ئا: وریا حسێن
سەرۆک کۆمارى تورکیا لەبەغداد ٢٦ یاداشتی لێکتێگەیشتنی واژۆ کرد، بەڵام لەهەولێر سێ پەیامى بەجێهێشت بۆ کورد، یەکەم: تورکمان بپارێزن. دووەم: بەشدارى شەڕى پەکەکە بکەن. سێهەم: هاوکارى عێراق لەجێبەجێکردنى ڕێکەوتن لەگەڵ تورکیا بکەن.
ڕۆژى ٢٢ى نیسانى ٢٠٢٤، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دواى واژۆکردنى ٢٦ یاداشتی لێکتێگەیشتن لەبوارەکانی ئاسایش، بازرگانی، ئاو، رێگای گەشەپێدانو بوارەکانی دیکە لەبەغداد، گەیشتە هەولێرى پایتەخى هەرێمى کوردستان، پارێزگارى هەولێر بەنەخشاندنى قەڵاى هەولێر بەئاڵاى تورکیاو هەڵکردنى ئاڵا لەشەقامەکانى هەولێر پێشوازى لێکرد، لەئاستى لوتکەى پارتىو سەرۆکایەتى حکومەتى هەرێمو سەرۆکایەتى هەرێم پێشوازى لە ئەردۆگان کرا. لەدیدی بەرپرسانی پارتییەوە سەردانی ئەردۆغان بۆ هەولێر، کە یەکێکە لەکاراکتەرە سەرەکییەکانی سەر شانۆی سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستو سەرۆک کۆماری وڵاتێکی هەرە بەهێزی ناوچەکەیە کە لەئاڕاستەکردنی رووداوە سیاسیو سەربازیو هەواڵگریو ئابورییەکاندا رۆڵێکی کاراو کاریگەر دەبینێت، بایەخو گرنگییەکی گەورەو بەرچاوی هەیە، ئەمە دووەمجارە ئەردۆگان سەردانی هەولێر دەکات، یەکەمجاریان وەک سەرۆک وەزیرانو دووەمجاریش وەک سەرۆک کۆمار.

جیاوازی شێوازی پێشوازی کردن لەئەردۆغان لەبەغداو هەولێر هەرای نایەوە
سەلام عەبدوڵا، سەرنوسەرى ڕۆژنامەى خەباتى زمانحاڵى پارتى بەگرنگەوە لەسەردانەکە دەڕوانێتو واى وێنا دەکات هاتنى ئەردۆگان هاتنى یەکێکە لەهاوپەیمانەکانى ناتۆو دراوسێیەکى خاوەن بەرژەوەندى ئابورى هاوبەشو هاوسنورە، بۆیە هاتنیان بۆ هەرێم گرنگە، ئەو وتی "ئەردۆگان لەوڵاتەکەى خۆیدا ناوى کوردو کوردستان نابرێت، ئەو ئێستا بێت سەردانى هەولێر بکات، من ئەوەم بەلاوە گرنگە".
ئەردۆگان لەتۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس دڵخۆش بوو بەنەخشاندنى ئاڵاى تورکیا لەسەر قەڵاى هەولێرو بەسەرنجڕاکێش ناویبرد، بەگوێرەى ڕاپۆرێکى پڕ زانیارى دامەزراوەى بەناوبانگى "سیتا"ى تورکى، سەردانەکەى ئەردۆگان دوولایەنە بوو، لایەنى یەکەمى ئەوە بوو تورکیا دووبارە پشتگیرى خۆى بۆ پارتى دووپاتکردەوە. دووەم: ئەردۆگان هاوکاریکردنى هەرێمى کوردستانى لەپرسى پاکتاوکردنى پەکەکە خستە سەر مێزەکە، بە بەرپرسانى هەرێمى وت "کاتى لادانى پەکەکەیە لەناو دیمەنى گشتى عێراق".
سەرنوسەرى ڕۆژنامەى خەبات زۆر بەڕوونى باسى ئەوە دەکات هاتنى ئەردۆگان بۆ عێراق خاڵى سەرەکى ئەمنیە، ئەوەش تورکیاو عێراق نایشارنەوە، ئەو وتی "ئەو مەسەلەیە تورکیاو عێراق یەکلایی دەکەنەوە نەک هەرێمى کوردستان".
