وەزیری دەرەوەی توركیا دەڵێت، لەگەڵ لایەنی سلێمانی لەبارەی بونی پەكەكەوە لە ناوچەكە گفتوگۆو كۆبونەوەیان هەیە بەڵام بۆ رایگشتی ئاشكراناكەن. دەشڵێت، داوایان لە دەسەڵاتدارانی سلێمانی كردوە واز لە "پشتیوانی پەكەكە بهێنن و لێیان دوربكەونەوە ئەگەر نا ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا بەردەوام دەبن و لە چەقی سلێمانیشدا ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەن."
ئاوێنە: بەگوێرەی ئاژانسی رەسمی توركیا، هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لەچاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆیندا ئاماژەی بەوەداوە كە "بە ڕونی گفتوگۆیان لەگەڵ لایەنی سلێمانی کردوەو ڕایگەیاندوە "کۆبونەوە دەبێت کە بۆ ڕای گشتیی ڕاناگەیەندرێت"
وەزیری دەرەوەی توركیا وتوشیەتی"سلێمانی شارێکی دێرینە. سلێمانی، موسڵ، کەرکوک، هەولێر، زاخۆ... واتە ئەو شوێنانە لە سەردەمی عوسمانییەوە بە بەردەوامی جیوگرافی و کولتوری ئێمە بون، ئێمە بەشێکین لەوان و ئەوانیش بەشێکن لە ئێمە."
ئاماژەی بەوەشداوە"سلێمانی شوێنێکە کە چەندین دەوڵەتمەدار، عارف و زانای بۆ ئیمپراتۆریەتی عوسمانی پێگەیاندوە. لە ڕاستییدا شوێنێکی پیرۆزە." بەڵام نیگەرانی نیشانداوە لەوەی كە بەقسەی ئەو بۆتە شوێنێک "پەکەکە توانیوێتی کاریگەری لەسەر دروست بکات و کۆنترۆڵی بکات."
هاکان فیدان جەختی لەسەر ئەوەیش کردۆتەوە کە وڵاتەكەی ڕاشکاوە لە کۆبونەوەکانیدا لەگەڵ لایەنی سلێمانی و "گەمە و تەڵە بۆ کەس" دانانێن و پێیان وتون كە "واز لە پشتیوانیتان بهێنن بۆ ئەمانە(پەكەكە). ئێمە کاری جەنگەکە دەکەین، کێشە نییە، بەڵام ئێوە دور بکەونەوە لێیان. ڕێگە مەدەن بێنە شارەکەتانەوە. ڕێگە مەدەن فڕۆکەخانەکەتان بەکاربهێنن. ڕێگە مەدەن ئەم کەسانە سود لە نەخۆشخانەکانی شارەکەتان وەرگرن. ئەگینا ئۆپەراسیۆنەکانی ئێمە بەردەوام دەبن، لە چەقی سلێمانیشدا ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەین، لە گوندەواریشدا ئەنجامی دەدەین."
بەقسەی هاكان فیدان بەدەسەڵاتدارانی سلێمانیشیان وتوە"کاتێک ئێوە لەگەڵ پەکەکەدا کار دەکەن و ئێمە ئەمە دەبینین ناچارین شتێکیش بەرامبەر ئێوە بکەین، چونکە وەک ئێوە دەزانن ئەم ڕێکخراوە ڕێکخراوێکە بۆ کردنە ئامانجی ئێمە دامەزراوە. ناکرێت ئێمە ڕێگە بە بونی ئەمە بدەین. ناکرێت وا هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەوەشدا بکەین کە هاوکاری ئەم ڕێکخراوە دەکات وەک ئەوەی هیچ نەبوبێت."
وتوشیەتی"ئێستا پێموایە تێگەیشتون، ڕێوشوێنەکانمان درێژەی هەیە."