ئا: دیما ئەحمەد
لەبازنەی سلێمانی ٦ کاندیدی تورکومان کێبڕکێیانە بۆ بەدەستهێنانی کورسییەک، زۆربەی کاندیدەکانیان خەڵکی کفری-ن، کاندیدێک دەڵێت "زۆربەی کاندیدەکانی تورکمان سەر بەپارتیو یەکێتین، ھێزەکانی دەسەڵات دەتوانن بەسێ ھەزار چەکداری خۆیان بڵێن بڕۆن دەنگ بەو کاندیدانە بدەنو دەریانبچێنن".
ھیجران عەباس، کاندیدی سەربەخۆی تورکمان لەسلێمانی، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم ماوەیە بەسەر هەموو ماڵە تورکومانەکاندا گەڕاوەو داوای دەنگو پشتگیری لێکردوون، بەڵام پێویستی بەسێ ھەزار دەنگ ھەیەو دەستەبەرکردنی ئەمەش بۆ کاندیدێکی سەربەخۆ ئاسان نییە، ئەو بەئاوێنەی وت "من جارێ بەڵێنی ھیچ شتێک بەکەس نادەم، دەمەوێت ڕاستی بەخەڵک بڵێمو درۆ نەکەم".
وتیشی "من لەسەر پۆستەری بانگەشەکەم نوسیومە کاندیدی دژە دەسەڵاتم، دەمەوێت لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن کاربکەم لەپەرلەمان، بۆ چاککردنەوەی رێڕەوی دەسەڵاتو دژی گەندەڵیو گەندەڵکاران بوەستمەوە".
بەڵام ھیجران ترسی ھەیە ئەم بانگەشەی ئۆپۆزیسیۆنو سەربەخۆ بوونەی زیانی پێبگەیەنێتو سەرنەکەوێت، ئەو وتی "ئەگەر لایەنێکی سیاسی لەپشتت نەبێت زۆر زەحمەتە دەربچیت، چونکە ھەموو کفری کە سەرجەمی کاندیدەکانی تورکمان لەوێ خۆیان کاندید کردووەو زۆرترین خێزانی تورکومان لەخۆدەگرێت، ناتوانن سێ ھەزار دەنگ کۆبکەنەوە، لەکاتێکدا ھێزی دەسەڵات دەتوانێت بەسێ ھەزار چەکداری خۆیان بڵێن بڕۆن دەنگ بەفڵان کاندید بدەن، ئەوەندەی ئێمە ئاگادارین کار بۆ هەندێ کاندید کراوەو لەبەرئەوە قورسە من بتوانم کێبڕکێی ئەوان بکەم کە کاندیدی حزبە دەسەڵاتدارەکانن".
وتیشی "ئێستا کاندیدانی تورکمان لەبازنەی سلێمانی وەک یانزە پەرلەمانتارەکەی پێشووی پێکهاتەکانی پەرلەمان وان کە بێلایەن نەبوون، بەبێ ناوھێنان دەزانم کاندیدەکانی دیکەی تورکمان سەر بەپارتیو یەکێتین، وەک خزمایەتیش لەگەڵ کەسیان خزم نیم، من ئاوارەی تورکمانم لەھەولێرەوە ھاتومەتە سلێمانیو ماوەی بیستو ھەشت ساڵە لەسلێمانی دەژیم، دووجار لەلایەن پارتیەوە گیراوم، بەناچاریی لەسلێمانی دەژیم".
پەرلەمانی کوردستان لە خولی شەشەمیدا ١٠٠ کورسی دەبێت، پێنجیان بۆ پێکهاتەکانی تورکمانو مەسیحییەکانە، لەپارێزگای هەولێر کورسییەک بۆ هەریەک لەو دوو پێکهاتەیەو لەپارێزگای سلێمانیش بەهەمانشێوە، لەپارێزگای دهۆکیش مەسیحییەکان کورسییەکان دەبێت. ژمارەی کاندیدی پێکهاتەی تورکمان ٢٠ کاندیدە، لەهەولێر ١٤ کاندیدو لەسلێمانی ٦ کاندید. تورکمانەکانی هەرێمی کوردستان نیگەرانن لەبڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی کە لەکانونی یەکەمی رابردوودا ئەو ١١ کورسییەی هەڵوەساندەوە تایبەت بوون بەکەمینەکان لەپەرلەمانی کوردستان. پێشتر هەموو ئەو ٥ تورکومانەی دەچونە پەرلەمانی کوردستانەوە، لەپارێزگای هەولێرەوە هەڵدەبژێردران، ئەمە یەکەمجارە لەسلێمانییەوە تورکومانێک وەک نوێنەری ئەو پێکهاتەیە دەچێتە پەرلەمانەوە. لەشەش کاندیدەکەی تورکومانی بازنەی سلێمانی، پێنج کاندیدیان دەڵێن سەربەخۆنو کاندیدەکەی تریش بەرپرسی لقی کفری "بەرەی تورکومانی"یە.
نەجدەت محەمەد، کاندیدی سەربەخۆی تورکمان لەقەزای کفری بەگەشبینییەوە لەپرۆسەی هەڵبژاردنەکە دەڕوانێتو باس لەوە دەکات کە جیاواز لەکاندیدانی دیکەی تورکومان، لەبەرئەوەی گەورەی بنەماڵەکەیانە لەکفری، پشتگیرییەکی زۆر دەکرێت لەلایەن تورکومانەکانەوە، ئەو بەئاوێنەی وت "ببمە پەرلەمانتاری کوردستان، دەمەوێت خزمەتێکی زۆری کفری بکەم، کۆنترین قەزایە بەڵام وەک قەزا سەیری نەکراوە، بەپێی رێژەی دانیشتوان سەیریان کردووە، ئەمەش زیانی زۆری لەکفری داوە".
