زیاتر لە٤٠ ڕۆژ ماوە بۆ هەڵبژاردن، بەڵام گومانەکان بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن تا ڕۆژى ٢٠ى تشرینى یەکەم بوونیان دەبێت
ئا: وریا حسێن
ئەگەرچى هەڵمەتى بانگەشەى ڕانەگەیەنراو بەگەرمى لەشارەکانى هەرێمى کوردستان دەستىپێکردووە، بەڵام هێشتا گومانێک هەیە لایەنێک یان هەردوو لایەنەکەى دەسەڵات هەوڵى دواخستنى هەڵبژاردن بدەن کە بە"کارەسات" بۆ هەرێمى کوردستان دادەنرێت.
وابڕیارە ٢٠ى تشرینى یەکەم ٢٠٢٤، هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەبچێت، کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان رۆژی ١٦ى ئەیلولی دیاریکردووە وەکو یەکەم ڕۆژى بانگەشەى هەڵبژاردن.
سەربارى ئەوەى ١٥ ڕۆژ ماوە بۆ هەڵمەتى فەرمى بانگەشە، بەڵام هەڵمەتەکە لەهەولێرەوە بەگەرمى دەستىپێکردووە، پارتىو یەکێتى کە ئەمجارە ململانێى گەرم دەکەن لەسەر بردنەوەى کورسییەکانى ناوەندى پارێزگاى هەولێر، دیزاینى هەڵمەتێکى توندیان لەو شارە دەستپێکردووە، پارتى بەیەکەم ئاماژە ئەویش بەهەڵواسینى فلێکسێکى گەورە کە وێنەى "سەرۆکى پارتى، مەسعود بارزانىو جێگرى دووەمى سەرۆکى ئەو حیزبە مەسرور بارزانىو مەنسور بارزانى کوڕى دووەمى" لەسەرەو داواى دەنگ لەهەولێر دەکات، یەکێتیش لەیادى ٣١ى ئابدا لەهەولێر دواى ٣٦ى ساڵ بەفەرمى ئەو یادەى کردەوەو لەبەردەم کۆشکى مەکتەبى سیاسى چەند دەقەیەک بۆ یادەکە وەستان.
هەردى سەڵاح، یەکێکە کاندیدەکانى یەکێتى لەهەولێرو نزیکایەتى زۆرى هەیە لەبەرپرسانى یەکێتى لەهەولێر، گفتوگۆى لەگەڵ ئاوێنە کردو دڵنایی دا کە یەکێتى ئامادەکارى کردووە بۆ هەڵبژاردنو وردەکارییەکان لاى ئەو نین، بەڵام جەختى لەسەر ئەوە کردەوە هەڵبژاردن لەکاتى خۆى دەکرێت، ئەو دەنگۆیانەش کە لایەنێک بڵاوى دەکاتەوە وەکو ئاماژە بۆ "پارتى" کەوا بڕواى وایە ئەو براوە نەبێت هەڵبژاردن ناکرێت ڕاست نیە، هەردی وتى "دەیانەوێت خەڵک سارد بکەنەوە لەڕێگەى پڕوپاگەندەوە، چونکە ئەگەر تەماشاى کەرکوکو موسڵ بکەیت لەسوودى ئەوان نیە هەڵبژاردن بکرێت".
ئەو کاندیدەى یەکێتى زۆر سوور بوو لەسەر ئەوەى هەڵبژاردن دەکرێتو پارتیش لەلوتکەدا نامێنیتەوە، چونکە ساختەکاریان لەدەست دەرهێناون، هەردی وتی "ئێمەی یەکێتى پێشتریش ئامادەبووینو ئێستاش ئامادەینو هەڵبژاردن دەکرێت".
پەیامى یەکێتى بۆ پارتى ئەوەیە، کەوا هەولێر بەدەنگ لەپارتى وەردەگرنەوە، بەڵام پارتیش لەسلێمانى هەڵمەتى بانگەشەى پێچەوانەى دەستپێکردووەو بەشێوەیەکى نافەرمى کاندیدەکانى کەوتونەتە ناو چەقى هەڵمەتەکەوە.
دکتۆرە باخان ئازاد، کە پێشتر یەکێک بووە لەچالاکوانەکانى بوارى تەندروستى، ئێستا کاندیدە لەلیستى پارتى، دەربارەى هەڵمەتى هەڵبژاردن جەختى لەسوور بوونى پارتى بۆ هەڵبژاردن کردەوەو بڕواى وابوو پارتەکەى ئامادەکارى تەواویان ئەنجامداوە بۆ ئەنجامدانى هەڵمەتێکى بانگەشەى سەرکەوتوو، باخان بەئاوێنەی وت "١٦ى ئەیلول بەفەرمى لەگەڵ وادەى کۆمسیۆن مەکتەبى هەڵبژاردنمان دەستدەکات بەئەنجامدانى هەڵمەتى بانگەشە".
