ئا: ئاوێنە
عەلی خامنەیی، رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران، بەپێجەوانەی دیداری لەگەڵ زۆربەی سەرکردەکانی وڵاتاندا کە لەژوورێکی رێکو پێکدا ئەنجام ئەدات، دیدارەکەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەژوورێکی سادەو ساکاردا ئەنجام دا، بریکاری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت "دیداری ئایەتوڵا خامنەیی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی لەژووری کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی دەرەکی ئەنجام نەدرا، بەڵکو لەو ژوورەدا لەگەڵی کۆبوەوە کە لەگەڵ کاربەدەستانی ئێران کۆدەبێتەوە".
بەیتی رەهبەری، کە دەکەوێتە ناوەڕاستی تارانەوە، نوسینگەی ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێرانو شوێنی نیشتەجێبوونی رابەرو نوسینگەو شوێنی دیدارو کۆبوونەوەو چاوپێکەوتنەکانیەتی لەگەڵ خەڵکیو گروپە جیاوازەکانو کەسانی تایبەتو کاربەدەستانی ناوخۆو دەرەوە.
خامنەیی خۆی هەرگیز پێشوازیو یاوەری سیاسەتمەدارانی بیانی ناکات، جێبەجێکردنی ئەم کارە بەسەرۆک کۆمار یان وەزیری دەرەوەو بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتە سپێردراوە، لەبەرئەوە پێویستە سیاسەتمەدارانی جیهان بچنە ماڵی رابەر بۆ دیدار لەگەڵ عەلی خامنەیی.
شوێنو هۆڵو ژوری هەریەک لەم کۆبوونەوەو دیدارانەی خامنەیی، بەپێی زۆریو کەمی ژمارەی بەشداربوانو تەوەری کۆبوونەوەکانو گرنگی کەسەکان، لەلایەن بەڕێوەبەرانی بەیتی رەهبەری بەشێوەیەکی وردو پلان بۆ داڕێژراو دیاریدەکرێتو لەفەزای جیاجیادا بەڕێوە دەچێت.
بەیتی رەهبەری، تۆڕێکی رێکخراوە کە چەندین شارەزای تایبەتی سەربازیو ئەمنیو ڕاوێژکارانی ئایەتوڵڵا خامنەیی لەخۆدەگرێتو بەبازنەی یەکەمی دروستکردنی بڕیاری سیاسیو سەربازیو ئەمنیو ئابوری ئێران دادەنرێت.
ژورێکی بچووک لەماڵی رابەردا هەیە، کە زۆرجار بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی دەوڵەتانو بەرپرسانی فەرمی دەرەکیدا بەکاردێت. ئەم ژوورە هەندێک کورسی ڕەنگی کرێمی تێدایە کە دەستەدارەکانیان ڕەشە. روبەری ژوورەکە بچوکەو کورسییەکان لەیەکەوە نزیکن. عەلی خامنەیی بەزۆری لەم ژوورەدا کە نموویەکی ڕێکو پێکتری هەیە لەگەڵ سەرکردە فەرمییە بیانییەکان کۆدەبێتەوە کە تەنها ئاڵای ئێرانی تیا دانراوەو وێنەیەکی ئایەتوڵا خومەینیش بەدیوارەکەیەوە هەڵواسراوە.
دیداری خامنەییو سودانی
بەڵام ژوورێکی دیکە لەماڵی رابەردا هەیە، کە ماوەی چەند ساڵێکە خامنەیی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ کەسایەتییە نافەرمییەکانی دەرەوەو فەرماندەو بەرپرسانی ئێران بەکاریدەهێنێت، کە ژوورێکی سادەو ساکارەو نەئاڵای ئێران دانراوەو نەوێنەی خومەینی هەڵواسراوە، خامنەیی لەوم ژوورەدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کۆبوەوە.
دیدارەکەی لەگەڵ نێچیرڤان لەم ژوورەدا، قسەو باسو پرسیارێکی زۆری ورژاند، پەیامی هەلبژاردنی ئەم ژوورە بۆ دیداری خامەیی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی چی بوو؟
دیارترین کەسایەتی کە سەبارەت بەم پرسیارە دوای ئەنجامدانی دیدارەکە هاتە دەنگ، حسێن جابری ئەنساری بریکاری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئێران بوو کە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی "دیداری ئایەتوڵا خامەنەئی لەگەڵ ئاغای نێچیرڤان بارزانی لەژووری کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی دەرەکی ئەنجام نەدرا، بەڵکو لەو ژوورەدا لەگەڵی کۆبوەوە کە لەگەڵ کاربەدەستانی ئێران کۆدەبێتەوە. ئەمەش بەواتای ئەوە دێت کە کوردەکانی عێراق لەسەروو پەیوەندیی دراوسیەتییەوەنو لەخۆمانن. هەر واشە. کوردەکان دێرینترین دانیشتووانی دەشتەکانی خاکی ئێرانن. هەنگاوێکی هوشیارانە، جوان، جێی ستایشو هیوابەخشە".