نەجدەت باس لەوە دەکات هەموو کاندیدە تورکومانەکانی ئەم هەڵبژاردنە لەبازنەی سلێمانی، خزمو هاوڕێو دۆستی نزیکی ئەمن، ئەو وتی" سەرجەم کاندیدە تورکومانەکان خالۆزاو پورزامن لەکفریو شانازیان پێوە دەکەم، ھەر کاندیدێک لەکانیدەکانی ئێمە سەرکەوێت من شانازی پێوە دەکەم، بەڵام دەبێت بیریشمان نەچێت ژیان ھەوڵو تێکۆشانە، ئەوانیش وەک کاندید بۆخۆیان ھەوڵدەدەنو منیش بۆ خۆم ھەوڵدەدەم، بەڵام لەئەنجامدا دەبێت خزمەتکاری یەکتر بین".
نەجدەت ئاماژە بەوە دەکات کە پارتی تا ئێستا نەیهێشتووە تورکومان لەسلێمانیەوە بچنە پەرلەمانەوە، ئەو وتی "لەساڵی ٢٠١٣وە لەمێشکمدایە ببمە پەرلەمانتاری تورکمان، بەڵام ئەمجارەیان ئەم ھەڵبژاردنە زۆر بەدڵی ئێمەیە وەک تورکمان، کە پێشتر تورکمان ھەبوو، بەڵام لایەنیکی دیاریکراو بەھۆکارێک نەیدەهێشت بەر ئێمە بکەوێت وەک تورکمانەکانی کفری".
بەوتەی لایەنە سیاسییەکانی تورکمان، لەهەرێمی کوردستان لەنێوان ١٠٠ بۆ ٤٠٠ هەزار تورکمان دەژین، بەڵام لەدوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەساڵی ٢٠١٨دا، ٥ پەرلەمانتارەکەی پشکی تورکمان پێکەوە کەمتر لە ٩ هەزار دەنگیان بەدەستهێنا. ئەمە لەکاتێکدایە پارتە گەورەکان دەتوانن لایەنگرانی خۆیان کۆبکەنەوە بۆ ئەوەی دەنگ بەکاندیدەکانی کەمینەی سەر بەحزبەکەیان بدەن. کاندیدەکانی تورکمانو مەسیحی بەدەنگێکی زۆر کەمتر لەوەی کاندیدی ئاسایی پێویستی پێیەتی، بۆ پەرلەمان هەڵدەبژێردرێن. کاندیدێکی پشکی تورکمان بەکەمتر لەهەزار دەنگ دەتوانرێت هەڵبژێردرێت، لەکاتێکدا کاندیدێکی ئاسایی پێویستی بەچەندین هەزار دەنگ هەیە. ئێستا باس لەوە دەکرێت کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان هیوادارە لەڕێگەی داڕشتنەوەی یاساو سیستەمی کۆتای پێکهاتەکانەوە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان سوود لەپشکەکان وەربگرێت، بۆیە لەناو تورکومانەکاندا دەوترێت بەشێک لەکاندیدەکانی تورکمان کە بەدەنگی پێشمەرگەو هێزی ئاسایشی پارتیو یەکێتی هەڵدەبژێردرێن، نوێنەرایەتی تورکمان ناکەن.
حسین عەلی، کاندیدی تورکمانە لەسلێمانیو ئاماژە بەجیاوازی خۆی دەکات لەگەڵ کاندیدانی حیزبەکان، ئەو بەئاوێنەی وت "ئەوان تەنھا کار بۆ گیرفانی خۆیان دەکەن، بەڵام من جیاواز دەبمو ھەوڵدەدەم کار بۆ تورکومانو هەموو خەڵکی بکەم".
وتیشی "ھەموو جارێک ھەوڵمانداوە بەشدار بین وەک تورکمانەکانی سلێمانی لەقەزای کفری، بەڵام نەمانتوانیوە، بۆ ئەمجارە زۆر خۆشحاڵین بەشدار بین لەپەرلەمانی کوردستان، نزیکەی سێ ملیۆن دینارم خەرجکردووە بانگەشە، بوونیشمان تەنها لەکفریو سمود زۆرە، هەرچەندە ژمارەمان دیار نیەو نازانرێت چەند ماڵین".
حسێن باس لەوە دەکات کە هەرچەندە خۆی تورکومانە، بەڵام زۆربەی دەنگدەرانی کورد دەبن، ئەو وتی "وەک بەڵێنم پێدراوە زۆرینەی دەنگدەرەکانم کورد دەبن، پێکەوە وەک برا کاردەکەین لەناوچەی گەرمیانو سنوری سلێمانی".
پێکهاتەی تورکمان لەعێراق لەڕووی سیاسییەوە دابەش بوون، بەسەر دوو زلهێزی ناوچەیی تورکیاو ئێراندا، لەبەرئەوەی نیوەیان سوننەنو نیوەشیان شیعەن. زۆرینەی تورکمانەکانی هەرێمی کوردستان لەهەولێر دەژین. پێشبینی دەکرێت دابەشبوونی کورسییەکان بەسەر هەولێرو سلێمانیدا، کە دوو هێزی دەسەڵاتداری کوردی تیا باڵادەستن، ئەوان راپێچ بکات بۆ نێو ململانێی نێوان پارتیو یەکێتیو تورکومانەکان لەپەرلەمان وەک ئامرازێک لەکێبڕکێی دەسەڵاتدا بەکاربهێنن. ئەمە جگە لەوەی هێشتا روون نییە کە گرژییەکانی نێوان ئەنقەرەو سلێمانی، چ کاریگەرییەکی لەسەر ئەم دابەشبوونە نوێیەی تورکومانەکان دەبێت.
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.