ئا: دیما ئەحمەد
سەڕەرای هەبوونی چەند لیستو کاندیدێکی جیاواز لەپارێزگای دهۆک، بەڵام وا پێدەچێت لیستی پارتی بەهێزترین رکابەر بێت، کاندیدی بەرەی گەل لەدهۆک دەڵێت "پارتی بەھێزی زبرو هێزی نەرم لەدھۆک کاردەکات لەم ھەڵبژاردنەدا، یەکەمیان لەرێگەی ھێزەوە کە مەنسور بارزانی بەخۆیو ئەو ھێزەی لەگەڵیەتی ھاتوەتە دھۆکو دووەمیشیان لەڕیگەی نەرمو سیاسییەوە کە نێچیرڤان بارزانی ڕاسپێردراوە سەرپەرشتی بانگەشەی پارتی بکات". کاندیدێکی پارتیش لەدهۆک دەڵێت "لە ٩٥%ی پارێزگای دهۆک پارتین".
چەند لیستی جیاوازو رکەبەرێکی بەهێز
محەمەد سۆفی، گەنجێکی خەڵکی دهۆکو کاندیدی رەوتی هەڵوێستە لەبازنەی پارێزگای دهۆک، کە بۆ یەکەمجارە خۆی کاندید دەکات. ئەو لەو باوەڕەدایە سەڕەرای فشاری زۆری لایەنی دەسەڵاتدار لەشاری دهۆک، لیستەکەیان ئەنجامێکی زۆر باش دەستدەهێنێت، ئەو بەئاوێنەی وت "پارتی خەڵکی لەدهۆک ئاگادار کردۆتەوە کە خۆیان نانبڕاو دەکەنو مووچەکانیان دەبڕن، ئەگەر دەنگبدەن بەڕەوتی ھەڵوێست، بەڵام بیریان دەخەینەوە کە مووچە لەبەغداوە دێتو لەھەڕەشەکانی دەسەڵات مەترسن، تەنیا دەیانەوێت خەڵکی بترسێنن".
وتیشی "کێشەکە ئەوەیە خەڵک نایەوێ خۆی ئاشکرا بکات کە دەنگ بەکێ دەدات، ھاوڕیی منداڵیم ھەیە لەوەتەی بووم بەکاندید ناوێرێت قسەم لەگەڵ بکات یان کۆمێنتم بۆ بنوسێت لەتۆڕەکۆمەڵایەتیەکان، ترسی لەدەسەڵات ھەیە، لەدھۆک خەڵک ترسێنراوە".
سۆفی ئاماژە بەوە دەکات کە ماوەی شەش مانگ زیاترە رەوتی هەڵوێست دەیانەوێت بارەگا لەدھۆک بکەنەوە، بەڵام پارتی دەسەڵاتدار مۆڵەت نادات بارەگاکەیان بکەنەوەو رێگریی دەکەن، ئەو وتی "بەڵام بەپارتی دەڵێین ئەو زەمەنە بەسەرچوو کە پارتی بتوانێت بەئاسانی بنکەو بارەگای حیزبەکان دابخاتو رەشبگیر بکات، ئەوەی لەڕابردوو بۆی چوەتە سەر لەئێستادا بەئاسانی بۆی ناچێتە سەر، لەم ھەڵبژاردنەدا وڵاتانی نێودەوڵەتی چاودێری بارودۆخی کوردستان دەکەنو ھەر جوڵەیەکی دەسەڵات دەبێتە شەرمەزارییەکی گەورە بۆیان".
لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بەدرێژایی هەموو ئەو هەڵبژاردنانەی لەپارێزگای دهۆکدا کراون بەهێزترین لیست بووە، بۆیە لەلایەن لیستە رکەبەرەکانیەوە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی کە دەیەوێت هەموو دەنگو هەموو کورسییەکانی پارێزگاکە بۆ خۆی بێت.
عەلی مستەفا ئۆرەماری، سەرۆکی لیستی یەکێتی لەدھۆک ئاماژە بەوە دەکات کە پارتی بەگشتی دژایەتی هەموو لیستەکانی دیکە دەکاتو بەتایبەتیش یەکێتی، ئەو بەئاوێنەی وت "پارتی دەیانەوێت ھەموو دەنگەکانی دھۆک بۆخۆیان بێت، پێش چەند ڕۆژێک پێشێلکارییان دەستپێکردووەو لەچەند شوێنێکی دھۆک پۆستەری کاندیدەکانیانو ئاڵای زەردیان ھەڵواسیوەو دەستیانکردووە بەھەموو کارتەکانی فشار وەک ترساندنو هەڕەشەو فریودانو ئەگەر پێیانبکرێت تیرۆریش دەکەن".
