راگەیەندراوی كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم
  2024-05-08       279       

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پشتیوانیی خۆی بۆ بەشداریکردنی بانکی بازرگانی عێراق لە پرۆسەی بەبانکیکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەردەبڕێت و رایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی لە بەرانبەر بەغدا بەجێگەیاندون و چاوەڕێین بەغدا لە زوترین کاتدا، بڕیاری خەرجکردنی شایستەکانی هەرێم بدات لەپێش هەموشیانەوە موچە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.

بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە، سەرۆک وەزیران دوپاتیکردەوە کە هەرچی ئەرک و پابەندییە، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێی کراون و پێویستە حکومەتی فیدراڵیش، موچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و چیتر هیچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی، نەبێتە ڕێگر لەبەردەم ناردنی موچە.

هەروەها بەپێی راگەیەندراوەكە، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی لە بەرانبەر حکومەتی فیدڕاڵی بەجێگەیاندوە و بەردەوام تەرازوی پێداچونەوە (میزان المراجعة)ـی مانگانەی خۆی بە پەسەندکراوی ناردوە بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بە زانیاری تەواو لەسەر داهات و خەرجییەکان و ناردنی لیستی موچەخۆرانی هەرێم بە هەمو داتا و زانیارییەکان و جێبەجێکردنی پابەندییەکان بە گوێرەی یاسای بودجە، "ئیتر چاوەڕێین حکومەتی فیدڕاڵ لە زوترین کات، بڕیاری خەرجکردنی شایستەکانی هەرێم بدات لەپێش هەموشیانەوە موچەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی نیسان و مانگەکانی دواتر."

بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكە تایبەت بوە بە بابەتی بەبانکیکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، لەوبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ بەشداریکردنی بانکی بازرگانی عێراق لە پرۆسەی بەبانکیکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەربڕی، کە بانکێکی حکومی فیدڕاڵیە.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە ڕێکاری پێویست بگرنەبەر لە ناردنی زانیاری پێویست لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی تیمی تەکنیکی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ و بانکی عێراقی بۆ بازرگانی بۆ بەبانکیکردنی موچەی هەرێم و پێشکەشکردنی کارئاسانیی پێویست لەمبارەیەوە.

هەروەها لەبارەی فەرمانبەرانی گرێبەستیش، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لێکۆڵینەوە و بەدواداچونی پێویست بۆ دەستنیشانکردنی مەرج و ڕێکار و میکانیزمی گونجاو بۆ بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست بكرێت و "پێویستە ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیەش لە ماوەیەک کە لە 15 ڕۆژ تێپەڕنەکات تەواو بکرێت و دواتر بخرێتەوە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدات."

دەقی راگەیەندراوەكە:

ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی ئایاری 2023، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.

سەرۆک وەزیران بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، نیگەرانی بەرانبەر سوتانی بازاڕی دێرینی قەیسەریی هەولێر و هاوخەمی لەگەڵ زیانلێکەوتوان دەربڕی و دوپاتی کردەوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردوە لێکۆڵینەوەی پێویست لە هۆکارەکانی کەوتنەوەی ئاگرەکە بکەن، لە هەمانکاتیشدا سوپاسی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاری و ئاسایش و پۆلیس و هێزەکانی ناوخۆ کرد و جەختی لەسەر پابەندبون بە ڕێنماییەکان و ڕێکارەکانی پاراستن و سەلامەتی لە سەرتاسەری هەرێم کردەوە، بە تایبەتی لە شوێنە گشتیيەکان بۆ ڕێگریکردن لە دوبارەبونەوەی ئەو جۆرە ڕوداوە دڵتەزێنانە. هەروەها ئاماژەشی بەوە دا کە هەوڵ دەدەین بە هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت و ڕێکخراوی یۆنیسکۆ، ئەو بازاڕە مێژویی و شوێنەوارییە نۆژەن بکرێتەوە.

بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەکە بریتی بو لە خستنەڕوی دوا پێشهاتەکانی بابەتی موچە و دارایی و پابەندییەکان لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ و ئەنجامی دوا کۆبونەوەی شاندی تەکنیکی هەردولا لە بەغدا سەبارەت بە دەستپێشخەرییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری داهاتە نانەوتییەکان و بەبانکیکردنی موچەی هەرێم.

سەرۆک وەزیران دوپاتیکردەوە کە هەرچی ئەرک و پابەندییە، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێی کراون و پێویستە حکومەتی فیدراڵیش، موچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و چیتر هیچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی، نەبێتە ڕێگر لەبەردەم ناردنی موچە.

دواتر لەلایەن ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران کە حەفتەی ڕابردو سەرۆکایەتيی شاندێکی تەکنیکی حکومەتی هەرێمی کرد بۆ بەغدا، ڕاپۆرتێک لەبارەی ئەنجامی سەردانەکەیان و گفتوگۆکانیان لە گەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە دەستپێشخەرییەکانی هەرێمی کوردستان خرایەڕو سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم و چۆنیيەتی هاوبەشیپێکردنی لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستور و یاسای بودجەی فیدراڵ و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵ و بەدواداچونەکانیان بۆ خەرجکردنی شایستەکانی هەرێمی کوردستان بۆ موچەی مانگی نیسان و تەرخانکراوەکانی دیکەی هەرێم لە خەرجیی تەشغیلی و پرۆژەکانی وەبەرهێنان و پرۆژەکانی پەرەپێدانی هەرێمەکان بە گوێرەی خشتەکانی هاوپێچی یاسای بودجە خستەڕو، کە چەندین پێشنیار و ڕاسپاردەی کۆبونەوەکانی بەغدای تێدابو.

ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و شاندەکەی، جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی لە بەرانبەر حکومەتی فیدڕاڵی بەجێگەیاندوە و بەردەوام تەرازوی پێداچونەوە (میزان المراجعة)ـی مانگانەی خۆی بە پەسەندکراوی ناردوە بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بە زانیاری تەواو لەسەر داهات و خەرجییەکان و ناردنی لیستی موچەخۆرانی هەرێم بە هەمو داتا و زانیارییەکان و جێبەجێکردنی پابەندییەکان بە گوێرەی یاسای بودجە، ئیتر چاوەڕێین حکومەتی فیدڕاڵ لە زوترین کات، بڕیاری خەرجکردنی شایستەکانی هەرێم بدات لەپێش هەموشیانەوە موچەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی نیسان و مانگەکانی دواتر.

سەبارەت بە بابەتی بەبانکیکردنی موچەخۆرانی هەرێميش، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆک وەزیران، وردەکاری و ڕونکردنەوەی پێویستی لەبارەی پرۆسەی بەبانکیکردنی موچە خستەڕو. ئاماژەی بەوە دا، کە لە لەگەڵ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) ڕێککەوتین ئەو بانکەش بەشداربێت لە پرۆسەی بەبانکیکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، پرۆسەکەش بەردەوامە.

ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ بەشداریکردنی بانکی بازرگانی عێراق لە پرۆسەی بەبانکیکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەربڕی، کە بانکێکی حکومی فیدڕاڵیە.

سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە ڕێکاری پێویست بگرنەبەر لە ناردنی زانیاری پێویست لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی تیمی تەکنیکی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ و بانکی عێراقی بۆ بازرگانی بۆ بەبانکیکردنی موچەی هەرێم وپێشکەشکردنی کارئاسانیی پێویست لەمبارەیەوە.

بڕگەی دوەم گفتوگۆکردن بو لەبارەی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان گەیشتۆتە 30 هەزار و 672 فەرمانبەر، کە لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکی هاوبەش لە لایەن وەزارەت ولایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادەکرابو و وردەکارییەکەی لە لایەن سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنەوە خرایەڕو.

ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەربڕینی پشتیوانی بۆ داخوازی فەرمانبەرانی گرێبەست کە هێزێکی کاری بەرچاون لە ناو دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم و بە گرنگیەوە لە ڕۆڵ و بەرپرسیارێتیان دەڕوانێت، لەم ڕوانگەیە و لە پێناوی گەڵاڵەکردنی بڕیارێکی دروست لەم بارەیەوە لە ڕویی یاسایی و کارگێڕیی وداراییەوە تا ئەم فەرمانبەرانەش، هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی مافەکانیان پارێزراو بێت، ئەنجومەن بڕیاریدا لێکۆڵینەوە و بەدواداچونی پێویست بۆ دەستنیشانکردنی مەرج و ڕێکار و میکانیزمی گونجاو بۆ بەهەمیشەییکردنی ئەو فەرمانبەرانە بكات کە بە ڕێکارە یاساییەکان دەتوانن ببنە هەمیشەیی و پێویستە ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیەش لە ماوەیەک کە لە 15 ڕۆژ تێپەڕنەکات تەواو بکرێت و دواتر بخرێتەوە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدات.

لە کۆتاییدا بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕاپۆرتێکی پوختی پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیران کرد لەبارەی ئەنجامی سەردانی ئەمدواییەی شاندی وەزارەتەکەیان بۆ بەغدا تایبەت بە بابەتەکانی وەرگرتنەوەی گەنمی ئەمساڵی جوتیارانی هەرێم و بەگەڕخستنی پڕۆژەکانی بەنداو لە هەرێم و برەودان و دروستکردنی پڕۆژەکانی ئاودێریی لە هەرێم و سود وەرگرتنی جوتیاران لە دەرفەتەکانی خزمەتگوزارییە کشتوکاڵییەکان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق.

ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە وەزیری کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو و شاندی وەزارەتەکەی بۆ هەوڵ وماندوبونیان، جەختیکردەوە کە ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵە مافە دەستوریەکانی هەرێم دابین بکات لە سودمەندبون لە پڕۆژەکانی بەنداو و ئاودێریی و داکۆکیکردن لە ماف وشایستەکانی جوتیارانی هەرێم لە بەغدا بۆ وەرگرتنەوەی بەرهەمی ئەمساڵی گەنم وسودمەندبونی جوتیاران لە هەمو ئەو خزمەتگوزارییە کشتوکاڵیانەی لە بەغدا بۆ جوتیارانی ناوچەکانی دیکەی عێراق دەستەبەر کراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×