لە"سولی گەیم سەنتەر" بەپلەی یەکەم یارییەکانی فیفا خواستیان لەسەرەو بەپلەی دووەمیش یاری شەڕە تەقە
ئا: هێڤی ئاوات
بەشێکی بەرچاو لەگەنجانی کوردستان، کاتێکی زۆری رۆژانەیان لە"یاری ئەلکترۆنی"دا بەسەردەبەن، بەمۆبایلو بەکۆمپیوتەرو پلەیستەیشنو ئێکسبۆکس خەریکی یارین، بەڕێوەبەری گەیم سەنتەرێک دەڵێت "رۆژانە لانیکەم ١٠٠ کەس لەسەنتەرەکەماندا دەبینم کە تا ٢ی شەو کراوەیە".
کات بەرەو کۆتایی شەو دەڕوا، بەڵام هێشتا هۆڵە شین باوەکەی "سولی گەیم سەنتەر"، کە دەکەوێتە سەهۆڵەکەی سلێمانی، جمەی دێ لەو گەنجە گەیمەرانەی چاویان بڕیوەتە شاشەکەی بەردەمیانو دەستیان لەسەر ماوسو کیبۆردە یاخود دەسکی پلەیستەیشنیان بەدەستەوەیە، هیدفۆنیان لەگوێدایە، بەگەرمی خەریکی پەنجەو سەر جوڵاندنو سەرقاڵی یاریو چاڵنجی یەکتر کردنن، ههر كهسهو لهبهر كێبهركێو بردنهوهی یارییهكه، تهواو بێئاگان لهدهوروبهریان.
بەڕێوەبەری "سولی گەیم سەنتەر"، رەهێڵ جەلال ئاماژە بەوە دەکات کە خۆشترینو گەورەترین ئامڕازی سەرگەرمی ئێستای گەنجانی کوردستان "یاری ئەلکترۆنییە"و یەکێک لەسەنتەرە هەرە دیارو بەناوبانگەکانی شاری سلێمانیش ئەم گێم سەنتەرەیە کە ٤٠ پلەیستەیشنی پێنجو ١٢ کۆمپیوتەری تایبەت بەیاریکردن لەخۆدەگرێ، تا کاتژمێر ٢ی شەو کراوەیەو دەکەوێتە شوێنێکی تا بەرەبەیان قەرەباڵغەوە، ئەو بەئاوێنەی وت "پێشتر ئەم سەنتەرە زۆر قەرەباڵغتر بوو، لەبەرئەوەی تەمەن بۆ هاتنی مشتەرییەکانمان دیاری نەکرابوو، هەر کەسێک بهاتایە ئاسایی بوو، بەڵام ساڵو نیوێکە ئاگادار کراوینەتەوە ئەوانەی سەردانی هەموو گێم سەنتەرەکان دەکەن دەبێت تەمەنیان لەسەروو ١٨ ساڵەوە بێت".
وتیشی "ئێستا ئەوانەی دێن بۆ یاری کردن، زۆرینەیان تەمەنیان لەنێوان ١٨ ساڵ بۆ ٢٥ ساڵدایە، بەڵام هەندێک مشتەری خۆمان هەیە تەمەنیان دەگاتە ٤٠ ساڵیش، کە چوار پێنج کەس کۆدەبنەوەو دێن پێکەوە چاڵنجو یاری دەکەنو کاتێکی خۆش لێرە بەسەردەبەن".
رەهێڵ باس لەوە دەکات کە ئەو یاریانەی خواستی گەنجانیان زۆر لەسەرە بەپلەی یەکەم فیفایە "یارییەکانی تۆپی پێ"و بەپلەی دووەمیش شوتینەکانن "یاری شەڕە تەقەن"، ئەو وتی "ژمارەی ئەوانەی رۆژانە دێن بۆ سولی گەیم بەپێی وەرزو بارودۆخ دەگۆڕێت، بەڵام ئەوەندەی تێبینیم کردووە رۆژانە لانیکەم ١٠٠ کەس دەبینم لەم سەنتەرە، پێموایە زۆربەشیان خوێندکاری زانکۆو پەیمانگاکانن، بەوەدا دەزانم کە دەکەونە کاتی تاقیکردنەوە، من ئیشم کز دەبێت".
"گەیم سەنتەرەکان" ئێستا لەزۆربەی شارو شارۆچکەکانی کوردستان بەماڵی دووەمی بەشێک لەگەنجان دادەنرێن، کە رۆژانە بۆ سەرگەرمی یاخود بۆ دووركهوتنهوه لهو بێكارییهی پێوهی دهناڵێنن، دهیانهوێت لهڕێگهی یارییهوه رۆژگار بهڕێ بكهن، لهبهرامبهریشدا بۆ ههر 15خولهك تا ٣٠ خولەک یاری كردن لە ٥٠٠ دینارەوە تا ١٥٠٠ دینار دەدەن.
کاروخ حەسەن، كه گهنجێكی تهمهن ٢٥ ساڵەو ماوهی دوو ساڵە خوێندنی لهزانكۆی سەلاحەدینی تهواوكردوه، بهڵام تا ئێستا دانهمهزراوه، بووه بهیهكێك لهموشتهرییه ههمیشهییهكانی گەیم سەنتەری هەولێر، ئەو وتی "دوای شازده ساڵ خوێندن ناتوانم لههیچ شوێنێك دابمهزرێمو کارێکی گونجاویشم دەستناکەوێ تا دواڕۆژی خۆمی پێدابین بكهم، هیچ كارێك نیه بیكهم بۆیه دێم بۆئهوهی یاری بكهمو كات بهسهربهرم".