لەسیاسەتو ستراتیجیەتی تورکیادا، پاراستنی تورکومانو داکۆکی کردن لەپێگەو بوونیان لەنێو پرۆسەی سیاسی عێراقو هەرێم بەگشتیو کەرکوک بەتایبەتی، بایەخێکی گرنگی پێدراوە، کاربەدەستانی تورکیا بەدرێژایی ساڵانی رابردوو لەهەموو دیدارو کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی کورد پێداگرییان لەسەر ئەم بابەتە کردووە.

منداڵێک بەجلی کوردیو منداڵێکیش بەجلی تورکومانییەوە پێشوازیی لەئەردۆغان دەکەن لەهەولێر
هاوکات یەکێک لەبنەما نەگۆڕەکانی سیاسەتی تورکیا دژایەتی کردنی پەکەکە بووە لەهەر شوێنێکی دنیادا چالاکو بەهێز بووبێت، لەم چوارچێوەیەشدا هەمیشە ئەنقەرە خوازیاری ئەوە بووە بەرپرسانی هەرێمو عێراق هاوکاری تورکیا بنو لەڕووی سەربازیی یاخود هەواڵگریو زانیاریو سیخوڕییەوە ئاسانکارییان بۆ بکەن لەدژی پەکەکە، بەپێی ئەو زانیاریانەی بەردەستن لەناو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعییەکان، پشتیوانی لەم داواکارییەی ئەردۆگان نەکراوە سەبارەت بە بەرەنگاربونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پهكهكه)و پێیانوابووە کارێکی بەوجۆرە لەبەرژەوەندیی عێراقدا نییەو نابێت بەغدا بچێتە ژێر باری ئەو داوایەی ئەنکەرەوە تەنها لەئاستی هەماهەنگی لۆجستیو گۆڕینەوەی زانیاریدا نەبێت.
هەرچەندە ئاماژە بەوە دەکرێت کە بەم دواییانە لێکنزیکبوونەوەی ستراتیجیی لەنێوان تورکیاو عێراقدا روویداوەو لەلایەن هاکان فیدان، وەزیری کاروباری دەرەوە بنەماکانی داڕێژراوە. کە جگە لەمەسەلە ئابورییەکان، گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لەڕوانینی عێراق بەرامبەر بەتورکیا لەچوارچێوەی سیاسەتی ئەمنیو شەڕی دژ بەپەکەکە هاتوەتە ئاراوە. سەردانەکانی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەو یاشار گولەر وەزیری بەرگریی نیشتمانیو ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی میت بۆ عێراقو پێکهێنانی ناوەندی هاوبەش لەسەر پرسە گرنگەکانی وەک پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدانو پرسی ئاوو وەبەرهێنانی کۆمپانیا تورکییەکان لەعێراق، لەچوارچێوەی ئەم لێکنزیکبوونەوەیەدان.

سودانیو ئەردۆغان لەبەغدا
ئامانج هەورامى، کادرێکى دیارى ڕاگەیاندنى نزیک لەپارتى کرێکارانى کوردستان "پەکەکە"یە لەبرۆکسل، زانیارى ئەوەى لایە عێراق لەکۆبونەوەى بەغدا نەچووەتە ژێر بارى ئەوەى ڕاستەخۆ بچێتە مەیدانى شەڕو ئەوە بەئەردۆغان دراوە دەتوانن زانیارى هەواڵگرىو لۆجستى پێشکەشى تورکیا بکەن، بۆیە بەڕاى ئامانج، ئەردۆگان بەئاهى ساردى ناکامى گەڕاوەتەوە ئەنکەرە، ئەو بە"ئاوێنە"ى وت "عێراق هیچ بەڵێنێکى بەئەردۆغان نەدا بەشدارى ئۆپراسیۆنى داهاتوو دژى پەکەکە بکات، لەوەش گرنگتر ئەوەیە عێراق دانى بەوەدا نەناوە کە پەکەکە پارتێکى تیرۆرستیە".
