ئێران ستایشی نێچیرڤان‌و سەرکۆنەی مەسرور بارزانی دەکات
  2024-05-07       2661       
لاپەڕە یەکی رۆژنامەی هفت صبح

ئا: ئاوێنە

 

بەبۆنەی سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بۆ تاران، دوای تێپەڕینی ٤ مانگ بەسەر موشەکبارانی هەولێر لەلایەن سوپای پاسداران‌، رۆژنامەی "هفت صبح" کە رۆژنامەیەکی نزیک لەباڵی توندڕەویی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، لەراپۆرتێکدا ستایشی "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆکی هەرێم‌و سەرکۆنەی "مەسرور بارزانی" سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و باوکیشی دەکات.

 

"هفت صبح" لەراپۆرتەکەیدا بەناوی "٦ خاڵ دەربارەی بارزانیەکان‌و پەیوەندییان لەگەڵ ئێران"، ئاماژە بەوە دەکات کە کاتژمێر حەوتی بەیانی یەکشەممە ٥ی ئایار، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دوای سێ ساڵ لەدۆخی ناتەبایی نێوان هەرێمی کوردستان‌و تاران، گەیشتە ئێران، ئەو یەکێکە لەو سیمایانەی بنەماڵەی بارزانی کە پەیوەندیەکی باشیان لەگەڵ تاران هەیە. پەیوەندییەکانی نێوان بارزانییەکان‌و ئێران لەساڵانی ڕابردوودا تا ئەندازەیەک گرژو ئاڵۆز بووە، لەمانگی یەکی ئەمساڵدا گرژییەکان هێندە پەرەیان سەند کە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی هەڵوێستی توندو بێوێنەی دژ بەئێران راگەیاند. بەڵام ئێستا وا دیارە جارێکی تر هەردوولا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە ڕەچاوی پەیوەندیی دۆستانەی نێوانیان بکەن.

 

رۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە پەیوەندی بنەماڵەی بارزانی لەگەڵ ئێران دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی چلەکانی سەدەی رابردوو، کە مستەفا بارزانی لەساڵی ١٩٤٢دا لەگەڵ بنەماڵەکەی کۆچیان کرد بۆ ئێران، بەڵام بارزانیەکان هەرگیز نەیانتوانی هەمان پەیوەندی لەگەڵ تاران دروستبکەن کە بنەماڵەی تاڵەبانی لەگەڵ ئێران دایانمەزراند.

 

"هفت صبح" ئاماژە بەوە دەکات کە لەنێو ئەندامانی بنەماڵەی بارزانیدا، نێچیرڤان پەیوەندییەکی باشتری لەگەڵ تاران هەیە. ئەو لەساڵی 1966دا لەدایکبووە، نەوەى مەلا مستەفا بارزانییەو هاوسەرگیری لەگەڵ کچی مەسعود بارزانی کردووەو کوڕی ئیدریس بارزانی برای مەسعود بارزانییە. کاتێک نێچیرڤان تەمەنی ٩ ساڵ بوو، بەهۆی بۆردومانکردنی ناوچە کوردنشینەکانی عێراقەوە، ئەم وڵاتەی بەجێهێشت‌و لەگەڵ بنەماڵەکەیدا چووەتە تاران. لەزانکۆی تاران زانستە سیاسییەکانی خوێندووەو دواتر وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەمیشە دووپاتی کردووەتەوە کە تاران لەپاڵ کوردەکانی عێراقدا ڕاوەستاوە. دیارە نەیارانی ڕەخنەیان لەپەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ ئێران گرتووە. ناوبراو لەساڵی ڕابردوودا ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان ڕێگە نادات خاکەکەی بۆ هەڕەشەی ئەمنی دژ بە ئێران بەکاربهێنرێت. بەشێک لەنەیارانی توندڕەوو ڕادیکالی نێچیرڤان بارزانی پێیانوایە ئەم سیاسەتمەدارە عێراقییە کەشخەو رێکپۆشە زیاتر لەوەی دڵسۆزی هەرێمی کوردستان بێت، دڵسۆزیی خۆی بۆ ئێران دەردەبڕێت.

