ئەمەریکا لە پرۆسەیەکی دیپلۆماسی ئاڵۆزدا ژنێکی رفێندراوی ئێزیدی لە غەززە ڕزگاردەکات
  2024-10-03       1512       

ئا: ئاوێنە، دەنگی ئەمریكا

 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕایگەیاند، بە سەرکەوتویی ژنێکی ئێزیدییان لە کەرتی غەززە ڕزگارکردوە کە قوربانییەکی دەستی داعشە و خەڵکی شنگالە.

 

دەنگی ئەمەریکا بڵاویكردۆتەوە كە نزیکەی مانگێکە چاودێری پرۆسەی دەربازکردنی ئەو ژنە دەکەن کە بەهۆی نەبونی پەیوەندی دیپلۆماسی لە نێوان حکومەتی ئیسرائیل و عێراقەوە کێشەی تێکەوتبو، سەرەنجام وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە سەرپەرشتی ئەرکی گواستنەوەکەیان لە نێوان حکومەتی ئیسرائیل و ئوردن و عێراق و بە هاوکاری نەتەوە یەکگرتوەکان کرد.

وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە نەیویست ناوی بهێندرێت بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "لە بەرواری 1ی دەی 2024، ئەمریکا هاوکار بو بۆ گواستنەوەی ژنێکی گەنجی ئێزیدی بە سەلامەتی لە غەززەوە بۆ ئەوەی بە خێزانەکەی لە عێراق شادببێتەوە."

وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها وتی، "چیرۆکی ئەم ژنە زۆر دڵتەزێنە و خۆشحاڵین کە بە خێزانەکەی لە عێراق شاد دەبێتەوە...داواکارین خەڵک ڕێز لە ژیانی تایبەتی ژنەکە بگرن بۆ سەلامەتی خۆی لەکاتێکدا لەگەڵ خۆشەویستانی یەکدەگرێتەوە و دەگەڕێتەوە ماڵەوە."

 

چیرۆکی ڕفاندنی ژنەکە

فەوزییە ئەمین سەیدیۆ تەمەنی 10 ساڵ بو ئەو کاتەی دەعش لە مانگی 8ی ساڵی 2014 هێرشی کردە سەر شنگال و وەکو کۆیلەی سێکسی مامەڵەی لەگەڵ کرد.

فەوزییە لەکاتی هێرشەکەدا لەگەڵ برایەکی 7 ساڵی و برایەکی 10 ساڵانی سەردانی ماڵی مامیان کردبو لە شەنگال. هەرسێکیان لەگەڵ هەزاران ئێزیدی تر بەهۆی ئێزیدیبونیان کران بە کۆیلە.

دوای چەند مانگێک براکانی فەوزییە توانیان لە دەست داعش ڕابکەن، بەڵام داعش فەوزییەی برد بۆ شاری ڕەققە لە سوریاو لە زیندانیكدا ڕوبەڕوی ئەشکەنجە و دەستدرێژی جەستەیی کردەوە.

دواتر چەکردارانی داعش بەزۆر کردیان بە "هاوسەری" داعشێکی فەڵەستینی کە ئەوکات تەمەنی 24 ساڵ بو.

"پیاوەکە وتی دەبێت لەگەڵی بخەوم. لە ڕۆژی سێیەمدا، چو بۆ دەرمانخانەیەک و دەرمانێکی هێنا کە بەشێک لە جەستەی بێهۆش کردم. ئەو مادەی هۆشبەری پێدام و منیش گریام،" فەوزییە کە ئێستا تەمەنی 21 ساڵە بەم شێوەیە چیرۆکی دەستدرێژیکردنی لەلایەن چەکدارە فەڵەستینییەکەوە گێڕایەوە.

لەپاش تێپەڕبونی نزیکەی ساڵێک، ژیانی فەوزییە وەرچەرخانێکی دیکەی بەخۆیەوە بینی دوای ئەوەی بو بە خاوەنی کوڕێک. کاتێک منداڵەکەی تەمەنی نزیکەی دو مانگ بو، ئەو دوبارە دوگیان بوەوە، ئەمجارەیان بە کچێکەوە.

لەم کاتەوە فەوزییە بڕیاریدا ژیانی خۆی بۆ دو منداڵەکانی تەرخان بکات، سەرەڕای توندوتیژی بەردەوامی چەکدارە فەڵەستینییەکەی داعش، بەتایبەت دوای ئەوەی پیاوەکە هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێکی عەرەبیشدا کرد.

