لیستە نوێکان، دەبنە خۆڵەمێش یان موفاجەئەى هەڵبژاردن؟
  2024-04-15       2119       
کامیلى حاجى عەلى - عەلى حەمەساڵح‌ - لاهور شێخ جەنگى

ئا: وریا حسێن

 

"سێ لیستى نوێ بەشدارى هەڵبژاردن دەکەن، دەڵێن: "پارتى و یەکێتى هیچیان نەماوە بەخەڵکى بڵێن"، چاوەڕوانى زۆرترین دەنگن، بەڵام شارەزایەکى هەڵبژاردن پێشبینى بۆ ئەو لیستانە پێچەوانەیە.

 

سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان ڕۆژى ١٠ى حوزەیرانى ٢٠٢٤ى بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان دیاریکردووە، هەرچەندە بەنافەرمى هەواڵى زۆر بڵاودەکرێتەوە دەربارەى دواخستنى هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێک تاوەکو پارتیش بەشدارى هەڵبژاردت بکات،  بەڵام جەعفەر شێخ موستەفا جێگیرى سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئاماژەى بە کۆتا هەڵوێستى سەرۆکایەتى هەرێمداو وتى "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردن لەوادەى خۆیدا بکرێت".

 

 یەکەمجار دەبێت بەبێ بەشداری پارتی هەڵبژاردن بکرێت لەساڵی ١٩٩٢ەوە تا ئێستا  

 

بەگوێرەى لیستێک لەبەردەستى پەیامنێرى ئاوێنەیە، ١٦٩ کاندیدى سەربەخۆو لایەنى سیاسى بەشدارى ئەم هەڵبژاردنە دەکەن، دابەش بوون بەمل چوار بازنەى هەڵبژاردن‌و  ململانێ بۆ ١٠٠ کورسى پەرلەمانى کوردستان دەکەن.

 

 لەهەولێر یەکێک لەو کاندیدانەى سەربەخۆ خۆى هەڵبژاردووە خاوەنکارێکى بوارى خانووبەرەیە بەناوى سەردار ئازاد، سەردار واى خۆى بۆ ئاوێنە وەسفکرد کەسێکى سەربەخۆیەو بۆیەش بەسەربەخۆ خۆى کاندیدکردووە بڕواى وایە "لەکوردستان خەڵک متمانەى بەلایەنە سیاسیەکان نەماوە، بۆیە ئێستا باو باوى کاندیدى سەربەخۆیە ئەو ئەزموونەش لەبەغداد سەرکەوتوو بوو".

 

سەردار ئازاد وتى "من لەبوارى عەقارات‌و بزنسدا کارى باشم کردووەو خەڵکم ئاگادار کردووەتەوە لەبۆشاییەکانى عەقارات، بۆیە ڕایەکى گشتى لەسەر من دروستبووە دەتوانم ئەو ئەزموونە بەرمە پەرلەمان، لەوێش خزمەتێکى باشتر بەخەڵکى بکەم". وتیشى "لەهەولێر دەنگێکى باش دەهێنم".

 

پارتە سیاسیەکانى (یەکێتى نیشتمانى، نەوەى نوێ‌و گۆڕان‌و کۆمەڵى دادگەرى‌و یەکگرتووى ئیسلامى‌و بەرەى تورکمانى) لیست و کاندیدیان پێشکەشى کۆمسیۆن کردووە، جیا لەوان بۆ ئەم هەڵبژاردنە سێ پارتى نوێ دێنە ناو ململانێکەوە لەوانە لیستەکانى (هەڵوێست، بەرەى گەل، پەیوەندى ئیسلامى).

 

بەرەى گەل، لاهور شێخ جەنگى هاوسەرۆکى پێشووى یەکێتى سەرۆکایەتى دەکات، هەر لەئێستاوە دەستیکردووە بەبانگەشەى هەڵبژاردن لەپلاتفۆڕمەکانى فەیسبووک‌و تیکتۆک بانگەشە بۆ کاندیدەکانى دەکات، خاڵى ئاڵتوونى بانگەشەى لیستەکەش دەیەوێت هەڵبژاردنى پێ گەرم بکات "بنیاتنانى پەرلەمانێکى ڕاستەقینە"یە.

