ئا: دیما ئەحمەد
هێشتا بانگەشەی هەڵبژاردن بەفەرمی دەستیپێنەکردبوو، کە سلێمانی کەشی هەڵبژاردنی پێوە دیار بوو، ئەوەی بەدرێژایی هەڵبژاردنەکانی رابردوو سلێمانی جیا کردوەتەوە لەشارەکانی دیکە، گەرمو گوڕی بانگەشەی هەڵبژاردن بووە، کە نەک هەر شەڕە پەڕۆو هوهاکێشانو هۆڕین لێدانی تێکەوتووە، بەڵکو هەندێکجار شەڕە چەقۆو تەقو تۆقیشی بەخۆیەوە بینیوە، سەبارەت بەهۆکاری گەرمو گوڕیی بانگەشەی هەڵبژاردن لەسلێمانی، حیزبو لیستە جیاوازەکان، بۆچوونو وەڵامی جیاوازیان هەیە.
یەکێتی: زەمینەسازیمان بۆ ئازادی کردووە لەسلێمانی
کورسییە گشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان ٩٥ کورسییە (جگە لە ٥ کورسییەکەی کۆتای پێکهاتەکان)، بەسەر ٤ پارێزگادا دابەشکراون:، سلێمانی ٣٦ کورسی، هەولێر ٣٢ کورسی، دهۆک ٢٤ کورسی، هەڵەبجە ٣ کورسی.
دابەشکردنی ٥ کورسییەکەی کۆتای پێکهاتەکانیش، بەمجۆرەیە: هەولێر دوو کورسی، سلێمانی دوو کورسی، دهۆک یەک کورسی.
وا بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی ٢٠-١٠-٢٠٢٤ بەسەرپەرشتی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەبچێت.
هەموو لیستە جیاوازەکانو تەنانەت بەشێک لەکاندیدە سەربەخۆکانیش، چاویان لەسەر ئەوەیە پشکیان لەو ٣٦ کورسییەی پەرلەمانی کوردستان بەرکەوێ کە بۆ سلێمانی دیاریکراوە، لەو پێاوەشدا چەند رۆژێکە سلێمانی بەگەرمی کەشی ململانێیەکی توندی بانگەشەی هەلبژاردنی پێوە دیارە.
لەتیف نێروەیی، بەرپرسی بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەبارەت بەو بانگەشە پێشوەختەی لەسلێمانی لەلایەن لیستە جیاوازەکانەوە دەکرێت، ئاماژە بەوە دەکات کە هۆکارەکەی ئەو ئروبەرە لەئازادییە کە یەکێتی باوەڕی پێیەتی، ئەو بەئاوێنەی وت "ئەوەی دەبینرێتو ھەیە لەسلێمانی، کە بۆتە چەقی ململانێکانی ھەڵبژاردنو بانگەشەی ھەڵبژاردن ئەو ئازادیەیە لەکۆنو لەئێستاو داھاتوودا یەکێتی نیشتمانی کوردستان باوەڕی تەواوی پێیەتیو زەمینەسازی بۆکردووە، ھەر ئەو ھۆکارەیە سلێمانی بۆتە چەقی ململانێی ھەڵبژاردنو ھەموو دەنگە جیاوازەکان".
وتیشی "ئێمە وەک یەکیتی نیشتمان کوردستان باوەڕمان بەئازادی ھەیە، جیاواز لەشوێنەکانی دیکە، بەڵام شوێنەکانی دیکە ڕوونە بۆچی وەھانیە یان ئەو جۆشو خرۆشەی پێوە دیار نیە".
هەڵوێست: سروشتی سلێمانی جیاوازەو زۆرترین دەنگی ناڕازی لەم شارەیە
عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی لیستی ھەڵوێست لەبارەی چڕبوونەوەی ململانێکانی هەڵبژاردن لەسلێمانی، رایەکی جیاواز لەڕای بەرپرسەکەی یەکێتی هەیە، ئەو بەپەیامنێری ئاوێنەی راگەیاند لیستەکەیان ھەوڵیانداوە چەقی ململانێکان لەڕێگەی کاندیدەکانیانەوە بەرنە ھەولێرو دھۆک، بەڵام سروشتی سلێمانی جیاوازەو زۆرترین دەنگی ناڕازی لەسلێمانییە، ئەو وتی "لەساڵانی چلەکانی سەدەی ڕابردووە سلێمانی ھەروا بووە، کە ململانێکان لەسلێمانی زۆر و فراوانەترەو جیاوازو لەشارەکانی دیکە، ھەروەک چۆن زۆرینەی خۆپشاندانەکانیش ھەر لەسلێمانی بووە".