لە کۆتایی ساڵی 2018 کاتێک هێزەکانی هەسەدە کۆتاییان بە باڵادەستی داعش هێنا لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا، فەوزییە کە ئەوکات تەمەنی 15 ساڵ بو، پەیوەندی لەگەڵ چەکدارە فەڵەستینییەکە پچڕا. دواتر زانی کە چەکدارەکە چوە بۆ پارێزگای ئیدلیب لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا.

لە سەرەتای ساڵی 2019، لە کاتێکدا فەوزییە لەگەڵ چوار پیاو و ژنێک بەڕێگاوە بون بۆ ئیدلب، لە ناو ئۆتۆمبێل منداڵی دوەمی لەدایکبو. دوای گەیشتنی بە ئیدلیب بە ماوەیەکی کەم، هەواڵی کوژرانی چەکدارە فەڵەستینییەکەی پێگەیشت و ئیتر خەمی فەوزییە بو بە دەربازکردنی منداڵەکانی لەشەڕ.

فەوزییە لە ترسی ئەوەی کە بنەماڵەکەی لە شنگال منداڵەکانی قبوڵنەکەن، بڕیاریدا بەرەو غەززە کۆچ بکات. دوای مانەوەی لە تورکیا بۆ ماوەی 8 مانگ، سەرەنجام لە ساڵی 2020 لە ڕێگەی میسرەوە خۆی لەگەڵ منداڵەکان گەیاندە کەسوکاری چەکدارە فەڵەستینییەکە لە غەززە.

 

گیرخواردنی لە غەززە

چالاکوانانی مافی مرۆڤ کە کاریان لەسەر ئەو دۆسیەیە کردوە بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند، فەوزییە ئەو ماوەیەی کە لە غەززە بو بەردەوام لەگەڵ دو بژاردەی قورسدا دەجەنگا: یەکەم، ئایا لەگەڵ منداڵەکانیدا بمێنێتەوە و بەرگەی ژیانی لەگەڵ ئەو خێزانە فەلەستینییە بگرێت کە توندوتیژی زۆریان بەرامبەری دەکرد؛ یان دوەم بژاردە بگرێتەبەر کە بریتی بو لە دەستبەرداری منداڵە ئازیزەکانی بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ لای کەسوکارەکەی لە شنگال.

لە مانگی 10ی ساڵی ڕابردو، ئەو کاتەی شەڕێکی خوێناوی لە غەززە سەریهەڵدا دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، فەوزییە بڕیاری دا بگەڕێتەوە بۆ ناو کەسوکاری.

ستیڤ مامان کە بازرگانێکی جولەکەی کەنەدییە و چەندین ساڵە هەوڵی ڕزگارکردنی کچانی مەسیحی و ئێزیدی لە دەستی داعش دەدات، کەوتە هەوڵ لەگەڵ چەند چالاکوانێکی شنگال و هەرێمی کوردستان بۆ ڕزگارکردنی فەوزییە.

ستیڤ مامان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەتا ئێستا ئەمە ئاڵۆزترین حاڵەت بوە کە کارم لەسەر کردبێت."

پرۆسەی فشارخستنە سەر بەرپرسانی عێراق و ئەمەریکا و ئیسرائیل کارێکی ئاڵۆز بو بۆ چالاکوانان و چەند مانگێکی خایاند.

چالاکوانان لە کاتێکدا چاوەڕوانی بڕیاری کۆتایی ئیسرائیل بون بۆ ئەوەی ڕێگە بە پەڕینەوەی فەوزییە بدات لە غەززەوە، لە هەمانکاتدا هەوڵی ڕزگارکردنی فەوزییەیان دەدا لەدەستی خێزانە فەڵەستینییەکە.

نزیکەی دو مانگ لەمەوبەر، فەوزییە بە یارمەتی چالاکوانەکان توانی لە ماڵی کەسوکاری چەکدارە فەلەستینییەکە ڕابکات و لە خانویەکدا خۆی حەشار بدات لە دەروازەی کەرەم شەڵۆم کە تەنیا نزیکەی 2 کیلۆمەتر لە سوپای ئیسرائیلەوە دوربو.

