زۆربەی دەنگدەرانن لەهەرێمی کوردستان ژنن، زۆربەی چاودێرانی سەر سندوقەکانی دەنگدان ژنن
ئا: ھێڤی ئاوات
رێژەیەکی زۆر لەدەنگدەرانی هەرێمی کوردستان ژنانن، هەموو جارێک دەنگدانی ئەوانە چارەنوسی هەڵبژاردن یەکلایی دەکاتەوە، ژنە پەرلەمانتارێکی پێشوو دەڵێت "پێویستە ژنان کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دروستبکەن لەڕێگەی دەنگدانەوە".
فاتمە، بەدیار تەلەفزیۆنەکەوە دانیشتبوو سەیری بانگەشەی هەڵبژاردنی دەکرد، ئەو بەپەیامنێری ئاوێنەی وت "وا ئەمجارەش دیسانەوە هەڵبژاردنەو بچینەوە بۆ دەنگدان، چۆن دەنگیان نادەمێ؟!".
فاتمە غەریب-ی تەمەن ٦٨ ساڵ، بێوەژنێکی باڵا کورتەو لەئێستاوە خۆی ئامادەکردووە بەشداری بکات لەھەڵبژاردنداو دەنگ بدات بەو لیستەی خۆی دەیەوێت.
ئەم بێوەژنە ھەرچەندە نەخوێندەوارە، بەڵام ھەمیشە سەیری تەلەفزیۆن دەکاتو پێیخۆشە ئاگای لەھەواڵەکان بێت، ئەو جەغتی لەوە کردەوە کە بەشداری دەکات لەھەڵبژاردندا، چونکە چارەنوسی ئایندەی هەرێمی کوردستانی پێوە بەندە، ئەو وتی "زۆر نەخۆشیشم، بەڵام دڵم سوکنایی نایەت بەشداری نەکەم، ئەگەر دەستیان خستۆتە ژێر باڵم ھەر دەچم بۆ دەنگدان".
بەشێکی زۆری ژنانو ئافرەتانی کوردستان لەئێستاوە خۆیان بۆ ھەڵبژاردن ئامادەکردووە، هەریەکەو هەواداری لایەنێکە، یاخود بەشێکیان بەخواستو لەخۆشەویستی هاوسەرو براو کوڕەکانیان دەنگ بەلایەنێکی دیاریکراو دەدەن.
نیشتمان ئەحمەد، ژنە فەرمانبەرێکی ٥٧ ساڵەو پێیوایە بەشداریکردنی ھاوڵاتیان لەھەڵبژاردنی ئەمجارەو بەتایبەتیش ژنان، کاریگەریی خۆی ھەیە، ئەو وتی "من بەلامەوە گرنگە خەڵکی بەرێژەیەکی زۆر بەشداری ھەڵبژاردن بکەن، ھەوڵ بدەن دەنگیش بدەنە ژنە کاندیدەکان، چونکە بۆ خۆمان باشترە بۆئەوەی بتوانن داکۆکی لەمافەکانمان بکەن".
ئەو کە پێشتریش وەکو چاودێر، بەشداری پرۆسەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کردووە، پێیوایە ئەگەر بێتوو بەشداریکردنی ژنان وەک ھەڵبژاردنەکەی پێشتر بێت ئەوا پێشبینی دەکات رێژەیەکی زۆری ژنان بەشدار بن لەو پڕۆسەیەدا، ئەو وتی "چاوەڕوان دەکرێت ھەڵبژاردنی ئەمجارە، بەراورد بەهەڵبژاردنی پێشوو زۆر گەرمو گوڕتر بێت، چونکە ئێمە چەند لیستێکمان ھەیەو بەشێکی بەرچاو لەم لیستانەش یەکەمجارە بەشداری هەڵبژاردن دەکەن، جگە لەوەی ژمارەیەک زۆر لەکاندیدی سەربەخۆمان هەیە".
لەبەرامبەر ئەوەشدا بەشێک لەژنان متمانەیان بەهەڵبژاردن نەماوەو ئاماژە بەوە دەکەن بەشداربوونیان لەهەبژاردو دەنگدانیان هیچ لەدۆخەکە ناگۆڕێت، لەبەرئەوەی کەس حساب بۆ دەنگیان ناکات.
