ماوەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران درێژکرایەوە
  2024-07-05       191       

بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی ئێران ماوەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران بۆ دوو کاتژمێر درێژکرایەوە، ماوەی دەنگدانەکەش تا کاتژمێر 8ـی ئێوارە بە کاتی تاران بەردەوام دەبێت.

موحسین ئیسلامی، وتەبێژی ناوەندی هەڵبژاردنەکانی ئێران لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە بڕیاری وەزیری ناوخۆ، ماوەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە سەرجەم بنکەکانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران دوو کاتژمێر درێژ دەکرێتەوە و دەنگدان تا کاتژمێر 8ـی ئێوارە بە کاتی تاران بەردەوام دەبێت.

بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکانی ئێران دەنگدان لە هەشتی بەیانییەوە تا شەشی ئێوارە بەرێوە دەچێت و وەزارەتی ناوخۆی ئەم وڵاتە دەتوانێ ماوەی دەنگدان تا کاتژمێر 12ـی شەو درێژ بکاتەوە.

ڕۆژی هەینی، 5ـی تەمموزی 2024، بنکەکانی دەنگدان لە ئێران دەرگاکانیان بەڕووی دەنگدەراندا کردەوە و گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ئێران دەستی پێکرد، کە تیایدا مەسعود پزیشکیان چاکسازیخواز و سەعید جەلیلی بناژۆخواز، ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە بۆ ئەوەی جێگەی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری کۆچ کردووی ئێران بگرنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×