وتیشی "بەڵام بەدەر لەلایەنگرانی خۆیان، وەک جاران خەڵکی لەدھۆک ئەو گەرمو گوڕییەی بۆ حیزبی دەسەڵات نەماوە".
ئۆرەماری جەغت لەوە دەکات کە یەکێتی ئامادەکاریی باشی کردووە لەدھۆکو سەروو سێ کورسی دەھێنن، ئەو وتی "ھۆکاری زیادکردنی دەنگەکانیشمان لەدهۆک ئەوەیە کە ھەڵویستمان ھەبووە لەدژی ئەو داگیرکارییەی تورکیا کردوویەتی بۆ سنووری کوردستانو داگیرکردنی بەشێک لەپارێزگای دھۆکو بێدەنگ نەبووین".
لەکۆی ٣ ملیۆنو ٧٩٨ هەزارو ٣٦٠ دەنگدەری هەرێمی کوردستان، ٩٢٦ هەزارو ٧٤٦ کەس لەپارێزاگی دهۆک مافی دەنگدانیان هەیە، لەکۆی ١٠٠ کورسی پەرلەمانی کوردستانیش، دهۆک ٢٤ کورسی بەردەکوێت، لەگەڵ کورسییەکی پێکهاتەکان، کە پارتی خوازیارە زۆربەی ئەم کورسییانە بەدەستبهێنێتو لیستەکانی دیکە ململانێ لەسەر چەند کورسییەکی کەم دەکەن.
سەعید عەلی عەبۆ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیو سەرۆکی لیستی یەکگترووی ئیسلامی لەدھۆک باس لەوە دەکات کە گەشبینن بەوەی ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنن ئەگەر پێشێلکارییو ساختەکاریی نەکرێت لەلایەن لیستی دەسەڵاتداریی پارێزگاکەوە، ئەو وتی "پارتی دەسەڵاتدار لەپێشوودا پەنایی بردۆتە بەر ساختەکارییو ترساندنی خەڵکی، بەتایبەت لەکاتی دەنگدانی تایبەت کە داوا لەھێزە ئەمنیەکانو ھێزەکانی پێشمەرگە دەکات دەبێت وێنەی کاتی دەنگدان لەسەر سندوق بگرن تا دڵنیاببنەوە ئاخۆ دەنگیان داوە بەپارتی یان نا".
وتیشی "بەڵام ئەمجارە بەئاسان ئەوەیان بۆ ناچێتە سەر، سەرجەم پێشێلکارییەکان تۆمار دەکەینو وەک سکاڵا دەدرێنە کۆمسیۆنو بێدەنگ نابین".
بەرەی گەل، کە لیستێکە یەکەمجارە بەشداری هەلبژاردن دەکات، باس لەوە دەکات کە دەرفەتی یەکسان لەبەردەم لیستەکاندا لەئارادا نییە بک کێبڕکێی هەڵبژاردنو پارتی لەدهۆک رۆڵی "پاڵەوان" دەبینێت.
سعود سەعید گۆران، کاندیدی بەرەی گەل لەدھۆک ئاماژە بەوە دەکات کە ھەرچەندە شارەوانی دھۆک داوای کردووە ھیچ پۆستەرو بڵاوکراوەیەکی بانگەشە لەقوتابخانەو نەخۆشخانەو زانکۆو پەیامانگاکانی دھۆک ھەڵنەواسرێت، بەڵام پارتی دھۆک بەموڵکی خۆی دەزانێتو لەو جێگایانە پۆستەرو لافیتەی بانگەشەی ھەڵواسیوە، ئەو وتی "پارتی ئەم پێشێلکاریانە بەشتێکی ئاسایی دەزانێت، لەبەرئەوەی باڵادەستەو پێیدەکرێتو گوێ لەھیچ لاینەنێک ناگرێت لەدھۆک".
گۆران ئاماژە بەوە دەکات کە دەنگێکی بەرچاو لەپارێزگای دهۆک بەدەستبهێننو دەیانەوێت سیستەمی حکمڕانی سیو سێ ساڵەی دەسەڵاتداری بگۆڕن، ئەگەر ساختەکارییو ترساندن نەکرێت، ئەو وتی "ئەو کەسانەی لەگەڵ بەرەی گەلدان بۆ بانگەشەی ھەڵبژادن، پارتی گوشاریان لێدەکات نەجنە بەرەی گەلەوە، بەسەرۆک عەشرەتەکانیان گوتووە دەبێت بانگەشە بۆ پارتی بکەن، داوایان لەبازرگانەکان کردووە دەبێت ھاوکاری مادی پارتی بکەن لەم ھەڵبژاردنەدا، پارتی لەم وەک خۆسەپێنو پاڵەوان رۆڵ دەبینێت".
