ئایا ئایدز هەڕەشەیە بۆ سەر گەنجانی کوردستان؟
  2024-09-30       473       
لەبەر لەکەی کۆمەڵایەتی "ئایدز" دەشاردرێتەوە

ئا: ئیمان زەندی

 

وەزارەتی تەندروستی نیگەرانە لەئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئایدز لەگەڵ شەپۆلی خەڵکی بیانی بۆ کوردستان، پزیشکێکی شارەزاش دەڵێت "دۆخەکە زۆر لەوە بەخراپترە کە ئاشکرا دەکرێت، وەزارەتی تەندروستی بەکۆمەڵێک هۆکارو بیانووی جۆراجۆری سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و ناوچەیی پێدەچێت داتاکانی ئایدز وەکو خۆی بڵاونەکاتەوە یان دەستکاری بکات". 

 

داتاکانی وەزارەتی تەندروستی هەرێم لەسەر "ئایدز" گوماناوییە

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەئامارێکی فەرمیدا رایگەیاندووە، لەساڵی ٢٠٢١دا تەنها ٦٩ حاڵەتی تووشبووون بەنەخۆشی "ئایدز" تۆماركراوە، ئەوەش بەبەراورد بەساڵی ٢٠٢٠ ژمارەكە زیادیكردووە، كە تەنها ٢٠ حاڵەت بووەو لەساڵی ٢٠١٩شدا تەنها ٤٠ حاڵەت تۆماركراوە لەتەواوی پارێزگاكانی هەرێم.

هەر بەپێی ئاماری ساڵانەی وەزارەتەکە، لەساڵی ٢٠٢٢دا ٥٤ حاڵەت‌و لەساڵی ٢٠٢٣دا ٧٢ حاڵەتی تووشبوون بەئایدز تۆماركراون. کە بەشی هەرە زۆریان هاوڵاتییانی بیانی‌و دەرەوەی هەرێمی کوردستانن‌و گەڕێندراونەتەوە بۆ وڵاتانی خۆیان، هەروەها ئەوانەی هەرێمیش لەژێر چاودێری تەندروستی‌و خۆپارێزیدان.

بەپێی بەدواداچوونەکانی ئاوێنە، ژمارەی راستەقینەی تووشبووانی ئایدز لەهەرێمی کوردستاندا لەوە زیاترە کە ئاشکرا دەکرێت، بەهۆی بڵاوبوونەوەی زیاتری باندەکانی لەشفرۆشی‌و ماددەی هۆشبەرو نەبوونی هوشیاری تەندروستی لەئاستی پێویستدا،  بۆ زانیاری دەربارەی ئەم بابەتە، پەیامنێری ئاوێنە چەندینجار پەیوەندی کرد بەوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، بەڵام ناوبراو بەبیانوی کۆبوونەوە ئامادەنەبوو قسە بکات.

ئەمە لەکاتێکدایە کە د.كاوە خەلیل، بەڕێوەبەری گشتی كاروباری تەندروستی لەوەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەلێدوانێکدا رایگەیاندووە کە "كۆی تووشبووانی ئایدز لەهەرێمی كوردستان ٨٧ كەسە، ٤٧ کەسیان لەهەولێرەو ٣٠ حاڵەتیشیان لەسلێمانی‌و لەدهۆكیش ١٠ حاڵەت".

بەپێی بەدواداچوونەکانی ئاوێنە، تا ئێستا هەڵمەتێکی ئەکتیڤی هوشیارکردنەوەو رێنمایی لەهەرێمی کوردستاندا سەبارەت بەمەترسیییەکانی نەخۆشی ئایدز (نەخۆشی لەدەستدانی بەرگری لەش) بەدیناکرێت.

گۆران عەبدوڵا، پسپۆری هەناوی‌و دکتۆرا لەتەندروستی نێودەوڵەتی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی بەجێی گومان دەزانێت‌و لەگفتوگۆیەکی ئاوێنەدا ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێک لەکێشە هەرە سەرەکییەکانی وەزارەتی تەندروستی‌و سیستمی تەندروستی لەکوردستاندا نەبوونی سیستمێکی تۆکمەی کۆکردنەوەو بەکارهێنان‌و هەڵسەنگاندنی داتای تەندروستییە، ئەو وتی "شکستی وەزارەتی تەندروستی لەکۆکردنەوەی داتاو ئەنجامدانی توێژینەوە لەسەر ئەو داتایە وایکردووە کە زۆربەی پلانەکانی وەزارەتەکە بنەمایەکی زانستییان نەبێت".

