ھەرێمی کوردستان لەبەردەم ھەڵبژاردنێکی جیاوازدا
  2024-10-14       406       
گۆڕانکاریی روودەدات یان روونادات؟

ئا: ھاوژین شکور

 

دوای چاوەڕوانییەکی زۆری خەڵکی ھەرێمی کوردستان، دواجار وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان دیاری کراو چەند رۆژێکە بانگەشەی حزب‌و لایەنە سیاسی و کاندیدە سەربەخۆکان گەرم‌و گوڕە، ئەوەی تێبینی دەکرێت، بانگەشەی کاندیدەکان‌و دروشمی حیزبەکان لەگەڵ خواستی دەنگدەر زۆر تەبا نین، ئەمجارە دەنگدەر یان ھاوڵاتی حەزیان بەو بەڵێنانە نییە کە پێشتر حزبەکان بەکاریان ھێناوە، بەڵکو چاوەڕێی یەک دەستەواژەن، ئەویش گۆڕانکارییە لەنەخشەی سیاسی ھەرێمی کوردستان، بەڵام ئایا لەم ھەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوە، ئەم حیزبانە دەتوانن نەخشەی سیاسی ھەرێمی کوردستان بگۆڕن؟

 

گۆڕانکاریی روودەدات یان روونادات؟

بەدەل بەرواری، کاندید لەلیستی رەوتی ھەڵوێست، وای نابینێت لەم ھەڵبژاردنەدا ھیچ گۆڕانکارییەک لەنەخشەی سیاسی ھەرێمی کوردستان رووبدات، ئەو بەئاوێنەی وت "چەند ھۆکارێک رێگرن لەبەردەم گۆڕانکاریی، سەرەکیترینیان ئەوەیە پارتی‌و یەکیتی ھەردووکیان ھێزی سەرەکین لەھەرێمی کوردستان، پارەو ھێزیان لەبەردەستە، ھەروەھا پارتی لەگەڵ تورکیاو یەکێتی لەگەڵ ئێران دەستی تێکەڵ کردووە، ھەردووکیشیان پێکەوە لەگەڵ بەغداو تارانن، ئەمە جگە لەوەی بەرژەوەندی ناوچەکە ناخوازێت لەئیستادا گۆڕانکاری گەورە لەنەخشەی سایسی ھەرێمی کوردستان بێتە ئاراوە، لەوەش مەترسیدارتر ھەرەشەی ھەردوو حزبی دەسەڵاتدارە لەپێشمەرگەو ھیزی ئەمنی‌و فەرمانبەران، کە دەنگی خۆیان بەوان بدەن".

بەرواری نەیشاردەوە کە "شکستھێنان بەدەسەڵاتی پارتی‌و یەکیتی مەحاڵ نییە، پێیوایە ئەوان لەدیدی خەڵکەوە شکستیان ھێناوە، لەبەرئەوەی نەیانتوانیوە خزمەتی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بکەن‌و لەبری ئەوە خزمەتی خۆیان‌و بنەماڵەی خۆیان کردووە، بەدەل وتی "پارتی‌و یەکێتی راستە لەم بانگەشەیە دژی یەکترن، بەڵام بیگومان دواجار ژێر بەژێر رێکدەکەون‌و دەسەڵات لەنێوان خۆیان دابەش دەکەنەوە".

ھەروەھا د.سەعید کاکەیی، شارەزای ھەڵبژاردن، پێیوایە لەھەڵبژاردنی ئەم جارە نەخشەی سیاسی ناگۆڕدرێت، ئەو بەئاوینەی وت "زۆربەی حزبەکانی ئێستای بەشداربووی ناو پرۆسەی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، نەک تەنھا لەتوانایاندا نییە نەخشەی کوردستان بگۆڕن، بەڵکو ئەگەر بەم شێوەیەی کە ھەن‌و بەرخورد دەکەن لەگەڵ خەڵک‌و خاکی کوردستان، خراپتری نەکەن ئەوا مەحاڵە چاکی بکەنەوە".

کاکەیی ھۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "ئەم حزبە تەقلیدی‌و ستەمکارانە زۆربەیان یان سەر بەوڵاتانی داگیرکەری کوردستانن، یاخود وەک ئۆپۆزیسیۆنی ساختەو ئایدیاڵگەریی، سەرقاڵی فریودانی دەنگدەرانن لەپێناو بەدەستھێنانی پلەو پۆست‌و پایەدا".

