دۆسییەی هەریەک لەئیلاهە محەمەدیو نیلوفەر حامیدی، ئەو دو ژنە ڕۆژنامەنوسەی ڕوماڵی هەواڵی کوشتنو پرسەی ژینا ئەمینییان کردبو، ڕەوانەی جێبەجێکردنی سزاکان کران، لەلایەکی دیکەشەوە مەنیژە خۆشنود خەڵکی بۆکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێران سزای زیندانییکردنی بەسەردا سەپێندرا.
ئاوێنه: ئەسغەر جەهانگیری، وتەبێژی دەزگای قەزایی ئێران لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەو ڕۆژنامەنوسانە بەتۆمەتی "ئەنجامدانی چالاکی پروپاگەندە دژی دەوڵەتو پیلانگێڕیی دژ بەئاسایشی وڵات" بەساڵێك بۆ پێنج ساڵ زیندانیكردن سزا دراون.
نیلوفەر حامیدی یەکەم ڕۆژنامەنوس بو کە وێنەی ژینا ئەمینی لەکۆمادا بڵاوکردەوە، هەروەها ئیلاهە محەمەدی دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن دەوڵەتەوە چووەتە سەقزو ڕاپۆرتێکی لەسەر کوشتنی ژینا ئەمینی ئامادە کردووە.
رۆژی 16ی 9ی 2022، ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵان لەنەخۆشخانەیەکی تارانی پایتهخت بەکاریگەری ئەشکەنجەدانی لەلایەن پۆلیسی ئهخلاقی كۆماری ئیسلامی ئێرانهوه گیانیلەدەستداو لەگۆڕستانی ئایچیان لەشاری سەقز زێدی لەدایکبونی خۆی بەخاکسپێرا.
دواتر بزوتنەوەی ناڕهزایی جهماوهریی بهرفراوان لهژێر ناونیشانی "ژن، ژیان، ئازادی" لهڕۆژههڵاتی كوردستانو ئێران دهستیپێكردو لهلایهن هێزه ئهمنییهكانی ئهو وڵاتهوه بهزهبری هێز دامركێنرایهوه.
پێشتر نیلوفەر حامیدی بەتۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا بە 7 ساڵ زیندانیكردن بەتۆمەتی کۆبونەوەو هاوکاری لەدژی ئاسایشی وڵاتو بە 5 ساڵ زیندانو بەتۆمەتی “چالاکی پروپاگەندە دژی دەوڵەت” بە یەک ساڵ زیندانی سزادرابو.
هاوکات ئیلاهە محەمەدی بەتۆمەتی “هاوکاریی لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکا” و “کۆبونەوەو هاوکاریی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی وڵات” و “چالاکی پروپەگەندە دژی دەوڵەت” بەسزای حەوت ساڵ زیندانیی سزا درابو.
هەروەها ئیلاهە محەمەدیو نیلوفەر حامیدی بۆ ماوەی دو ساڵ لەئەندامێتییان لەگروپو حیزبو دەستەو چالاکیی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بڵاوکراوەکان بێبەشکراون.
لەلایەکی دیکەوە، مەنیژە خۆشنود خەڵکی بۆکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێران بەتۆمەتی “پرۆپاگەندە دژی دەوڵەت” 10 مانگ سزای زیندانییکردنی بەسەردا سەپێندراو گواسترایەوە بۆ زیندانی بۆکان.