وتیشی "دەبێت ئەوەمان بیرنەچێت بنکەی سەرەکی زۆربەی حیزبەکان لەسلێمانییە، بەحیزبەکانی دەسەڵاتو ئۆپۆسیۆنیشەوە، بەپارتیو یەکێتیشەوە ھەر لەم شارە بووە، ئەم شارە کێبڕکێی راستەقینەی تێدایە لەھەڵبژارندا، ھەرچەندە زیانی ئەوەشی کردووە خەڵکەکەی لەو ماوەی ھەڵبژاردنەدا زۆر ماندوو دەبنو ھیوادارم لاینەکانی ھەڵبژاردن ئەو شارە زۆر ماندوو نەکەن".
عەلی حەمە ساڵح جەغتی لەوەش کردەوە کە بانگەشەکانی ھەڵوێست لەسلێمانی بەشێوازێکی هێمنو لەسەرخۆ دەبێت، ئیش لەسەر زانیاریو عەقلی خەڵک دەکەین، کار لەسەر ورژاندنی سۆزی خەڵک ناکەین، ئەو وتی "نامانەوێت خەڵکی بێزارو ماندوو بکەین لەم شارەدا".
بەرەی گەل: سروشتی خەڵکی سلێمانی وایە
شادمان مەلا حەسەن، ئەندامی چالاکی بەرەی گەل ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو جموجۆڵو ململانێییەی کە لەبانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا زیاتر لەسلێمانی بەدیدەکرێت، دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی خەڵکی سلێمانیو پێویست ناکات کەس بیکات بە"مەکرەمە"ی خۆی، ئەو بەئاوێنەی وت "سلێمانی دنیا بچوک دەکەنەوە، من بۆخۆم لەھەولێرەوە ھاتومەتە سلێمانی، لەم ڕۆژانەدا سرودێکی بەرەی گەل ھەبوو، لەسلێمانی یەکسەر دیمەنی سلێمانیان دانابوو، بەمەرجێک ناوەندی بڕیارمان لەھەولێرە، سلێمانی بۆخۆی سروشتی خەڵکەکەی وایە".
وتیشی "پارتی زۆر حەز دەکات بەزمەکە لەسلێمانی گەرم بێت، ھەرچەندە حیزبەکانیش بۆ خۆیان حەز دەکەن لەسلێمانی بانگەشەیان گەرم بێت، ھەرچەندە ھەولێر پایتەختە ئێمە دەمانەوێت چەقی ململانیەکان لەھەولێر بێت".
شادمان ملا حەسەن ئاماژە بەوە دەکات بەشێکی ململانێکان دەگەڕێتەوە بۆ راگەیاندنو ڕۆژنامەنووسەکانی سلێمانی، ئەوان دەیانەوێت چەقی ململانێکان لەسلێمانی بێتو بانگەشەی ھەڵبژادن لەسلێمانی جیاوازبێت لەشارەکانی دیکە، ھەرچەندە ئێمە لەسلێمانیو ھەولێر بانگەشەمان دەستپێکردووە، بەڵام لەسلێمانی سروشتی خەڵکەکە جیاوازە".
یەکگرتوو: قورسایی هەموو هێزەکان لەسلێمانییە
عوسمان کاروانی، کارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو لەبارەی ئەوەی سلێمانی بەسەکۆی گشت بەزمەکانی ھەڵبژادن دادەنرێت، ئاماژە بەوە دەکات سلێمانی چڕ بوونەوەی ململانیەکان لەسلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی قورسایی ھێزە سیاسییەکان لەسلێمانییە، ئەو بەئاوێنەی وت "بۆ نموونە یەکێتی قورسایەکیی زۆری ھەیە لەسلێمانی، بەھەمانشێوە یەکگرتووی ئیسلامی، ھەروەھا کۆمەڵی دادگەری قورسایی خۆی ھەیە، بەرەی گەلو نەوەی نوێ بەهەمانشێوە، رێساکەش وایە لیستەکان لەکوێدا قورسایی ھێزو جەماوەریان زۆرتر بوو، ململانێکانیش زۆرتر دەبن، ئەمە وایکردووە لەسلێمانی باڵانسی ململانێکان بەرزتر بێت".