شادومان مەلا حەسەن، سەرۆک لیستى (بەرەى گەل)ە لەهەولێر، بەدوودڵیەوە باسى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى لەگەڵ پەیامنێرى ئاوێنە کرد، چونکە بڕواى وابوو هێشتا وەڵامى ئەو پرسیارە ماوەتەوە ئایا ١٠ى حوەزەیران هەڵبژاردن دەکرێت یان نا؟، بەڵام سەربارى ئەوەش ئامادەیى بەرەى گەلى پیشاندا بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو، دڵنیایدا لیستەکەیان پلانى بانگەشەو هەموو ئامادەکارییەکى کردووە بۆ ئەوەى بچنە ناو ململانێى هەڵبژاردنەوە.

سەرۆکی لیستى بەرەى گەل جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ئەمجارە ململانێى هەڵبژاردن هەموو کوردستان دەگرێتەوە، ئەو قسە باوەى جاران نامێنیت دەوترا "چەقى ململانێکە لەسلێمانیە".  بۆیە کوردستان یەکپارچە پێکەوە ململانێ دەکات بۆ بردنەوەى زۆرترین دەنگ.

شادومان وتی "خاڵى سەرنجڕاکێشى هەڵبژاردن ئەمجارە دروستکردنى پەرلەمانى ڕاستەقینە دەبێت، چونکە ئەمجارە هەموو هێزەکان دەبێت خۆیان لەناو جەماوەر تاقى بکەنەوە، ئێمەش وەکو هەمووان لەناو خەڵکداین".

 

هاوشێوەى بەرەى گەل، پارتێکى نوێ مانگى ڕابردوو یەکەمین کۆنگرەى خۆى لەسلێمانى بەست بەناوى (ڕەوتى هەڵوێستى نیشتمانى)، ئەم رەوتە پێکهاتوون لە(کادرانى پێشووى گۆڕان‌و هاوپەیمانى دیموکراسى‌و داپەروەرى‌و چەند کەسێکى سەربەخۆ)و سێ کەس سەرپەرشتى دەکەن، پێکهاتوون لە(عەلى حەمەساڵح‌و ڕێبوار کەریم مەحمودو غالب محەمەد) پەرلەمانتارانى پێشووى عێراق‌و کوردستان. هەر پێش ئەوەى دروست بێت بەشێک لەکارەکتەرە سەرەکییەکانى لێجیابوونەوەو بەبێ دەنگى چونەوە ماڵ کە دیارترینیان (ستافى ستاندەرو یوسف محەمەد سەرۆکى پێشووى پەرلەمانى کوردستان) بوون، ئەم ڕەوتە ئێستا عەلى حەمە ساڵح پەرلەمانتارى پێشووى کوردستان سەرۆکایەتى دەکات‌و "پرسى مووچە" خاڵى ئاڵتوونى بانگەشەکەیەتى.

بەدەل بەروارى، ئەو مامۆستایەى کە یەکێک بوو لەدەستگیر کراوەکانى بادینان ئەندامى دەستەى دامەزرێنەرى ڕەوتى هەڵوێستە ئەوە بۆ پەیامنێرى ئاوێنە باس دەکات ئەوان لەسلێمانى‌و دهۆک هەموو ئامادەکارییەکیان تەواو کردووە، لەهەولێرش لەتەواوبووندان، بۆیە ئەوان نەک ئامادەن بۆ هەڵبژاردن بەڵکو هەر لەئێستاوە دەستیان بەبانگەشەى ناڕاستەوخۆ کردووە.

ئەو مامۆستایایە کارەکتەرى دیارى ناڕەزایەتى مامۆستایانى بادینانەو زۆرترین سەردانى بەغداى کردووە بۆ پرسى مووچەى فەرمانبەران، بڕواى وایە "یەکێتى‌و پارتى کارتەکانیان سوتاووەو هیچ شتێکیان نیە بانگەشەى بۆ بکەن، تەنها ئەوەیە لەڕێگەى فشارەوە لەمووچەخۆرەکانیان دەیانەوێت دەنگ بەرن، بەڵام هەڵوێست لەکاتى خۆیدا ئاشکراى دەکات کە فۆکەسى بۆ بانگەشە لەسەر چیە".

ڕەوتى هەڵوێست، بەگوێرەى زانیارییەکان، زۆرترین سەرمایەیان لە دووشت خەرجکردووە: یەکەم، چۆن بتوانن دەنگى بایکۆت کە بەگوێرەی دواهەمین هەڵبژاردن دەکاتە زۆرینەى دەنگدارانى کورد بەڕێژەى ٦٥.١% کۆى دەنگدەرانى هەرێمى کوردستان. دووەم، مووچەو بەنیشتمانیکردنى مووچەو داوکارى چینە ناڕازییەکان.

