کچێکی ١٧ ساڵ بەهۆی هەڕەشەکردن لێی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا
  2024-05-08       228       

کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ، کە دانیشتووی سنووری ئاکرێیە بەهۆی فشار و هەڕەشەکردن لێی لەلایەن پیاوێکەوە، ناچاربە خۆسووتاندن دەکرێت و پاش مانەوەی لە نەخۆشخانە ڕۆژی دووشەممە بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتاوییەکەی گیانی لەدەستدا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاوکراونەتەوە، لەمیس فەهد فازلی تەمەن ١٧ ساڵ، دانشتووی سنووری شارۆچکەی ئاکرێیە، سەرەتای ئەم هەفتەیە بەهۆی فشار و هەڕەشەکردن لێی لەلایەن پیاوێکەوە، ئاگر لە جەستەی خۆی بەردەدات و ڕۆژی دووشەممە، بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتاوییەکەیەوە لە نەخۆشخانەی شاری دهۆک گیان لەدەست دەدات.

ڕووداوەکانی کوشتن یاخود ناچار بەخۆکوشتن و گیانلەدەستدانی گوماناویی ژنان لە باشووری کوردستان تا دێت ڕوو لە زیادبوونە، کۆتایی مانگی نیسان وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاوی کردەوە، کە لە ساڵی ٢٠٢٣دا، بە پاساوی “شەرەف” ٣٠ ژن کوژراون و ئەوەش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییەوە بەفەرمی پشتڕاستکراوەتەوە.

هاوکات لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی نیسان ٢٠ ژن کوژراو یاخود بە شێوەی گوماناویی کۆتایی بە ژیانیان هاتووە.

ناچار بەخۆسووتاندن و گیانلەدەستدانی لەمیسیش دەبێتە یەکەم حاڵەت کە لە مانگی ئایاردا ئاشکرا بووبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×