کاندیدێکی سەربەخۆ: ماوەی سیو دوو ساڵە حیزب ھەموو شتێکی بەش کردووە بۆخۆی. ئیتر ئێمەش سەرەمانەو ھەقی خۆمانە بچینە پەرلەمان
ئا: دیما ئەحمەد
کاندیدە سەربەخۆکان لەهەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستاندا ژمارەیان زۆرە، ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەدەستبەتاڵی دەستیان بەبانگەشەی هەڵبژاردن کردووە، بەشێک لەوان دەڵێن "بەھەزار ئەمسەرو ئەوسەرو قەرزو قۆڵە پارەی کۆمسیۆنمان داوە".
"دۆخی دارایم زۆر خراپە"
بورھان عەلی، سەرۆکی رێکخراوی یەکێتی پیاوان، یەکێکە لەکاندیدە سەربەخۆکان، باس لەوە دەکات کە خۆی کاندید کردووە بۆ ئەوەی ڕچەشکێنی بکات، ئەو بەئاوێنەی وت"بۆچی ھەر نوێنەری حیزبەکان بچنە پەرلەمانی کوردستان؟ ماوەی سیو دوو ساڵە حیزب ھەموو شتێکی بەش کردووە بۆخۆی. ئیتر ئێمەش سەرەمانەو ھەقی خۆمانە بچینە پەرلەمان".
بەڵام کێشەی سەرەکی بورهان ئەوەیە پارەو داراییەکی پێویستی لەبەردەستدا نییە بۆ ئەوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێبکات، ئەو وتی "ڕووم لەسێ سەرمایەداری سلێمانی کردووە ھاوکاری دارایم بکەن، تەنھا یەکێکیان نەبێت دوانەکەی دیکەیان داوایی لێبوردنیان کردووەو ھیچ ھاوکاریەکی مادیان نەکردووم، دۆخی دارایم زۆر خراپە".
وتیشی "بەداھاتێکی زۆرکەم بانگەشەی ھەڵبژاردنم دەستپێکرووە، بەتەنھا بۆ خۆمم لەگەڵ ئەوەشدا رێگریم لێدەکرێت لەلایەن حیزبی دەسەڵاتەوە، داوام لێکراوە دەبێت بکشێمەوە چونکە دەنگی ئەوان دەبەم بەڵام تائێستا تەسلیم نەبووم بەردەوامم".
بورھان ئاماژە بەوە دەکات هەموو بانگەشەی هەڵبژاردنەکەی ئەوە بووە ٢٠ هەزار کارتی دابەشکردووە لەناو خەڵکی، بەڵام گەشبینە بەوەی چەند ساڵێکە داکۆکی لەو پیاوانە کردووە لەلایەن ژنەکانیانەوە ئازاردراون، دەنگدەرەکانی لەپانزە ھەزار پیاو پێکھاتووە کە کەیسەکانیان لەرێکخراوەکەیان بووە، ئەو وتی "دوانزە بۆ پانزە ھەزار دەنگم پێویستە، نزیک دە ھەزار دەنگم مسۆگەر کردووە".
بورھان باس لەوە دەکات بۆ ئەوە دەچێتە پەرلەمان تا بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستیدایە لەساڵی ٢٠١٠ تا ٢٠٢٣، سەدو بیستو نۆ ھەزارو ھەشت سەدو پەنجا حاڵەتی جیابونەوە لەکوردستان تۆمارکراوە، دوو سەدو حەفتا ھەزار منداڵ لەنێوان ئەم خێزانانەدا سەر لێشێواو بووە، ئەو وتی "دەچمە پەرلەمانەوە بۆ ئەوەی رێگری لەم کارەساتە کۆمەڵایەتییە بکەم"..
وتیشی "دەچم بۆ ئەوەی بەپاڵپشتی کۆمەڵێک یاسا غەدر لەپیاو نەکرێت".