دکتۆرە باخان پێچەوانەى ئەو گومانانەى هەن لەسەر پارتى بۆچونى تایبەتى خۆى خستەڕوو، جەختى لەسەر ئەوە کردەوە دواخستنى هەڵبژاردن بەزیانى هاوڵاتیانو حکومەتى هەرێمى کوردستانەو ئاماژەى بۆ ئەوە کرد ماوەى شەش ساڵە بەبیانووى دورستکردنى دۆسیە لەدادگاى فیدراڵىو کەمکردنەوەى کورسى کۆتاکانو گۆڕینى بازنەکانى هەڵبژاردن وەکو ئاماژە بۆ "خواستەکانى یەکێتى"، ئەم هەڵبژاردنە دوا دەخرێت، ئەو وتی "بەدڵنیایەوە پارتى سوورە لەسەر ئەنجامدانى هەڵبژاردن".
هەرچەندە یەکێتىو پارتى زۆر سوورن لەسەر ئەوەى هەڵبژاردن دەکرێت، بەڵام هێشتاش گومانێکى لاواز لاى لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان هەیە کە دەکرێت ئەم پڕۆسەئە لەهەر ساتێک بێت لەباربچێت، هەرچەندە هیچ زانیارییەکى ئەوتۆیان لەوبارەیەوە نیە.
عوسمان کاروانى، ئەندامى سەرکردایەتى یەکگرتووى ئیسلامى گفتوگۆى لەگەڵ پەیامنێرى ئاوێنە کردو بەووردى باسى ئامادەکارى پارتەکەى کرد بۆ هەڵمەتى هەڵبژاردنى ١٦ مانگ، ئەو وتى "هەموو شتێکمان تەواو کردووە چاوەڕیى دەستپێکى هەڵمەتى بانگەشەین".
عوسمان کاروانى، ئەگەرى ئەنجامنەدانى هەڵبژاردنى بەگریمانەیەکى بەهێز نەزانى، چونکە زانیارى تەواویان لەسەر ئەو پرسە نیە، بەڵام بەگریمانەى دۆخێکى وا ئەگەر ڕووبدات بڕواى وابوو هەرێمى کوردستان کە ئێستا لەدۆخى مایەپووچیو دۆڕاندایە دۆخەکەى زۆر خراپتر دەبێت، ئەو وتى "دەزانین باردۆخى پارتە حکومڕانەکان خراپە، بەڵام هیوادارین ئەو کارە ڕوونەدات".
هاوکات شادومان مەلا حەسەن، یەکێک لەسەرکردە دیارەکانى بەرەى گەل لەهەولێرو هەمانکات کاندیدى دیارى ئەو حیزبە، دڵنیایى دا بەرەى گەل هەموو ئامادەکارییەکى تەواوى کردووەو ئێستا بەنافەرمى چوونەتە ناو هەڵمەتەکەوە، بەڵام تەنها چاوەڕیى ڕۆژى فەرمى بانگەشەن بۆ ئەوەى بەفەرمى بانگەشەی هەڵبژاردنیان دەستپێبکەن، ئەو بەئاوێنەی وت "ئێمە حیزبێکى جەماوەرینو لەناو خەڵکداین".
ئەو سەرکردەیەى بەرەى گەل بڕواى وابوو ئەو دەنگۆیانەى دەربارەى بانگەشەى هەڵبژاردن بڵاودەکرێنەوە زیاتر لەلایەنەکانى دەسەڵاتەوە دێت بۆ ئەوەى خەڵک بەشدارى هەڵبژاردن نەکات، شادومان وتی "بەشدارى خەڵک لەسوودى لایەنەکانى دەسەڵات نیە".
وەڵامى ئەم پرسیارە زۆر گرنگە ئەگەر هەڵبژاردن نەکرێت یان هەوڵى دواخستنى بدرێت هەرێمى کوردستانو قەوارەکەى چى بەسەر دێت؟
سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکى ئنستیوتى پەى کە تایبەتە بەپرسەکانى پەرلەمان لەبارەى وەڵامى ئەو پرسیارەوە ئاماژەى بۆ ئەوە کرد تا ئێستاش پارتە سیاسیەکان ڕێکنەوتوون لەسەر ئەنجامدانى هەڵبژاردن، بۆیە ئەگەر ئەوان ڕێکنەکەون هەڵبژاردن ئەنجام نادرێت، ئەو بەئاوێنەی وت "ئەو دۆخە گرژەى دەیبینن لەنێوان پارتە سیاسیەکانو کاندیدەکانیان پەیوەندى لایەنە سیاسیەکانى ئاڵۆزتر کردووە، ئەوەش ئەگەرى ئەنجامدانى هەڵبژاردن لاواز دەکات، ئەگەریش ئەنجام بدرێت کاریگەرییەکانى دواترى خراپە".
سەرۆکى ئنستیوتى پەى بڕواى وایە لەحاڵی ئەنجامنەدانى هەڵبژاردندا ئەوەى ئێستا هەیە لەپەیوەندى هەرێمى کوردستانو عێراقو وڵاتان بەتەواوى لاواز دەبێتو هەرێمى کوردستان متمانە لەدەستدەدات، ئەو وتی "ئەنجامی ئەنجامنەدانى هەڵبژاردن، حکومەتى هەرێم بچوک دەکاتەوەو دەیکاتە هەرێمێکی شکڵى".
زیاتر لە٥٠ ڕۆژ ماوە بۆ هەڵبژاردن، گومانەکان بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن تا ڕۆژى ٢٠ى تشرینى یەکەم بوونیان دەبێت، بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: ئەلتەرناتیڤی ئەنجامنەدانى هەڵبژاردن چیە بۆ پەرلەمانو حکومەتى هەرێمى کوردستان؟