هەموو شتێك دەربارەی هەڵبژاردنی گشتی بەریتانیا 
  2024-07-04       900       

ئا: كاوە ڕەش - بەریتانیا 

 

هەڵبژاردن لەشانشینی یەكگرتووی بەریتانیا 

هەڵبژاردنی گشتی دەرفەتێکە بۆ ئەوەی چانس بدرێت بەخەڵک لەهەموو بەشێکی بەریتانیا، تابتوانن كەسێك بۆ پەرلەمانتاری هەڵبژێرن،  ئەو کەسە نوێنەرایەتی ناوچەیەکی ناوخۆیی، (بازنەی هەڵبژاردن) دەکات، لەئەنجومەنی کۆمۆنەکان بۆ ماوەی پێنج ساڵ.

بەشێوەیەكی یاسایی، هەڵبژاردنی گشتی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا، هەر پێنج ساڵ جارێك و لەمانگی تەمووزداو لەیەكێك لەڕۆژەكانی پێنج شەممەی ئەو مانگەدا ئەنجام دەدرێت.

بەڵام لەدوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی ٢٠١٦وە، كەبڕیاڕی دەرچونی بەریتانیا لەیەكییەتی ئەوروپا درا، ئەوە سێیەمین هەڵبژاردنی پێش وەختە كەئەنجام بدرێت، بەر لەكۆتایی هاتنی خولی پێنچ ساڵەی پەرلەمانی لەو ووڵاتە. لەهەڵبژاردنی ئەمڕۆ پێچ شەممە، ٤ی تەمووز،  چانس دەدرێت بەملیۆنان دەنگدەر، تابەشداری بكەن لەوهەڵبژاردنە گشتییەی بەریتانیا.

دەنگدەران لەهەموو بازنەكان، پەرلەمانتاری ناوخۆیی خۆیان هەڵدەبژێرن بۆ ئەوەی كابینەیی نوێیی حکومەتی داهاتووی بەریتانیا دروستبكریت. 

لەڕۆژی پێنجشەممە ٤ی تەمموز، کاتژمێر ٧بەیانی بەكاتی لەندەن، ناوەندەكانی دەنگدان دەكرێنەوە تاکاتژمێر١٠ شەو. هەموو ئەوانەشی بەرلەكاتژمێر ١٠ ی شەو، لەڕیزی دەنگداران وەستابن دەتوانن دەنگی خۆیان بدەن بەو مەرجەی لە ڕیزدا بوبێتن بەر لەكاژمێر دە.

 

بازنەكانی هەڵبژاردن

لەم هەڵبژارنەدا بەریتانیا بەسەر ٦٥٠ ناوچەدا دابەشکراوە، کە پێیان دەوترێت بازنەی هەڵبژاردن.

لە هەڵبژاردنی گشتیدا، دەنگدەران لەهەر بازنەیەک دەتوانن تەنها یەك ئەندام پەرلەمانێک - یان پەرلەمانتارێک - هەڵدەبژێرن بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیان بکات لەئەنجومەنی نوێنەران.

زۆربەی کاندیدەکانیش سەر بەپارتێکی سیاسی دیاریکراون، بەڵام هەندێکیان سەربەخۆن.

هەر بەربژێرێك یەك دەنگدەر دەتوانێ دەنگی پێ بداتت، بەپێی سیستەمێک کە پێی دەوترێت "یەکەم لە پۆستەکە تێپەڕیوە"، ئەو کاندیدەی زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە دەبێتە پەرلەمانتار بۆ ئەو ناوچەیە.

هەروەها ئەو پارتەشی  زۆرترین پەرلەمانتاری هەیە بەشێوەیەکی ئاسایی حکومەتی داهاتوو پێکدەهێنێت و سەرکردەی ئەو پارتەش بەزۆریینە دەبێتە سەرۆکوەزیران.

لەم هەڵبژاردنە گشتییە ،سنووری نوێی بازنەکانی هەڵبژاردن بەکاردەهێندرێت، کەدووبارە کێشراونەتەوە  بۆ ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکانی دانیشتووان و یەکسانکردنی ژمارەی دەنگدەران لەگەڵ كورسییەكانی پارلەمان.

بەپێی یاسایەكی نوێ ،دەبێ دەنگدەر لەكاتی دەنگدان، ناسنامەیەكی وێنەداری پێبێت بۆ ئەوەی پشتڕاستی كەسیەتی بكاتەوە.

 

دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن چی ڕوودەدات؟

پاش ژماردنەوەی دەنگەکان،  بەشێوەیەکی ئاسایی پاشای ووڵات، 

داوای لەسەرۆکی ئەو حزبە دەکات کەزۆرترین پەرلەمانتاری  بەدەست خستووە، ببێتە سەرۆک وەزیران و حکومەت پێکبهێنێت.

هاوكات بەزۆری سەركردەی ئەو پارتەی کەپلەی دووەمی پەرلەمانتارانی هەیە، دەبێتە سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن.

لەئەگەری ئەوەشی كەهیچ لایەنێک نەیتوانی بەزۆرینەی پەرلەمانتاران کۆ بكاتەوە - واتا نەتوانێت بەتەنها بەپەرلەمانتارەکانی حیزبەكەی خۆی حوكمەت دروست بكات، ئەنجامەکەی بە پەرلەمانێکی هەڵواسراو دەناسرێت.

