سوپاى تورکیا تەقە لەدەروازەى هەولێر دەدات؛ حکومەت بێدەنگە
  2024-07-13       2293       
حکومەتى هەرێمى کوردستان‌و عێراق دەکەونە کوێى ئەم شەڕەوە؟

ئا: وریا حسێن

 

لەنزیک ئامێدى کە ١٦ کیلۆمەتر لەسنورى تورکیاوە دوورە سوپاى تورکیا بەربەستێکى ئەمنى داناوەو بەعەرەبى‌و بەڕەنگى سورى لێى نوسیوە "سنورى تورکیا"، ئەمە ئەگەر بەفەرمیش نەبێت وا لێکدەدرێتەوە سوپاى تورکیا وەکو خاکى وڵاتەکەى مامەڵەى لەگەڵ دەکات.

بازگەیەکی سوپای تورکیا لەنزیک ئامێدی

بەگوێرەى ئەو نەخشانەى بڵاودەکرێنەوە، لەمیدیاى تورکیاو هەرێمى کوردستانیش تورکیا پلانى لەشکرکیشى تا سەنتەرى پارێزگاى دهۆک‌و ئیدارەى سەربەخۆى سۆرانی هەیە، کە نزیکترین پۆینت ٣٠ کیلۆمەترەو دوورترین پۆینت ٥٠ کیلۆمەتر دەبێت، بەڵام هێشتا تورکیا تەنها ١٥ کیلۆمەتر لەپێشڕەویدایە لەسنورى ناوچەکانى برادۆست سەرقاڵى ئامادەکارى سەربازییە.

 

عەبدول حەسەن، خەڵکى ناوچەى برادۆستە پشتاو پشت خۆیى‌و خێزانەکەى لەگوندێکى نزیک گوندى بەرمیزە لەشاخى چیادیل کارى مەڕدارى دەکەن، ئێستا بەهۆى شەڕەوە بەزۆرملێ ڕەوانەى ناوشار کراوەتەوە، لەگفتوگۆى لەگەڵ پەیامنێرى ئاوینە ئاماژەى بۆ ئەوە کرد ناوچەکەیان پڕبووە لەئاگرو خوێن، چیتر ئەو پیشەیەى سەدان ساڵە هەیانبووە وا لەدەستى دەدەن، ئەو وتى "لەساڵى ڕابردوەوەو پێشمەرگەو سوپاى تورکیا بەزۆرەملێ ناوچەکانى خۆمانمان پێچۆڵ دەکەن".

عەبدول کاتێک قسەى بۆ ئاوێنە دەکرد، هەواڵى ئەوەیان پێدا لەناوچەکەى ئەوان تۆپى تورکیا داویەتى لەنزیک خانووى ڕووەندێک‌و بەو هۆیەوە برینداربووەو دواتریش کاتێک گەیەنراوەتە نەخۆشخانەى سۆران گیانى سپاردووە، ئەو وتى "تورکیاو پێشمەرگە بەهاوبەشى لەناوچەکەیان بڵاوبوونەتەوە، ئەو ڕەوەندانەى لەسنورەکەش ماون بەهۆى شەڕەوە ناچارن چۆڵى بکەن".

 

رێکخراوى (سى پى تى) ئەمریکى بەبەردەوامى چاودێرى هاتنى سوپاى تورکیا بۆ هەرێمى کوردستان دەکات، بەگوێرەى دواهەمین ڕووماڵى رێکخراوەکە تورکیا لە١٥ى حوەزیرانەوە دەستیکردووە بەزیادکردنى هێزى سەربازى لەبەروارى باڵاوە نزیکەى ١٥ کیلۆمەتر بە ٣٠٠ تانک زریپۆش‌و هەزار تانک هاتووەتە ناو خاکى هەرێمى کوردستان.

 

کامەران عوسمان، رێکخەرى رێکخراوەکە لەهەرێمى کوردستان لەگفتوگۆیەکى لەگەڵ پەیامنێری ئاوێنە وردەکارى نیازەکانى تورکیا ئاشکرا دەکات، بڕواى وایە قۆناغى یەکەم کە ئێستا دەستى پێکردووە ئەویش کۆنترۆڵکردنى چیاى "مەتینا"یە، کە بەتۆپبارانکردن دەستى پێکردووە، دەیەوێت چیاکە کۆنترۆڵ بکات، ئەو وتى "تورکیا دەیەوێت بەکۆنترۆڵکردنى چیاى مەتینا، ئامانجە سەرەکیەکەى کە چیاى گارەیە لەرێگەى سەربازو تۆپهاوێژەکانیەوە کۆنترۆڵ بکات".

رێکخەرى ئەو رێکخراوە ئەمریکییە باسى زیانەکان دەکات، دواهەمین ئامار بۆ ئاوێنە ئاشکرا دەکات لەقۆناغى ئامادەکاریی بۆ ئۆپراسیۆنەکە ٨ هاوڵاتى شەهیدبوون‌و لەقۆناغى هێرشەکەشدا چەند گوندێک چۆڵبووە بەناوى "میسابەگ"، چەند گوندێکى دیکەش خێزانەکان چونەتە دەرەوە، ئەو وتى "٢٠ هەزار دۆنم زەوى کشتوکاڵى لەئامێدى سوتاوە، زیانى کەسى یەک جوتیار تەنها لەناوچونى باخى ترشەکەى ١٥ ملیۆن دینارە".