"چاوەڕێی مووچەی هاوسەرەکەمم بانگەشەی هەڵبژاردنی پێبکەم"
ژنە کاندید ئاوات حسامەدین، بەوتەی خۆی کەماوەی بیست ساڵە کاری رێخکراوەیی دەکات ئێستا دەیەوێت بەسەربەخۆ بچێتە پەرلەمانی کوردستان، بەڵام تا ئێستا کە چەند رۆژێکە بانگەشەی هەڵبژاردنی دەستیپێکردووە، تەنھا لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە بانگەشەی کردووە، ئەو وتی "تائێستا ھیچ بڕەپارەیەکم بۆ بانگەشە تەرخان نەکردووەو تەنانەت یەک کارتیشم چاپ نەکردووە، ھۆکارەکەشی ئەوەیە من وەک خۆبەخش کارمکردووە، داوای پارەشم لەھیچ سەرمایەدارێک نەکردووە، تەنیا داوای پارەم لەھاوسەرەکەم کردووە، ئەویش چاوەڕێیە مووچەکەی وەربگرێت تا ھاوکاریم بکات".
وتیشی "بۆیە خۆم کاندید کردووە کاتێک چومە کۆمیسیۆنو پرسیارم کرد وتیان ئەم ھەڵبژاردنە زۆر جیاواز دەبێتو کەمترین ساختەکاریی تێدا دەکرێت، بەگرنگشیم زانیو کاتی ئەوەشە وەک پەرلەمانتارێکی سەربەخۆو ژنێکی سەربەخۆ بچمە پەرلەمانی کوردستان".
ئەو کاندیدە سەربەخۆیە باسی لەوەشکرد یەکەم کاری دەسکاری مووچەی پەرلەمانتاری دەبێت، ئەو وتی "من پێداگری لەسەر ئەوە دەکەم مووچەی خانەنشینی پەرلەمانتار نابێت بمێنێت، یان کەسانێک نەخوێندەوار بوون چونەتە پەرلەمان خوێندنیان تەواو کردووەو بەکالۆریۆسو ماستەرو دکتۆرایان ھێناوە، پەرلەمانیان بۆ ھێنانەدیی ئاواتەکانی خۆیان بەکارھێناوە، من بڕوام وایە پەرلەمان دەبێت بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان بێت، نەک بۆ خزمەتکردنی ئەو تاکە بێت کە وەک پەرلەمانتار دەچێتە پەرلەمان".
وتیشی "یەکێکی دیکە لەکارەکانم دەبێت ژنی ماڵ مووچەی خانەنشینی ھەبێت، کە ئەمە لە ئیمراتۆری مادەکانەوە ھەبووە، ھەروەھا ئەو کچانەی لەماڵەوە دانیشتون بەھەر ھۆکارێک ھاوسەرگیریان نەکردووە دەبێت موچەیەکی خانەنشینیان ھەبێت، ژن کوشتن نەمێنێت، ژنان پۆستی باڵایان ھەبێت لەحکومەتدا، ھەروەھا کەرتی تەندروستیو ژینگە باشبکرێت بەیاسا لەپەرلەمان کاری بۆ دەکەم".
لەبارەی ئەوەی ئاوات حیسامەدین زەردەشتیە، ئەو وتی "من وەک ژنە چالاکەوانێکی کورد خۆم ھەڵبژاردووەو بڕوام وایە دەبێت ئایین لەدەوڵەت جیابکرێتەوە تا سیستەمی دەوڵەتداریو حکومڕانی بەشێوە دیموکراسیەکەی سەرکەوتوو بێت".
وتیشی "لەکۆمەڵگایەکی پیاوسالاریدا دەژیم، هەموو پڕوپاگەندەیەکم بۆ دەکەن بۆ ئەوەی دەنگ نەھێنم، لەرێگەی کۆمێنتی سۆشیال میدیاوە شتی زۆر ناخۆشو ناشرینم بۆ دەنوسن، منیش وەڵامیان نادەمەوە".