ئاری ھەرسین، بەرپرسی لقی ٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان هەمان بۆچوونی هەیەو لەمبارەوە بەئاوێنەی راگەیاند "ئەم ھەڵبژاردنەو ئەنجامەکەی نەخشەی سیاسی ھەرێمی کوردستان ناگۆڕێت‌و ھەرێمی کوردستان بەیەکگرتووی دەمێنێتەوە".

بە پێچەوانەی روانینەکانی دیکە، مەسعود عەبدولخالق، چاودێری سیاسی پێیوایە یەکەمجارە ھەڵبژاردنێکی ڕاستەقینە لەکوردستاندا دەکرێت،  ئەو بەئاوینەی وت "پێشتر ھەموو ئامڕازەکان لەبەردەستی حزبی دەسەڵاتدا بوو، بەویستی خۆی دیزاینی دەکرد، بەڵام ئەم جارە یەکەمجارە وەکو دەرفەتێکیشە بۆ خەڵکی کوردستان کە ھیچ بوارێک لەبەردەم ساختەکاری‌و داھاتووی ھەڵبژاردن نەماوە، ھەر کەسەو کرداری خۆی، بۆیە پێدەچێت حزبی دەسەڵات دەنگی بێتە خوارێ، ڕەنگە ھەر یەکەم بێت، لەبەرئەوەی زۆر ھەوڵماندا ئۆپۆزسیۆن یەکبگرن، یەکیان نەگرت، بەڵام گۆڕانگاری ھەر لەچوارچێوەی حزبە دەسەڵاتدارەکان دەبێت".

عەبدولخالق ئاماژە بە"تاکە دەرفەتێک" دەکات، ئەویش ئەوەیە "وەکو بەغدا ئۆپۆزسیۆن ئیتارێک دروست بکەن، ڕەنگە بەو شێوەیە بتوانن لەگەڵ لایەک لەلایەکانی حزبی دەسەڵات حکومەت پێکبھێنن، ئەوەش سەرکەوتنێکی زۆر گەورەیە".

 

چۆن دەنگدەر متمانەی بە حیزبەکان نەماوە؟!

کاروان عومەر، کاندیدی لیستی ھاوپەیمانی ھەریمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات لەسەرەتای دەستپێکردنی بانگەشەوە، زۆربەی لایەنەکان بەوشەی نەشیاو ھێرش دەکەنە سەر یەکتر لەشاشەو سۆشیال میدیاکانەوە، بۆ چەواشەکردن‌و بەسیناریۆی جیاجیا ڕووی ڕاستەقینەیان پیشانی خەڵک دا، ئەمەش دەریدەخات کە ھیچ پلانێکیان بۆ گۆڕانکاریی‌و باشترکردنی ژیان‌و گوزەرانی خەڵکی ھەریمی کوردستان نییە، ئەو بەئاوینەی وت "لەکاردانەوەو ھەڵویستی خەڵکییەوە سەرنج دەدەین، دەنگدەر چیتر متمانەی بەلایەنەکان نەماوەو لەبانگەشەکانی ئەم ھەڵبژاردنەدا ساردو سڕن‌، ھۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ بەڵێنە ناڕاستەکانی بەرپرس‌و کاندیدانی خولەکانی پێشووی پەرلەمان، کە وایکردووە خەڵک متمانەیان بەھیچ حزب‌و لایەنێکی سیاسی نەمێنێت".

ھەروەھا م. دلێر کەریم، کاندیدی سەربەخۆ، پشتڕاستی دەکاتەوە کە "دەنگدەر متمانەی نەماوە، چونکە دەسەڵات بانگەشەکەی نالۆژیکی‌و ناواقیعییە، خەڵک وشیار بووەتەوەو دژی دەسەڵاتەو دەزانێت ھیچیان پێناکرێت، لەڕاستیدا ئەو وشیارییە بۆ بەشداری نەکردن، ھەڵەیە".

