ڕۆژنامەیەکی عەرەبی: هەڕەشەکانی تورکیا لە سلێمانی بافڵ تاڵەبانی گەیاندە ئەمریکا
  2024-05-08       203       

ڕۆژنامەی "العرب" ئاشکرایدەکات، بەهۆی هەڕەشەکانی سەرۆك کۆماری تورکیا لە سلێمانی لە پرسی ڕوبەڕوبونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی فشار و هەڕەشەکان گەیشتە واشنتۆن.

ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت، یەکێتی لەلایەن تورکیاوە فشاری لێدەکرێت بۆئەوەی لە شەڕی دژ بە پەکەکە هاوکاریی ئەنقەرە بکات، لەبەرامبەردا هەموو ڕێگەکانی فشارکردن بەکارهێنراوە.

ڕۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە، تورکیا ئاستی هەڕەشەکانی گەیاندووەتە بەکارهێنانی هێز دژی سلێمانی و بۆ ئەوەش نمونەی لێدوانێکی یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیای هێناوەتەوە کە دەڵێت:"بە ڕوونی بە یەکێتی دەڵێین، وەك چۆن سەرۆکەکەشمان وتی، ئەگەر دەتانەوێ لەئارامیدا بژین، ئەوا ناوچەکە لە ڕێکخراوە تیرۆرستییەکان پاک بکەنەوە، کەشێکی نوێ بۆ ژیانی ئاشتیانە لەگەڵ گەلەکەتان دروست بکەن".

ئەوەشخراوەتەڕوو، یەکێتی دەیەوێت لەڕێگەی ئەمریکاوە فشارەکانی تورکیا بۆسەر حزبەکەی و سلێمانی کەمبکاتەوە، بەو پێیەی ئەمریکا پەیوەندییەکی توند و تۆڵی لەگەڵ تورکیا هەیە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×