحمەد وەرتێیو محەمەد بازیانیو حاجی کامیل لەماوەکانی پێشوودا وەزیرو پەرلەماتارو بەرێوەبەری گشتی بوونو ئێستا لەبزووتنەوەی پەیوەندیدی ئیسلامیدانو هاوکارمانن بۆ ئەوەی کورسی پەرلەمان بەدەستبھێنین".
وتیشی "پێشتر ئێمە ڕابوونی ئیسلامیمان پێکھێناوە لەھەڵەبجە، بۆیە زۆرینەی دەنگدەرەکانمان لەو شارە دەبێت، پاشان لەڕانیەو سلێمانیو چەمچەماڵ، بەڵام خەڵکێکی زۆریش بەڵنیان پێداوین لەسەرجەم شارو شارۆچکەکان، ھەرچەندە پارتی بارەگاکانی لەھەولێر پێداخستوینو لەبەرژەوەندی بزوتنەوەی ئیسلامی رێگریمان لێدەکەن، بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین لەھەولێرو دھۆکیش".
لەبارەی ئەوەی بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی لەیەکێتییەوە نزیکنو بزووتنەوەی ئیسلامی لەپارتیەوە، ئەو وتی "وەک پەیوەندی سیاسی ئەوە ھەقی خۆمانە، بەڵام بەھۆی ئەوەی بەمەرجەکانی پارتی ڕازی نەبووین ئەوان نایەنە پێشەوە، ھۆکارەکەشی ئەوەیە پارتی کاری سیاسی ئێمەی قبوڵ نیە".
بزوتنەوەی ئیسلامی: یەک بازنەیی بۆ ئێمە باشتر بوو
وەلید فەرەج ئەحمەد، برای مامۆستا کرێکارو کاندیدی بزوتنەوەی ئیسلامی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەر هەرێمی کوردستان یەک بازنە بوایە لەبری چوار بازنەیی دەرفەتی سەرکەوتنیان زیاتر بوو، ئەو وتی "ئەگەر هەرێمی کوردستان یەک بازنە بوایە دەنگەکانی ئێمەو لایەنەکانی دیکەی ھاوشێوەی ئێمە بەشێوەی ئێستا پرژوبڵاو نەدەبوونەوە".
سەبارەت بەجیابوونەوەی بەشێک لەئەندامانیان لەبزووتنەوەی ئیسلامی، وەلید وتی "ئەو کەسانەی رۆشتوون کاریگەریان لەسەر دەنگەکانی ئێمە نابێت، چونکە بزوتنەوەی ئیسلامی خاوەنی سەرکردایەتو بنکردایەتی خۆیەتی، ئەوە یەکەمجاریش نیە کەسانێک لەناو بزووتنەوەی ئیسلامی دەڕۆن".
ئاخۆ لەم بانگەشەیەدا بەهۆی مەلا کرێکارەوە دەتوانێت دەنگی زیاتر بەدەستبهێنێت، ئەو وتی "مەلا کرێکار موڵکی ھەموو کوردو وڵاتانی دیکەشەو کەسێکی جیھانیە، تاکەکەسە خیانەتی نەکردووە، ھەتا ئێستاش قسەم لەگەڵ نەکردووە، چونکە ئەو ناتوانێت لەگەڵ خەڵکی پێنج وڵات قسە بکات کە یەکێک لەو وڵاتانە عێراقە، لەرێگەی خێزانەکەیەوە ھەواڵی دەزانم، ئەوی من بزانم ھیچ پشتگیریەکی من ناکات، چونکە جیاواز لەو پشتگیریەی لەبزوتنەوەی گۆڕانی کرد، پشتگیری هیچ کاندیدێکی نەکردووە".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.