چالاکوانان دەڵێن پڕۆسەی پەڕاندنەوەی فەوزییە ئەرکێکی لە پێشینە نەبو بەلای حکومەتی ئیسرائیلەوە، بەتایبەت بەهۆی ئەوەی سوپاکەی لە شەڕێکی فراواندایە لەگەڵ حەماس و گروپەکانی تری سەر بە ئێران. لە هەمانکاتدا، هاوکارییەکانی حکومەتی عێراق سنورداربون بەهۆی ئەوەی پەرلەمانی عێراق هەر جۆرە پەیوەندیکردنێکی لەگەڵ ئیسرائیل قەدەغە کردوە.

چالاکوانێک کە نەیویست ناوی بهێندرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "تێناگەم بۆچی هەمو لایەنەکان لە پرسی ڕزگارکردنی ئەو ژنە دودڵ بون. ئێستا کە ڕزگاری بوە دەتوانم بە ئارامی بخەوم."

سوفیان واحید حەمۆ، چالاکوانێکی تری ئێزیدی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بەرپرسانی عێراق لە ئامادەکردنی بەڵگەنامەکانی سەفەرکردنی ژنەکە زۆر هاوکاربون بەڵام لەڕوی دیپلۆماسییەوە سنورداربون بەهۆی یاساکانی عێراقەوە."

مانگی پێنجی ساڵی 2022 پەرلەمانی عێراق یاساکانی قەدەغەی بەستنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل فراوانتر کرد. بەوتەی ستیڤ مامان، ئەوەی دواجار بوە هۆی بڕیاری کۆتایی و بەپەلەی بەرپرسانی ئەمەریکا بۆ ڕزگارکردنی فەوزییە بریتی بو لە "ڕوداوێکی قوڵی نیگەرانکەر" لە هەفتەی ڕابردودا. ستیڤ مامان ڕایگەیاند، "فەوزییە لە دەرەوەی خانوەکە بە تەنیا پیاسەی دەکرد، لەوکاتەدا کۆمەڵێک پیاو ئازاریان داوە."

 

ڕزگارکردنی فەوزییە

لە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، تیمێک لە ڕێگەی ئەمبولانسێکی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە فەوزییەیان لەغەززەوە گواستوەتەوە و لە ڕێگەی خاڵی کەرەم شەڵۆمەوە بردیان بۆ ناو ئیسرائیل. بەوتەی ئەو چالاکوانانە، لە هەمان ڕۆژدا ژنەکە گواستراوەتەوە بۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئۆرشەلیم و دواتر لە ڕێگەی دەروازەی پردی ئالنبی بەڕێکراوە بۆ ئوردن.

سەلوان شنگالی، بەرپرسی ڕاسپێردراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ دۆسییەکە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، لەکاتی پرۆسەی ڕزگارکردنەکەدا حکومەتی عێراق هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ ئیسرائیلدا نەبەستوە.

سەلوان شنگالی وتی، "باڵیۆزخانەکەمان لە عەممان پێشوازی لێکرد و بەڵگەنامەی گەشتی بۆ ئامادەکرد و فڕۆکەیەکی بەکرێ گرت بۆ ئەوەی لەگەڵ یەکێک لە کارمەندە ژنەکانی باڵیۆزخانەکەمان بگوازرێتەوە بۆ بەغدا."

ئاماژەی بەوەشکردوە، "هەمو پەیوەندییەکانمان لە کاتی پرۆسەکەدا لەگەڵ باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و وەزارەتی دەرەوەی ئوردن و نەتەوە یەکگرتوەکان بوە. ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ ئیسرائیل نەکردوە."

بەرپرسێکی نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە ئەرکی چاودێریکردنی لە دۆسیەکەدا پێسپێردرابو، داواکاری دەنگی ئەمریکای بۆ لێدوان ڕەتکردەوە.

بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، فەوزییە لە ڕێگەی فڕۆکەیەکەوە گەیشتە بەغدا و پاشان لەلایەن تیمێکی هەواڵگری عێراقییەوە بەرەو موسڵ بەڕێکراو لەوێوە ڕاستەوخۆ گەڕایەوە بۆ زێدی خۆی لە شنگال.

بارزان برای فەوزییە لە ئەڵمانیاوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، دایکی و خوشکی و دو براکانی بەپەرۆشن بۆ بینینەوەی فەوزییە دوای 10 ساڵ دابڕان. بەڵام بەداخەوە دو مانگ لەمەوبەر باوکی "بەهۆی ئازاری جیابونەوەی لە کچەکەی" لە ڕێگەی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کرد .

