ئا: میهرەبان سەلام
هەورامان یەکێکە لەناوچە دڵڕفێنەکانی کوردستان کە خاوەنی کلتورو فەرهەنگ، گۆرانیو ئاوازو جلوبەرگی تایبەت بەخۆیەتی، ژنان لەهەوراماندا رۆڵێکی گرنگیان لەبەرهەمهێنانی ئەم کلتورە دەوڵەمەندەدا بینیوە، کە چوار وەرزەی ساڵ سەرقاڵی کارکردننو چەندین بەرهەمی تایبەت بەخۆیان هەیە.
زەینەب کامیل، دانیشتووی بیارەو مامۆستایە، ئەو جگە لەکاری پەروەردەو فێرکردن، وەک زۆرێک لەژنانی دەستڕەنگینی هەورامان خەریکی چنینی کڵاشە.
زەینەب ئاماژە بەوە دەکات کە کڵاشچنین پیشەیەکی کۆنو دێرینی تایبەت بەهەورامانە، کە بەرهەمهێنانی پێویستی بەسەلیقەو هونەرە، ئەو وتی "جاران کڵاشچنین کاری پیاوان بوو، بەڵام ئێستا زیاتر کاری ژنانەو جوانییەکی زیاتریان بەم پیشەیە بەخشیوە، کە سەڕەرای هەموو گۆڕانکارییەکانی تەکنیکو تەکنەلۆجیاو داهێنانی مۆدەی ئەمڕۆ، هێشتا هەر بازاڕی گەرمەو لەناونەچووە".
وتیشی "چنینی کلاش وردەکاریو بەهرەو زانینو سەلیقەو تاقەتی دەوێ، بۆیە ئێمە توانیومانە ئەو بەھرانە بدۆزینەوە لەخۆمانداو کلاشی ھەورامی لەبازارەکاندا ھەبێت، لەئیستادا تەنھا کلاشی پیاوان نیە، بەڵکو کلاشی ژنانیش ئەچنینو مۆدێلی ھاتوە بەجوانترین شێوە دەیخەینە بازاڕەوە".
کڵاشچنین پیشەیەکی کۆنو دێرینی تایبەت بەهەورامانە
ئەم مامۆستا دەستڕەنگینە ئاماژە بەوە دەکات کە هەورامییەکان خەڵکێکی کردەنو هەر لەکۆنەوە هەوڵیانداوە خۆبژێویی خۆیان دەستەبەر بکەنو بەشێکی گرنگی پێداویستییەکانی ژیانیان بەرهەمهێناوە، هەر لەخۆراکو میوەوە بگرە تا دەگات بەکەوشو جلوبەرگی رەسەنی خۆیان، ئەو وتی "یەکێک لەو ئیشانەی تاوەکو ئێستا ماوەتەوە چنینی کڵاشەو پێشکەوتنو تێپەڕینی کات دەرەقەتی ئەم سەلیقەو هونەرە جوانە نەهاتووە".
وتیشی "ژنانی هەورامان بەدرێژایی سەدان ساڵ هەوڵو کۆششیان کردوەو لەبەرهەمهێنانی پێداویستییەکانی ژیانی رۆژانەدا زەحمەتییان کێشاوە، ماڵداریو منداڵیان بەخێو کردووە، باخداریو ئاژەڵدارییان کردووە، لەوشککردنی میوەو دروستکردنی روبە هەنارو دۆشاوی ترێو لە زۆر بەی کایەکانی ژیاندا بەسەلیقە بوونو شانبەشانی پیاوان کاریان کردووەو بژێوی ژیانی خۆیانو خێزانەکانیان دابین کردووە".
جگە لەکڵاشچنین کە یەکێکە لەپیشە دیارەکانی هەورامان، دیسان نانی هەورامی کە تامو چێژی تایبەت بەخۆی هەیە، بووە بەبراندێکی دیاری ژنانی هەورامان.
نانی هەورامی، خۆشترینو بەتامترینو تەندروسترین" جۆری نانە
حەسیبە مەحمود، ژنێکی بەتەمەنی هەورامانەو سەرقاڵی نان برژاندنە، ئەو باس لەوە دەکات کە دروستكردنی نانی هەورامی نەریتێكی كۆنی ناوچەی هەورامانەو بە"خۆشترینو بەتامترینو تەندروسترین" جۆری نان ناویدەبات، ئەو وتی "ژنانی هەورامان جگە لەوەی لەماڵەوە ئەم جۆرە نانە بۆ خێزانهكانیان دروست دەکەن، لەئێستادا چەندین كارگەی نانی هەورامی لەسنوری پارێزگاکانی هەڵەبجەو سلێمانی كراونەتەوە کە کێبڕکێی نانی بازاڕو سەمون دەکەنو خواستێكی زۆریان لەسەرە، ئەمەش هەلی کاری زیاتری بۆ ژنانی هەورامان رەخساندوەو ژن هەیە خاوەنی کارگەی دروست کردنی نانی هەورامی تایبەت بەخۆیەتی، ئەمە جگە لەوەی چەندین ژن خاوەنی كاری دیکەی تایبەت بەخۆیانن لەهەورامان وەک کەبابخانەو چێشتخانەكانو بەڕێوەبردنی مارکێتو فرۆشگاكان".