وتیشی "ژمارەیەکی زۆر لەگەنجان رۆژانه جگه لهبهتاڵیو خۆبهتاڵكردنهوه لەڕێگەی یاری کردنەوە، كارێكی تریان نییه سهرقاڵیان بكات".
هاوکات لەگەڵ ئەوەی بەشێکی بەرچاو لەگەنجان روودەکەنە گەیم سەنتەرەکان بۆ یاریکردن، بهشێکی زۆری گەنجو هەرزەکارانیش بەکوڕو کچەوە رۆژانە لهماڵهوه خهریكی یاری كردننو یارییە ئەلکترۆنییەکان بەدی ڤی دیو بەئۆنلاین دەکڕنو بهكاریدەهێنن. ئەمە جگە لەوەی چەند ساڵێکە یاری پۆپجی لەناو بەشێکی زۆری گەنجانی کوردستاندا یارییەکی باوو دڵخوازەو رۆژانە چەند کاتژمێرێک لەکاتیان بۆ ئەم یارییە تەرخان دەکەنو بەگروپ دەیکەن.
دیاری داناز، یەکێکە لەو کەسانەی لەڕێگەی ئۆنلاینەوە یارییە ئەلکترۆنییەکان دەفرۆشێتو باس لەوە دەکات تەنها دوێنێ بایی ١٠٠٠ دۆلار یاریی پلەستەیشنی فرۆشتووە.
دیاری بەئاوێنەی وت "ئەوانەی داوای یاری ئەلکترۆنی دەکەن لەڕووی تەمەنەوە لە ١٤ ساڵەوە تیایەتی تا دەگات بە ٤٥ ساڵ، یارییەکانیش نرخەکانیان لە ٣ دۆلارەوە دەستپێدەکات تا ٨٠ دۆلار".
ئەوەشی روونکردەوە کە ئەو یارییانەی ئەوان بەئۆنلاین دەیفرۆشن بەدی ڤی دی زۆر گرانترە، بۆ نمونە یارییەک ئێستا بەدی ڤی دی بە ٩٠ هەزار دینارە، لەئەکاوتنەکەی ئەمان تەنها بە ٤٤ هەزار دینار دەفرۆشرێت، ئەمە جگە لەوەی هەر یارییەک بەئۆنلاین بکڕدرێت دەتوانرێت شێر بکرێتو بۆ زیاتر لەجیهازێک بەکاربهێنرێت، ئەو وتی "یارییەکانی فیفا زۆرترین فرۆشیان هەیە، بەپێی جیهازەکانیش خواست لەسەر یارییەکان جیاوازە، بۆ ئێکس بۆکس یاری جێم پاست زۆر دەفرۆشرێت، کە ٤٥٠ یاری تیایەو گەیمەر دەتوانێت بەدڵی خۆی کام یاریییەی بوێت بیکات، بۆ پلەی ستەیشن فیفا پلەس زۆر دەفرۆشرێت کە ٩٠٠ یاری تیایە، بۆ کۆمپیوتەریش یارییەکانی جی تی ئەی داواکاری زۆر لەسەرە".
وتیشی "بەردەوام کڕیاری ئەم یاریانە هەن، تەنها دوێنێ بای ١٠٠٠ دۆلار یاری پلەی ستەیشنم فرۆشتووە، سەیری ئۆکەیەسم کرد کە دۆلاری لێوە ئەکڕین بۆ کڕینی ئەم یارییانە، منو شەریکەکەم لەماوەی ٦ مانگدا بای ٣ دەفتەر یاری پلەی ستەیشنو ٢ دەفتەر یاری کۆمپیوتەرمان کڕیوە".
تەشەنەسەندنی یاریكردن بەمۆبایلو پلهیستهیشنو ئێکس بۆکسو کۆمپیوتەر بهم شێوهیه لهنێو هەرزەکارو گهنجاندا، جێی نیگەرانی خێزانو زۆرێک لەوانەشە لهبواری كۆمهڵناسیدا كاردهكهنو ترسی ئهوهیان ههیه ئەم یارییانە لەداهاتوودا کاریگەریی نەخوازراو لەسەریان بەجێبهێڵێت.
رێزان عەبدوڵا، کە توێژەری کۆمەڵایەتییە ئاماژە بەوە دەکات ههرچهنده یاریكردن بۆ خۆ بهتاڵكردنهوهی دهروونی، بۆههموو توێژەکانو بهتایبهت بۆ گهنجان پێویسته، بهڵام ئهگهر پهروهردهكردنو بهرنامهڕێژی لهگهڵدا نهبێت، بهزیانی گهنجانو كۆمهڵگهش دهشكێتهوه، ئەو وتی "یاریكردن یارمهتی گهشهی نهوجهوانانو گەنجان دهدات،و تەنانەت چارەسەری هەندێک نەخۆشیشیان بۆ دەکات، بهڵام ئهگهر هاتوو ئهم یاریكردنه لهڕاده دهرچوو، دهبێته هۆی لهدهستدانی پهیوهندییه كۆمهڵایهتییهكانو هەڵنەکردنی ئەو کەسانە لەگەڵ خەڵکیو دەوروبەریان".
وتیشی "هۆکاری سەرەکی رووکردنە یاریکردنی گەنجان بەم ئەندازەیەی ئێستا لەکوردستاندا دەیبینین، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بێکاریو بەتاڵییەی کە نازانن چۆنو بەچییەوە کاتیان بەسەربەرن، بۆیە یاریکردن دەبێتە خۆشترینو گەورەترین ئامڕازی سەرگەرمیو کات بەسەربردنیان".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.