ئەو کادرەى ڕاگەیاندنى نزیک لەپارتى کرێکاران هەرچى سەبارەت بەهاوکارى هەرێمى کوردستانە دژى قەندیل، جەختى لەسەر ئەوە کردەوە پارتى وەکو هێزیکى سیاسى دەمێکە چووەتە ناو شەڕى دژ بەپەکەکەوە لەسەردەمى کابینەى نۆهەمیش، هاوکارى پارتى دژى قەندیل گەیشتووەتە لوتکە، ئامانج هەورامی وتی "لەڕووى سەربازىو هەواڵگرىو تەنانەت لەڕووى دارایشەوە ئێستا سەرقاڵى چاککردنى ڕێگاى سەربازین بۆ هێرشى قەندیل، بۆیە ئەردۆگان نەهاتووە بۆ هەولێر تا شتێک نەکرابێت، بەڵکو هاتووە تاوەکو هانى زیاترى پارتى بدات ڕاستەوخۆ بچێتە ناو شەڕەوە دژى گەریلاو شەڕەکە لەبرى ئەوان بکات، چونکە لەمەیداندا تورکیا دانى بەوەدا ناوە شکستى بەرامبەر قەندیل هێناوە".
ئابوریو ئاسایشو ئاو، سێگۆشەی ئامانجەکانی تورکیان لەعێراقدا، لەماوەی ساڵانی رابردوودا تورکیا کێشەی بۆ عێراق دروستکردووە لەبواری ئاوو ئاسایشدا، کە بەدروستکردنی بەنداوو کۆنترۆڵکردنی ئەو بڕە ئاوەی دەڕژێتە ناو خاکی عێراقەوە، ئەم دراوسێیەی خستۆتە تەنگەژەوە، هاوکات بەهۆی هێرشەکانیەوە لەناو خاکی عێراق سەروەری خاکی عێراقی پێشێل کردووەو دەیان گوندی سەر سنوور چۆڵ کراونو چەندین خەڵکی سڤیلیش گیانیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا هەرێمو عێراق، جگە لەوەی سەرچاوەی نەوتو وزەن بۆ تورکیا، هاوکات بازاڕێکی گەورەی ساغکردنەوەی کاڵای تورکیشن.

هاکان فیدان داڕێژەری پرۆسەی لێکنزیکبوونەوەی نێوان تورکیاو عێراقە
لەئێستادا چاوەڕوان دەکرێت تورکیا قۆناغى سێهەمى ئۆپۆراسیۆنى (چنگى هەڵۆ) دژى قەندیل دەست پێ بکات کە تورکیا بەهاوکارى عێراقو هەرێمى کوردستان بەنیازە بەقوڵایى ٣٠ کیلۆمەتر ناوچەى ئارام لەسنورى تورکیا – عێراق دابمەزرێنت، ئامانجى پلە یەکى تورکیا شاخەکانى (زاپ، مەتینا)یە پاشان ناوچە شاخاوییەکانى (مەخمورو گارەو ئاسۆسو قەندیل) دەگرێتەوە، لەسنورى سوریاش (فیشخابوورو شەنگال)ە، تورکیا بەنیازە بەتەواوەتى هاتووچۆى پەکەکە لەنێوان سوریاو قەندیل کۆتایى پێبهێنێت، بەگوێرەى دوا زانیارییە سەربازییەکان ئامادەکارییەکان تەواوکراونو چاوەڕوانى فەرمانن بۆ هێرشکردن.
مەسعود عەبدولخالق، سەرۆکى دەزگاى ستانداردە لەهەولێرو هاوکات یەکێکە لەشیکرەوەکان کە چەندین لێکۆڵینەوەى دەربارەى ستراتیژى جوڵەى هێزەکان هەیە لەعێراق، پلانێکى تورکیا ئاشکرا دەکات کە لەسەردانى ئەمجارەدا خراوەتە بەردەمى عێراقو هەرێمى کوردستان، بەگوێرەى پلانەکە (تورکیاو هەرێمى کوردستانو عێراق) ناوەندێکى (ئۆپراسیۆنى هاوبەش) بۆ ڕووبەڕبونەوەى پەکەکە دروستبکەن، ناوەندەکە بووجەکەى ٥٠% هەرێمى کوردستان بیدات، ٣٠% عێراقو ٢٠%ى تورکیا بیدات. عێراق زۆر بەتوندى ئەو پێشنیارەى رەتکردووەتەوە، عەبدولخالق وتی "بۆ شەڕى پەکەکە تورکیا بەتەنیا ماوەتەوە لەگەڵ پارتىو ئەویش ناتوانێت بەتەنیا ئەو شەڕە بکات، بۆیە من بڕوام وایە لەم خاڵەدا سەردانەکەى ئەردۆگان شکستى هێناوە، بەپێچەوانەوە لەڕووەکانى دیکە سەردانەکەى سەرکەوتوو بووە".