بەدەل بەرواری، کاندید لە لیستی رەوتی ھەڵوێست، پێیوایە دەنگدەر لەسەر حەقە کە متمانەی نەماوە، "لەبەرئەوەی ٣٠ ساڵە چەندین لایەنی سیاسی بەڵێنی درۆ بەھاوڵاتیان دەدەن و زۆر لایەنی سیاسی ھاتنە گۆڕەپانەکە و خەڵک دەنگی پێیان دا بەڵام دواجار چوونە ئامێزی دەسەڵاتەوە، بۆیە خەڵک سارد بۆتەوە لەوەی بەشداری لە ھەڵبژاردن بکەن". وتیشی "خەڵک باوەڕ بەو لایەنانە ناکات کە باس لە خزمەتگوزاری بکات، لەبەرئەوەی بۆیان دەرکەوتووە لە بانگەشەی ھەڵبژاردن درۆی زۆر دەکەن".

ھاوکات مەسعود عەبدولخالق، چاودێری سیاسی دەڵێت "پێشتر ئۆپۆزسیۆن ئەنجامێکی گەشبینی نەبوو، ئێستاش وا پەرتەوازەیە، دەنگدەری ئۆپۆزسیۆن لەدۆخێکی سەرسوڕماندایە، نازانێت چ بڕیارێک بدات، گیری خواردووە، چونکە ئەو متمانەیەی پێشتر ھەیانبوو ئێستا نەماوە"، ئەو وتی "خەڵک ھەستی پێکردووە ئەمجارە دەرفەتی گۆڕانکاری لەدەسەڵات بەشێوەی مەدەنی ھەیە، ئەگەر خەڵک زۆر بچنە سەر دەنگدان گۆڕانکارییەکە مسۆگەرە".

وتیشی "حیزبی دەسەڵاتی بەرامبەر پارتی، یەکێتییە، زۆر جار لەگەڵ پارتی ڕێککەوتووە یان تیمی حکومەتیان لەناو حکومەتی ھەرێم گەلێ لاواز بووە، ئەمانە وایکردووە خەڵک نەزانێت دەنگ بەکێ بدات، لەلایەک دەنگ بەئۆپۆزسیۆن بدات، دەڵێ دەنگەکەم بەلاش دەڕوات، لەلایەک دەنگ بەپارتی‌و یەکێتی بدات دەترسن جارێکیتر لەگەڵ یەک ڕێکبکەون".

لە بەرامبەردا د. سەعید کاکەیی، شارەزای ھەڵبژاردن پێیوایە "خەڵکی ستەملێکراوی ھەرێمی کوردستان، شوکر مەحوی ئاسا، ھوشیارن‌و بە دروشمی باق‌و بریق‌و گەفی زبرو بەڵێنی درۆزنانە فریو نادرێن، ھوشیاربوونی خەڵک واتای ساردوسڕی ناگرێتەوە". ئەو لەو باوەڕەدایە "دەنگدەرانی ھوشیارو خەمخۆری نیشتمانەکەیان بەڕێژەیەکی باش دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان‌و ئەو کاندیدە زۆر باش‌و باشانە ھەڵدەبژێرن کە گوێڕایەڵی سیاسەتە نەزۆکەکانی حزبەکانیان نابن، چونکە خەڵک بێزار بووە لەبیستنی بەڵێنی دابینکردنی خزمەتگوزاری درۆزنانەی سەر زاری چەندین کاندیدی ئێستاو پەرلەمانتاری پێشترو بەرپرسی حزبە تەقلیدییە گەندەڵ‌و ھیچ لەباربووەکان".

ئاری ھەرسین، بەرپرسی لقی ٤ی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بەسەرسوڕمانەوە دەپرسێت "چۆن دەنگدەر متمانەی بەحیزبەکان نەماوە؟!"، بە بڕوای ئەو خەڵکێکی باش بەشداری لەھەڵبژاردنەکان دەکەن.

هەرسین بەئاوێنەی وت "نەک ھەر کۆمەڵگاێ ئێمە ھەموو کۆمەڵگایەک خزمەتگوزاری (ئاو، کارەبا، ڕێگەوبانی باش، خوێندنگە، نەخۆشخانە، ژینگەیەکی پاک، ئەمنیەت ...ھتد) دەوێ، ئەوانە ھەموو ئەو خزمەتگوزاریانەن کە حکومەتی وڵاتەکە پێشکەشی دەکات، بۆیە بەباوەڕی ئێمە خەڵک ساردو سڕ نین".

