ئا: ئاوێنە
ئەم شەڕەی ئێستا لەنێوان ئیسرائیل لەلایەکو رێکخراوی حەماسو حزبوڵای لوبنان لەلایەکی دیکەوە روودەدات، یەکێکە لەتوندوتیژترین ئەو جەنگانەی مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەخۆیەوە بینیویەتی، سەرکردەکان بەوپەڕی گوڕو تینەوە شەڕی مانو نەمان دەکەن، لەبەرئەوەی لەم ململانێیەدا هەر کوڕی خەڵکیان بەکوشت نەداوە، بەڵکو کوڕو نەوەو برای خۆیان لەپێناوی بەدیهێنانی ئامانجەکانیاندا گیانیان لەدەستداوەو لەشەڕدا خوێنیان رژاوە.
چەند مانگێک لەمەوبەر کاتێک، "عەباس"ی کوڕی "محەمەد رەعد"ی سەرۆکی فراکسیۆنی حزبوڵا لەهێرشێکی فڕۆکەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی حزبوڵا لەباشوری لوبنان گیانی لەدەستدا، باوکی لەکاتی بیستنی هەواڵەکەدا بەدەم بزەوە وتی "گللەیی لێبێت کە لەشەهیدبووندا پێشمکەوت"!
بەدوای ئەم لێدوانەدا، سەرکردەیەکی مارۆنیەکانی لوبنان سەرسامی خۆی بەرامبەر بەو ورەو گیانی بەرخودانو فیداکارییە دەربڕی کە سەرکردە شیعەکانی حزبوڵا هەیانەو لەبری ئەوەی کوڕەکانیان بنێرن بۆ ئەوروپاو ئەمەریکا بۆ خۆیان بخوێنێنو رابوێرێن یان ئامادەیان بکەن بۆ ئەوەی سەرۆکایەتیو دەسەڵاتو سەروەتو سامانیان بەمیرات لەدوای خۆیان بۆ بەجێبهێڵن، وەک کوڕی ئەو خەڵکەی دەجەنگن لەمەیدانی جەنگدا گیانیان بەخت ئەکەنو رەگوریشەیان لەنیشتماندا دادەکوتن.
عەباس، یەکێک بوو لەو دەیان کوڕی سەرکردەو فەرماندانەی حزبوڵا کە لەشەڕی دژ بەهێزەکانی ئیسرائیلدا گیانیان لەدەستدا، پێشتریش "هادی" کوڕە گەورەی حەسەن نەسروڵای سەرکردەی ئێستای حزبوڵا لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە کوژراو تەنانەت "عەباس موسەوی" سەکردەی پێشووتری حزبوڵای لوبنانو دەیان فەرماندەی دیاری دیکەیان لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون.
ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە ئەو ڕۆڵەی سەرکردەکانو کوڕەکانیان لەشەڕدا دەیگێڕن، "شۆ" یان "نمایشی" نییە، بەڵکو شەڕێکی ڕاستەقینەیەو کوڕو منداڵی بەرپرسانو سەرکردەکانی ناو ئەم حیزبە جیاوازییان لەگەڵ ئەندامانی دیکەی ناو حیزبدا نییەو لەبەرەکانی پێشەوەی شەڕدا ئامادەنو ڕووبەڕووی مەترسیی جۆراوجۆرو گیان بەخت کردن دەبنەوە.
سەرکردەکانی حەماسو کوڕەکانیشیان بەهەمان شێوە، رۆژی ١٠ی نیسان، لەبۆردومانێكی سوپای ئیسرائیلدا لەغەزە، سێ كوڕو سێ نەوەی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزوتنەوەی حەماس کوژران. سێ كوڕەكەی ناویان حازم، ئەمیرو محەمەدو سێ نەوەكەشی ناویان ئامال، خالدو رەزان بوە.
ئیسماعیل هەنیە لەدوای كوژرانی كوڕو نەوەكانی، لەپەیامێكدا وتی "دوژمن دەیەوێت لەڕێگەی كردنە ئامانجی منداڵی سەركردەكانو شكاندنی شكۆی گەلەكەمانەوە، سازش بەدەستبهێنێت، بەڵام دەدۆڕێت، خوێنی منداڵی سەکردەکان لەخوێنی کوڕی خەڵکی رەنگینترو بەنرختر نییە".
کوڕەکانو نەوەکانی هەنیە، تەنها کوڕو نەوەی سەرکردەیەکی حەماس نییە کە لەشەڕدا گیان لەدەست ئەدەنو خوێنیان دەڕژێت.
محەمەد زەيف، کە بەئەندازیاری دروستکردنی ئەو تونێلانە دادەنرێت ڕێگەی بەچەکدارانی حەماس دا لەغەزەوە بچنە ناو ئیسرائیلەوەو دامەزرێنەری کەتائیبی قەسام-ە، هاوسەرەکەیو دوو منداڵی لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە کوژراوە.
مەحمود ئەلزەهار، ئەندامی سەرکردایەتی سیاسی بزوتنەوەی حەماس، دوو کوڕی لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراوە.
مەروان عیسا، جێگری فەرماندەی گشتی کەتایبی عێزەدین قەسامو ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس، برایەکی لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە کوژراوە.
تەنانەت دامەزرێنەری بزوتنەوەی حەماسیش، شێخ ئەحمەد یاسینو چەندان سەرکردەو فەرماندەو کوڕەکانیان بەدرێژایی ساڵانی رابردوو لەم ململانێو شەڕە سەختەدا گیانیان لەدەستداوەو خوێنیان رژاوە.
لەبەرامبەریشدا، بنیامین نەتانیاهۆ هەیە، کە بە"پاشای ئیسرائیل"یەکان دادەنرێو یەکێکە لەتوندڕەوترین ئەو جووانەی بەرامبەر بەفەلەستینییەکان جەنگاوەو شانازی بەوەشەوە دەکات کە زۆرترین فەلەستینی کوشتووە یان خوێنی سەرکردەو بن کردەکانی بزوتنەوەی حەماسو حزبوڵای لوبنانی رشتووە. ئەوەی هاندەریەتی بۆ ئەم توندوتیژییو شەڕە بەم گوڕو تینەوە، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ کوشتنی براکەی بەدەستی فیداییە فەلەستینییەکان، کە بەیەکێک لەئیلهام بەخشەکانی ژیانی دادەنێت.
لەبەرئەمەیە ئێستا شەڕ لەنێوان ئەم بەشەڕهاتووانەدا بەوپەڕی توندوتیژییەوە بەمجۆرە بەڕێوەدەچێت، هەر سەرکردەو فەرماندەیەکی بەشەڕهاتووە بەوپەڕی قەساوەتو زەبروزەنگەوە بەرامبەرەکەی دەکوژێو دەیەوێ تۆڵەی خوێن رژانی کوڕو براو جەرگ سوتانی خۆی بکاتەوە.