وتیشی "سلێمانی ھێزی جیابوەوەی لەحیزبەکان زیاتر لێیە، ئەمە خۆی بۆ خۆی ململانیەکان گەرمتر دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا سلێمانی بۆ کەس دەستەمۆ نابێت بۆ یەک لایەن، خەڵکەکەی ھۆشیاریەکی زۆری ھەیە، خەڵکەکەی ھۆشاری زۆری ھەیە بۆ کاری سیاسیو ئەمەش ڕۆڵی زۆری ھەیە لەسەر کێبڕکێی سیاسیو ھەڵبژاردن لەم شارەدا، هەرچەندە چەپۆکێکی سیاسی خۆسەپێنەر لەھەرێمی کوردستان بوونی ھەبووە، بەڵام بەھۆی زیندویەتی ئەمشارەوە، جیاواز لەشارو شارۆچکەکانی دیکە سلێمانی ملینەداوەو بەزیندویەتی ماوەتەوە، بەئاشکرا لەبانگەشەی ھەڵبژاردنەکانداو فرەڕەنگیو فرەسیاسی لەم شارەدا دەبینرێت".
پارتی: سلێمانی بەردەوام مەیدانی ململانێی سیاسی بووە
فازیل بەشارەتی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی لەبارەی دۆخی سلێمانیو هۆکاری دەستپێکردنی تای ھەڵبژاردن لەسلیمانی، ئاماژە بەوە دەکات کە سروشتی سلێمانی لەئێستاو ڕابردووشدا وەھا ھەڵکەتووە کە بەردەوام مەیدانی ململانێی چڕ بووە لەنێوان ھەموو بۆچونە جیاوازەکانو کەسایەتیە سیاسیەکان، ئەو بەئاوێنەی وت "پێموایە ئێستا ئەو ململانێیانە لەسلێمانی گەرمترە، بەھۆی ئەوەی ئەو حیزبانەی لەسلێمانین کێشەی ناوخۆیان زیاترەو جیابوونەوەیان زیاترەو ئەوەش زیاتر بانگەشەی ھەڵبژاردنی گەرم کردووە، واتە ئەو ئاڵۆزییە سیاسییە حزبییە کە لەسلێمانی ھەیە لەشوێنەکانی دیکە بوونی نیە".
وتیشی "سلێمانی هەمیشە شارێکی سیاسیو رۆشنبیری بووە، ئەمە پەیوەندی بەواقعی خەڵکەکە خۆیەوەیەتی، واتە خەڵکی ئەم شارە خۆڕسکانە سیاسینو چاوکراوەنو بورجی جەماوەریو رۆشنبیری لەسلێمانی لەھەموو شارەکانی دیکە بەرزتر بووە، ھەموو بانگەوازە سیاسیەکان لەم شارەوە سەریانھەڵداوە، تاکە ھۆکاریش خەڵکەکەی بووە، بەو ھۆیەوە سلێمانی پێشەنگی گۆڕانکارییە سیاسیەکانو تەنانەت ئاڵۆزیە سیاسیەکان بووە، بێگومان لەھەولێرو دھۆکیش جوڵەی سیاسی ھەبووە، وەک شۆڕشەکانی بارزان، بەڵام ئەو ھەڵچوونە سیاسیەی لەسلێمانی ھەبووە، جیاواز بووە لەشوێنەکانی دیکە".
گۆڕان: هەموو حیزبەکان لەسنووری سلێمانی دروستبوون
سەفەر ئەوبەری، ھەڵسوڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆران لەبارەی گەرمی ھەڵبژاردن لەسلێمانی ئاماژە بەوە دەکات کە زۆرینەی حیزبەکان دەتوانین بڵین ھەموو حیزبەکانیش لەسنووری سلێمانی دروستبوون لەڕابردوودا، لەداھاتووشدا حیزبی دیکەش دروستدەبێت لەم شارەدا، چونکە سرووشتی ئەم شارە وەھایە، ئەو بەئاوێنەی وت "لەسەردەمی بابانەکانەوە تا ئەمڕۆ سلێمانی شارێک بووە مەڵبەندی سیاسیو رۆشنبیریو بیروڕای جیاواز بووە، شاری فرە ئایینیو فرە سیاسیو فرە ئایدۆلۆژیا بووەو پڕ بووە لەکێشمەکێشو خواستی گۆڕانکاریی".