 

 "هفت صبح" باس لەوە دەکات کە مەسعود بارزانی ناودارترین کەسایەتی بنەماڵەی بارزانییە، هەمیشە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران لەهەڵکشان‌و داکشان‌و ناڕێک بووە. هەرگیز مەسعود بارزانی نەیتوانی لەدڵسۆزیدا بۆ ئێران هاوشێوەی جەلال تاڵەبانی بێت یان پەیوەندییەکی دۆستانەو خۆشەویستییەکی هاوشێوەی تاڵەبانی لەلایەن ئێرانەوە بۆ خۆی دەستەبەر بکات. وێڕای ئەوەش مەسعود بارزانی بەشێوەیەکی گشتی هەوڵیداوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران بەشێوەی دوریی‌و دۆستی بەڕێوە ببات. مەسعود بارزانی لەساڵی 1946 لەشاری مەهاباد لە دایکبووە.

 

"هفت صبح" ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقە. بەراورد بەنێچیرڤان پەیوەندیەکی ساردی لەگەڵ ئێران هەیەو هەندێکجار هەڵوێستی دژ بەئێران رادەگەیەنێت، بەڵام بەگشتی هەڵوێستی مەسرور وەک ئەندامانی تری بنەماڵەکەی، ڕێزگرتنه لەیەکپارچەیی خاکی ئێران‌و پاراستنی پەیوەندییەکانی هەرێمە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ. مەسرور بارزانی پەیوەندییەکی نزیکتری لەگەڵ ڕۆژئاواو بەتایبەت ئەمریکادا هەیە تا وڵاتانی دراوسێ. لەمانگی یەکی ئەمساڵدا لەکاردانەوە بەهێرشی موشەکی ئێران بۆ سەر هەولێر، خوازیاری روبەڕوبوونەوەی ئێران بوو، داوای لەحکومەتی عێراق کرد کە هێرشەکانی ئێران بێ وەڵام نەمێننەوە. مەسرور بەپێچەوانەی مەسعودی بابیەوە، زمانێکی زبری هەیەو باکی نییە لەوەی بکەوێتە بەرەی دژ بەئێرانەوە.

 

بەپێی راپۆرتەکە، پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی لەم چەند ساڵەی دواییدا بەهۆی پێداگریی مەسعود بارزانی لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ جیابونەوەی کوردستانی عێراق گرژ بووەو دوابەدوای هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لەساڵی ٢٠٢٢دا، مەسعود بارزانی هەوڵیدا فشار بخاتە سەر حکومەتی عێراق تا تاران تۆمەتبار بکات‌و کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات هەبێت. هەرچەندە لەساڵی ٢٠١٧ەوە دەستی لەسەرۆکایەتی هەرێم کێشاوەتەوە، بەڵام لەپشت زۆربەی بڕیارە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراقەوەیە. بەهۆی لێدوانەکانی مەسرور بارزانییەوە لەمانگی یەکدا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا دیسان خراپتر بوو. بەڵام وادیارە نێچیرڤان ئێستا دەستپێشخەری کردووە بۆ دامەزراندنی ئاشتیەکی سەقامگیرو فراوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران.

 

"هفت صبح" ئەوە رووندەکاتەوە کە هێرشی ئێران بۆ سەر هەرێمی  کوردستان لەمانگی یەکی ئەمساڵدا بەیەکێک لەتوندترین هێرشەکانی سەر ئەم ناوچەیە دادەنرێت، بەڵام ڕووداوێکی لەو شێوەیە پەیوەندییەکانی نێوان تاران‌و بەغدای ڕانەچڵەکاند، لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەریی نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان‌و بەتایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەبوو. ئێستا چوار مانگ دوای ئەم ڕووداوە، بوونی نێچیرڤان بارزانی لەتاران دەریدەخات کە هەرێمی کوردستان ئامادەیە پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ ئێران دەستپێبکاتەوە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×