گەنجان وەک "هەلی کار" لەهەڵبژاردن دەڕوانن
  2024-10-10       754       
هه‌موو كه‌سێك ئه‌و مافه‌ی هه‌یه‌ به‌ئازادانه‌ ده‌نگی خۆی بدات، به‌شداریكردن یان بایكۆتكردنی هەڵبژاردن په‌یوه‌ندی به‌خودی كه‌سه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌

ئا: هێڤی ئاوات

 

ئەو گەنجانەی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا یەکەمجارە مافی دەنگدانیان هەیە، بۆچوونیان جیاوازە سەبارەت بەهەڵبژاردن، بەشێکیان بەگرنگییەوە لەم رووداوە دەڕوانن‌و بەشێکی دیکەشیان گاڵتەیان پێدێ. بەڕێوەبەری گەشەپێدانی چالاکی لاوان دەڵێت "کۆمەڵێک گەنج ئەم بانگەشەیە وەک دەرفەتی هەلی کارو سەرچاوەی داهاتی کاتی دەبینن".

 

ئاریۆ ئیبراهیم، کوڕێکی تەمەن ١٩ ساڵەو شەوێکی درەنگ وەخت، دوو برا بچوکەی خستوەتە دواوەی ماتۆڕە سێ تایەکەیەوە کە بەئاڵاو وێنەی لایەنێکی سیاسی رازاندوییەتەوەو بەهۆڕین‌و مۆسیقا لێدان لەسەهۆڵەکەی شاری سلێمانی بەگەرم‌و گوڕی بانگەشەی هەڵبژاردن دەکات، ئەوەی بەلای ئەم گەنجەوە گرنگە خەڵکی کوردستان‌و بەتایبەتیش گەنجان بتوانن بەشدارێکی باشی ئەم ھەڵبژاردنە بن، ئەو بەئاوێنەی وت "بەشداری ھەڵبژاردن دەکەم، چونکە ئەمجارە زۆر جیاوازترە، بەبڕوای من ئەم ھەڵبژاردنە باشتر دەبێت، چونکە ململانێیەکی بەھێز دروست بووە لەنێوان لیست‌و قەوارە سیاسییەکانداو دەسەڵات ناچار دەکات ئیش بۆ خەڵکی بکەن".

وتیشی "خەڵکی تاڕادەیەک ھۆشیار بوونەتەوەو ئێستا دەزانن دەنگ بەکێ دەدەن، چونکە ڕەنگە پێشتر دەنگیان بەلایەنێک دابێت، بەڵام ئێستا دەنگی بەلایەنێکی تر دەدات".

 

 ژمارەیەکی بەرچاو لەدەنگدەرانی کوردستان، ئەو گەنجانەن کە بۆ یەکەمجارە لەهەڵبژاردندا مافی دەنگدانیان هەیە، ئەوان سەبارەت بەپرۆسەی هەڵبژاردن بەسەر دوو بەرەی جیاوازدا دابەش بوون، بەشێکیان بەگرنگییەوە لەپرۆسەی دەنگدان دەڕوانن‌و ژمارەیەکیشیان لەبانگەشەی هەڵبژاردندا بەگەرموگوڕی لەهەوڵی سەرخستنی لایەنێکی سیاسی یاخود کاندیدێکی دیاریکراودان، بەشێکی دیکەشیان گاڵتەیان بەپرۆسەی هەڵبژاردن‌و دەنگدان دێ‌و دەڵێن "کێ گوێ لەدەنگی ئێمە دەگرێ؟!".

 

شنیار رەفیق، کچێکی گەنجی تەمەن بیست‌و شەش ساڵەو سێ ساڵە خویندنی بەشیکاری پەیمانگای تەواو کردووەو چەند هەوڵی داوە کارێکی دەستنەکەتووە، لەبەرئەوە بەنائومێدییەوە بەپەیامنێری ئاوێنەی وت "لەوڵاتێکدا دەژین باوەڕم نەک هەر بەهەڵبژاردن، بەڵکو بەژیانیش نەماوە".

