ئا: وریا حسێن
بەرەبەیانى ٢٥ى ئاب هێزێکى حەشدى شەعبى کە لەدیالەوە جوڵەیان کردبوو لەگوندێک بەناوى (ڕەحیم) کە بیرە نەوتێکى "کوێربوو"ى تێدابوو جێگیربوون، دواى هەڕەشەکانى هێزى پێشمەرگەو هاوپەیمانان کشانەوە، ئەمە پیشانیدا عێراقو هەرێمى کوردستان لەبوارى نەوت لەڕێکەوتنەوە بەرەو گرژى ئاڕاستە دەگرن.
بەگوێرەى دواهەمین زانیارییەکانى ئاوێنە، کە لەسەرچاوەیەکى عێراقیەوە دەستى کەوتووە، دانوستانى ڕاستەوخۆ لەنێوان هەرێمى کوردستانو عێراق تا ئاستى سفر هاتوون، هەرێمى کوردستان ئێستا نەوتى خۆى بەڕێگاى جۆراوجۆر دەفرۆشێتو عێراقیش بیر لەبژاردەى دیکە دەکاتەوە تاوەکو حسابی خۆی لەگەڵ هەرێمى کوردستان یەکلا بکاتەوە.
سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابوورى پەرلەمانى عێراقو یەکێک لەپەرلەمانتارە ئاگادارەکانى دانوستان لەنێوان هەرێمو بەغدا پێىوایە دانوستانەکان چەقیان بەستووە لەو خاڵەدا عێراق دەیەوێت ناوەڕۆکى گرێبەستە نەوتیەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا بیانیەکان بزانێت، بەڵام کۆمپانیا نەوتییەکان ڕەتیدەکەنەوە ئەو کارە بکەن، ئەو بەئاوێنەی وت "بەغدا ئامادە نیە مامەڵە بەو گرێبەستە نەوتیانە بکات کە هەرێمى کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتیەکان ئەنجامیان داوە".
ئەو پەرلەمانتارەى عێراق جەغت لەوە دەکات ئەو ڕێگایەى هەرێمى کوردستان لەبوارى نەوت هەڵیبژاردووە لەدوور مەودادا کاریگەرى خراپى لەسەر هەرێم دەبێت، یەکەم کاریگەریش ئەوەیە عێراق هەنگاو دەنێت بۆ کۆنترۆڵکردنەوەى ئەو ناوچانەى پێشتر هى عێراق بوون ئێستا هەرێم نەوتیان لێدەردەهێنیت، ئەو وتی "جارێکى دیکە هیوا نیە بەوەى هەرێمى کوردستان لەڕێگەى بۆرییەوە نەوت هەناردە بکات، بەشێکى پەیوەندى بەتورکیاوە هەیەو بەشەکەى دیکەى پەیوەندى بەزۆرى تێچووى بەرهەمهێنانى نەوتەوەیە".
کێڵگەى خورمەڵە کە نزیکى ٥٠% بەرهەمى نەوتى هەرێمى کوردستان پێکدەهێنیت، موڵکى فەرمى کۆمپانیاى نەوتى باکورە، بەڵام لەساڵى ٢٠٠٨وە هەرێمى کوردستان دەستیکردووە بەوەبەرهێنان لەو بیرەو ساڵى ٢٠١٧ عێراق هەوڵیدا کۆنترۆڵى بکات، بەڵام هێزى پێشمەرگە ڕێگری کرد، هاوکات لەسنورى موسڵیش هەردوو کێڵگەى (سوفەیەو عەین زالە) هەمان پێناسە دەیانگرێتەوە.
بەبڕواى سۆران عومەر، ئەگەر عێراق ئەم هەنگاوە دژى هەرێمى کوردستان بگرێتە بەر، "کۆتایى بەنەوتى هەرێمى کوردستان دێت".
غالب محەمەد، دکتۆراى لەبوارى نەوت هەیەو پێشتر لەلیژنەى وزە بووە لەپەرلەمانى عێراق زۆر بەووردى شارەزاى پەیوەندى ئاڵۆزى نێوان هەولێرو بەغدایە، بڕواى پێچەوانەى پەرلەمانتارەکەى عێراقەو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات هاتنى ئەو هێزەى حەشدى شەعبى پەیوەست نیە بەنەوتەوەو خۆشیان ئەوەیان وتووە، ئەو بەپەیامنێرى ئاوێنەى وت "ئەو شوێنە نەوتى لێدەرناهێنرێت، لەگەرمیان تەنیا کێلگەى حەسیرە بەرهەمى هەیە".
