ئا: زریان محەمەد
کچە خوێندکارێکی پارێزگای سلێمانی بەداهێنانەکەی بەشداری لەپێشانگای بەناوبانگی نێودەوڵەتی زانستو ئەندازیاری (ISEF) لەلۆس ئەنجلۆس کرد، کە دروستکردنی کڵاوێکی تایبەت بەکەسانی نابینا بوو.
سۆز جوتیار، تەمەنی پازدە ساڵە قوتابیە لەکۆلێجی سلێمانی کچانی بنەڕەتی نێودەوڵەتی، بەداهێنانەکەی لەقوتابخانەکەی توانیویەتی خەلاتی ئاڵتونی بەرێتەوە ئەوەش بوەتە هۆکار تا داهێنانەکەی پاڵێوراو بێت بۆ بەشداریکردن لەپێشانگای بەناوبانگی نێودەوڵەتی زانستو ئەندازیاری (ISEF) کە لەولایەتی لۆس ئەنجلۆسی ئەمەریکا بەڕێوەچوو.
سۆز جوتیار، بەئاوێنەی وت "لەقوتابخانەکەی خۆمدا لەپارێزگای سلێمانی توانیم بەشداری بکەم لەپێشبڕکێی ساڵانەی زانستو تەکنەلۆژیا، خەڵاتی ئاڵتونیم بەدەستهێنا پاش سەرکەوتنم لەئۆڵۆمپیاتی INPO مافی بەشداریکردنم لەپێشانگای بەناوبانگی نێودەوڵەتی زانستو ئەندازیاری (ISEF) بەدەستهێنا، کە لەلۆس ئەنجلۆس ساڵانە ئەو داهێنانە وەردەگیرێن تازەن، بۆ ئەمساڵیش هەزارو ٧٠٠ کەس لە ٦٧ وڵاتەوە بەشدارییان کرد بوو".
وتیشی "داهێنانەکەی من دروستکردنی کڵاوێکە تایبەت بەکەسانی نابینا بەشێوەی زیرەک کاردەکات، لەکاتی جوڵەیاندا هەر کاتێک ڕوبەڕوی ئاستەنگێک ببنەوە هۆشداری لەو بەربەستانە دەدات کە دێتە بەردەمیان، کڵاوەکە تایبەتمەندیی ئەوەشی هەیە هەر کاتێک کەسی بەکارهێنەر کڵاوەکەی لێبکەوێت یان لەشوێنێک جێبمێنێت ڕاستەوخۆ کڵاوەکە لەڕێگەی ئامێری زیرەکەوە بەئیمێڵ کەسەکە ئاگادار دەکاتەوە لەو شوێنەی کڵاوەکەی تیایە".
سۆز ئاماژە بەوە دەکات بەشداربووان گرنگی زۆریان بەم داهێنانەی ئەو داوە لەپێسانگاکەداو گفتوگۆی تایبەتیان لەگەڵ کردووە دەربارەی پێشخستنی زیاتری داهێنانەکەو بەکارخستنی وەک خزمەتێک بۆ کەسانی نابینا، ئەو وتی "پەیوەندیەکانمان لەگەڵ کەسانی شارەزا بەردەوامە تا بتوانین لەئایندەیەکی نزیکدا بگات بەدەستی کەسانی نابیناو سوودی لێوەربگرن".
نابینایان دروستکردنی هەر داهێنانێک کە خزمەتیان بکات بەگرنگ دەزاننو خۆشحاڵن بتوانن سوود لەو داهینانە ببینن کە لەهەرێمی کوردستان دروستدەکرێتو بەهۆیەوە نابینایان دەپارێزیتو پێویستیان بەکەسانی دیکە نابێت بۆ هاوکاریکردنیان.
عومەر خدر، سەرۆکی یەکێتی نابینایان بەئاوێنەی وت "خۆشحاڵین بەبیستنی داهینانێکی لەمجۆرە بۆ نابینایان کە دەبێتە هۆکاری پشت بەخۆبەستنی کەسی نابینا، چونکە لەو جۆرە داهینانە پێویستمان بەکەسی دیکە نابێت هاوکاریمان بکات لەکاتی ڕۆشتنمان بۆ بازاڕو دەرەوەی ماڵ، بەڵام دەبێت بزانین ئەو داهێنانە تا چەند سەرکەوتووە هەموو بەربەستەکان دەخوێنیتەوەو دەبیتە یاریدەدەرێکی باش بۆ نابینایان".
وتیشی "تاقیکردنەوەو بەکارهێنانی ئەو کڵاوە دەبێتە دەرفەتێکی باش بۆ ئێمەی نابیناو ئێمە بەوپەڕی خۆشحاڵیەوە پێشوازی لەو داهێنانە دەکەینو هیوادارین ببێتە هاوکارێک بۆ تەواوی نابینایان".
ساڵانە ئەم جۆرە پێشبڕکێیانە ئەنجام دەدرێتو داهێنەران سوود وەردەگرن بۆ ناسینی کۆمپانیا جیهانیەکانو کڕینەوەی داهێنانەکانو بەکارهێنانی لەبازاڕدا.





ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.