بەرای شنیار ئەم ھەڵبژاردنەش جیاواز نابێت لەوانەی پێشتر کە زۆر بەڵێنیان دا، بەڵام ھیچی جێبەجێ نەکراو بەدەنگدان‌و دەنگ نەدانیان ھیچ لەمەسەلەکان ناگۆڕدرێن‌و بارودۆخی ژیانیان وەک خۆی دەمێنێتەوە، ئەو وتی "دۆخی کوردستان بەسەد ھەڵبژاردنی لەم شێوەیە ناگۆڕدرێت، بەڵکو تەنھا رووخساری کەسەکان دەگۆڕدرێن‌و ھیچی تر، بەمەش ھیچ لەناوەڕۆکی کێشەکان چارەسەر ناکرێت، لەبەرئەوە رێز لەدەنگی خۆم دەگرم‌و گاڵتەم بەهاشوهوشی هەڵبژاردن‌و بەڵێنی درۆی حزب‌و کاندیدەکان دێت، کێ گوێ لەدەنگی ئێمە دەگرێ؟!".

 

ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی ٢٠ی ئەکتۆبەر، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدەدرێت‌و ژمارەیەکی زۆر لەحزب‌و لایەنە سیاسییەکان کێکبڕکێ دەکەن بۆ بردنەوەی ١٠٠ کورسی پەرلەمان. ئەم حزب‌و لایەنانە بەردەوام کار لەسەر گەنجانی کوردستان دەکەن، بۆ ئەوەی بننە پاڵپشت‌و دەنگدەریان، بەڵام ژمارەیەکی بەرچاویان وەک خۆیان دەڵێن تا ئێستا خۆیان یەکلایی نەکردوەتەوە بەشداری دەنگدان دەکەن یان نا.

 

ھەندرێن رۆستەم، خوێندکارێکی تەمەن بیست‌و یەک ساڵی زانکۆی سەلاحەدینەو ئاماژە بەوە دەکات کە ھەتا ئێستا بڕیاری نەداوە بەشداری ھەڵبژاردن دەکات یان نا، چونکە بانگەشەی هەڵبژاردن‌و ململانێی لایەنە سیاسییەکان زۆر گەرمەو رەنگە لەدوا ساتدا باوەڕ بەگرنگی دەنگدان بهێنێت‌و بەشداری بکات، بەڵام تا ئێستا ئەو بڕیارەی نەداوەو یەکلایی نەبوەتەوە، ئەو وتی "کێشەی گەورەی بانگەشەی ئەم هەڵبژاردنە ئەوەیە سەرکردەی حزب‌و لایەنەکان هەر خەڵکی دەکەن بەگژ یەکترداو ئەمەش هاندەر نییە بۆ من تا بەشداری دەنگدان بکەم، فلان لەسەر حوکم بێت یان فیسار، هیچ لەمەسەلە گرنگەکانی خەڵک ناگۆڕێت".

وتیشی "کێشەی لەوەش گەورەتر ئەوەیە تا ئێستا حزب‌و کاندیدو لیستەکان خۆیان لەقەرەی گرفتە سەرەکیەکانی خەڵکی نادەن، بەتایبەتی مەسەلەی نادادپەروەریی‌و کێشەی پەروەردەو تەندروستی‌و بێکاریی گەنجان‌و دەیان کێشەو گرفتی تر".

 

هه‌ڵبژاردن پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسیه‌‌و هه‌موو كه‌سێك ئه‌و مافه‌ی هه‌یه‌ به‌ئازادانه‌ ده‌نگی خۆی بدات، به‌شداریكردن یان بایكۆتكردنی پرۆسه‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌خودی كه‌سه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، لەکوردستاندا هه‌موو جارێك له‌كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كان بابه‌تی كوتوپر‌و چاوه‌رواننه‌كراو هاتوه‌ته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ كاریگه‌یی له‌سه‌ر رێژه‌ی به‌شداریی ده‌نگده‌ران كردوه‌.