شنیار تاهیر، کە کچێکی تەمەن ٢٦ ساڵە، بەپێچەوانەی دایکییەوە نایەوێ بەشداری لەهەڵبژاردن بکات، لەبەرئەوەی سێ ساڵە لەزانکۆ دەرچووەو تا ئێستا کارێکی دەستنەکوتووەو دەستی لەدامەزراندنیش شتووە، ئەو بەپەیامنێری ئاوێنەی وت "ئەزمونی حکومەتو پەرلەمانی هەرێم خەڵکی نائومێد کردووە، خەڵکێکی زۆر باوەڕیان بە بەڵێنەکانی هەلبژاردنو ئەم سەرکردانە نەماوە کە ٣٣ ساڵە خەڵک دەڕەتتێننەوە".
وتیش "بڕوام نەک بەحزبەکانی دەسەڵات، بەڵکو بڕوام بەئۆپۆزیسۆنو سەرکردەکانیانیشیان نەماوە".
ژنە کاندیدو پەرلەمانتارانی پێشووش پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە بەشداری ژنان گرنگی خۆی هەیەو پێویستە ئەم دەرفەتە لەدەست نەدەن، لەبەرئەوەی بەشێکە لەبەشداری هاوڵاتیان لەپرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستاندا.
ڕێزان شێخ دلێر، پارێزەرو پەرلەمانتاری دوو خولی عێراق بەپەیامنێری ئاوێنەی وت "پێویستە ژنان بڕوایان بەژنبونی خۆیان هەبێتو کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دروستبکەن لەڕێگەی دەنگدانەوەو گەشبینینم کە لەم هەڵبژاردنەدا شتێک بگۆڕدرێت لەبەرژەوەندی مافەکانی ژنان".
رێزان جەخت لەوەش دەکاتەوە کە پێویستە ژنان بەشێوەیەکی باش بەشداری لەھەڵبژاردندا بکەنو رۆڵی یەکلاکەرەوە لەئەنجامی ھەڵبژاردندا ببینن، ئەو وتی "ھەموو ھەڵبژاردنێک گرنگیی خۆی ھەیەو پێویستە ھاوڵاتیان بەشداری تێدا بکەن، ژنانیش وەک توێژێکی گرنگی کۆمەڵگە باشتر وایە بەشداری لەھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بکەن، چونکە دەتوانن بەدەنگەکانیان بیسەلمێنن ژنان رۆڵێکی کارا لەپرۆسەی سیاسیدا دەبینن".
وتیشی "پێویستە رێکخراوەکانی ئافرەتانو ژنانیش ھەوڵی زیاتر بدەن بۆ ھاندانی ژنان بۆ رۆیشتن بۆ پڕۆسەی دەنگدان".
لەهەڵبژاردنی ئەمجارەدا کەو بڕیارە ٢٠ی ئەکتۆبەر ئەنجامبدرێت، ٣٦٨ ژن رکابەری بۆ گەیشتن بەپارلەمانی کوردستان دەکەن، لەکۆی ١١٩١ کاندید، لەكۆی ٩٥ كورسی دەنگدانی گشتی، ٣٠ كورسی بۆ ژنان یەكلایی بوەتەوە، بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنیش، ٢ ملیۆن و ٨٩٩ هەزارو ٥٧٨ کەس مافی دەنگدانیان لەهەڵبژاردنەکەدا هەیە.
ئاواز ساڵح، کاندیدی بەرەی هەڵوێست، بەپەیامنێری ئاوێنەی وت "ژنان ئەو هێزەن دەتوانن پرۆسەی هەڵبژاردن یەکلایی بکەنەوە، زۆربەی دەنگدەرانن لەهەرێمی کوردستان ژنن، زۆربەی چاودێرانی سەر سندوقەکانی دەنگدان ژنن، ئەوە دەنگی ئەوانە کە دەتوانیت براوەو دۆڕاوی هەڵبژاردن دیاری بکات، بۆیە پێویستە توانای خۆیان لەهەموو بوارەکاندا بسەلمێنن بەکارەکانیان".
وتیشی "لەوەش گرنگتر ئەرکی سەرشانیانە بەپلەی یەکەم دەنگ بەو ژنانە بدەن لەهەڵبژاردندا کە شایستەی متمانە پێکردنن بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتو ئەنجومەنی یاسا دانان".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.