ئەو لەبارەی ئایدزەوە دۆخەکەی زۆر بەخراپتر باسکردو وتی "ئەوەی تێبینی دەکەین ئەوەیە وەزارەتی تەندروستی بەکۆمەڵێک هۆکارو بیانووی جۆراجۆری سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و ناوچەیی پێدەچێت داتاکانی ئایدز وەکو خۆی بڵاونەکاتەوە یان دەستکاری بکات". 

د.گۆران ئەوەی رونکردەوە بەگوێرەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بەئایدز، بۆ ساڵی ٢٠٢٣ لەسەرانسەری عێراقدا ٣٤٠٠ حاڵەت بوونی هەبووە، ئەو وتی "تەنها لەساڵی ٢٠٢٣ لەعێراقدا ٢٦٣٨ حاڵەتی تازەی ئایدز تۆمارکراوە، لەچەند ساڵی ڕابردوودا بەگوێرەی سەرچاوە فەرمییەکان ٤٧٠ کەسیش لەعێراقدا گیانیان لەدەستداوە، بۆیە بەبۆچوونی من ژمارەکەی وەزارەتی تەندروستی دوورە لەڕاستیەوە، لەراستیدا ئەو ئامارە تۆمارکراوە زۆر جێگای گومانە".

پەیوەست بەو باسە، سا ن سارەڤان، ڕاوێژکاری میدیایی جیهانی بۆ ژینگەو پەتاکان پشتڕاستیکردەوە کە ڕێژەکە روو لەزیادبوونەو ئامارێکی مەترسیدارتری ئاشکرا کرد، ئەو بەئاوێنەی وت "بەپێی ئاماری تەندروستی جیهانی لەساڵی ٢٠١٧دا ٨٦ کەس لەعێراقدا لەچاودێریکردنی ئایدزدا ناویان تۆمارکرابوو، بەڵام ئەم ڕێژەیە ڕوو لەهەڵکشانە. بەپێی ئامارە نوێیەکانی ئەمساڵ ئەم ژمارەیە بووەتە نزیکەی چوار هەزار کەیس، لەهەرێمی کوردستاندا سەرچاوە نافەرمییەکان باس لەبوونی ٤٠٠ کەیس زیاتر دەکەن کە بەشێکی زۆری بیانین‌و هەندێکیان دانیشتووی هەرێمن".

 

لەبەر لەکەی کۆمەڵایەتی "ئایدز" دەشاردرێتەوە

بەڕای د. گۆران عەبدوڵا یەکێک لەکێشە هەرە گەورەکانی مامەڵەی وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ نەخۆشی ئایدز ئەوەیە وەزارەتەکە هەمیشە دەیەوێت وا لەخەڵکی تێبگەیەنێت نەخۆشییەکە تایبەتە بەخەڵکی بیانیی‌و گوایە لەدەرەوە هاوردەی هەرێم کراوەو خۆمان لەو شتانە بێبەرین!، ئەو وتی "ئەم جۆرە تێڕوانیانە جگە لەوەی نازانستییە، زۆر تێگەیشتنێکی دواکەوتووشە".

ئەو پسپۆڕە هەناویە ئەو جۆرە مامەڵەیەی بە"خۆهەڵەخەڵەتاندن" وەسفکرد، ئەو وتی "پێویستە وەزارەتی تەندروستی دەست لەسیاسەتی لەکەدارکردنی نەخۆشییەکەو نەخۆشەکان بهێنێت، پێویستیە ئایدز وەکو هەر نەخۆشییەکەی دیکە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت‌و بەشێوەیەکی ڕاستگۆییانە داتاکانی تایبەت بەنەخۆشییەکە ئاشکرابکات، چونکە ئەوە وادەکات زۆرێک لەهەڵگرانی ڤایرۆسەکە خۆیان ئاشکرا نەکەن یا پشکنبین نەکەن نەخۆشیەکە زیاتر بڵاوببێتەوە".

