ئا: وریا حسێن
مانگى مایس یەکێتىو پارتى بۆ یەکلایکردنەوەى کێشەکانیان پەنایان بۆ واشنتۆنو تاران برد، لەتاران نێچیرڤان بارزانى پشتیوانى ڕێبەرو لەواشنتۆن بافڵ تاڵەبانى پشتیوانى غازى سلێمانى بەدەستهێنا.
نێچیرڤان بارزانى ٥ى مایس گەیشتە تاران چاوى بە بەرپرسانى سوپاى پاسدارانو چەندین ناوەندى سیاسى تاران کەوت، بەهێزترین خاڵى سەردانەکەى نێچیرڤان بارزانى لەتاران ئەوە بوو، ڕێبەرى باڵاى کۆماری ئیسلامی ئێران، عەلى خامنەیى بینى.
نازم دەباغ، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەتاران گفتگۆى لەگەڵ پەیامنێرى ئاوێنە کرد، بڕواى وابوو ئاسایشو سەقامگیرى ئێرانو عێراقو هەرێمى کوردستان وەکو دوو پاکجی جیاواز بەستراون بەیەکەوە بۆیە تەبایى نێوان ئەم سێ لایەنە کاریگەرى ئەرێنى دروست دەکات، لەو ڕوانگەیەوە سەقامگیرى ئێران چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان عێراقو هەرێمى کوردستان هەم ڕۆڵى ئێرانى تێدایە، هەم بەسودى ئێرانە، ئەو وتی "هەموو پەیوەندییەکى باش ڕەنگدانەوەى دەبێت بۆ چارەسەرى کێشەکان".
نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەتاران لەبارەى ئاستى سەردانەکەى پێشوازى سەردانەکەى سەرۆکى هەرێمى کوردستانەوە پێى وابوو، پێشوازیکردن لەسەرۆکى هەرێمى کوردستان لەئاستى ڕیبەرى باڵاى کۆماری ئیسلامی ئێران وایکرد سەردانەکە جیاوازتر بێت، ئەو وتى "پێشوازیکردن لەجەنابى کاک نێچیرڤان لەلایەن ڕێبەرى کۆمارى ئیسلامى ئێرانەوە بۆ ئەوەبوو دڵنیایى بدات پشتیوانى کورد دەکەن، وەکو بینمان دواى سەردانەکە ڕێبەر وتى کورد بەشێکە لەکۆمەڵگاو نەژادى ئاریایىو ئێران".
کاتێک نێچیرڤان بارزانى لەتاران بوو، مەسرور بارزانى سکاڵایەکى ئاڕاستەى دادگاى فیدراڵى عێراق کرد، تانەدان بوو لەیاساى هەڵبژاردن، دادگاى فیدراڵى دەستبەجێ یاساکەى پەسەندکردو ڕێکارەکانى هەڵبژاردنى وەستاند، ئەوەش بڕوایەکى دروستکرد "ئیعازى پەسەندکردنى سکاڵاکە لەتارانەوە سەرچاوەى گرتبێت"، بەڵام هیچ شتێکى دڵنیاکەرەوە لەوبارەیەوە نیەو بەرپرسانى پارتى زۆر خۆیان لەو پرسە بەدوور دەگرن.
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لەتاران
سەرچاوەیەکى تایبەت لەتاران قسەى بۆ ئاوێنە کرد، ئەوەى ئاشکراکرد "نێچیرڤان بارزانى لەسەردانەکەى بۆ تاران شتێکى دەستکەوتو شتێکى بەخشى، یەکەم، گرەنتى ئەوەى وەرگرت تاران پارتى لەچاوى نێچیرڤان بارزانیەوە دەبینێت، دووەم: نێچیرڤان بارزانى بەڵێنى بەئێرانیەکان دا ڕوانگەى کوردستان لەدژایەتى تارانەوە بگۆڕیت بۆ دۆستایەتى، یەکەم هەنگاویش بەقوربانیکردنى پارتەکانى ڕۆژهەڵاتو داخستنى دەمى میدیاکانى پارتیە لەدژى ئێران".
بافڵ تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتى هەمان ڕۆژ واتە ٥ى مایسى ٢٠٢٣ گەیشتە واشنتۆن، بەخۆىو دۆسیەکانیەوە کە لۆگۆى یەکێتى لەسەربوو لەناو بیناى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا دەرکەوت، بافڵ تاڵەبانى سێ دۆسیەى لەگەڵ خۆى بردووە (وزە، ئاسایش، پەیوەندییەکانى عێراقو کوردستان) چاوى بەو بەرپرسانە کەوت پەیوەستن بەو دۆسیانەوە.
