ئەشێ کەسێکو هاوسەرەکەی کە دوو کادری سیاسین لەدوو کاتو خولی جیاوازدا ببنە ئەندامی پەرلەمان، بەڵام هەنذی حاڵەت هەیە نامۆیە
ئا: دیما ئەحمەد
لەگەڵ هەموو هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی کوردستانو عێراقدا، ژمارەی ئەو ژنو مێردانە روو لەزیادبوونە کە دەبنە کاندیدو پەرلەمانتار، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات حزبەکان دەگەڕێن بەدوای ئەوەدا کێو هاوسەری کێ دەتوانێ دەنگیان بۆ کۆبکاتەوە، ئەو دەڵێت "کە من چوومە پەرلەمان لەئاستی راوێژکاردا ئەم دیاردەیە هەبوو، خەزور یان ژنو برای فڵان سەرۆکی پەرلەمانو سەرۆکی فراکسیۆن هەمووی وەکو راوێژکار دامەزرابوون، تەنانەت هاوڕێی ژنی سەرۆکی پەرلەمان هەبوو بەڕاوێژکار دامەزرا بوو".
سۆران عومەر: من ھاوسەرەکەم دانامەزرێنم، دەبێت بۆخۆی متمانەی خەڵک بەدەستبھێنێت
شنۆ عەبدوڵا پێنجوێنی، ھاوسەری سۆران عومەری پەرلەمانتارە لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەم ژنە لەسەر لیستی کۆمەڵی دادگەری خۆی کاندید کردووە بۆ پەرلەمانی کوردستانو باس لەوە دەکات کە لەوەتەی فامی کردۆتەوە لەناو حیزب رێکخراودا کاری کردووە، بەڵام ئەزموونێکی باشی لەسۆران عومەری هاوسەرییەوە وەرگرتووەو زۆر شارەزای کارەکانی بووە، ھەر بەو ھۆیەوە بەباشی زانیوە خۆی کاندید بکات بۆ ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان، ئەو بەئاوێنەی وت "ئەگەر بچمە پەرلەمانەوە، لەبەرئەوەی سۆرانی هاوسەریشم پەرلەمانتارە زۆر ماندوو دەبمو زۆر قورس دەبێت، بەڵام لەمبارەوە قسەمان کردووەو دەتوانم کارەکانم راپەڕێنم، حیزبیش پشتگیریم دەکەن، با منو سۆران عومەر ئەم رێچکەیە بشکێنینو ھەردووکمان پێکەوە پەرلەمانتار بین، ئەمە ئەگەڕێتەوە بۆ توانای خۆم، ئەگەرنا خۆ لەحیزبەکەمدا کەسانێک ھەبوون وەزیریش بوون، بەڵام ژنەکەیان نەیتوانیوە بێتە پێشەوە".
وتیشی "خەڵکی لێرەو لەوێ پێمدەڵێن بۆچی دەبیتە پەرلەمانتار؟ نازانم مەبەستیان چیە؟! بەڵام من وەک خۆم دەڵێم نابێت گوێ بەو قسانە بدرێت، ئەو کەسە بۆخۆی تا چەند بەھێزە کارەکانی بکات وەک پەرلەمانتار؟ من وەک ئافرەتێک توانای خۆم دەزانم بۆیە گرنگی بەقسەی کەس نادەم، ھەرچەندە زۆر پێمدەوترێت ھاوسەرت ئەندامی پەرلەمانەو بۆ پارە وا دەکەن، بەڵام ئێمە وەک کۆمەڵی دادگەری پەرلەمانتارەکانمان لە ٦٠%ی موچەکانیان دەدەنەوە بەحیزبو تەنها لە ٤٠%ی بۆ خۆیانە".
لەبارەی ئەوەی سۆران عومەر تاچەند ھاوکاری دەکات لەبانگەشەی هەڵبژاردندا، شنۆ وتی "سۆران عومەر سێ خولی پەرلەمانی کوردستانو عیراقی کردووە، پێشتر لەپەرلەمانی کوردستان بووەو ئێستا پەرلەمانتارە لەپەرلەمانی عێراق، ئەزمونێکی باشی هەیەو زۆر ھاوکاریم دەکات، زۆر ماندووە بەدەست بانگەشەی ھەڵبژاردنەوە".
