لە نەرویج سزای 30 ساڵ زیندانی بەسەر هاوڵاتییەكی كورددا سەپێنرا
  2024-07-04       1140       

ئەمڕۆ چوارشەممە، دادگای نەرویج سزای 30 ساڵ زیندانی بەسەر زانیار مەتاپور، هاوڵاتی نەرویجی بە ڕەچەڵەک کوردی رۆژهەڵاتی كوردستان، سەپاند ئەوەش بە تۆمەتی ئەنجامدانی "هێرشی تیرۆریستی" بۆ سەر فێستیڤاڵێکی کەمایەتییە جێندەرییەکان لە شاری ئۆسلۆ.

ئاوێنە: لە 25ی حوزەیرانی ساڵی 2022، هاوکات لە ئاهەنگی ساڵانەی هاوڕەگەزخوازان و کۆمەڵەی ئێڵ جی بی تی لە ئۆسلۆ لە ئەنجامی هێرشێکی تەقەکردن لە خەڵک لە سێ شوێنی نزیک مەیخانەیەک بەناوی "لەندەن پاب" کە شوێنێکی بەناوبانگی هاوڕەگەزخوازانە، دو کەس گیانیان لەدەستدا و نۆ کەسیش بە سەختی برینداربون.

دادگای ئۆسلۆ ڕایگەیاندوە زانیار مەتاپور بە دۆشکە 10 گولە و بە دەمانچەی دەستی هەشت گولەی ئاراستەی خەڵکەکە کردوە و ناوبراو پەیوندی لەگەڵ رێكخراوی داعشدا هەبوە.

پارێزەری مەتاپور بڕیارەکەی دادگای بە "سزایەکی قورس" ناوبردوەو ئاماژەی بەوەشکردوە تا ئێستا بڕیاریان لەسەر تانەدان لە بڕیارەکەی دادگا نەداوە.

یەکێک لە بریندارانی هێرشەکە بە دەزگایەکی میدیایی نەرویجی ڕاگەیاندوە "ئەو بڕیارە دڵنەواییەکی گەورەیە بۆ قوربانیان و خێزانەکانیان."

زانیار مەتاپور دوای تێپەڕاندنی 20 ساڵ لە سزاکەی دەتوانێت داوای ئازادی مەرجدار بکات، بەڵام تەنیا لە حاڵەتێکدا دەتوانێت ئەو کارە بکات کە لەلایەن دادگاوە چیتر بە مەترسیدار نەزانرێت.

مەتاپور پێشتر بانگەشەی ئەوەی کردبو کە تاوانبار نییە. ئەو پزیشکە دەرونییەی کە لەلایەن دادگاوە دەستنیشانکرابو بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی دەرونی تاوانبار، دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکان گەیشتبوە ئەو ئەنجامەی کە ئەنجامدەری ئەو هێرشە "تیرۆریستییە" لە کاتی ئەنجامدانیدا باری دەونی جێگیر بوە.

زانیار مەتاپور تەمەن 42 ساڵ، کوردێکی رۆژهەڵاتی كوردستانەو کاتێک تەمەنی 12 ساڵان بوە، لەگەڵ خێزانەکەی ڕویان لە نەرویج کردوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×