ئا: وریا حسێن
کوردستان لەبەردەم هەڵبژاردنێکى چارەنووسازدایە، هەرچەندە لایەنە دەسەڵاتدارەکان بانگەشەى بردنەوەیەکى یەکلاکەرەوە دەکەن، بەڵام پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان دەڵێن "یەکەمى بێ ڕکابەر لەکوردستان، بۆ یەکەمى لاواز دەگۆڕێت".
پەرلەمانى کوردستان لەخولى پێنجەمى خۆیدایە، پارتى دیموکراتى کوردستان خاوەنی ٤٥ کورسى پەرلەمانەو پاش ئەویش یەکێتى بە ٢١ کورسىو بزوتنەوە گۆڕان بە ١٢ کورسى بەپلەى دووەمو سێهەم دێن، کە ئێستا هەر سێکیان پێکهێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستانن.
شادومان مەلا حەسەن، یەکێگە لەڕووخسارە دیارەکانى لیستى بەرەى گەل لەهەولێر، کە یەکەمجاریەتى بەشدارى هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى کوردستان دەکات. لیستەکەى بانگەشەى گۆڕانکارى دەکات لەکوردستان، بەبڕواى ئەو لیستەکەى بەهۆى ئەوەی قوڵایى ستراتیژى هەیە دەتوانێت ببێتە ئۆپۆزسیۆنێکى بەهێز لەکوردستان، بۆیە شادومان گەشبینانە بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمان دەڕوانێتو پێىوایە ئەنجامى هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمان حکومەتى زۆرینەى یەکێتىو پارتى ناهێڵێت، ئەو بەئاوێنەی راگەیاند "ئەگەر حکومەتى داهاتوو بە ٥٥ کورسى پێکهات، بەدڵنیایەوە هێزێکى ٤٥ کورسى ئۆپۆزسیۆن لەبەرامبەر دەبێت، واتە ئۆپۆزسیۆنێکى بەهێز لەکوردستان دروست دەبێت".
شادومان مەلا حەسەن، کە پێشتر خۆشى ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى بووە ئێستا لیستەکەى بەهۆى ناکۆکیان لەگەڵ یەکێتى هەستیارن، بڕواى بەوە هێناوە ئەم هەڵبژادنە لەدەرەوەى چاوەڕوانیەکان دەبێتو جەخت لەوە دەکاتەوە پێناچێت ئەو ئەنجامانەی یەکێتىو پارتى لەناوچە ناکۆکى لەسەرەکان بەدەستیانهێنا لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا، بەهەمانشێوە لەهەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دووبارە ببنەوە، ئەو وتى "ئەوەى لەموسڵو کەرکوک ڕوویدا مەرج نیە لەهەرێمى کوردستانیش دووبارە ببێتەوە".
لەهەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق، یەکێتى لیستى یەکەم بوو لەکەرکوکو لەموسڵیش دەنگى هەڵکشا، بەپێچەوانەوە پارتى لەکەرکوکهو موسڵیش دەنگى کەمیکرد، بەجۆرێک پارتى لەسنورى موسڵ ١١ پۆستى کە پێشووتر هەیبوون لە ئیدارەى نوێى شارەکان لەدەستى دان.
ستران عەبدوڵا، ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتى نیشتیمانی کوردستان، جەخت لەسەر ئەوە دەکات ئەنجامەکانى کەرکوکو موسڵ ڕەنگدانەوەیان لەسەر ئەنجامى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەبێت، ئەو بەپەیامنێرى ئاوێنەى وت " ئەو بابەتە لاى ئەو کۆن بووەو قسەى لەسەر ناکات".
شێرزاد شێخانى، چاودێرێکى سیاسى لەسنورى هەولێر هاوکات کادرێکى دیارى یەکێتى نیشتمانیە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ئەنجامەکانى کەرکوکو موسڵ هەم سەرنجڕاکیش بوون هەمیش شۆک بوون بەر پارتى کەوتن، ئەو بەئاوێنەى وت "پارتى لەهەڵبژاردنى داهاتوو سفر نابێتەوە، بەڵام دەنگەکانى زۆر دادەبەزن".