کۆمێنتی بریکاری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئێران دەبارەت بەدیدارەکە
کەواتە ئایا هۆکاری ئەوەی کە عەلی خامنەیی بڕیاریدا لەو ژوورەدا چاوی بەنێچیرڤان بکەوێت، کە بۆ کۆبوونەوەی ئاسایی لەگەڵ سەرکردە دەرەکیەکان بەکارناهێنرێت، ئەوەیە نێچیرڤان وەک "کاربەدەستێکی ئێرانی" سەیر دەکرێت؟ یاخود پەیامەکە ئەوەیە نێچیرڤان بارزانی وەک کاربەدەستی فەرمی وڵاتێک سەیر ناکرێت؟
دیداری ئەحمەد جەبریلو خامنەیی
بەسەرنجدان لەوەی خامنەیی پێشتر لەم ژوورەدا دیداری لەگەڵ چەند کەسایەتییەکدا کردووە کە کاربەدەستی فەرمی وڵاتێک نەبوون، وەک ئەحمەد جبریل-ی سەرکردەی بەرەی گەلی رزگاری فەلەستینی یاخود ئیبراهیم زکزاکی سەرکردەی شیعەکانی نێجیریا بەنمونە.
دیداری شێخ ئیبراهیم زکزاکیو هاوسەرەکەی لەگەڵ خامنەیی
بۆچی بەپێچەوانەی کۆبوونەوەکانی پێشووی لەگەڵ بەرپرسانی دەرەوە، ئەم کۆبوونەوەیە لەژوورێکدا بەڕێوەچوو کە تەنها بۆفیەکی بچوکی تیایە کە وێنەی یەکیک لەمەرجەعە دیارەکانی شیعەی سەرەتای سەدەی بیستەمی لەسەر دانراوەو بۆ نوێژی جەماعەت وەستاوە، کە ئەویش ئایەتوڵڵا سەید عەبدولحسێن لاری-یە، ئەو ئایەتوڵایەی فەتوای جیهادی لەدژی داگیرکاریی ئینگلیز لەسەروەختی جەنگی یەکەمی جیهانیدا راگەیاند.
نێچیرڤان بەگۆرەوییەوەو خامنەیی بەنەعلەوە
ئەوەی جێی سەرنجە لەم ژوورەدا کە دوو سێ کتێب بەناڕێکی لەبۆفیەکەدا دانراون، نێچیرڤان پێلاوی لەپێدا نییەو بەگۆرەییەوە دانیشتوەو رابەریش جووتێ نەعلی هاوینەی لەپێدایە!
قاسمی سلێمانیو خامنەیی
وەک بەوێنەکانی دیکەی دیدارەکانی پێشووی رابەری ئێران لەگەڵ بەرپرسە گرنگەکانی ناوخۆ دەردەکەوێت کە پێشتر هەمان ژووری بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی بالاو پلە یەکی ئێران بەکارهێناوە، وەک کۆبوونەوە لەگەڵ قاسمی سلێمانی فەرماندەی ناوداری هێزی قودسی سوپای پاسداران، کە لەهەمان شوێنی نێچیرڤان دانیشتوە. ئەمەش بەدیوێکی دیکەدا ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە کە رابەری کۆماری ئیسلامی بایەخێکی زیاتر لەمیوانێکی دەرەکی بۆ نێچیرڤان لەبەرچاوگرتوە، کە لەم ژوورەدا دیداری لەگەڵ کردوە شوێنی کۆبوونەوە تایبەتیەکانیەتی.
کۆی ژووری کۆبوونەوەکە
خامنەییو میدیاکانی کۆماری ئیسلامی هەمیشە ئیش لەسەر نمایش کردنی سادەیی رابەرو سادەیی شوێنی نیشتەجێبوونو دیدارو کۆبوونەوەکانی ئەو دەکەن، بۆ نمونە لەمبارەوە نوسیویانە "رابەری مەزن، لەژوورێکدا کە درزێکی گەورە کەوتوەتە دیوارەکەیەوە، کورسیو مێزی سادە لەتەنیشت بۆفیەکی بچوکی کتێبەوە، کە سادەییەکەی بەڕوونی دیارە، هەموو ئەمانە سادەیی رابەرێکی مەزن نیشان دەدەنو تەنها چەند نموونەیەکن لەژیانی سادەی ئەو، ڕەنگە لەهیچ شوێنێکی جیهاندا کۆبوونەوەی بەرپرسی باڵای وڵاتێک لەگەڵ سەرۆکی وڵاتانی دیکە لەژوورێکی وا سادەدا ئەنجام نەدرێت"!