پارتی لەکەرکوک: هەوڵێکی ئەرێنی هەیە بۆ ئەوەی حکومەتی خۆجێی پێکبهێنرێت
  2024-07-15       431       
یه‌كه‌م کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک 11ی‌ 7ی‌ 2024


15 ڕۆژ ماوە بۆ کۆتاییهاتنی ئەو وادەیەی ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ کەرکوک به‌لایه‌نه‌ براوه‌كانی‌ داوه‌ بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی شاره‌كه‌و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک-یش ده‌ڵێت، هەوڵێکی ئەرێنی هەیە، بۆ ئەوەی لەسەر بنەمایەکی هاوبەش حکومەتی خۆجێی پێکبهێنرێت.

ئاوێنه‌: لەکۆبونەوەی‌ ڕۆی‌ 11ی‌ 7ی‌ 2024، ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ کەرکوک 30 رۆژ درا به‌لایه‌نه‌ براوه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ بۆ ئەوەی‌ پارێزگارو پۆسته‌كانی‌ دیكه‌ی‌ پارێزگاكه‌ هەڵبژێرن.

حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەمیدیای‌ حیزبه‌كه‌ی‌ وتووه‌، "هەوڵێکی ئەرێنی لەنێوان سەرجەم لایەنەکان هەیە، بۆ ئەوەی لەسەر بنەمایەکی هاوبەش حکومەتی خۆجێی پێک بهێنرێت".

بەگوێرەی‌ بڕگەی‌ حەوت لەمادەی‌ حەوت لەیاسای‌ پارێزگا نارێکخراوەکان لەچوارچێوەی‌ هەرێمێکدا، دەبێت لانیکەم لەماوەی‌ 30 رۆژدا لەیەکەم دانیشتنەوە، پارێزگارو  دو جێگرەکەی‌ بەدەنگی‌ زۆینەی‌ رەهای‌ ئەندامانی‌ ئەنجومەن هەڵبژێردرێن.

بەگوێرەی‌ یەکەم دانیشتنی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ کەرکوک، پێویستە تا 9ی‌ مانگی‌ 8 پارێزگار هەڵببژێردرێت.

ڕۆژی 18ی 12ی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەچوارچێوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا ئەنجامدرا، بەڵام دوای تێپەڕبونی زیاتر لەحه‌وت مانگ، هێشتا لایەنە براوه‌كان لەسەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی ڕێکنەکەوتون.

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، یەکێتی نیشتمانی کوردستان 5 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 2 کورسی، عەرەبی سوننە 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی‌و کوتلەی بابلیۆنیش کورسییەکی لەکۆی 16 کورسییەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەدەستهێناوە.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەمەبەستی نزیککردنەوەی لایەنەکان لەیەکتری چه‌ند جارێك لەگەڵ نوێنەری کوردو عەرەب‌و تورکمان کۆبۆته‌وە، بەڵام لایەنەکان لەسەر دیاریكردنی‌ كاندیدێك بۆ وه‌رگرتنی‌ پۆستی پارێزگاری کەرکوک ڕێکنەکەوتون‌و کۆبونەوەکان بێ ئەنجامبون.

چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر قەحتان وەنداوی، بەرپرسی لقی کەرکوکی بەرەی تورکمانی ڕێككه‌وتنێكی‌ ڕانه‌گه‌یه‌ندراوی‌ نێوان پارتی‌‌ دیموكرتی‌ كوردستان‌و به‌ره‌ی‌ توركمانی‌‌و عه‌ره‌به‌كانی‌ كه‌ركوكی‌ ئاشكرایكرد.

ناوبراو له‌لێدوانێكی‌ ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، "یەک کۆ نیوەمان هەیەو ئومێدمان وایە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بێتە پاڵمان. کەرکوک تایبەتمەندیی هەیە، رێککەوتنەکە نیمچە فەرمییەو واژۆ نەکراوە. مانگێکمان ماوە، لەئەگەری رازینەبونی یەکێتی بۆ هاتنە پاڵ کوتلەکە، بەدڵنیاییەوە ئەو کوتلە سیاسییە دەتوانێ حکومەتەکە پێکبهێنێت." 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×