ئەمنیستی: هەرێمی كوردستان شكستی هێناوە لە پاراستنی ژنانی رزگاربوی توندوتیژیی خێزانی
  2024-07-03       783       

ئا: ئاوێنە

 

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، ژنانی قوربانی توندوتیژیی خێزانی لە هەرێمی كوردستان، پشتیوانی ناكرێن و ناپارێزرێن و لەگەڵ ئەوەی ژنانێكی زۆر روبەڕوی لێدان، دەستدرێژی و كوشتن دەبنەوە، بەڵام دادوەرەكان پشتیوانی لە پیاوانی تۆمەتبار دەكەن. دەشڵێت، دەسەڵاتدارانی هەرێم شكستیان هێناوە لەوەی پیاوانی تۆمەتبار روبەڕوی یاسا بكەنەوەو پارێزگاری لە ژنانی رزگاربوی توندوتیژیی خێزانی بكەن.

 

رێكخراوەكە، رۆژی چوارشەممە ٣ی تەموز، لە راپۆرتێكدا لەبارەی ژنانی قوربانیی توندوتیژیی خێزانی لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، مافی زۆرێك لە ژنان لەلایەن سیستی دادوەریی هەرێمی كوردستانەوە نادیدە دەگیرێت.

لە راپۆرتەكەدا هاتوە، دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان "زامی ئەوەیان نەكردوە كە بكەرانی توندوتیژیی خێزانی دژبە ژنان، لەوانە حاڵەتەكانی كوشتن، دەستدرێژی سێكسی، لێدان و جنێوپێدان، سوتاندن، لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكرێت."

ئایا مەزوب، بەڕێوەبەری رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا، وتویەتی، ژنانی قوربانیی توندوتیژیی خێزای لە هەرێمی كوردستان لە هەر قۆناغێكدا بۆ دەستهێنانی مافەكانیان، شكست دەهێنن.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لەماوەی ساڵی رابردودا لانیكەم 30 ژن لە هەرێمی كوردستان بەهۆی توندوتیژیی خێزانییەوە كوژراون و ساڵی بەرلەوەش 40 ژن كوژراون، لەگەڵ ئەوەش رێكخراوە ناحكومییەكان دەڵێن، ژمارەی قوربانیانی ژن لەوە زیاترە.

رێكخراوەكە لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی كە لە سەرتاسەری عێراق ژنان روبەڕوی توندوتیژیی خێزانی دەبنەوە، هێمای بۆ ئامارێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق كردوە كە تێیدا ئاشكراكراوە، لە نزیكەی 14 هەزار سكاڵای تۆماركراو لەماوەی چوار مانگی یەكەمی ئەمساڵدا لە سەرتاسەری عێراق، تەنیا لە نزیكەی 100 كەیسییاندا سزا دەرچوە بۆ بكەران.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق وتویەتی، لانیكەم 3 هەزار تۆمەتبار بە كەفالەت ئازادكراون و نزیكەی 4 هەزار و 500 كەسی دیكەش توانیویانە رەزامەندی سكاڵاكار بەدەستبهێنن.

چالاكوانێكی مافی مرۆڤ بە كەناڵی دویچەڤیلەی ئەڵمانی وتوە، لە گەورەترین گۆڕستانی سلێمانی، نزیكەی 200 گۆڕیی ژنانی قوربانیی توندوتیژیی خێزانی هەن.

بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەكگرتوەكان، زیاتر لە یەك ملیۆن ژن و كچ لە سەرتاسەری عێراق، لەبەردەم مەترسی توندوتیژیی سێكسیدان.

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەداوە كە ئەو ژن و كچانەی روبەڕوی توندوتیژیی خێزانی دەبنەوە لە هەرێمی كوردستان، كاتێكدا بەدوای پشتیوانی حكومەتدا دەگەڕێن، روبەڕوی "كۆسپی مەترسیدار" دەبنەوەو وتوشیەتی، دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان شكستیان هێناوە لە پاراستنی قوربانیان و روبەڕوكردنەوەی تۆمەتباران بە یاسا.

ئەوەش لەكاتێكدایە وەك رێكخراوەكە وتویەتی، بەپیی یاسا لە عێراق بەكارهێنانی توندوتیژیی خێزانی تاوانەو سزاكەی دەگاتە سێ ساڵ زیندانیكردن.

رێكخراوەكە وتوشیەتی، دادوەرەكان زیاتر لەبری پشتیوانیكردن لە ژنانی قوربانی، پاڵپشتی لە پیاوانی تۆمەتبار دەكەن.

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لە دەسەڵاتدارانی هەرێم كردوە، پشتیوانی زیاتر ژنانی قوربانی بكات لە دابینكردنی شوێنی داڵدەدان و پاراستنیان لە توندوتیژیی خێزانی.

لەگەڵ ئەوەش رێكخراوەكە وتویەتی، ژنانی قوربانی كاتێك دەچنە شوێنەكانی داڵدەدان لە هەرێمی كوردستان، لەوێ ئازادیی هاتوچۆ و دەستڕاگەیشتنیان بە تەلەفۆن و ئینتەرنێت سنوردار دەكرێت.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×