ئاوات حیسامەدین باس لەوە دەکات کە ھەشت سەد ئاژەڵی برینداری سەر شەقامەکانی بردۆتەوە ماڵەوە چارەسەری کردوون، پێنج ھەزار نەمامی چاندوە، بەخۆبەخش دەرمانی بۆ کەسانێک ھێناوە لەدەرەوەی وڵات، هەلی کاری بۆ ھەشت ھەزار کەس ڕەخساندووە، ئەو وتی "لەم ھەڵبژاردنەدا تەنھا چەند پۆستەرێک ھەڵئەواسم، لەفەیسبوکەکەشمەوە وێنەکانم شێرکراوە تا دەنگم بدەنێ، ئەگەر ساختەکاریی نەکرێت من دەردەچم".
"بەقەرزو قۆڵە پارەی کۆمسیۆنم داوە"
سامان حسێن، کە بە "سامانی کەمئەندامان " ناسراوە، ئاماژە بەوە دەکات یەک کەس نەھاتۆتە پێشەوە یەک دیناری بداتێ بۆ ئەم بانگەشەی ھەڵبژاردنەو یەک دیناریشی بۆ بانگەشە دانەناوە، ئەو بەئاوێنەی وت "بەھەزار ئەمسەرو ئەوسەرو قەرزو قۆڵە پارەی کۆمسیۆنم داوە، کە ملیۆنیکو دوو سەد ھەزار دینار بووە، ئێستاش لافتەو دروشمێکم نیە تەنیا کارتم دابەشکردووە".
وتیشی "لەسۆشیال میدیا لایف دەکەمەوە دەڵێم ئەو کوڕەم بیستو ھەشت ساڵە خزمەتی کەمئەندامان دەکەم، ھەر ئەوەندەشم پێدەکرێت، ئەگەر کەمئەندامان وەفایان ھەبێت دەنگم پێدەدەن، دروشمەکەشم ئەوەیە: پێویستم بەوەفاتانە".
سامان ئەوەش رووندەکاتەوە کە لەبەرنامەیدا نیە ماڵەو ماڵ بگەڕێ بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن، بەڵام ڕەنگە لەکۆتا ڕۆژەکانی بانگەشەدا سەردانی پێنجوێن بکات لەبەرئەوەی خۆی خەڵکی ئەو شاروچکەیەیەو کەسوکاری خۆی لێیە، ئەو وتی "ڕۆژانە سەدان کەمئەندامام تەلەفونم بۆ دەکەن دەڵێن ئەگەر وەفاو ئەخلاقمان ھەبێت دەنگ دەدەین بەتۆ".
وتیشی "هۆکاری خۆکاندید کردنم ئەوە بوو بەھەموو کاندیدی حیزبەکانی کوردستان یەک نوێنەرایەتی کەمئەندامی تێدا نیە، بۆیە بەگرنگم زانی وەک نوێنەرایەتی کەمئەندامان بەشدار بمو گرنگترین کاریشم لەپەرلەمان زیادکرنی مووچەی کەمئەندامان دەبێت، بەخۆشحاڵیەوە یەکەم کەسم لەعێراقو کوردستان ناوی کەمئەندامم لەسەر لیستی دەنگدان داناوە".
سامان نکوڵی لەوەش دەکات کە لەدەسەڵاتەوە نزیک بێتو سەربەخۆ نەبێت، ئەو وتی "سوێند بەخوا ئەگەر لەدەسەڵات خۆم کاندید بکردایە زۆر مەمنون دەبوون، بەڵام نەمکردووە، لەدەسەڵاتەوە نزیک بومایە ھاوکارییان دەکردم، لەوەتەی من ھەم دژی دەسەڵات بووم".
"تەنھا دووسەد ھەزارم بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن خەرجکردووە"
دلێر کەریم، سەرپەرشتیاری پەروەردەییو نووسەرو چالاکوانی مەدەنی لەسنووری ناحیەی ڕزگاری، کە وەک کاندیدیکی سەربەخۆ خۆی ھەڵبژاردووە بۆ پەرلەمان، ئاماژە بەوە دەکات کە سەرەڕایی ئەوەی گوشاریان لەسەرە، دەستیان کردووە بەبانگەشەی ھەڵبژاردن، ئەو بەئاوێنەی وت "لەرێگەی ھاوسەرو چوار منداڵەکەمەوە، بەئۆتۆمبیلەکەم ماڵەو ماڵ دەکەین ھیچ بڕە پارەیەکم بۆ بانگەشە دیاری نەکردووە، چونکە بۆ خۆم موچەخۆری ئەم حکومەتەم، ماوەی سێ مانگە یەک مووچەم وەرگرتووە، بەڵام بۆ ئەوەی بیسەلمێنم کە جیاوازم لەکاندیدەکانی دیکە، تەنھا پۆستێکم کردووە لەفەیسبوکەکەم کە دەستی ھاوکاریم بۆ درێژکەنوخوێندکارم ھەیە، پۆستەریان بۆ چاپکردووم، خزم ھەیە پۆستەری بۆ ھەڵواسیوم، ھاوڕێم ھەیە کاری دیزاینی بۆ کردووم".
دلێر ئاماژە بەوە دەکات کە لەئێستادا دوو برازای زۆر بەپەرۆشەوە بانگەشەی بۆ دەکەن لەتیکتۆکو ئەنستاگرامو تۆڕەکانی دیکەو ھیچی دیکە ناکات، ئەو وتی "ھەتا ئێستا تەنھا دووسەد ھەزارم بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن خەرجکردووە، پارەی کۆمسیۆن کە ملیۆنێکو دووسەد ھەزار دینارە قەرزم کردووە".
وتیشی "زۆر بێزارم لەخۆکاندید کردنم، ماندوو بووم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کەسانێک کە تەنھا لەرێگەی نامەوە بەسەریاندەکەمەوە پێیاندەڵێم دەنگم پێبدەن، دەڵێن خۆشت قسەت نەکردایە دەنگمان پێدەدایت، ئەمە بۆمن جێگەی دڵخۆشیە، ھەرچەندە زۆر گوشارمان لێدەکرێت لەلایەن دەسەڵاتەوە کە ئێمە دەنگی ئەوان دەبەینو بکشێینەوە، بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین، نامانەوێت لەبەرەی ئۆپۆزسیۆنو دەسەڵات بین".
باس لەوەش دەکات بچێتە پەرلەمان کار لەسەر ھێنانەوەی روفاتی ئەنفالکراوانو بەدادگایی گەیاندنی جاشو مستەشارەکانی رژێمی بەعس دەکات کە لەناو حزبەکانی کوردستاندا داڵدەدراونو دروشمەکەشی ئەوەیە کە "پەرلەمان شوێنی کەسانی ترسنۆکو دەستەمۆ نیە"، ئەو وتی "کە دەچمە ناو خەڵکەوەو دەڵێم ئەگەر بەشیاومان دەزانن دەنگم پێبدەن، ئەوان دەڵێن پێمانخۆشە ئاوا ھاتویت، ئەگەر چوار وەنەوشەت پێبوایە، ئەوە دەنگمان پێنەدەدایت، خزمم ھەیە دەڵێت پێشتر نەچووم بۆ دەنگدان، ئەم دەنگدانە لەبەر تۆ دەچم دەنگت پێدەدەم".
وتیشی "بەتەنیا ھەرخۆم بم ژنو منداڵەکانیشم دەنگم نەدەنێ بەردەوام دەبم، ھەرچەندە بەشێکی زۆری دەنگدەرەکانم خوێندکاری خۆمم، کە من ساڵانێکی زۆر مامۆستای وانەی بیرکاری بووم، خوێندکارم ھەبووە لەلای باوکی وەسفی کردووم باوکی ھەزار کارتی بۆ چاپ کردوم".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.