لەتیف نیرۆەیى، بەرپرسى بۆردى ڕاگەیاندنى یەکێتى ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لەتارانو مۆسکۆو واشنتۆن سەرۆکى یەکێتى جەختى لەسەر ئەنجامدانى هەڵبژاردن لەکاتى خۆیدا کردووەتەوە دژى دواخستنى بووە، هەمانکات بابەتى وزەشى لەئەمریکا تاوتوێکردووە کە دەکەوێتە سنورى یەکێتى، سەقامگیرى ئەمنیش یەکێکى دیکە بووە لەبابەتەکان لەگەڵ یەکخستنى هێزى پێشمەرگە، نێروەیی بە"ئاوێنە"ى وت "هەم بۆ یەکێتىو هەم بۆ سەرۆک بافڵ ئەم سەردانە گرنگە، هاوکات سەردانى مۆسکۆو واشنتۆن وەڵامێکە بۆ ئەوانەى پێیانوابوو یەکێتى تەنها لەئێران قەتیسە، هاوکات سەردانەکان فەرمى بوون وەکو بەرپرسێکى باڵاى حکومى پێشوازى لەسەرۆکى یەکێتى کراوە".
لەو کاتەى سەرۆکى یەکێتى لەواشنتۆن بوو، ئەمریکا لەئاستى وەزارەتى دەرەوە نوێنەرى وەزیرى خۆى ناردە لاى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتو مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى جەختى لەسەر ئەنجامدانى هەڵبژاردن کردەوە، هەمانکات ئەلینا رۆمانویسکى باڵوێزى ئەمریکا لەعێراق لەگەڵ وەزیرى دەرەوەى عێراق کۆبوویەوەو پەیامێکى نارد ئەویش ئەوەبوو "لەگەڵ ئەوەن لەکاتى خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت".
بەرپرسى بۆردى ڕاگەیاندنى یەکێتى لەبارەى دەرکەوتنى کاریگەرى سەردانەکەی بافل تاڵەبانی لەئایندەدا پێیوابوو قورسە پێشبینى کاریگەرییەکان بکرێت، بەڵام دڵنیایى ئەوە بوو، دواى سەردانى سەرۆکى یەکێتى بۆ واشنتۆن پەیوەندى نێوان یەکێتىو واشنتۆن پێدەنێتە قۆناغێکى نوێوە.
کۆبوونەوەی بافل تاڵەبانی و یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەواشنتۆن
هاوکات، بەهجەت ئەحمەد شارەزاى بوارى وزەو گرێبەستە نەوتیەکان بڕواى وایە کۆبونەوەى سەرۆکى یەکێتى لەگەڵ نوێنەرى سەرۆکى ئەمریکا بۆ کاروبارى وزە، کاریگەرى لەسەر کەرتى وزەى هەرێمى کوردستان جێدەهێڵت ئەوەى بۆ ئاوێنە شیکردەوە، لەکۆبونەوەى سەرۆکى یەکێتىو ئەمریکیەکان، بڕوایان وابووە سکێتەرى نەوتى هەرێم سەرکەوتوو نەبووەو گۆڕانکارى تێدا دەکرێت، هاوکات پرسى چارەسەرى غازى هاوەڵ بەوردى باسکراوە، ئەو وتى "ئەمریکا بەمزوانە وەفدێکى دێتە هەرێمى کوردستان بۆ گۆڕانکارى لەپرسى گۆڕانکارى لەسێکتەرى نەوت، هاوکات پشتیوانى کەرتى غازى سروشتى هەرێمى کوردستانیان کردووە بۆ بەکارهێنانى ناوخۆ".
بڕوایەک لەدەرەوەى ڕاى یەکێتىو پارتى هەیە پێىوایە، سەردانەکان زیاد لەپێویست گەورەکراون، بۆیە کاریگەرى گەورەى لێناکەوێتەوە.
مەسعود عەبدولخالق، سەرۆکى دامەزراوەى ستاندەردو خاوەنى بڕوانامەى ماستەر لەپەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان پێىوایە هەر ئەوەى ڕێکەوتنێکى یان مەحزەرێکى نوسراو لەسەردانەکان نەکەوتووەتەوە واتاى ئەوەیە سەردانەکان سەرکەوتوو نەبوونو کورد هێشتا فێرى نەریتى دیبلۆماسى نەبووە، نمونەى ئەوەش دەهێنیتەوە سەردانەکانى تایبەت بە(ڕیفراندۆم بۆ دەرەوە، داڤۆسو کۆنگرەکانى دیکەو ئابورى سەربەخۆ) چى وتراو چى دەرچوو؟
عەبدولخالق وتى "ڕاگەیاندنو خەڵک شیکردنەوەیەکى ڕاست ناکەن بۆ سەردانەکان، هەر بۆ نمونە ئەگەر دواخستنى هەڵبژاردن لەتارانو ئەنکەرە بووایە سەرۆکى حکومەت ناچار نەدەبوو پەنا بۆ دادگاى فیدراڵى ببات کە ناوى نابوو دادگاى سەورە".
ئەو شارەزایە لەپەیوەندى نێودەوڵەتى بڕواشى وایە، کاریگەرى سەردانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بەسەر هەڵبژاردنى کوردستانەوە نابێتو هەڵبژاردن دوانەخراوەو بەهۆى سکاڵایەکەوە وەستاوە، بەڵام ئەوەى پارتى دەیەوێت ئەوە ڕوونادات، ئەو وتى "پارتىو یەکێتى ڕێککەوتنیان نیە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن، ئەوەى هەیە هەڵبژاردن بکرێت یەکێتى دەزانێت پارتى زیاتر زەرەرمەندە بۆیە پێىخۆشە بکرێت".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.