"لەدوای ئەشكەنجە، ئاسایشی سلێمانی چالاكوانێكی سیاسیی رۆژهەڵاتی كوردستان رادەستی ئێران دەكاتەوە"
  2024-09-06       1059       
وێنەی بەهزاد خوسرەوی

ئا: ئاوێنە

 

رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، هەفتەی رابردو هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی، چالاكوانێكی سیاسیی كوردی خەڵكی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستانیان لەدوای ئەشكەنجەیەكی توند رادەستی ئێران كردۆتەوە كە خاوەن پێداویستی تایبەتە و ئەندامی حزبی دیموكرات و بەڕەسمی پەنابەریی نەتەوە یەكگرتوەكان بوە.

 

رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، هەفتەی رابردو هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی، چالاكوانێكی سیاسیان بەناوی بەهزاد خوسرەوی لەدوای ئەشكەنجەیەكی توند رادەستی ئێران كردۆتەوە.

بەپێی راگەیەندراوی رێكخراوەكە، بەهزاد خوسرەوی، تەمەن 35 ساڵ، چالاكوانێكی سیاسی خەڵكی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستانە و ئەندامی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و بەڕەسمی وەك پەناخواز لە كۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان تۆماركراوە.

رێكخراوی هەنگاو ئاماژەی بەوەشداوە، رۆژی یەكشەممەی رابردو 1ی ئەیلول، لە فەرمانگەی ئیتڵاعاتی سنەوە پەیوەندی بە برایەكی بەهزاد خوسرەوییەوە كراوەو ئاگاداركراوەتەوە كە بەهزاد لەلای ئەوان دەستبەسەرە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، دایك و خوشكێكی بەهزاد دوای دەستگیركردنی بەهزاد لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە بۆ ماوەیەك هیچ زانیارییەكیان لەبارەیەوە نەبوەو لە سۆراغكردنیدا لە ئاسایش پێیان وتون، "بەهزاد وێنەی سەركردەكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی بڵاوكردونەتەوە."

رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە ئاسایشی سلێمانی گوشارەكانی لەسەر خانەوادەی بەهزاد خوسرەوی زیادكردون و بە دایك و خوشكەكەی بەهزادیان وتوە لەماوەی 10 رۆژدا سنوری سلێمانی جێبهێڵن كە ئەوانیش هەردوكیان ئەندامی حزبی دیموكراتن و بەڕەسمی پەنابەریی تۆماركراوی كۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكانن.

رێكخراوەكە وتوشیەتی، رادەستكردنەوەی ئەم چالاكوانە سیاسییە بە كۆماری ئیسلامی ئێران لەكاتێكدایە كە هیچ وڵاتێك مافی ئەوەی نییە یەك پەناخواز كە بەڕەسمی لە كۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەربە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان تۆماركرابێت، دیپۆرتی وڵاتەكەی خۆی بكاتەوە تەنانەت ئەگەر كەسەكەش تۆمەتبار بێت بە هەر تاوانێك.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×