ئەو کادرەى یەکێتى لەبارەى لیستەکانى ئۆپۆزسیۆن کە تازە دروستبون، پێىوایە هیچکام لەم لیستە تازانە ناتوانن گۆڕانکارى گەورە بێننە ئاراوە، نمونەى ئەوەشى هێنایەوە کە هیچ کام لەلیستەکان نەدەگەن بەگۆڕان نەسەرکردەکانیشیان لەئاست نەوشیروان موستەفادان، ئەو وتى "ئەمجارە خەڵک بایکۆتى زۆر دەکات بۆیە لیستە تازەکان نائومێد دەبن".
سەلام عەبدوڵا، سەرنوسەرى ڕۆژنامەى خەبات زمانحاڵى فەرمى پارتى دیموکراتى کوردستان، بڕواى وایە "ئەنجامەکانى کەرکوکو موسڵ ناگوزارێتەوە کوردستان چونکە دوو ناوچەو دوو ژینگەى جیاوازن بۆیە لەکوردستان دۆخەکە جیاوازە چونکە لەوێ پێکهاتە هەیەو لێرە لەپەرلەمان پێکهاتە بوونى نیە".
سەلام عەبدوڵا وەڵامى ئەو پرسیارەى ئاوێنەش دەداتەوە، ئایا پارتى وەکو هێزى یەکەمى کوردستان دەمێنیتەوە؟ بەبڕواى ئەو پارتى بەهۆى ڕێکخراوەیى کاروبارى ناوخۆیىو بەهێزى ڕێکخستنەکانى ئەگەر دەنگى زیاد نەکات دەنگەکانى وەکو خۆى دەمێنێتەوە، ئەو وتى "پارتى وەکو هێزى یەکەمى کوردستان دەمێنیتەوە".
ئەم هەڵبژاردنە پێچەوانەى هەڵبژاردنەکانى پێشوو کە هێزى نوێ کەمتر بەشداریان کردبوو، ٥ هێزە سەرەکیەکە ڕکابەرى یەکتریان دەکرد، لیستى نوێى سیاسىو کاندیدى سەربەخۆ دیمەنى هەڵبژاردنیان قەرەباڵغ کردووە.
هەڵشۆ عەبدولفەتاح، شارەزاو شیکەرەوەى داتایە لەبوارى هەڵبژاردنو ئەزموونێکى فراوانى هەیە، بەبڕواى ئەو بوونى لیستى نوێو کاندیدى سەربەخۆ دەنگەکانى ئەم هەڵبژاردنە جیاواز دەکات، بەجۆرێک زۆرى ئەو لیستانە دەنگەکان پەرشو بڵاو دەکاتو وا دەکات کابینەى داهاتووى هەرێم پێویستى بەزیاتر لەدوو هێزى سیاسى ببێت، ئەو وتى "ئەنجامەکانى هەڵبژاردن وادەکات یەک هێز نەتوانێت حکومەت بەتەنها دروست بکات".
ئەو شارەزایەی هەڵبژاردن لەئەنجامى چەندین توێژینەوەى ورد گەیشتووە ئەو دەرەنجامەی هەڵبژاردن دەستکاریی گەورەی دیزاینى هاوکێشەی سیاسىو حکومەتى هەرێمى کوردستان ناکاتو دیزاینى ئۆپۆزسیۆنو دەسەڵات وەکو ڕیزبەندى خۆى دەمێنیتەوە، بەڵام بەشێوەیەکى جیاوازتر، ئەو وتی "یەکێتىو پارتى وەکو هێزى سەرەکى دەسەڵات لەکوردستان ناتوانن ٦٠% کورسى دەسەڵات ببەن، لەکاتێکدا ئێستا دەبینین ٦٧ کورسى یان هەیە".
هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن، ئەم هەڵبژاردنە دۆخى سیاسى کوردستان دابەش نەکات بۆ مێژووى پێش خۆیىو دواى خۆى، بەڵام زۆر ئاماژەش هەن پێیانوایە "گۆڕانکارییەکان لەدەسەڵاتدارى هەرێم بەجۆرێک هاتوونەتە پێشەوە، دەسەڵاتى ڕەهاى جاران لەئیدارەکردنى کوردستان بەتەواوى لاواز دەبێت".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.