حەسیبە، باس لەوە دەکات کە هەورامان ناوچەیەکی سروشتی جوانو شاخاوییە، کەمتر بۆ کشتوکاڵی دانەوێڵە گونجاوەو زیاتر بەباخی گوێزو هەنارو هەنجیرو توو رازاوەیە، ئەم سروشتە سەختە مرۆڤی ئیشکەری بەرهەمهێناوەو هەمیشە وایکردووە ژنو پیاویان بەرگەی سەختی ژیان بگرنو بژێوی ژیانیان بەرەنجو ماندووبوون پەیدا بکەن.
حەسیبە جگە لەدروستکردنی نانی هەورامی، تاوەکو ئێستا بەردەوام خەریکی دروستکردنی دەست پێجەنەی منداڵو کڵاوو لەچکو سەرو فێسی ژنانە بەجوانترین شێواز، ئەو وتی "ئەم ئیشانەی من دەیکەم بەرەو لەناوچوون دەچن، بەڵام من پێمخۆشە بەردەوام بمێنێتەوە، ھەمیشە لەماڵەوە دروستیان دەکەمو لەبازاڕەکاندا ساغیان دەکەمەوەو کڕیاریشیان ھەیە ".
وتیشی "من حەز دەکەم کچە گەنجەکانمان خۆیان فێری دەستڕەنگینی بکەن، بەڵام ئیستا بەبۆنەی کاری زۆرەوە خەریکە ئەم پیشەو دەست رەنگینیانە لەناو دەچن ".
دروستکردنی روبە هەنار
ئەمە لەکاتێکدایە کە لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی بەهاردا، ناوچەی هەورامان بەشارۆچکەو گوندەکانیەوە زیاتر قەرەباڵغیو جموجۆڵیان تێدەکەوێ، هەم بەهۆی زۆری گەشتیارو هەم بەهۆی گرنگیدان بەباخو ڕەزو دەستکردن بەکاری ئاودێری.
لەمیعە سەعید، ژنێکی ناوچەی تەوێڵەیەو بەدەم دورینی شالی بەرگی پیاوانەوە ئاماژە بەوە دەکات کە ژنانی هەورامان ڕۆڵی سەرەکی دەبینن لەبەڕێوەچوونی کاری رۆژانەی ناو باخو گوندەکانداو هیچکات پیاوێک نابینیت بەتەنها کاربکات، هەمیشە ژنیان لەگەڵدایە، ئەو وتی "کارکردنی ژنان شان بەشانی پیاوان لەهەوارمان بووە بەنەریتێکی باو".
پاشان ئاماژەی بۆ شالەکەی بەردەستی کردو وتی "ئەمەی ئیستا لەبەردەستمە کۆتا قۆناغە، بەرهەمهێنانی ئەم شالە کە پیاوان لەبەری دەکەن زۆر قورسەو ھەموو قۆناغێکی چەندین کاتی دەوێت تاوەکو بەرھەم دێت، سەرەتا بەبڕینەوەی بزن دەستپێدەکات، چونکە شالی ئەسلی موی بزنە لەرەنگەکانی شینکی، رەشو سپیە پاش ئەوەی لەلایەن ژنە بەئەزمونەکانەوە موەکە شی دەکرێتەوە پاشان بەتەشی دەڕێسرێتو پاشان رەنگ دەکرێتو پاشان لەلایەن پیاوانەوە ساو دەدرێتو ئنجا دەگاتە لای ئێمەو دەیکەینە قاتی پیاوانە".
وتیشی "دروستکردنی هەر قاتێکی شال بەتەنھا بەپیاو یان ژن ناکرێت، بەڵکو ژنو پیاو پێکەوە ئەم کارە دەکەین تا لەکۆتاییدا ئیشێکی جوانمان دەستدەکەوێ".
ژنانی ھەورامان بەژنانی دەستڕەنگینو پێشەنگو خاوەن پیشە ناسراونو ئەمەش لەژیانی ڕۆژانەیاندا بەتەواوی رەنگدانەوەی ھەبووە، ژنانی هەورامان سکاڵای ئەوەیانە کە ھەریەک لەم پیشەو دەسترەنگینیانەی پێی ناسراون لەکڵاش چنینو سەرو کڵاو شاڵ بەڕێژەیەکی بەرچاو لەبازاردا کەم بونەتەوە، بەڵام وێرای ئەوەش خەڵکی رەسەنی هەورامان لەھەوڵدان بۆ ئەوەی کلتوورو کەلەپوری کوردەواری ناوچەی هەورامان کە زیاتر کاری دەستین، بەپارێزراوی بمێننەوە.
سەرۆکی سەندیکای رستنو چنین لەپارێزگای ھەڵەبجە، ئاڤان ئاوات لەمبارەوە بە"ئاوێنە"ی وت "ئێمە ھەمیشە کارمان لەسەر ئەو پیشانە کردوە کە ھەلی کار بۆ ژنان دەڕەخسێنن وەکو دروومان، بەڵام دواین پڕۆژەمان کردنەوەی خولی مافورو کلاشو شاڵو ھەلاجیو جۆلایی کردنە، چونکە پێمانوایە ئەمە ڕێک کلتورو کەلەپوری ئێمەیەو پێویستە لەناوچون بیپارێزین".
بیارە
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.
FI جێبەجێدەکرێت.