گەرمیان، قوربانی یەکەمی ناکۆکی نێوان ھەولێرو بەغدا
  2024-06-18       768       
گەرمیان، هەم جێی بایەخی هەرێمی کوردستانەو هەم بەلای دەوڵەتی عێراقیشەوە ناوچەیەکی ستراتیجییە

ئا: ئەیاد محەمەد

 

گەرمیان کە ڕوبەرێکی بەرفراوان‌و دیاری هەرێمی کوردستان لەخۆدەگرێ‌و لەڕووی سیاسی‌و سەربازیی‌و ئابورییەوە پێگەیەکی گرنگی لەمێژووی کوردستان‌و عێراقدا هەیە، بەدرێژایی دەیان ساڵە زۆرانبازیی‌و ناکۆکییەکانی نێوان کوردو دەوڵەتی عێراق کاریگەری گەورەو نەخوازراوی لەسەر ئەم ناوچەیە هەبووە، چاودێرێکی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌‌و بەغدا دەڵێت "ھەرکاتێک پەیوەندییەکانی حکومەتی عێراق‌و ھەرێم لاواز یان بەهێز بێت ئەوا لەسەر ئاستی ئابوری‌و بازرگانی‌و ئەمنی‌و سەربازی‌ پێش هەر شوێنێک کاریگەری بەخراپ یان بەباش لەسەر سنوری گەرمیان دەبێت".

 

گەرمیان بەناوچەیەکی گرنگی هەرێمی کوردستان دادەنرێت‌و ناوەندەکەی قەزای کەلارە، یەکێک لەقەزاکانی کفرییە کە بەشاری شوێنەوارو کەلەپور دادەنرێت، تاوەکو پێش ڕوداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر قەزای خانەقین-یش بەشێک بوو لەئیدارەی گەرمیان‌و حکومەتی کوردستان تیا باڵادەست بوو. ئەم ناوچەیە یەکێکە لەگرنگترین هێڵەکانی تەماسی نێوان هەرێمی کوردستان‌و دەوڵەتی عێراق، کە جگە لەگرنگی لەڕووی مێژوویی‌و سیاسی‌و ئەمنییەوە، لەڕووی ئابوریشەوە پێگەیەکی زۆر فرنگ‌و پڕ بایەخی هەیە، کە چەندین بیری نەوتی تێدا هەڵکەوتووەو چەندین دەروازەی نێودەوڵەتی گەورەی فەرمی‌و نافەرمیش لەخۆدەگرێ، هەربۆیە هەم جێی بایەخی هەرێمی کوردستان‌و هەم بەلای دەوڵەتی عێراقیشەوە ناوچەیەکی ستراتیجییە.  

 

 "گەرمیان هێڵی تەماسە"

سەباح علی جاف، شارەزای بواری مێژووەو لەنزیکەوە چاودێری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌‌و بەغدا دەکات، ئەو پێیوایە پەیوەندییەکانی ھەردوولا بەھەردوو باری باش‌و خراپدا کاریگەری ڕاستەوخۆی زیاد لەهەر شوێنێک لەسەر گەرمیان دەبێت، ئەوەش روندەکاتەوە کە لەمێژووی دوورو نزیکدا نموونە زۆرە بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونە، جاف بەئاوێنەی وت "ئەم سنورە بەتایبەتی گەرمیان‌و کەلار، دەیان‌و سەدان ساڵە ھێڵی تەماسی نێوان هێزە جیاوازەکان بووە، بۆ نمونە لەڕابردوودا لەنێوان دەسەڵاتدارانی ئێران کە ئەوکات دەوڵەتی قاجاریی بووە لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانیداو لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا کە بەویلایەتی بەغدا ناسراوە، ھەر کاتێک ململانێ‌و کێشمەکێش لەنێوان میرەکانی میرنشینی بابان‌و بەغدا ڕوویدابێت، ئەوا بە تەواوەتی کاریگەری لەسەر ئەم سنورە ھەبووە، لە مێژوودا چەندینجار ڕوویداوە ئەم سنورە توشی ماڵوێرانی‌و سووتان‌و ئەنفال کردن بووەتەوە".

وتیشی "ئەم رووداوانەی ئێستاش درێژکراوەی رەوتی ئەو مێژووەن‌و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە، بۆ نمونە لەئەمڕۆدا ھەر کاتێک پەیوەندییەکانی حکومەتی عێراق‌و ھەرێم لاواز یان بەهێز بێت ئەوا لەسەر ئاستی ئابوری‌و بازرگانی‌و ئەمنی‌و سەربازی‌ پێش هەر شوێنێک کاریگەری بەخراپ یان بەباش لەسەر سنوری گەرمیان دەبێت، تەنانەت ئەو بارانەی لە سنوری ھەرێمەوە دەبرێت بۆ خواروو ناوەڕاستی عێراق بەگەرمیاندا تێدەپەڕن ئەگەر پەیوەندییەکانی هەرێم‌و بەغدا باش بن بە ئاسانی کارەکانیان ڕایی دەکرێت، بەڵام ئەگەر پەیوەندییەکان خراپ بێت ئەوا کاریگەری لەسەر کارو کاسبی خەڵکیش دەبێت".

جاف ئاماژە بەوە دەکات لەسەر ئاستی ئەمنیش بەھەمانشێوە کاریگەری ھەیە، لە کاتی باش بووندا جموجۆڵی تیرۆریستی کەم دەبێتەوە، کە پەیوەندی خراپ بوو ھەندێجار  جموجۆڵی تیرۆرستییش زیاتر دەبێت، بەتایبەت لە ناوچەی زەنگابادو قەرەتەپەو تەنانەت خانەقینیش.

 

"ناکۆکییەکان جوڵەی بازرگانی پەکخستووە"

یەکێک لەو کێشە دیارانەی کە ئاڵۆزیی پەیوەندییەکانی ھەرێم‌و بەغدا بۆ گەرمیانی دروستکردووە بواری بازرگانییە، "عێراق لەڕووی بازرگانییەوە چەندین ئاسانکاریی‌و ھاوکاری بۆ بازرگانانی سنوری خۆی دەکات بەڵام ئەو کارئاسانییانە بۆبازرگانانی ھەرێم ناکرێن".

ئەمە قسەی ئەندامی ژوری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی، خالید حاجی عەلی-یە، ئەو پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە کاریگەریی ئەم دۆخە خراپ‌و ئاڵۆزەی ئێستای نێوان هەرێم‌و بەغدا زیاتر بەسەر جوڵەی بازرگانییەوە دیارە‌، ئەو بەئاوێنەی وت "ئێمە لەگەرمیان دەروازەی سنوری نێودەوڵەتییمان ھەیە، واتە ڕاستەوخۆ کاریگەری باشی‌و خراپی ئەم پەیوەندییە لەسەر ئەم ناوچەیە دەردەکەوێت، بۆ نمونە ئەگەڕ ڕێککەوتن ھەبێت ئەوا جوڵەیەکی بازرگانی زۆر دەکەوێتە ناو گەرمیان‌و ھەرێمی کوردستانیشەوە، بەڵام ئەگەر دۆخەکە خراپ بێت وەکو ئێستا بازاڕ دەوەستێت‌و جوڵەی بازرگانی سست دەبێت".

 

"کوردو دەوڵەتی عێراق پێویستیان بەئاشتییەکی درێژخایەنە"

ئەوانەی لەبواری سەربازییدا کار دەکەن بۆ پاراستنی ناوچەی گەرمیان پێداگری لەسەر دوو خاڵ دەکەن، یەکەمیان کارکردن لەسەر پرۆسەی ئاشتی درێژخایەن‌و رێککەوتنی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی بەغداو دووەمیشیان دامەزراندنی هێزێکی پیشەیی‌ نیشتیمانی‌و یەکگرتوویی سەربازییە.

لیوا ئیبراھیم ئەحمەد، لەھێزی پێشمەرگەی کوردستان لەمبارەوە بەئاوێنەی وت "لەھەموو دنیادا دانیشتن‌و دیالۆگ چارەسەری کێشەو گرفتەکان دەکات، ئێمە ئەگەر لێکتێنەگەیشتن‌و ئاڵۆزییەکانمان بەگفتوگۆو ڕێککەوتن چارەسەر بکردایە ڕەنگە ئێستا توشی ئەو دۆخە نەبوینایەتەوە بەتایبەت کە ھێزی پێشمەرگە لەم ساتەدا بێـموچەن، ئێمە بۆ پاراستن‌و بوژانەوەی زیاتری گەرمیان بەر لەهەر شتێک پێویستمان بەئاشتییەکی درێژخایەن‌و سەقامگیرە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و دەوڵەتی عێراق".

وتیشی "بەپلەی دووەمیش پێویستمان بەھێزێکی سەربازی پیشەیی نیشتیمانی‌و یەکگرتووە بۆ پاراستنی گەرمیان‌و لەپێناو ئەوەی هیچ هێزێک دزە نەکات بۆ ئەم ناوچەیە، بەسەرنجدان لەوەی سنوری گەرمیان سنورێکە لە سێ ڕووەوە ناوچەیەکی بەرفراوانی چۆڵە، لەبەردەم داعش‌و هێزە تیرۆریستیەکانی تر".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×