 

ژیری تەمەن ٢٠ ساڵ، بەسەر ماتۆڕەکەیەوە لەشەقامی شەست مەتری مەلیک مەحمود لەسلێمانی‌، ئاڵای لایەنێکی سیاسی بەرزکردوەتەوەو پڕ بەگەرووی هاوار دەکات بۆ پشتیوانیکردن لەلیستێکی دیاریکراوو سەرۆکەکەی، ئەو بەئاوێنەی وت "باشترین کار ئەوەیە بەشداری لەهەڵبژاردندا بکەین، ئەگەر دەمانەوێ ئەم دۆخە باشتر بکەین ئەوا تەنها رێگەمان دەنگدانە بەوانەی تاقینەکراونەتەوە".

 

سەیدسادق، یەکێکە لەو ناوچانەی کە بەشاری گەنجان ناودەبرێت، بەشێکی بنەڕەتی شارەکە گەنجن‌و بەشێکیشیان وەک هەلی کار لەبانگەشەی هەڵبژاردن دەڕوانن.

 

عەتا کەریم عوسمان، بەڕێوەبەری گەشەپێدانی چالاکی لاوان لەسەیدسادق لەپەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ گەنجانی ئەو شارە، ئەو بەئاوێنەی وت "بەشێکی زۆری گەنجان بێ متمانەن بەرامبەر بەهەموو شتێکی وڵات‌و هیچیان بەلاوە گرنگ نییە، هەرچەندە زۆربەشیان چاپوک‌و چالاکن‌و سەگەرمی پێگەیاندنی خۆیانن، بەڵام هەڵبژاردن بەسەکۆی گۆڕانکاریی نازانن، رەنگە لەوپەڕی هوشیاریشەوە بێت کە باوەڕیان بەوە نییە هەڵبژاردن گۆڕانکاریی لەم وڵاتەدا دروستبکات".

عەتا ئاماژە بەوە دەکات کە گرنگترین گرفتی گەنجانی شارەکەیان نەبوونی هەلی کارە، بۆیە بەشێکیان وەک هەلی کار لەهەڵبژاردن دەڕوانن، ئەو وتی "کۆمەڵێک گەنج ئەم بانگەشەیە بەدەرفەتی هەلی کارو وەک سەرچاوەی داهاتی کاتی دەبینن، خەریکی فلێکس دروستکردن‌و هەڵواسینی وێنەی کاندیدەکان‌و تەنافی ئاڵای حزبەکانن‌، کاندیدی حزبەکانی دەسەڵاتیش ستافیان دروست کردووەو پارەیان ئەدەنێ‌و دەڵێن بڕۆن دەنگمان بۆ کۆبکەنەوەو ئەوانیش شانبەشانی کاندیدەکان گەڕەکاو گەڕەک‌و ماڵەو ماڵ دەکەن بۆ دەنگ کۆکردنەوە".

هەرچەندە بەڕێوەبەری گەشەپێدانی چالاکی لاوان ئاماژەی بەوە کرد چاوەڕوان دەکرێت ئەمجارە دەنگدان گەرم‌و گوڕ بێت، بەڵام وتی "ناتوانم به‌ته‌واوی بڵێم خه‌ڵك بڕوای به‌پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ماوه‌ یاخود نا، به‌ڵام دڵنیام له‌وه‌ی به‌شێكی زۆری هاوڵاتیان متمانه‌یان به‌پرۆسه‌كه‌ زۆر لاواز بوه‌و پێیانوایە به‌هۆی ساخته‌كاری‌و ده‌ستكاریكردنی ئه‌نجامی ده‌نگه‌كان هیچ گۆڕانكارییه‌ك روونادات، خه‌ڵك تێگه‌یشتوه‌ كه‌ چوون‌و نه‌چوونی بۆ هه‌ڵبژاردن وه‌ك یه‌كه‌، بۆیە هه‌ڵبژاردن هه‌یبه‌ت‌و شكۆی خۆی له‌ده‌ستداوه‌".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×