وتیشی "پارتی بەدوو جۆر ھێزی زبرو نەرم لەدھۆک کاردەکات لەم ھەڵبژاردنەدا، یەکەمیان لەرێگەی ھێزەوە کە مەنسور بارزانی بەخۆیو ئەو ھێزەی لەگەڵیەتی ھاتوەتە دھۆکو دووەمیشیان لەڕیگەی سیاسییەوە کە نێچیرڤان بارزانی ڕاسپێردراوە سەرپەرشتی بانگەشە بکات بۆ پارتی لەدهۆک، پارتی ھەم ھێزو ترساندن بەکاردەھێنێت، ھەم سیسەتو پارەو بەخشش".
گۆران ئاماژە بەوە دەکەن بەھۆکاری ئەوەی کاندیدی بەرەی گەلە، لەماوەی دوو مانگی رابردوودا سێ جار براکەیان بنگ کردووە بۆ لێپرسینەوە، ئەو وتی "براکەم پۆلیسە لەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی قەزای شێخان، لەلایەن پاراستنەوە بانگ کراوە بەبیانوی ئەوەی بۆچی من کاندیدی بەرەی گەلم، ئەویش وتویەتی براکەم بەرەی گەلە ئەوە کەی کێشەی منە؟! بەڵام کۆمسیۆنی دهۆکیش واتە کۆمسیۆنی پارتی، سکاڵاش بکەین دەیخەینە تەنەکەی خۆڵەوە".
پەیامنێری ئاوێنە سەبارەت بەکەشی بانگەشەی هەڵبژاردن لەدھۆکو هەلومەرجی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، پەیوەندی بەسیپان ئامێدی سەرۆکی لیستی نەوەی نوێ لەدھۆک کرد، لەوەڵامدا وتی "ھیچ لێدوانێک نادەین".
هەر دەربارەی ئەم باسە، فلاح مستەفا تەمەر، ئەندامی مەکتەبی سیاسیو بەرپرسی مەڵبەندی کۆمەڵی دادگەری لەدھۆک، لەبارەی دۆخی بانگەشەی ھەڵبژاردن بەئاوێنەی وت "پارتی خەڵکی سەرۆک عەشیرەتەکانو ئەو کەسانەی خزمو کەسو هەواداری ئێمەن داوایان لێدەکەن بەشداری ھەڵبژاردن نەکەینو دەیانەوێت رێگایەک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی لەم سنوورە بکشێینەوە، بەڵام ئێمە بەردوام دەبینو بەشداری ھەڵبژاردن دەکەینو کاندیدی بەھێزمان ھەیە بۆ ئەم ھەڵبژاردنە".
وتیشی "گوشارەکانی پارتی لەزیادبووندایە بەرامبەرمان، لەساڵی ٢٠١٣دا ئەوکات کە یەک کاندیدمان لەدھۆک ھەبوو، هاتنە سەر بارەگەکەمانو ھەڕەشەیان لێکردن کە ئێمە چیدەکەین لەدھۆک؟! پێموایە ئەمجارە چاوترسانەکەیان زیاتر دەبێت".
پارتی: داخی ئەوەیان لێدێ لە ٩٥%ی پارێزگای دهۆک پارتین
ڕۆژان زێوەر محەمەد ئەمین، کاندیدی پارتی دیمکراتی کوردستان لەپارێزگای دھۆک لەبارەی رەخنەی حیزبەکانی دیکە بەرامبەر بەپارتیم ئاماژە بەوە دەکات ھەموو حیزبەکانی دیکە لەئێستادا لەدھۆک دەیانەوێت دەنگی پارتی بۆ خۆیان بەرنو دەنگی پارتی کەم بکەنەوە، ئێمەش رێگە بەوە نادەینو پێگەشیان نییە لەناو خەلکدا، ھەرچەندە بەزۆر رێگە ھەوڵدەدەن خەڵکانێک بکەنە دوژمنی پارتی، ئەو وتی "ئەو لایەنانە داخی ئەوەیان لێدێت لە ٩٥%ی خەڵکی پارێزگای دهۆک پارتین، حیزبەکانی دیکە بوونێکی کاراو کاریگەریان نییەو تەنھا لەکاتی بانگەشەی ھەڵبژاردن دەردەکەون".
لەبارەی ئەوەی پارتی رێگری لەحیزبەکانی دیکە دەکات لەدھۆک بانگەشە بکەنو فشاریان بۆ دەهێنێت، رۆژان وتی "ئەوە پارتیە داواکاریەکانی خەڵک جێبەجێ دەکاتو کاریان بۆ دەکات، بۆیە ئەوان ئەوە بەڕێگری دەزانن، هەر حیزبەو ئازادە بەئازادانە کارەکانی خۆی بکات لەم ھەڵبژاردنەداو رێگری لەکەس نەکراوە، ئەگەر وا نییە فەرموو بە بەڵگە بیسەلمێننو بیخەنە ڕوو".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.