هەر لەوبارەیەوە، سان سارەڤانیش ئەو مامەڵەیەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی هاوڵاتییانی کوردستان پێیانوایە موسڵمانن‌و هەرگیز توشنابن، ئەو وتی "ئەو بیروباوەڕە هەڵەیە هەیە کە ئێمە موسڵمانین هەرگیز تووشی نابین، ئەوەی لەچارەنوس نووسرا بێت هەر ئەوەیە، یان ئەم نەخۆشییە تەنها پێست تاریکەکان دەگرێتەوە، بیانییەکان هەڵگرن بەتەنها".

بەڵام د. سەرخێڵ ئاراس، پسپۆڕی تەندروستی گشتی‌و نەخۆشیە درمەکان رایەکی جیاوازتری هەیەو بەئاوێنەی وت "لەبەڕێوبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی بەشی نەخۆشییە گواستراوەکان هەیە، رێژەکە زۆر نییەو ناتوانرێت سەنتەرێکی تایبەتی بۆ دابنرێت لەبەر کەیسێک‌و دوو کەیس".

 

کرانەوەی سنورەکانی کوردستان هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئایدزە

د. سەرخێڵ ئاراس ئاماژە بەوە دەکات کە هەر کەسێک لەوڵاتێکی دیکەوە دێتە کوردستان یاخود بەپێچەوانەوە یان ئەو حاجیانەی دەڕۆن یان ئەوانەی لەسەر سنور دێن، دەبێت پشکنینی HIVو هەوکردنی جگەر بکەن، ئەوکاتەیە ڤیزەیان پێدەدرێت بێنە ناوەوە یان دەرەوە، ئەو وتی "لەبەڕێوبەرایەتی نشینگەکان ئەوانەی بۆ ئیشکردن دێنە کوردستان، وڵاتەکەیان پشکنینیان بۆ کردوون، دووبارە کوردستانیش داوای ئەو پشکنینانەیان لێدەکاتەوە، بەم پشکنیانە تارادەیەک کەڤەر دەکرێت، بەڵام سەد لەسەد ناتوانین بڵێین پارێزگاری لێبکات".

هەریەک لەسان سارڤان‌و د. گۆران عەبدوڵا یەکێک لەهۆکارەکانی بڵاوبونەوەی ئایدز بەشێوەی خێرا دەگەڕێننەوە بۆ کرانەوەی سنوورەکانی کوردستان، د.گۆران وتی "بەتایبەت ئەوانەی کاری لەشفرۆشی دەکەن کە پێناچێت لەژێر هیچ چاودێرییەکی تەندروستی‌و پزیشکیدا بن".

وتیشی "بەگوێرەی توێژینەوەکان ژمارەیەکی زۆر لەهەڵگری ڤایرۆسی ئایدز لەئێران‌و کوردستانی ئێران‌و تورکیاو سوریایە، ئەویش بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرو لەشفرۆشی".

هۆکاری گواستنەوەی نەخۆشی ئایدز ئەمانەن، (نەبونی هۆشیاری، کەمتەرخەمی دەزگاکانی حکومی‌و میدیاکان، بەکارنەهێنانی کۆندۆم، بڵاوبوونەوەی لەشفرۆشی لەهەردوو رەگەزدا، ئەو کەسانەی کە چەندین هاوبەشی سێکسییان هەیە، خوێن، سەنتەری تاتۆو مەساجەکان.. هتد).

 

مێژووی گواستنەوەی نەخۆشی ئایدز بۆ عێراق

نەخۆشی ئایدز نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە دوو بۆ شەش هەفتە دوای توشبوون روودەدات، بەڵام لەماوەی (٣ بۆ ١٠ ساڵ) نیشانەکان دەردەکەون، ئەم ڤایرۆسە بۆ هەموو تەمەنەکان مەترسیدارە، چونکە کار لەسیسمی بەرگری لەشدەکات زۆر بەخێرایی، بەتایبەتی کەسی بەتەمەن‌و نەخۆشی درێژخایەن‌و گەنجان‌و منداڵان.

د.گۆران، پسپۆری هەناوی، سەبارەت بەمێژووی ئایدز لەعێراق، وتی "خۆی یەکەمجار ئایدز لەڕێی کەرەستەی پیسبوو بەڤایرۆسەکەوە هاتە عێراقەوە، لەساڵی ١٩٨٦، عێراق دەرمانی تایبەتی بەنەخۆشی هیمۆفیلیای لەفەڕەنساوە هاوردەکرد. بەڵام بەداخەوە کەرەستەو دەرمانەکە بەڤایرۆسی ئایدز پیسببوو. بۆیە ژمارەیەکی زۆری نەخۆشی لەماوەیەکی کەمدا تووشکردو ژمارەیەکیشیان مردن، لەئەنجامدا کۆمپانیا فەرەنسیەکە درایە دادگاو مایەپووچی خۆی ڕاگەیاند".

لای خۆشیەوە د. سەرخێڵ ئاراس، پسپۆڕی تەندروستی گشتی‌و نەخۆشیە درمەکان ئاماژە بەوە دەکات کە گواستنەوەی ئەم نەخۆشیە هەندێکجار بەهۆی ئەو ئامێرانەوەیە کە قژ دەڕوێننەوە یاخود چاککردنی ددان، ئەو وتی "بۆیە کاتێک کەسێک دەیەوێت نەشتەرگەری بکات داوای لێدەکرێت سێ پشکین بکات ئەوانیش پشکنینی ئایدزو هەوکردنی جگەری واتە هیباتات ئەی و هیباتات سییە، چونکە ئەم ڤایرۆسانە چارەسەری زەحمەتەو هەم خەرجیەکەشی".

وتیشی "کاتێک ئەو نەخۆشیە بەتەواوی دەستنیشان دەکرێت کەلە سێ شوێنەوە پۆزەیتف بێت، سەرەتا لەو بنکە تایبەتەی کە پشکنین دەکرێت پاشان دەنێردرێت بۆ تاقیگەی مەرکەزی‌و دواتر بۆ تاقیگەی ناوەندی بەغدا. بەڵام تاوەکو پشکنینەکان دەردەچێت گومانلێکراو کەرەنتین دەکرێت".

 

لەعێراق بە(نەخۆشیی ئازەربایجان) ناودەبرێ‌و گەنجان زیاتر تووش دەبن‌

د.گۆران ئاماژە بەوە دەکات "بەگوێرەی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق (بەکوردستانیشەوە) زۆربەی تووشبووان لەسەروو ١٥ ساڵەوەن‌و لەڕەگەزی نێرن، بەجۆرێک لە٣٤٠٠ تووشبوو، ٢٨٠٠ نێرن‌و زۆربەشیان گەنجن".

بەڕای د. گۆران یەکێك لەگرفتەکان نەبوونی سەنتەری تایبەت بەئایدزە لەکوردستان، ئەو وتی "لەعێراق‌و ئێران بەئاشکرا باس لەمەترسی ئایدز دەکرێت، تەنانەت لەئێران بۆ توێژینەوەکان لەشفرۆش لەسەر پشکنینەکانی ئایدز دەدوێنرێت کە وڵاتێکی ئیسلامییشە، بەڵام گوایە هەرێمی کوردستان شوێنێکی موحافزکارەو ئامادەی کردنەوەی سەنتەری لەو جۆرە نییە، بیانوویەکی پوچە کە وەزارەتی تەندروستی هەرێم ئەیهێنێتەوە بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکانی لەم بوارە".

سان سارەڤانیش وتی "هەردوو ڕەگەزەکە دووجاری ئەم ڤایرۆسە دەبن‌و ئەو پیاوانەی کە سێکسی بێ پارێز لەگەڵ پیاوان دەکەن ئەو ژنانەی کە سێکسی بێ پارێز لەگەڵ ئەو پیاوانە دەکەن کە سێکس لەگەڵ پیاوان دەکەن".

بەوتەی د. گۆران عەبدوڵا، بەشێک لەبڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەشێک لەپیاوانی عێراق سەردانی وڵاتانی دەرەوە دەکەن بۆ ئەنجامدانی کاری سێکسی، ئەو وتی "لەماوەی ڕابردوودا بەچڕی باسی وڵاتی ئازەربەیجان دەکرێت وەکو سەرچاوەیەکی نەخۆشییەکە بۆ پیاوانی عێراق، وای لێهاتووە کە نەخۆشییەکە لەهەندێک ناوچەی عێراق بە(نەخۆشیی ئازەربایجان) ناو ببرێت".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×