سۆران عومەری هاوسەری شنۆ عەبدوڵای کاندیدی کۆمەڵی دادگەری، یەکێکە لەپەرلەمانتارە ناسراوەکان، ئەو بۆ پەیامنێری ئاوێنەی روونکردەوە کە ھاوسەرەکەی پێویستی بەپارە نییە تا بۆ ئەو مەبەستە خۆی کاندید کردبێت، چونکە هاوسەرەکەی سێ خولە ئەندامی پەرلەمانەکانی کوردستانو عیراقە، ئەو وتی "ڕەنگە ئەگەر یەکێک ھاوسەرەکەی پەرلەمانتار نەبێت یان پێویستی بەپارە بێت ئەو قسەیەی لەسەر بێت، بەڵام ئێمە زۆرینەی پارەی پەرلەمانتاریشمان گێڕاوەتەوە بۆ حیزبو ئەم کارە وەک ئیمتیاز سەیر ناکەینو لەداھاتووشدا وا لێی ناڕوانین، چونکە ئێمە پێمانوایە پرسێکمان ھەیە پێویستە لەپەرلەمان داکۆکی لێبکەین".
وتیشی "جگە لەوەش من ھاوسەرەکەم لەپەرلەمان دانامەزرێنم، دەبێت بۆخۆی متمانەی خەڵک بەدەستبھێنێت جا دەبێتە پەرلەمانتار، کۆمەڵی دادگەری بۆ ئەم خولە ٥٩ کەسی بەربژێر کردووە کە زۆرێکیان دەرناچن، خەڵکی لەناو ئەو ژمارە زۆرەدا ئەو کەسە ھەڵدەبژێرێت بڕوای پێیەتی، تواناکانیان لەبەرچاوە دەتوانێت باوەڕ بەدەنگدەر بھێنێت، تەنھا ئەوەیە ھاوسەرەکەم سوودی زۆری بینیوە لەئەزموونی کاری پەرلەمانی من، بۆ خۆشم زۆر ھاوکاری دەبم کە ئەزموونێکی دەوڵەمەندی منی لەبەردەستدایە".
شنیار ئەنوەر: ئاساییە خۆمو ھاوسەرەکەم کاری سیاسیو پەرلەمانتاریی بکەین
شنیار ئەنوەر، کاندیدێکی دیاری یەکێتی نیستیمانی کوردستانە، ئەو هاوسەری سەرکەوت شەمسی پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی عێراقە، لەوڵاتی ئەمریکاوە گەڕاوەتەوە بۆ ئەوەی بەشداری لەکێبڕکێی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات.
شنیار، لەگفتوگۆیدا لەگەڵ پەیامنێری ئاوێنە، باسی لەوە کرد لەکەمپەینی کۆمارییەکانی ئەمەریکاو لەکۆبوونەوە جەماوەرییەکانی کەمپەینی دۆنالد ترامبدا بەشداری کردووەو لۆبی بۆ کردووەو باس لەوە دەکات کە نابێت پەرلەمان بکرێتە سەرچاوەی داهاتو پارە پەیداکردن، ئەو دەڵێت "پەرلەمان ئایدیایە، پڕۆژە یاساو شوێنی لێپرسینەوەی حکومەتە".
بەتوندی ئەوەی رەتکردەوە کە بۆ بەدەستهێنانی کۆمەڵێک ئیمتیاز گەڕابێتەوەو بووبێتە کاندید، ئەو وتی "من لەوڵاتی ئەمریکا گەڕامەوە بۆ ئەم ھەڵبژاردنە، لەئەمریکا دەنگدەر پارە کۆدەکاتەوە بۆ سەرخستنی کاندیدەکان ئەگەر بەدۆلارێکیش بێت، چونکە باوەڕیان بەئایدیاکەی ھەیە، بەپڕۆژەکانی هەیە، بەڵام لەکوردستان ئەم ماوەیە خەڵکی بەردەوام داوای پارەم لێدەکەن، لێمناپرسن ئایدیاکانم چیە، یان دەمەوێت چی بکەم کە دەچمە پەرلەمان، چی پێشکەشی ئەو خەڵکە بکەم، سەیر ئەوەیە لێرە خەڵک ھەیە داوای پێنج ملیۆن دینار دەکات، ھەیە داوای ئەوە دەکات کرێ خانوەکەی بۆ بدەم!".
لەبارەی ئەوەی ھاوسەرەکەشی پەرلەمانتار بووە پێشترو دوای خانەنشینی کردنی گەڕاوەتەوە بۆ ئەمەریکاو ئەمیش هەمان کار ناکات، ئەو وتی "منو سەرکەوت شەمسەدینی ھاوسەرم پێکەوە دوانەیەکین بەردەوام گفتوگۆمان ھەیە، من زۆر کاریگەریم لەسەر ئەو ھەیە، منیش زۆر گوێ بۆ ئەو دەگرم، بەڵام ئەو کاتەشی لەزانکۆ بووم زۆرینەی توێژینەوەکانم دەبەستەوە بەسیاسەتەوە، دواتر کە ھاوسەرگیریم کرد، پێکەوە لەگەڵ ئەو زۆر کاریگەریمان ھەبوو لەسەر یەکتر، بەڵام بیرمان نەچێت بنەماڵەکەم سیاسی بوونو باپیرم شەھیدی سەنگەرە، دایکم یەکێک بوە لەو کەسانەی بەنھێنی تایپی بۆ پێشمەرگە کردووە، وەک خۆشم لەئەمریکا خوێندکارمو بۆ سیاسەت دەخوێنم، حەزیشکم کردووە سیاسەت ھەڵبژێرم لەژیانی ڕۆژانەمدا، ئێستا لەئەمەریکا خوێندکاری سیاسەتی گشتیم".
وتیشی "من سێ جار لەکەمپینی سیاسی سەرکەوت شەمسی هاوسەرمدا بەشداریم کردووە، وەک خۆشم پێش ئەوەی لەگەڵ یەکێتی کار بکەم، لەسەرەتادا زۆر ڕاوێژمان لەگەڵ یەکتر کردو وەک دوو ھاوسەر زۆر قسەو باسی عەقڵانیمان کرد بۆ ماوەی یەک مانگ گفتوگۆمان کرد، پاشان بڕیارم دا، ئەویش وتی بەردەوام ھاوکارت دەبمو پشتگیریت دەکەم، پشتگیریەکانیشی بریتی بوو لەوەی کە ئۆپۆزسیۆن زۆر ھەوڵیدا لەگەڵیان کار بکەم، بەڵام ڕەتم کردەوە، ئەویش ڕەتی کردەوە".
بەرای شنیار ئەو قسانەی دەکرێن دەربارەی ئەوەی ھاوسەرەکەی پەرلەمانتار بووە، خۆشی دەبیتە پەرلەمانتار بۆ پارە، بەقسەو قسەلۆکی پاراستنی پارتی ناودەبات کە ئەویان کردوەتە ئامانجو رۆژانە پاگەندەی بۆ دەکەن، ئەو وتی "ئەو قسانەی دەربارەی پەرلەمانتاریی منو ھاوسەرەکەم دەکرێت، ھەمووی قسەو قسەڵۆکی نەیارەکانی منە بەتایبەت پاراستنی پارتی، کە دۆخی سەرۆکەکەی بەدەست منەوە زۆر خراپ بوو لەماوەکانی پێشووداو رقیان لەکارەکانی منە لەبەرئەوەی بەردەوام قسە لەسەر گەندەڵییەکانیان ئەکەمو پشتگیریی ئازادی رادەربڕینو دژایەتی بادادپەروەری دەکەم، من ئەو پارەیەی لەدەستخستنی زانیارییەکانی ئەودا سەرفمکردووە، ناتوانم بە ١٠ساڵی پەرلەمانتاری پەیدای بکەمەوە، بەڵام خواستی من ئیشکردنە لەسیاسەتداو لەهەر شوێنێک نادادپەروەری هەبێت قسەی لەسەر بکەم، بۆ خۆم لەخێزانێکی دارایی باش ھاتومەتە دونیاوەو پێویستم بەپارە نییە".
وتیشی "ببمە پەرلەمنتار، ئەو پارەیەی لەپەرلەمان دەستمدەکەوێت دایدەنێنم بۆ پرۆژە تا زۆرترین کەس سوودی لێببینێت، بۆیە خواستی من پارە نیەو خواستی من پارە نییەو گرنگە بەلامەوە خەڵک سوود لەپڕۆژەکانی من ببینێت، جگە لەوەش پەرلەمان کەسی ئازای دەوێت، ، ئەوکاتەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمم بردە دادگا، ئەوان پێیانوتم دەمکەنە دەوڵەمەندترین ژن، بەڵام واز لەگەندەڵیەکانی ئەوان بھێنم لەئەمریکا. من ئەوەم نەکرد کارم لەسەر ئەوە کرد خۆم باوەڕم پێیەتی، کە ئاشکراکردنی گەندەڵیەکانی سەرۆکی حکومەت بوو، ئەگەر مەبەستم تەنھا پارە بوایە، ئەوا سیاسەتم نەدەکردو ھێندەش لەبەرچاو نەدەبووم بەبڕیارەکەی سەرۆکی حکومەت ڕازی دەبوومو بێدەنگ دەبووم".
شنیار ئاماژەی بەوە کرد کە ڕاستە سەرکەوتی ھاوسەری پەرلەمانتار بووە، بەڵام لەئێستادا کەسێکی سەربەخۆیەو لەئەمریکا خەریکی توێژنەوەیە لەگەڵ دەزگایەکی ئەمریکی، ئەو وتی "بۆ خۆشم ماوەی شەش ساڵ زیاتر دەبێت چالاکەوان بووم، دانەبڕاوم لەسیاسەت، ھەروەھا ئەوەی خۆمو ھاوسەرەکەم کاری سیاسیو پەرلەمانتاریی بکەین کارێکی ئاساییە، لەئەمریکا ئەگەر کەسێک بۆ خۆی سەرۆکی حیزب بێت، خێزانەکەی خۆی کاندید بکات بۆ کۆنگرێس ئەوا دەبێتە خێزانیو بنەماڵەیی، هەردوکیان بەیەکەوە دروست نییە، بەڵام ئەگەر ھاوسەرەکەی لەخولەکەی تەواو بێت، ئەوە ئاساییە بۆ دەرفەتێکی دیکە ھاوسەرەکەی خۆی کاندید بکات بۆ کۆنگرێس یان سەرۆکایەتی ئەمەریکا".
د.یوسف محەمەد: دەمێکە لەئاستی راوێژکاردا دیاردەی بەخێزانی کردن دەستیپێکردوە
بەپێی بەدوداچوونەکانی ئاوێنە کەم نین ژمارەی ئەو کەسایەتییانەی پێشترو ئێستاو لەداهاتووشدا هاوسەرەکانیان ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی ببنە کاندیدو پەرلەمانتار، لەگەڵ دەستپێکی هەر خولێکی هەڵبژاردندا ژمارەی ئەو "ژنو مێرد"انە زیاتر دەبێت کە بوون بەپەرلەمانتار، ئەم دیاردەی بەخێزانیو بەبنەماڵەیی کردنە زۆربەی جومگەکانی دەسەڵاتو ژیانی سیاسیو کارگێڕی گرتوەتەوە، هەر لەحکومەتو پەرلەمانو سەرکردایەتی حزبەکانەوە بگرە تا دەگات بەزانکۆکانو دادگاکانو هێزە ئەمنیو چەکدارەکان.
د.یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان هۆکاری سەرهەڵدانی ئەم دیاردەی خۆ کاندید کردنو بوون بەپەرلەمانتاریی هاوسەرەکان بەپلەی یەکەم دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی پەرلەمان گرنگی خۆی لەدەستداوەو ناتوانێ بەئەرکی خۆی هەستێ لەکوردستاندا، ئەو بەئاوێنەی وت "هەر ئێستا ئەوەی لەبانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا دەیبنین لەبری باسکردنی بەرنامەو پڕۆژەکانیان بۆ داهاتوو، وتارێکی پۆپۆلیستی زاڵە بەسەریدا، حزبەکان ئێستا دەگەڕێن بەدوای ئەوەدا کێو هاوسەری کێ دەتوانێ دەنگیان بۆ کۆبکاتەوە، هەیە هەر لەئێستاوە هاوسەرەکەی ئامادە دەکات، لەبەرئەوە ئەگەر دۆخەکە بەمجۆرە بەردەوام بێت دوور نییە لەداهاتوو هەموو جومگەکانی دەسەڵات بەبنەماڵەیی بکرێن لەکوردستاندا".
وتیشی "کە من چوومە پەرلەمان لەئاستی راوێژکاردا ئەم دیاردەی بەخێزانی کردنو بنەمالەیی کردنە هەبوو، پێش چوونی ئێمە، خەزوری فڵان سەرۆکی پەرلەمان، ژنی فڵان سەرۆکی پەرلەمان، کچو کوڕ یاخود خوشکو براو هاوڕێی فڵان سەرۆکی پەرلەمانو سەرۆکی فراکسیۆن هەمووی وەکو راوێژکار دامەزرابوون، تەنانەت هاوڕێی ژنی سەرۆکی پەرلەمان هەبوو بەڕاوێژکار دامەزرابوو".
لەبارەی ئەوەی بۆچی پەرلەمان خەریکە بە خێزانی دەکرێت، د.یوسف وتی "کاتێک ژنو مێرد یەکێکیان پەرلەمانتارە پاشان ئەوی دیکەشیان ھەوڵدەدات ببێتە پەرلەمانتار، ئەوە بێگومان پەیوەندی زۆری بەوەوە ھەیە کە پەرلەمان بەھای لەدەستداوەو بەئەرکی خۆی هەڵناسێت".
وتیشی "ئەشێ کەسێکو هاوسەرەکەی کە دوو کادری سیاسین لەدوو کاتو خولی جیاوازدا ببنە ئەندامی پەرلەمان، بەڵام هەنذی حاڵەت هەیە نامۆیەو نامەوێ ناو بهێنم".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.