 

دروشمی حزبەکان، وادەکات دەنگدەر بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان؟

دلێر کەریم، کاندیدی سەربەخۆ پێیوایە "دروشمەکان ناتوانن خەڵک بھێننە سەر سندووقی دەنگدان، کردار ئەوەی پێدەکرێت کە ئەمان نیانە"، ئەو وتی "لەھەڵبژاردنەکانی پێشوو ڕێژەی بایکۆت دوو ھێندەی بەشداریکردن بوو، واتا زۆرینە ناڕازییە، دەسەڵات نابێت شانازی بەزۆرینەی ئەو کەمینەیەوە بکات کە بەشداری ھەڵبژاردن دەکەن".

بەھەمان شێوە، مەسعود عەبدولخالق، چاودێری سیاسی وای دەبینێت ھەموو حیزبەکان‌و زۆربەی کاندیدەکانیش زۆر بەوردی توێژینەوەی سایکۆلۆجیەتی دەنگدەریان نەکردووە، "بۆیە دروشمەکانیان‌و ئاراستەی گوتارەکانیان لەگەڵ ناخی دەنگدەر زۆر کۆک نییە، دەنگدەری ئەم جارە زۆر تایبەتە چونکە زۆر گوێ بە بەڵێن نادات".

بەڵام د.سەعید کاکەیی، شارەزای ھەڵبژاردن لەو باوەڕەدایە کە "سەرباری باوەڕ نەکردن بەدروشمی حزبەکان، دەنگدەری هوشیارو خەمخۆری خۆی‌و خاک‌و ھاونیشتمانییەکانی دەچێتە سەر سندوقەکانی دەنگدان، نەک بۆ کەیفخۆشی‌و دڵنەوایی دەوروبەرەکەی، بەڵکو بۆ سزادانی ئەو حزبانەی بوونەتە ھۆکاری بەربڵاوبوونەوەی گەندەڵی‌و ستەمکاری‌و دزینی سامانی خەڵک‌و پەنجە نەرمکردن لەگەڵ داگیرکەرانی خاکی نیشتمانەکەیان".

ئاری ھەرسین، بەرپرسی لقی ٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان، جیاوازتر لەوان دۆخەکە دەبینێت‌و، پێیوایە خەڵک بەدەم بانگەشەیەکەوە ئەچن زۆر ئارام‌و لەسەرخۆ بێت‌و لەچوارچێوەی ئەخلاقیاتی بەرزی کۆمەڵگای کوردستاندا بێت، دانەبەزێتە ئاستی ناوزڕاندن‌و زمانی زبر، لەمبارەیەوە وتی "ئێمە لەلای خۆمانەوە پێمانوایە دروشمەکانمان زۆر باش قەناعەت بەخەڵک دەکەن، کە بچن بۆ سندوقەکانی دەنگدان‌و بەشداری کارا بکەن لەم ھەڵبژاردنەو چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن‌و دەنگ بەو حیزبانە بدەن کە دەزانن حیزبی خزمەتگوزارییە، حیزبی ئەمن‌و ئەمانە، حیزبێکی لەرزۆک نییە".

وتیشی "پێمانوایە بەرنامەکەی ئێمە، ڕوئیای ئێمە بۆ حکومڕانی، دەریدەخات کە ئێمە ئەو حزبەین کە خەڵکی کوردستان پێویستە دەنگمان پێبدات".

بەڵام بەدەل بەرواری، کاندید لەلیستی رەوتی ھەڵوێست، نەیشاردەوە کە دروشمی ھیچ لایەنیک قەناعەتی بۆ دەنگدەر دروست نەکردووە بچێتە سەر سندوقی دەنگدان، ئەو وتی "دروشمەکان کاتین‌و تەنھا بۆ بانگەشەیە".

کاروان عومەر، کاندیدی لیستی ھاوپەیمانی ھەریمی کوردستانیش، دووپاتی دەکاتەوە خەڵک زیاتر بێ ئومێد کراوە، ئەو وتی "لەو بڕوایەدام ڕێژەی دەنگدان نەگاتە ٤٠٪".".

ئەمە لەکاتێکدایە کە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوای چەند جارێک دواخستن، لە رۆژی ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەپێنجەم مەرسوومدا فەرمانی ھەرێمی بۆ دیاریکردنی رۆژی ھەڵبژاردنی خوولی شەشەم پەرلەمانی کوردستان واژۆ کردو بڕیاریدا ھەڵبژاردنەکە رۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ئەنجام بدرێت، ئەمەش لەکاتێکدا بوو پێشتر چوار جار مەرسومی ھەرێمی بۆ دەرکردبوو.

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×