د.غالب هاوکات لەبارەى پەیوەندى ئاڵۆزى هەرێمى کوردستانو کۆمپانیا بیانیەکان کە کار لەسەر نەوتى هەرێم دەکەن بڕواى وایە بەخۆشى بێت یان بەناخۆشى ئەوان هەر دەبێت مل بۆ عێراق کەچ بکەن، چونکە دوو بڕیارى گرنگ لەدادگاى نێوبژیوانى پاریسو عێراق جەخت لەسیادەى عیراق لەسەر کەرتى نەوتى هەرێمى کوردستان دەکاتەوە. ئەو وتی "لەکۆتایدا کۆمپانیا نەوتیەکان دەبێت بچنە ژێر بارى بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى عێراق".
پەیامنێرى ئاوێنە، بەدواداچوونى بۆ ئەو پرسیارە کرد، ئایا عێراق بەنیازى ئەوەیە کێڵگە نەوتیەکانى هەرێمى کوردستان بگرێتەوە؟
سەرچاوەیەک لەکۆمپانیاى نەوتى باکور ئاماژەى بۆ ئەوە کرد ئەوان هیچ فەرمانێکیان لەو بارەیەوە بەفەرمى پێنەگەشتووە، بەڵام جەختى لەسەر ئەوە کردەوە، هەرێمى کوردستان هەندێک لەو کێڵگانەى کە موڵکى کۆمپانیاى نەوتى باکور بوون، پێشتر داگیکردوون، یەکێک لەوانە (کێڵگەى خورمەڵە)یە کە هەموو کات ئەگەرى هەیە عێراق داواى بکاتەوە، کە ئێستا کۆمپانیاى کار گروپ سەرپەرشتى کارەکانى دەکات.
دواهەمین لێدوانى مایڵز کاکینز کە وتەبێژى کۆمەڵەى کۆمپانیا نەوتیەکانى کوردستانە بەناوى "ئەپیکۆر"، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات عێراق ڕێگرە لەگەشتن بەڕێکەوتن لەبارەى هەناردە کردنى نەوتى هەرێمى کوردستانەوە، ئەو دەڵێت "زیانەکانى ڕاگرتنى نەوتى هەرێمى کوردستان خۆى ١٩ ملیار دۆلار داوە".
هەناردە نەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان دوو دیاردەى نوێى لەهەرێمى کوردستان دروستکردووە، یەکەمیان ئەوەیە مەرزەکان پڕبوون لەو تەنکەرانەى نەوتو پێکهاتەکانى نەوت دەگوازنەوە لەڕێگەى ئێرانەوە بۆ ئەفغانسانو پاکستانو ئازەربایجانو چین، کە بەداشکاندێکى زۆرەوە نەوتى هەرێمى کوردستان دەکڕن. دووەمیان ئەوەیە دووبارە پاڵاوگە نایاساییەکانى بوژاندووەتەوە کە بەڕوونى کاریگەریی لەسەر ژینگەى هەولێر دروستکردووە.
شوان ڕەحمان، یەکێکە لەچالاکوانەکانى شارى هەولێر بەڤیدیۆو نوسین باسى مەترسى پاڵاوگەکانى هەولێرى وروژاند، ئەو لەگفتوگۆیەکى لەگەڵ پەیامنێرى ئاوێنە جەختى لەوە کردەوە ئێستا بەهۆى بوژانەوەى پاڵاوگە نایاساییەکان کە کاریان پاڵاوتنى نەوت نیە، هەولێر بەرەو ژینگەیەکى وێران دەڕوات، ئەو وتى "پاڵاوگە نایاساییەکان بەگوێرەى پێوەرى هەوا، کەشوهەواى هەولێری هێندە پیس کردووە بەشەودا دەبێت بەماسکەوە هاتووچۆ بکەیت".
وتیشى "لەهەولێر زیاتر لە١٣٠ پاڵاوگە کاردەکەن، ئەم پاڵاوگانە بەناوى کۆمپانیاى قیرەوە کارى پاڵاوتنى پاشماوەکانى پاڵاوگە نەوتیە گەورەکان دەکەن، ژینگەى هەولێریان وێرانکردووە".
ئێستا هەرێمى کوردستان ئاستى بەرهەمى لەنێوان ٣٥٠ بۆ ٣٨٠ هەزار بەرمیلى ڕۆژانەیە، کۆمپانیاکانى نەوت ئەگەرچى لەڕاگەیاندنەوە نیگەرانن، بەڵام لەدەرئەنجامدا چەرخەکە لەسودى ئەوان دەسوڕێت.
بەگوێرەى دواهەمین ڕاگەیاندراو لەچارەکى دووەمى ساڵى ٢٠١٤ کۆمپانیاى شاماران دەستى کردووە بەڕێکخستنەوەى پشکەکانىو سەرقاڵى فراوانکردنى کارەکانیەتى، هاوکات دى ئێن ئۆى نەرویجیش دەڵێت "سەرقاڵى لێدانو فراوانکردنى بیرى نوێینو قازانجمان دوو هێندە زیادی کردووە".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.