وتیشی "خواستێک ھەیە ھەولێرو دھۆک بکرێنە چەقی ململانێکان، بەڵام بڕواشم نیە ئەمە سەربگرێت، چونکە سروشتی خەڵکی ئەو شارانە ئەو حەزو ئارەزووەیان نیە بۆ شەڕەپەڕۆو بانگەشەی هەڵبژاردن، برٍوام وایە باڵانسی ھێز لەزۆنی ھەولێرو دھۆک گۆڕانکاری ئەوتۆی بەسەردا نایەت، بەھۆی ئەو بارودۆخە حیزبیەی لەو ناوچەیەدا دەگوزەرێت، لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕیی پێشھاتەکانین، بزانین چی روودەدات".
کۆمەڵی دادگەری: سلێمانی فرە ڕەنگو فرە ھێزو فرە جەمسەرە
ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری ئاماژە بەوەد ەکات کە سلێمانی ھەر لەزووەوە شارێکی ڕۆشنبیری بووەو ئەو جۆرە لەژیانو ھەڵسوکەوت لەنێو خەڵکەیدا باو بووە، ئەو بەئاوێنەی وت "سروشتیی خەڵکی سلێمانی وەھا بوە هەمیشە بەدوایی ئەلتەرناتیڤدا دەگەڕێت، جا چی سیاسەت بێت، یان بازرگانی بێت، یان رۆشنبیری".
وتیشی "هۆکارێکی دیکە لەزیندویەتی سلێمانی، ئەوەیە دەسەڵات لەسلێمانی جیاوازی ھەیە لەدەسەڵات لەھەولێر، ھەروەھا ناوچەی سلێمانی ناوچەی نفوزی حیزبی جیاواز بووە، بۆ نموونە ساڵانێک یەکیێتی تێدا بەهێز بووە، پاشان گۆڕان تیدا بەهێز بووە، ماوەیەک ئیسلامیەکان بەهێز بوون، ئەگەری ھەیە نەوەی نوێ تیایدا بەهێز بێت، ئەمەش فرە ڕەنگیو فرە ھێزیو جەمسەری لەم شارەدا دەردەخات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەجندای دەوڵەتانی وەک ئێرانیو تورکیو وڵاتانی دیکەی تیایدا ململانێیانەو ھەریەکەو دەیەوێت ئەجنداکانی خۆی تێدا جێبەجێ بکات".
بزوتنەوەی ئیسلامی: ئەمساڵ لەھەولێرو دھۆکیش بانگەشە توند دەبێت
عەبدوڵا وەرتێی، وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی ئاماژە بەوە دەکات کە سروستی ھەڵبژاردن وەھایە جۆشو خرۆشو سەرقاڵی دروستبکات بۆ خەڵکو لایەنو کاندیدی حیبزبەکان بۆ ئەوەی خەڵکی بەشداری کارا لەھەڵبژاردندا بکات، ئەو بەئاوینەی وت "ئەمە حاڵەتێکی باشو ئیجابیە بۆ سلێمانی، بەڵام بیرمان نەچێت ئەمساڵ لەھەولێرو دھۆکیش بانگەشە توند دەبێت، ھەرچەندە ھەر سلێمانی بەسرووشتی خۆی لەبانگەشەو ھەڵبژاردنو دەنگداندا جیاواز بووەو جیاوازیش دەبێت".
وتیشی "سلێمانی بەراورد ناکرێت بەھیچ شارێکی دیکەی کوردستانو لەھیچ شوێنێکی دیکە ناچێت، بەڵام لەگەڵ ئەو جیاکاریەش نیم کە حیزبەکان جیاوازی لەنێوان شارەکانی کوردستان بکەن، پێموایە لەڕووی ستراتیجیو نەتەوەیەوە لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان نیە کە تەنها سلێمانی بکرێتە چەقی ململانێی ھەڵبژاردن، مێژووی ئەم شارە دیارە چەند ماندووەو قوربانی داوە، بەڵام بیرمان نەچێت ھەولێرو دھۆکیش ھیچان کەم نیە لەڕووی قوربانیدانەوە، بۆیە پێویستە خەڵکی حیزبەکان لەو شارانەش گرنگی بە بانگەشە بدەن، تا بەگەرمی بانگەشە لەهەموو شارێکی هەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت، ئێمە بۆ خۆمان ئەوە دەکەین".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.