بەبڕواى مەسعود عەبدولخالق خەونەکانى پارتى بۆ دواخستنى هەڵبژاردنو پرسەکانى دیکە کە لەسەر هاتنى ئەردۆغان هەڵیان چنیبوو وادەرنەچوو، پارتى تووشى دابڕانێک بووە لەکۆمەڵگاى نێودەوڵەتىو هاوکات لەناوخۆش، بۆیە ویستیان بەهاتنى ئەردۆگان پیشانى لایەنەکانى دیکەى بدەن هێشتا بەهێزەو ماوەتەوە، ئەوانەشى بەباڵاى سەردانەکە هەڵدەدەن لەسوودى پارتى ماوەیەکى تر دەردەکەوێت وانیە، ئەو وتی "سەبارەت بەو وەسفانەشى پارتى دەڵێت هاوپەیمانێکى ناتۆ سەردانى کردووین، کاتى خۆیشى وتیان شاى ئێران کە هاوپەیمانى ئەمریکایە هاوپەیمانمانە، بەڵام دواتر چى دەرچوو؟".
لەگەڵ ئەو ڕایەی کە بڕواى وایە، ئەرۆدگان لەعێراق شتى دەستنەکەوت، ڕایەکى پێچەوانەش هەیە کە بڕواى وایە "ئەردۆغان لەبەغدا بەرەى تورکیاى بەهێز کردو هەرێمى کوردستانى گۆڕییەوە بەعێراق".

مەسعود بارزانی پێشوازی لەئەردۆغان دەکات لەهەولێر
هەرچەندە تورکیا لەکاتێکدا کە گەمارۆی خستوەتە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بەبیانووی هەبوونی چالاکی پەکەکەوە لەزۆنی سەوزو رۆژانە لێدوانی هەڕەشەئامێز لەدژی یەکێتی رادەگەیەننو ئەم سەردانەی ئەردۆغان وەک پشتیوانی پارتیو بارزانی لێکدەدرێتەوە، کە پابەندبوونی تورکیای بەپاراستنی ئاسایشو سەقامگیریی زۆنی زەرد دووپات کردوەتەوە، بەڵام شێرزاد شێخانى نوسەرو توێژەرى سیاسى کە هاوکات کادرى پێشکەوتووى یەکێتى نیشتمانى کوردستانە، بڕواى وابوو لەم سەردانەدا دیمەنەکە وا خۆى پیشاندەدات ئەردۆگان ڕوو لەعێراقو پشت لەکوردستان دەکات، چونکە تێگەشتووە لەوەى هێز ئێستا لەبەغدایە نەک لەهەولێر، ئەو وتی "هاتنى ئەردۆگان بۆ هەولێر شکڵى بوو بۆ دوو شت بوو، یەکەم: ویستى پارتى هاوکارى تورکمان بکات بەتایبەت لەپارێزگاى کەرکوک. دووەم: بەشدارى شەڕى پەکەکە بکات. بەڵام پێموایە پارتى جگە لەچاوساغىو زانیارى هەواڵگرى لەم دۆخە لاوازەى تێیکەوتووە ناتوانێت ڕاستەوخۆ بەشدارى شەڕێکى لەو جۆرە بکات".
شێرزاد شێخانى، پێشبینى ئەوەدەکات سەردانەکەى ئەردۆگان چەند دەرئەنجامێکى لێبکەوێتەوە، ئەویش تەواوکارى ڕێگاى "حەریرە" کە ڕێگایەکى ستراتیژى گرنگە بۆ تورکیاو لێدان دەبێت لەپێگەى ئابورى پارتىو سەرجەم دەروازە سنورییەکانى دادەخات، هەوڵدان بۆ گەیشتن بەئامانجەکانی پڕۆژەی "رێگای گەشەپێدان"، یەکێکە لەئامانجە ستراتیجییەکانی تورکیا لەعێراقدا، کە بڕیارە بەندەری فاوی عێراق بەتورکیاوە ببەستێتەوەو ڕێڕەوێکی بازرگانی نوێ لەفاوەوە بۆ بەندەری مێرسین دروست بکات لەسەر کەناری دەریای ناوەڕاستو قەتەرو ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیش لەم پڕۆژەیەدا بەشدارن، شێخانی وتی "پارتى هەڵە بوو هەموو هێلکەکانى خۆى خستە سەبەتەى تورکیاوە، بەنەزەری تورکیا بەغدا دەوڵەتەو هەرێمیش کیانێکی لاوازو بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێت".