ئایا چین نموونەی کۆمەڵگایەکی سۆشیالیستییە؟
  2024-07-15       846       

بە دەستکارییەوە لە ئینگلیزیەوە: توانا محمد نوری


بۆ ئەوەی لە چینی ئەمڕۆ بگەین، پێویستە شیکاری ئەو کۆمەڵگایە بکەین کە شۆڕشی ساڵی ١٩٤٩ی بەرهەم هێنا.  نزیکەی ٧٥ ساڵ لەمەوبەر ئەو شۆڕشە گورزێکی گەورەی لە ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا دا بەڵام مۆدێلی سەرمایەداری دەوڵەتی لە باوەش گرت.



زلهێزەکانی ئەوروپا لە سەدەی نۆزدەهەمەوە بەسەر چیندا زاڵ بوون. بەریتانیا، فەرەنسا، پورتوغال، نەمسا-مەجارستان و ئەڵمانیا هەموویان خاکیان لە چین "بەکرێ گرتبوو".  لەنێویشیا بەندەرە گرنگەکان، وەک هۆنگ کۆنگ، کە بەریتانیا لە ساڵی ١٨٤١ دوای شەڕێک لەسەر مافی فرۆشتنی تلیاک بە چین داگیریکرد. بۆ خەڵکی ئاسایی چین پێش ساڵی ١٩٤٩ بەربەری بوو.  تێکڕای تەمەنی چاوەڕوانکراوی خەڵک لە ناوەڕاستی چلەکاندا بووە.

زۆرجار ژن وەک "خزمەتکاری ماڵ" دەکڕدرا و دەفرۆشرا. پراکتیزەکردنی پێ بەستنەوە، کە ژنان بە توندی پێیەکانیان دەبەستەوە بۆ ئەوەی بەڕواڵەت سەرنجڕاکێشتر بن، ڕەنگدانەوەی ستەم بوو لەسەر ژنان. ئاغای جەنگ و سەرۆک هۆز و خاوەن زەوییە ڕکابەرەکان دەسەڵاتیان بەدەستەوە بوو. بەڵام پارتی کۆمۆنیستی چین (CCP) لە 1ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٤٩ بە سەرۆکایەتی ماو تسی تۆنگ دەسەڵاتیان گرت. لە ساڵانی ١٩٥٠ ژیانی زۆرینەی خەڵکی ئاسایی چین باشتر بوو.

زەوی دابەشکرا. هاوسەرگیری ساڵی ١٩٥٢ بەو مانایە بوو کە ژن وەک موڵکی مێرد نەدەبینران.

بەڵام شۆڕشی چین شۆڕشێکی سۆشیالیستی نەبوو - کە چینی کرێکار دەست بەسەر دەسەڵاتی سیاسیدا بگرێت و کۆمەڵگا بەڕێوەببات. کاتێک سوپای ڕزگاریخوازی گەلی CCP لە ساڵی ١٩٤٩دا ڕێپێوانێکیان بۆ ناو پەکین کرد، کرێکاران ڕیزیان لە سەر شەقامەکان گرتبوو بۆ پێشوازیکردنیان.

کرێکاران هیچ ڕۆڵێکی کارایان لە شۆڕشدا نەگێڕا و هیچ شتێکی سۆشیالیستی لەو دەسەڵاتەدا نەبوو کە شۆڕشەکە هێنایە سەر دەسەڵات. کرێکاران کارگە و فەرمانگەکانیان بەڕێوە نەبرد و جووتیارانیش گوندەکانیان کۆنترۆڵ نەکرد.

سەرکەوتنی ماو دوای شەڕێکی ناوخۆیی درێژخایەن هات کە لە ساڵی ١٩٢٧ دەستی پێکرد، هێزە کۆمۆنیستەکان شەڕیان لەگەڵ کۆماری چین دەکرد کە لەلایەن پارتی ناسیۆنالیستی کۆمینتانگی ژەنەڕاڵ چیانگ کای شێکەوە بەڕێوەدەبرا.

لە ساڵی ١٩٣٧ەوە ئەو دوو هێزە هاوپەیمانیان کرد دژی ژاپۆن کە بەشێکی زۆری کەنارەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی چینیان داگیرکردبوو. هێزی CCP گەشەی کرد و سوپای سووری CCP شەڕێکی سەرکەوتووی گەریلای دەستپێکرد.

کۆمۆنیستەکان پشتگیرییەکی بەرفراوانیان لە نێو جووتیارەکاندا بەدەستهێنا، کە تا ڕادەیەکی زۆر بەو شتانە دەژیان کە بەرهەمیان دەهێنا.   CCPگۆڕانکاری کۆمەڵایەتی ڕاستەقینەی هێنایە ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە.

دوای ماوەیەکی کەم لە خۆبەدەستەوەدانی ژاپۆن لە کۆتایی جەنگی جیهانی دووەم لە ساڵی ١٩٤٥، شەڕ لە نێوان CCP و حکومەتی کۆمیتانگ دەستیپێکردەوە.

بەڵام دوای ١٩٤٥ CCP هێزێکی گەورەتر بوو لە شەڕەکەدا. شەڕی ساردی نێوان ئەمریکا و ڕووسیا دەستی پێکردبوو. ئەمریکا بێهیوا بوو لە وەستاندنی دەسەڵاتی کۆمۆنیستەکان لە چین.

ئەمریکا بە بەهای ملیۆنەها دۆلار هاوکاری و چەکی دەدایە حکومەتی کۆمینتانگ. بەڵام کۆمینتانگ و بەرپرسانی حکومەت نەیاندەتوانی شەڕەکە بە سوودی خۆیان تەواو بکەن و لە کۆمۆنیستەکانی ببەنەوە.

کۆمۆنیستەکان بەردەوام بوون لەسەر بەدەستهێنانی پشتیوانی جوتیاران. لە ساڵی ١٩٤٥ شورەوی ئەو بەشانەی باکووری چینی پێدان کە لە ژێر چەپۆکی ژاپۆنی دەرهێنابوو. ئەوەش ناوچەی گوندنشینی زیاتری خستە ژێر کۆنترۆڵی کۆمۆنیستەکانەوە.  ناسیۆنالیستەکان لە هەندێک پارێزگادا تا ساڵی ١٩٥٠ خۆیان ڕاگرت.
کۆمینتانگ ناچار بوو پاشەکشە بکات بۆ دوورگەی تایوان.

حزبی کۆمۆنیستی چین لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا لەلایەن کۆمەڵەیەکی بچووکی چالاکوانی سۆشیالیستییەوە دامەزرا، لەنێویاندا ماو.  لەو کاتەدا ئەوان دەیانگوت چینی کرێکاری بچووک بەڵام بەهێزی چین هێزی ئەوەی هەیە گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانە بەڕێوە ببات. شەپۆلێکی مانگرتنی کرێکاران لە ساڵی ١٩٢٥دا شارەکانی گرتەوە.

لە ١ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٤٩ ماو تسیتۆنگ وەک سەرۆکی پارتی کۆمۆنیستی چین (CCP) دامەزراندنی کۆماری گەلی چینی ڕاگەیاند. ماو ڕایگەیاند، "گەلی چین خۆڕاگرن!". "زیاتر لە سەدەیەک لە ژێردەستەیی ئیمپریالیستی کۆتایی هات و پڕ دانیشتووترین وڵات دوای دەیان ساڵ لە دابەشبوون یەکیگرت."

هەرچەندە لە ڕژێمی پێشوو دیموکراتیکتر نەبوو، بەڵام پارتی کۆمۆنیستی چین لەگەڵ ئەوەشدا کەمتر لە خەڵک دوور بوو.

ئامانجی ماو گەیشتن بە خۆبژێوی ئابووری بوو - نەک ڕزگارکردنی کرێکاران لە کاری کرێگرتە. شۆڕشی چین کرێکارانی بە دەسەڵات نەگەیاند و حکومەتی کرێکاری دانەمەزراند. کرێکاران و جوتیاران شورای خۆیان دانەمەزراند بۆ بەڕێوەبردنی کارگە و گوندەکان. نایەکسانی نێوان شار و گوند بەردەوام بوو، چونکە دەسەڵاتداران کشتوکاڵیان قۆستەوە بۆ سووتەمەنی پیشەسازی.

ماو و CCP خاوەندارێتی بەرهەمهێنان و گواستنەوەیان لە کەرتی تایبەتەوە گواستەوە بۆ دەوڵەت بەمەش نمونەی ڕووسیایان کۆپیکرد.

بیرۆکەی "پشتبەستن بەخۆ" کلیلی سیاسەتە ئابوورییەکانی ماو بوو، چونکە ئامانجی بەهێزکردنی چین بوو لە ڕێگەی گەشەی سەرمایەداری نێودەوڵەتی؛ پیشەسازیکردنی خێرا لە ڕێگەی چەوساندنی کرێکاران بۆ بەرهەمهێنانی ئابوورییەکی خۆبژێو کە توانای ڕکابەریکردنی لەگەڵ ڕۆژئاوا هەبێت.

ئەو تەوەرەی کە بە هەموو گەشەسەندنی ئابووری و سیاسی چینی ماودا دەڕوات، هەوڵی دەسەڵاتدارانی نوێی چین بۆ هاندانی خەڵک بوو بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی ئابووری-سەربازی بەهێز بەڵام بناغەکەی کشتوکاڵێکی دواکەوتوو بوو.

تا ساڵی ١٩٥٨، CCP دەستی کرد بە پاڵنانی جووتیاران بۆ ناو 'کۆمەڵگەی گەل'ی بەرفراوان کە تا ٣٠ هەزار کەسی تێدابوو و ماو ئەمەی ناونا "بازدانێکی گەورە بۆ پێشەوە".


حزبی کۆمۆنیستی چین بەدوای هەرچی فراوانترکردنی پیشەسازی بوو. بۆ ئەمەش کاری چڕی بەسەر جووتیاراندا سەپاند؛ جووتیاران شەو و ڕۆژ کاریان دەکرد، تا گەیشتە ١٨ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا.  بەشێکی گەورەی زیادبوونی بەرهەمی کێڵگەکان بۆ چڕییەکی زۆری کار دەگەڕایەوە. ژن و پیاو و بەساڵاچوو و منداڵان شەو و ڕۆژ بەشدارییان دەکرد.

بەرنامەکە لە کاری بە کۆمەڵ بوو بە برسێتی بەکۆمەڵ؛ تا ساڵی ١٩٦١ نزیکەی ٣٠ ملیۆن کەس بەهۆی برسێتیەوە گیانیان لەدەستدابوو. دەیان ملیۆن کەس بە خواردنی چیمەن و گەڵا و توێکڵی دار دەژیان.

ماو نەیتوانی گەشەی ئابووری چین بەرەو پێشەوە ببات. ئەوەبوو لەلایەن CCP پەراوێزخرا، بەڵام سەرکردایەتی  CCPهیچ بەدیلێکی تری نەبوو بۆ ستراتیژی پیشەسازیکردنی خێرا.

دواتر ماو کۆنترۆڵ CCPی کردەوە، لە ساڵی ١٩٦٦ شۆڕشی کلتووری ڕاگەیاند. نەیارەکانی لەناو CCP دوورخستەوە بەڵام نەیتوانی لە قەیرانە دووبارەبووەکان ڕزگاری بێت. دەوڵەتی ماوی دەبوو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ڕکابەری دەوڵەتە سەرمایەدارییەکانی دیکە بکات و بەم شێوەیە بەردەوام بوو لە چەوساندنەوەی خەڵکەکەی.

ماو لە ساڵی ١٩٧٦ ژیانئاوایی کرد، دواتر دێنگ شیاوپینگ دەسەڵاتی گرت و لە کانوونی دووەمی ١٩٧٨ تا تشرینی دووەمی ١٩٨٩ سەرکردایەتی چینی کرد.

شیاوپینگ ڕێگەی دا بازاڕ پەرە بسێنێ و ئابووری زیاتر دینامیکی و سەرمایەدارتر کرد. چەوساندنەوە بۆ بەرزکردنەوەی قازانج زیادی کرد و هانی بازرگانی تایبەت درا.

بەڵام ستراتیژی نوێ توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی چینی لەوە زیاتر نەبوو کە ماو هەیبوو. تا ساڵی ١٩٨٩ چین لە قەیرانی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا بوو. پیشەسازییە گوندنشینەکان داخران و ملیۆنەها کرێکاریان لە کار دەرکرد و حکومەتە ناوخۆییەکان نەیاندەتوانی پارەی بەرهەمی جوتیاران بدەن.

چین لە ساڵی ١٩٤٩ لەسەر مۆدێلی ڕووسیای ستالینیزم دامەزرا و تا ئێستاش بە سەرمایەداری دەوڵەتی ماوەتەوە.

ڕێگەدان بە بازرگانی تایبەت و بەرهەمهێنانی بەرفراوان بۆ پێشبڕکێی نێودەوڵەتی، چینی کرد بە پایتەختی جیهانی ملیاردێرەکان؛ ئێستا ٨١٤ ملیاردێر لە چیندا هەیە. چین بەردەوامە لە پڕۆژە بێ سنوورەکان، دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگاکانەو هەوڵدەدات کاریگەری ئابووری چین فراوان بکات. چین لەلایەن حکومەتێکی ناوەندی بەهێزەوە فەرمانڕەوایی دەکرێت. حکومەت ڕێگەی بە ئازادی ئابووری داوە، بەڵام ڕیگە بە ئازادی سیاسی و بیروڕا و ڕۆژنامەگەری نادات.

لەولاشەوە کرێکاران بەردەوامن لە خەباتکردن. مانگرتنەکان لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٢ لە کارگەی ئایفۆنی فۆکسکۆن لە ژێنگژۆ بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان ئەوە نیشان دەدات کە کرێکاران دەچەوسێنرێنەوە. کرێکاران لە چەوساندنەوەی خۆیاندا پاسیڤ نین و مێژووی چین دەریدەخات تەنها کرێکاران دەسەڵاتی هێنانەدی شۆڕشێکی سۆشیالیستییان هەیە.

ئابووری ئێستای چین کە بە شێوەیەکی سەرەکی ئابووری بازاڕە، پلەیەکی بەرزی نایەکسانی تێدایە. بەڵام پێش ئەوەی چین لە ساڵی ١٩٧٨دا سیاسەتی چاکسازی و کرانەوە جێبەجێ بکات، شێوازی دابەشکردنی داهاتەکەی لە زۆر ڕووەوە لە ئێستا یەکسانتر بوو.

هەموو کەسێک سوودی لە گۆڕانکاری ئابووری لە چیندا نەبینیوە. ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆر کەم بە باشی دەژین.  بەپێی ئامارەکان لە ساڵی ١٩٨١ لەسەدا ٨٨.١ی چینییەکان بە کەمتر لە یەک دۆلار و ٩٠ پێنس لە ڕۆژێکدا ژیاون.  ئاستی نایەکسانی داهات لە ناو وڵاتێکدا بە پێوەری جینی دەپێورێت. سەروو ٤٠ واتە نایەکسانی بەرزە.  لە ساڵی ٢٠٢١ ڕێژەی نایەکسانی چین ٤٦.٦ بووە. بە بەراورد بە ٣٤.٤ بۆ بەریتانیا و ٣٧.٥ بۆ ئەمریکا. نزیکەی ٧.٢ ملیۆن لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

لەگەڵ زیادبوونی دابەشبوونی دەوڵەمەند و هەژار لە چین، بەڵگە زۆرە لەسەر زیادبوونی دابەشبوونی شار و لادێش.  خەڵکی دەوڵەمەند زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی چین یان لە شارەکانی وەک پەکین یان شەنغهای دەژین.  لە ساڵی ۲۰۱۳، تێکڕای داهاتی ساڵانەی خێزانە شارییەکان ۲.۸۱ ئەوەندەی داهاتی خێزانە لادێییەکان بووە. لە ساڵی ٢٠٢٠ ئەمە بە ڕێژەیەک کەمبۆتەوە. خێزانە شارییەکان ٢.٥٥ جار داهاتی خێزانە لادێییەکانیان هەیە.

کرێکارانی چین مافی ئەوەیان نییە خۆیان لە سەندیکای سەربەخۆ ڕێکبخەن. مافی ماگرتن لە دەستووردا لە ساڵی ١٩٨٢ لابرا و تەنها یەک سەندیکاش حکومەت بەڕەسمی دانی پیاناوە ئەویش فیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی سەرتاسەری چین (ACFTU) کە لەلایەن حیزبی کۆمۆنیستی چینەوە کۆنترۆڵ دەکرێت. لە کۆتاییا ئەوە ماوە بوترێ چین وڵاتێکی سێکولارە. ئەندامانی حیزبی کۆمۆیستی چین نابێ هەڵگری هیچ بیروباوەڕێکی ئایینی بن. حیزبی کۆمۆنیستی چین نزیکەی ٩٩ ملیۆن ئەندامی هەیە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×