 

داهاتوی فەوزییە

بارزان بە دەنگی ئەمەریکای وت، "بەخێرهاتنەوەی دەکەین سەرسەرمان و پشتگیری لە بڕیارەکەی دەکەین بۆ گەڕانەوە. ئەو هیچ گوناهێکی نییە."

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە قوڵایی دڵمەوە سوپاسی هەر مرۆڤێک دەکەم کە یارمەتی ڕزگارکردنی خوشکەکەمی داوە."

بەوتەی چالاکوانان، کردارەکانی داعش و دورکەوتنەوە لە کەسوکار بونەتە زەبرێکی توندی دەرونی بۆ فەوزییە.

ئێستا کە بە کەسوکاری شادبوەتەوە لە شنگال، دەبێت لەگەڵ ئازاری دابڕان لە منداڵەکانی مامەڵە بکات.

 

کوڕ و کچەکەی فەوزییە تەمەنیان لە نێوان هەشت بۆ شەش ساڵدایە

چالاکوانێکی نزیک لە کەیسەکە بە مەرجی بڵاونەکردنەوەی ناوی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، مەرجی وەرگرتنەوەی فەوزییە لەلایەن کەسوکارەکەی بریتی بو لە دەستبەرداربونی لە منداڵەکانی. سەرچاوەکە وتی، "هیچ دایکێک ئامادەنییە منداڵەکانی جێبهێڵێت. ئەو دو منداڵە لە ڕەحمی ئەوەوە هاتونەتە ژیانەوە."

دەسەڵاتی ئایینی ئێزیدییەکان ساڵی 2019 بڕیاری دا ئەو منداڵانەی کە لە ئەنجامی دەستدرێژی پیاوانی داعشەوە لەدایکبون قبوڵنەکراون.

بەوتەی چالاکوانی ئێزیدی میرزا دینەیی، بەلایەنی کەمەوە دو هەزار و 745 ئێزیدی هەتا ئێستا بێسەروشوێنن.

ئاماژەی بەوەشکردوە، “نازانین ئەو کەسە ونبوانە لە ژیاندا ماون یان نا. ئەگەر لە ژیاندا بن، پێدەچێت لە شوێنە جیاوازەکانی سوریا وەک لە کەمپی هۆڵ یان لەو ناوچانەی کە لەلایەن تیرۆریستانەوە کۆنترۆڵکراون لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا گیریان خواردبێت. حاڵەتی دەگمەنیش هەیە کە لە تورکیا دۆزراونەتەوە و هەندێک ڕاپۆرتی پشتڕاستنەکراوەش هەن سەبارەت بەوەی هەندێک کەس براونەتە میسر، وەکو چۆن لە سەردەمی سەدام هەندێک کوردیان برد بۆ میسر."

وتیشی، لە ئەنجامی کۆمەڵکوژییەکەی داعش نزیکەی پێنج هەزار ئێزیدی کوژراون و لانیکەم 100 هەزار ئێزیدیش عێراق و هەرێمی کوردستانیان جێهێشتوە.

بە بڕوای ستیڤ مامان و هاوڕێ چالاکوانەکانی، ڕزگارکردنی فەوزییە هەنگاوێکە بە مەبەستی گێڕانەوەی ژیان و کەرامەت بۆ کۆمەڵگەی ئێزیدی، هەروەها پەیامێکی باشی هیوایەشە لە کاتێکدا کە شەڕی ئیسرائیل و ئێران دەچێتە قۆناغێکی نوێوە.

ستیڤ مامان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "من جوێکم کە پەیڕەوی ئایینەکەم دەکەم؛ ئامادەبوم ژیانم بخەمە لایەک بۆ ئەوەی یارمەتی کچێکی ئێزیدی بدەم بۆ ڕزگاربون. ناچاربوم پەیوەندییەکانم بەکاربهێنم و شەڕیان لەگەڵ بکەم چونکە گواستنەوەی فەوزییە کارێکی ئاسان نەبو. بەڵام ئەنجامەکەی ئەوەیە لە کۆتاییدا ژیانێک ڕزگارکرا. ڕەنگە لەڕێگەی فەوزییەوە مرۆڤگەلێکی تەواو نوێ سەرهەڵبدەن کە ئەمەش گرنگترین شتە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×