بەدەل بەروارى ئەوەى بەئاوێنەش وت "پرسى مووچە یەکێک ئەبێت لەخاڵە گرنگەکانى هەڵبژاردن، ئەمجارە چەقى ململانێکان لەهەولێرو دهۆک دەبێت".

 

بزوتنەوەى پەیوەندى ئیسلامى، بەسەرۆکایەتى کامیلى حاجى عەلى بەهۆى ناکۆکى لەگەڵ ڕابەرى پێشووى بزووتنەوە باڵێکى لەو حیزبە جیاکردەوە بەفەرمى خۆى بۆ هەڵبژاردن تۆمار کرد، ئەویش لیستێکى نوێیە، بەوتەى بەرپرسەکانى، "ئەوان بۆ چاکسازى جیابوونەوەو لەهەڵبژاردن گوتارییان چاکسازى دەبێت".

کەمال نورى، ئەندامى سەرکردایەتى بزوتنەوەى پەیوەندى ئیسلامى ئاشکرای دەکات، بۆ هەڵبژاردن پەیامى حیزبەکەیان چاکسازى ڕیشەیى دەبێت لەحکومەتى هەرێمى کوردستان‌و دڵنیایى دەدات حیزبەکەى ئامادەکارى تەواوى کردووە بۆ ئەوەى بچێتە ناو کێبرکێى هەڵبژاردنەوە، ئەو بەئاوێنەی وت "ئێمە بۆیە حیزبێکمان جیاکردەوە چاکسازى بکەین، ئەگەر هەڵبژاردن کرا ئەوا بەدڵنیایەوە خەڵک ئامادەکارییەکانى ئێمەو کاندیدەکانمان دەبینێت".

وتیشی "هەوڵێکى چڕو پڕمان خستووەتە گەڕ بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن".

 

لەهەرێمى کوردستان زیاتر لە ٣ ملیۆن‌و ٤٢٠ هەزار کەس مافى دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیە تەنها ٢ ملیۆن‌و ٣١٦ هەزار کەس کارتى بایۆمەترىیان هەیە، بەو پێیەش زیاتر لەیەک ملیۆن‌و ١٠٤ هەزارکەس کە مافى دەنگدانیان هەیە ناچن بۆ دەنگدان، بەگوێرەى توێژینەوەیەکى تایبەت بەهەڵبژاردن کە لەلایەن هەڵشۆ عەبدولفەتاح شارەزا لەبوارى هەڵبژاردن کراوە لیستە نوێکان نەک ناتوانن پارتە دەسەڵاتدارەکان تێپەڕبکەن، بەپێچەوانەوە ئۆپۆزسیۆنى کۆن کە پێکهاتووە لە(نەوەى نوێ‌و کۆمەڵى دادگەرى‌و یەکگرتووى ئیسلامى) تێپەڕ ناکەن‌و ناتوانن ببنە ژمارەى گەورە.

 

هەڵشۆ عەبدولفەتاح، کە ئەزموونێکى فروانى لەبوارى هەڵبژاردن هەیە لەگەڵ پەیامنێرى ئاوێنە هەڵسەنگاندنى خۆى بۆ لیستە بچوکەکان باسکردو بڕواى وابوو "لەڕووى دارایى‌و دامەزراوەییەوە خاڵى  لاوازیان زۆرەو تواناى ڕکابەرییان لەگەڵ دەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆنى پێشوو نیە".

ئەو شارەزایەی بوارى هەڵبژاردن جەخت لەوە دەکاتەوە هاتنە ناوەو دەرکەوتنى هێزە نوێیەکان بۆ هەڵبژاردن کاریگەر نیە، بۆیە ژمارەى کورسییەکانیشیان کەم دەبێت‌و زیاتر دەنگەکان پەرت دەکەن، ئەو وتى "دەنگى لیستە تازەکان لەئاستى خواستی خۆیان نابێت، بۆیە کاریگەرى دەکاتە سەر کارکردنى ئایندەیان".

هەرچەندە هەڵسەنگاندنەکان بۆ لیستە نوێیەکان ئومێدبەخش نیە، بەڵام دواجار ئێرە عێراق‌و هەرێمی کوردستانە ئەگەرى هەیە لەدوا ساتدا مێزەکە قڵپ بێتەوەو ئەوان ببن بەموفاجەئەى هەڵبژاردن.

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×