هەفتەى کۆتایى، هەولێر خاڵى گەرمى بانگەشەیە
  2024-10-04       687       
ئەوەى ئێستا هەولێرى کردووە بەخاڵە گەرمەکە، ململانێى گەرمى یەکێتى‌و پارتیە

ئا: وریا حسێن

 

١٠ ڕۆژى گەرمى بانگەشە لەبەردەم لایەنەکان ماوەو چاوەڕوان دەکرێت هەفتەى کۆتایى بانگەشە، هەموو لایەنەکان سەبەتەکەیان لەهەولێر هەڵبڕێژن تاوەکو بتوانن زۆرترین کورسى شارەکە ببنەوە.

 

بەگوێرەى ئامارەکانى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان، زیاتر لەیەک ملیۆن‌و ٢٢ هەزار دەنگدەر لەپارێزگاى هەولێر شەڕى ٣٢ کورسى گشتى‌و دوو کورسى کۆتا دەکەن.

ساڵانى ڕابردوو، سلێمانى زۆرترین ململانێى بانگەشەى تێدابوو، بەتایبەت لەدواى ٢٠٠٩وە کاتێک لەهەناوى یەکێتى، بزووتنەوەى گۆڕان هاتە دەرەوەو پێکدادانى زۆر لەسلێمانى درووست بوون، بەڵام یەکەم هەفتەى بانگەشەى هەڵبژاردن لەهەولێر دەرکەوت ململانێکە گەورەیە کاتێک شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ‌و لایەنگرانى لەبەردەم قەڵاى هەولێر دەرکەوتن‌و پێکادان لەنێوان لایەنگرانى ئەوو پارتى ڕوویدا.

 

شێرزاد شێخانی، کاندیدی یەکێتى نیشتمانییە لەهەولێر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، حیزبەکەى لەهەولێر جەخت لەسەر بردنەوەی زۆرینەى کورسیەکانى پارێزگاکە دەکات، بەبڕواى شێخانى هەولێر چەقی ململانێی هەڵبژاردنە، چونکە  ٢٨ ساڵە تاڵاو دەچێژێ بەدەست حوکمڕانی تاکڕەوی پارتییەوە بێگومان پارتیش وەکو خاوەن دەسەڵاتی ڕەهای هەرێم ترسێکی گەورەی هەیە بۆ لەدەستدانی هەولێر، ئەو وتی "پارتى دهۆکی مسۆگەر کردووە، هەرچەندە ئەمجارە لەوانەیە کێرڤی لەوێش دابەزێ، سلێمانیش ئەو شەعبییەتەی لەوێ نیە بتوانێ هاوکێشەکە بگۆڕێ، ئەوەی دەمێنێتەوە هەولێرە کە تای تەرازووەکە بەلای کێدا دەشکێنێتەوە".

ئەو کاندیدەى یەکێتى بڕواى وایە، پارتی هەموو قورسایی‌و هێزو توانای خۆی دەخاتە سەر ئەم پارێزگایە بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکەی لەدەستنەچێت، شێخانی وتی "پێموایە بانگەشەی هەڵبژاردن لەهەولێر بەو شێوەیە ناڕوات بەڕێوە کە میللەت بەگشتی چاوەڕێی دەکات، کە بانگەشەیەکی هێمنانەو مەدەنیانەو دیموکراسییانە بێت، هیوادارم وا نەبێت".

 

پێچەوانەى بیرکردنەوەکانى شێخانى، دکتۆرە مەهاباد سەعدى عەلى، کاندیدى پارتى لەبازنەى هەولێر، ڕژدە لەسەر ئەوەى بەپلانێکى تۆکمەو تیمێکى شارەزاوە لەهەولێر سەرقاڵى بانگەشەیە، ئەو بڕواى بەو مەبدەئە دیموکراسیە هەیە کە هەموو پارتە سیاسیەکان مافى ئەوەیان هەیە هەوڵى بردنەوەى زۆرترین کورسى بدەن، بەڵام لەهەمانکاتدا گۆشەى تێڕوانینى ئەو وایە خەڵکی کوردستان بەگشتی‌و خەڵی پارێزگای هەولێری پایتەخت، دەزانن کێ چی بۆ کردوون‌و کێش بەس خەریکی نمایش‌و دروشمبازی بووە لەگەڵیاندا، ئەو وتی "خەڵک لەم هەڵبژاردنەدا بەراوردى ئێمەو لایەنەکان دەکات، بێگومان پارتیمان بەری رەنجی دەستکەوتەکانی دەچنێتەوەو خەڵکی پارێزگای هەولێریش بەدەنگەکانییان متمانە دەدەنەوە بەئارامی‌و ئاوەدانی‌و پێکەوەیی‌و خۆڕاگری".

