ئا: ئاوێنە
ئیسرائیل ڕایگەیاند "فوئاد شوکر کە ئێوارەی ٣٠ی تەموز کرایە ئامانج لەگەڕەکی شیعەنشینی باشوری بەیروت، بەرپرسی ئیدارەکردنی جەنگی دژ بەئیسرائیل بووەو دەستە راستی حەسەن نەسروڵای سەرکردەی حزبوڵای لوبنانە".
وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند ئامانجی هێرشی ئاسمانیو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیان بۆ سەر باشوری بەیروتو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حزبوڵا، کوشتنی یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی حزبوڵای لوبنان بووە، کە بەرپرسە لەهێرشی موشەکی دوو ڕۆژ لەمەوبەر بۆ سەر مەجدەل شەمس-ی بەرزاییەکانی جۆلانی ئیسرائیل، ئەویش فوئاد شوکر-ی ناسراو بە"حاج موحسین"ە.
فوئاد عەلی شوکر لەساڵی ١٩٦١ لەشارۆچکەی نەبی شیت، لەبەعلەبەک لەدایکبووە، فەرماندەی سەربازیی باشوری لوبنان بووە لەحزبوڵای لوبنان، زیاتر لە ٤٠ ساڵە لەریزەکانی حزبوڵادا چالاکو فەرماندەیەکی مەیدانییەو هاوکات ڕاوێژکاری باڵای حەسەن نەسروڵایە.
فوئاد شکور ناوی لەلیستی سزاکانی ئەمەریکادایەو لە٢٠١٩دا وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، شوکری وەک تیرۆریستێکی جیهانی ناوبردو واشنتۆن پاداشتی پێنج ملیۆن دۆلاری دیاریکردبوو بۆ هەر کەسێک زانیاری بدات کە یارمەتیدەر بێت لەدەستگیرکردنی. هاوکات سوپای ئیسرائیلیش پاداشتێکی ٥ ملیۆن دۆلاری بۆ هەرکەسێک دانابوو کە زانیاری لەبارەی شوکر بدات.
واشنتۆن ئاماژەی بەوە کردبوو کە شوکر لەباڵاترین دەزگای سەربازیی حزبوڵادا کار دەکات، کە "ئەنجومەنی جیهاد"ە، هەروەها هاوکاری چەکدارانی حزبوڵاو چەکدارانی سوپای سوریای کردووە دژ بەهێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریی.
شوکر، هاوکارێکی نزیکی عیماد موغنییە، فەرماندەی ناسراوی حزبوڵای لوبنان بووە کە لەهەلومەرجێکی نادیاردا لەسوریا کوژرا. هەروەها "ڕۆڵی سەرەکی"ی هەبووە لەتەقاندنەوەی بنکەی هێزی دەریایی ئەمریکا (مارێنز) لەبەیروت لە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٣، کە بووە هۆی کوژرانی ٢٤١ سەربازی ئەمریکیو برینداربوونی ١٢٨کەسی دیکە. (مایک پێنس)، جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، شوکری بە"یەکێک لەداڕێژەرانی پلانو ئەنجامدەران"ی ئەم هێرشە ناو برد بوو.
شکور ساڵی ١٩٩٢ بەشداری شەڕی بۆسنەو هەرسکی کردوەو ساڵی ٢٠٠٠یش سەرپەرشتی راستەوخۆی بەدیل گرتنی دوو سەربازی ئیسرائیلی کردووە.
بەپێی ماڵپەڕی تایمز ئۆف ئیسرائیل، سوپای ئیسرائیل ساڵانێک لەمەوبەر ڕایگەیاندبوو کە شوکر "سەرپەرشتی پڕۆژەی موشەکی زیرەکی حزبوڵڵا دەکات"و بە"فەرماندەو کەسی دووەمی حزبوڵا لەدوای حەسەن نەسروڵا" دادەنرێت. شوکر جێی (مستەفا بەدرەدین)ی، فەرماندەی سەربازی حزبوڵای گرتبۆوە، کە لەساڵی ٢٠١٦ لەسوریا کوژرا.