هەربۆیە لەڕەوشەدا ڕەنگە گەورەترین پارت بڕیاری پێکهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی لەگەڵ پارتێکی دیکە بدات، یان وەک حکومەتێکی کەمینە کاربکات، پشت بەدەنگی پارتەکانی دیکە ببەستێت بۆ دەرکردنی یاسا.

 

كەی ئەنجامەكان بەیان دەكرێن؟

ئەنجامی هەڵبژاردن ڕۆژی هەینی بەیان دەكرێت و ڕۆژانی شەممەو یەك شەمە پشووی هەفتەیە لەبەریتانیا، ڕۆژی دوو شەممەش ڕێكارەكانی  ئامادەكاری كۆبونەوەی پارلەمانی دەبێت.

پەرلەمانی نوێ بەفەرمی ڕۆژی سێ شەممە لە 9ی تەمموزدا کۆدەبێتەوە. هەمان ڕۆژ سەرۆکی پەرلەمان هەڵدەبژێرێت و ئەندامان سوێندی یاساییدەخۆن.

پاشان لە ١٧ی تەمموزدا بەکردنەوەی خولی نوێ و حوكمەتی نوێ لەپەرلەمان، پادشای ووڵات ووتارێك پێشكەش دەكات. هاوكات سەرۆك وەزیران، كارنامەو ئەولەویەتەکانی خۆی بۆ پارلەمان و خەڵك  دەخاتە ڕوو.

 

سەنگی كورد لەو هەڵبژاردنە

بەپێی دواین ئاماری سەرژمێری گشتی لەبەریتانیا، كەساڵی ٢٠٢١ . ئەنجامدراوە ، ژمارەی كوردەكان بە ١٠٠هەزار كەس خەمڵێندراوە، كەبەسەر هەرێمەكانی،  ئینگلاند، سكۆتلاند ، وێڵس، باكوری ئێرلەندا لەبەریتانیادا بڵاوبونەتەوە. لەگەڵ بوونی ئەو ژمارە كوردە، چونكە دەنگدەر دەتوانێت تەنها لەك بازنەی داخراودا دەنگ بەیەك بەربژێر بدات، بۆیەناتوانن هیچ كاریگەریەكی ئەوتۆ بۆ سەرخستنی هیچ كاندیدو پارتێك  لەو هەڵبژاردنە بدەن.

لەم هەڵبژاردنەش هیچ بەربژێرێكی بەڕەچەڵك كورد بوونی نیە، ئەگەرچی لەهەڵبژاردنەكانی پێشوتر هەبوون لەنێویاندا،  نەدیم زەهاوی، لەپارتی كۆنسەرڤاتیڤ، بەڕەچەڵەك كورد، كەتوانی بووی لەچەند خولێكی پێشوتر سەربكەوێت. بەڵام بەهۆی گەندەڵییەوەو خۆ دزینەوەی لەباج، لەم هەڵبژارنەدا، پارتەكەی بێبەشی كردوە لەبەشداری كردنی بۆ هەڵبژاردنەوەی.

هەروەها پارتی لەیبەر، كەپێشتر بەربژێرێكی كوردی هەبوو، بەناوی  ئیبراهیم دۆگوس ،ئەویش دوای دووجار شكست لەدەرنەچوونی لەم هەڵبژاردنە بەشداری پێ نەكردەوە. 

 

لێكدانەوەی مێدیایی بۆ هەڵبژارد

بەپێی ڕاپرسیی و لێكدانەوەی مێدیاكانی بەریتانیا، لەدوای دوورخستنەوەی بۆریس جۆنسن، لەپۆستی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پارتی پارێزگاران،  و نەبردنەسەری چەندین بەڵێنی حوكمەتی ڕابردوو، لەوانە قەیرانی ئابوریی ، سیستەمی تەندروستی، كۆچی نایاسایی، چەندین كێشەی جدی دیكە، ڕێژەی دەنگدەرانی پارتی دەسەڵاتدار دابەزیووە.  پێ دەچێ پارتی لەیبەری بەرهەڵستكار بەسەرۆكایەتی (كییر ستامەر) دەسەڵات بگرنە دەست، بەڵام پێ ناچێ زۆرینەی ڕەها بهێنن. بەهۆی بوونی پارتێكی نوێ بەناوی ڕیفۆرم، كەدژایەتی كۆچبەران دەكات و پێیان وایە دەبێ، بەریتانیا بخرێتەوە دەست خەڵكە ڕەسەنەكەی خۆی, وەك ئەوان بانگەشەی بۆ دەكەن. پارتی ڕیفۆرم (ناجێڵ فراج) دامەزرێنەریەتی.

 پارتێکی سیاسی پۆپۆلیستی ڕاستڕەوە لەبەریتانیا. لەتشرینی دووەمی ٢٠١٨ بەناوی پارتی برێگزیت دامەزراوە و بانگەشە بۆ برێگزیتی بێ ڕێککەوتن دەکرد، لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا لە ٢٠١٩ لەبەریتانیا، سەرکەوتنی گەورەی  بەدەستهێنا. 

بەپێی ڕاپرسیەكان پێ دەچێ ژمارەیەكی باش كورسی پارلەمانی بەدەست بخات لەم هەڵبژاردنە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×