ئەو کاندیدەى پارتى لەهەولێر خواستى حیزبەکەى بۆ پەیامنێرى ئاوێنە ئاشکراکرد، کەوا  زۆرینەی کورسییەکانی بازنەی هەولێرو هەر سێ بازنەکەی تری هەرێمی کوردستانیش بەدەستبهێنێتەوەو ئەسپی خۆی تاو بداتەوە لەخزمەتکردنی خەڵکی کوردستاندا، مەهاباد وتی "دڵنیام لەوەی پارتیمان زۆرینەی کورسییەکان دەبات‌و هەر یەکەمی سەر ئاستی کوردستان دەبێت، بەڵام ئومێدیشم پتەوە بەوەی کە پارتیمان زۆرینەی رەهای کورسییەکانی پەرلەمان بهێنێت".

 

سلێمانى خاوەنى زۆترین کورسى پەرلەمانیە کە ٣٦ کورسیە، لەساڵانى ڕابردوودا زۆرترین ڕووداوى پێکادانى بانگەشە لەسلێمانى بووە، بەڵام ئەمساڵ ڕووداوەکان کەمترن بەبڕواى شارەزایەکى هەڵبژاردن هەڵبژاردنى ئەمجار جیاوازە.

 

هەڵشۆ عەبدولفەتاح، شیکرەوەیەکى بوارى کاروبارى هەڵبژاردنە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەنجامەکانى ڕابردوو دەڵێن، سلێمانى خاڵى گەرمى ململانێ بووە، بەڵام هەولێر وەکو پایتەخت گرنگى زۆر هەبووە بەتایبەت بۆ (یەکێتى‌و پارتى) وەکو دەنگى یەکەم، ئەگەر تەماشاى ئەنجامەکانى ڕابردوو بکەین ناتوانین بڵێین، هەولێر دەبێتە خاڵى گەرمى بانگەشە مەگەر گۆڕانکاریى ڕووبدات، ئەو وتى "گۆڕانکارىی، هەولێر دەگۆڕێت بۆ خاڵى گەرمى بانگەشە".

 

ئەوەى ئێستا هەولێرى کردووە بەخاڵە گەرمەکە، ململانێى گەرمى یەکێتى‌و پارتیە، کە یەکێتى دەڵێت "هەولێر دەبەمەوە"و پارتیش دەڵێت "ناتوانیت"، بەڵام جیاواز لەدوو هێزەکە، هێزەکانى دیکەش هەر چاویان لەسەر هەولێرە.

 

نەوەى نوێ، لەهەڵبژاردنى ڕابردوودا دوو کورسى پارێزگاى هەولێری برد، کاوە عەبدولقادر یەکێک بوو لەو پەرلەمانتارانە، بۆ ئاوێنە دواو جەختى لەسەر ئەوە کردەوە ئەمجارە نەوەى نوێ بەتایبەت چاوى لەسەر هەولێرەو پشتى بەو شارە زۆر قایمە، هەر بۆ بانگەشە نا بەڵکو لەچەند ساڵى ڕابردوودا کارى باشى کردووە، ئەو وتى "هەولێر ئەمجارە خاڵى گەرمى بانگەشەیە".

کاوە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە لەهەولێر کارى باشیان کردووەو بۆ هەڵمەتى هەڵبژاردنیش ئامادەکارى تەواویان کردووە، ئەو وتى "لەهەولێر تیمەکانمان بەتەواوى ئامادەن".

 

بەرەى گەل، کە یەکەمجاریەتى لەهەولێر بەشدارى هەڵبژاردن دەکات، ئەویش بەووتەى خۆیان، هەر چاویان لەسەر هەولێرە.

ساڵح هەرکى، کاندیدى بەرەى گەلە لەهەولێر، بڕواى وایە ئەمجارە حیزبەکان ساردو خەڵک گەرمە بۆ هەڵبژاردن، ئەمە ئەگەرى گۆڕانکارىی زیادکردووە، بەڵام هەولێر سەنگى مەحەکە، ئێستا هەولێر سەنتەرى بەدەست پارتێکەوەیەو دەوروبەرى بەدەست پارتێکى دیکەوە، ئەو وتی "من وەکو کاندیدى بەرەى گەل‌و کاک لاهوریش وەکو سەرۆکمان هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە ململانێکەمان لەهەولێر چڕ بکەینەوە، چونکە هەولێر خاڵى وەرچەرخانە".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×