 

قۆناغى یەکەمى لەشکرکێشى تورکیا بۆ ناو خاکى هەرێمى کوردستان لەچوارچیوەى "چنگى هەڵۆ" لە١٥ى حوەزیرانى ساڵى ٢٠٢٠ دەستىپێکرد، ئامانجى قۆناغەکەش پێکهاتبوو لەدروستکردنى پشتێنەیەکى ئەمنی بۆ سنورى تورکیا بەدرێژایى ١٠ کیلۆمەتر، تا ئێستا ٨ ئۆپراسیۆنى ئەنجام داوە.

 

ئەیهان سەعید، ڕۆژنامەنووسێکى بادینانەو چالاکانە چاودێری روداوەکانى بادینان بۆ سەنتەرەکانى شیکردنەوە دەکات. ئەیهان بەووردبوونەوە لەزانیارییەکانى بەردەمى ئاماژە بۆ ئەوە دەکات تورکیا ئێستا ٤٥%ی هەموو خاکى پارێزگاى دهۆکى بەدەستەوەیەو هەوڵدەدات بەگرتنى چیاى گارەو مەتینا ئەو ڕووبەرە بۆ ٧٥% بەرزبێتەوە، ئەو وتى "ئەگەر ئەو پلانەى تورکیا سەربگرێت مەترسى گەورە لەسەر دهۆک دروست دەبێت".

ئەو ڕۆژنامەنووسەى بادینان پرسیارى گەورەى بۆ دروستبووە لەسەر بێدەنگى حکومەتى هەرێمى کوردستان‌و عێراق، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات عێراق ناڕاستەوخۆ پاڵپشتى سوپاى تورکیا دەکات‌و حکومەتى هەرێمیش ڕاستەوخۆ، لەو بارەیەوە زانیارى ئەوە دەدات لەبەرى گارەو شیلادزێ ئێستا هێزەکانى رۆژ کە ژمارەیان نزیکەى ١٥ هەزار کەس دەبێت ڕاستەوخۆ پشتیگرى سوپاى تورکیا دەکەن، ئەو وتى "مەترسى گەورە ئەوەیە تورکیا بەشەڕ هەر شوێنێکى گرت ناکشێتەوە، ئەو ناوچانەى هەرێمیش ئەگەر بەشەڕ بیانگرێت بەدڵنیایەوە ناکشێتەوە".

وەکو چالاکوانەکەى بادینان وتی "حکومەتى هەرێمى کوردستان‌و عێراق دەکەونە کوێى ئەم شەڕەوە؟".

 

بەرپرسانى عێراق‌و هەرێمى کوردستان خۆیان لەم پرسیارە لادەدەن، بەڵام پەرلەمانتارێکى عێراق پەردە لەسەر ئەو پرسە هەڵدەماڵێت.

 

سۆران عومەر پەرلەمانتارى عێراق، لەوەڵامى ئاوێنەدا بەڕوونى ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، عێراق‌و هەرێمى کوردستان لەدەرئەنجامى دواهەمین سەردانى سەرۆککۆمارى تورکیا بۆ عێراق‌و هەولێر پشتیوانى ئەو لەشکرکێشییەن، ئەو وتی "زانیارى تەواو لەسەر ناوەڕۆکى رێکەوتنى ئەمنى نێوان تورکیاو عێراق بەئاگادارى هەرێمى کوردستان نیە، بەڵام ئەوەى هەیە هەرسێ لایەن رێکەوتوون تورکیا تا ئاستى ٣٠ کیلۆمەترى هەوایى داخڵى خاکى هەرێمى کوردستان ببێت".

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، هەردوو لایەنى عێراقى‌و هەرێمى کوردستان ئاگادارى رێکەوتنەکەن، بەڵام هیچ ڕونکردنەوەیەک ئاڕاستەى پەرلەمانى عێراق نەکراوە، ئەو وتى "هەموان ئاگادارن بەڵام بێدەنگن".

 

ئاوێنە بۆ وەرگرتنى زانیارى زانیارى ویستى قسە لەگەڵ بەرپرسى پەیوەندییەکانى کۆما جڤاکێن کوردستان (ک.ج.ک) هیوا زاگرۆس بکات، بەڵام بەهۆى ئاڵۆزى‌و شەڕەوە نەبوونى هۆکارى پێویستى گواستنەوە پەیوەندییەکە بەردەست نەبوو.

 

ئەوەى خاڵە مەترسیدارەکەیە تورکیا بەیەکلایکردنەوەى ئەم قۆناغەى شەڕ جگە لەوەى هەژمونى سەربازى بەسەر پارێزگاى دهۆک‌و ئیدارەى سۆران بەتەواوى دەکات، هاوکات کەمتر لە ١٠٠ کیلۆمەترى دەمێنێت بۆ سەنتەرى هەولێر کە پایتەخى هەرێمى کوردستانە.

تورکیا پلانى لەشکرکیشى تا سەنتەرى پارێزگاى دهۆک‌و ئیدارەى سەربەخۆى سۆرانی هەیە

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×