حیزبه‌كان یان بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی گرێکوێرەی‌ موچه‌ی كرده‌وه‌؟
  2024-04-06       1663       
"پێویستە به‌رپرسان بچنه‌ به‌رده‌م خه‌ڵك‌و لەئاست خۆراگریان سەردانەوێنن‌و داوای لێبوردن بکەن"

ئا: ئاوێنه‌

 

دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کە لەسەر بنەمای سکاڵای ژمارەیه‌ک مامۆستاو موچەخۆر دەرچو، هێواش هێواش گرێکوێرەو کێشەی نەناردن‌و دواكه‌وتنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەرەو کرانەوەو چارەسەر کردن دەچێت. 
ئەوەی جێگای سەرنجە، لەم کاتەداو لەگەڵ دەرکەوتنی چارەسەرەکان، پارتی‌و یەکێتی‌و چه‌ند حیزب و لایه‌نێكی‌ دیكه‌ هەڵمەتی میدیاییان ده‌ستپێكردوه‌و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بەهەوڵی سەرکردەکانی ئەوان کێشەکە چارەسەرکراوە.

 

سه‌ره‌تای‌ كێشه‌كه‌

سەرەتای دەرکەوتنی قەیرانی دارایی لەهەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014، ئەو کاتەی هەردو حیزبی دەسەڵاتدار لەکابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێم كه‌ لەلایەن نێچیرڤان بارزانی‌و قوباد تاڵەبانییه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرا، بانگەشەی ئابوری سەربەخۆیان کردو نه‌وتی‌ هه‌رێمیان سه‌ربه‌خۆو به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا ڕه‌وانه‌ی‌ توركیاو بازاڕه‌كانی‌ جیهان كرد.

دوای‌ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وت‌و ڕاگرتنی‌ به‌شه‌بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ عێراقه‌وه‌، قه‌یرانی‌ دارایی‌و دواكه‌وتن‌و پاشكه‌وت‌و لێبڕینی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌ستیپێكرد، ئه‌وه‌ی‌ زیاتریش قه‌یرانی‌ دارایی‌و  دواکەوتنی موچەی موچۆخۆران چڕكرده‌وه‌، بڕیاره‌كه‌ی‌  دادگای ناوبژیوانی پاریس بو كه‌ له‌رۆژی 25ی 3ی 2023 هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانی‌ لەرێگەی بۆری نه‌وتی‌ كوردستان - توركیا بۆ بەندەری جەیهانی‌ توركیا ڕاگرت.

دوای‌ ڕاگرتنی‌ هه‌نارده‌ی‌ نه‌وت، مه‌سرور بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ڕۆژی‌ 4ی‌ 4ی‌ 2023 له‌به‌غدا دو ڕێككه‌وتنی‌ له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سودانی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق واژۆ كرد، تایبه‌ت به‌ناردنی‌ به‌شه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم‌و هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی‌ نه‌وت له‌ڕێگه‌ی‌ كۆمپانیای‌ به‌بازاڕكردنی‌ نه‌وتی‌ عێراق-سۆمۆوه‌.

هەرچەندە بەدرێژای ساڵێکی تەواو له‌دوای‌ ڕاگرتنی‌ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم، وه‌فدی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌یان جار سه‌ردانی‌ به‌غدایان كردو سه‌دان كۆبونه‌وه‌و به‌ڵێن‌و مژده‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و پارتی‌‌و یه‌كێتییه‌وه‌ به‌موچه‌خۆران درا بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ موچه‌كانیان، بەڵام لەو ماوەیەدا نه‌ك كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌رنه‌كرا، به‌ڵكو کێشەی دواکەوتنی موچە قوڵتر بوەوەو گەیشتنە بنبەست‌و هه‌ردو حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و عێراق-یش یه‌كتریان تۆمه‌تبار ده‌كرد به‌پابه‌ندنه‌بون به‌ به‌ڵێن‌و ڕێككه‌وتنه‌كانی‌ نێوانیان.

 

دادگای‌ فیدراڵی‌ بڕیاریداو گرێکوێرەكه‌ی‌ كرده‌وه‌

رۆژی‌ 21ی 2ی 2024 دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری كۆتایی خۆیدا له‌سه‌ر دو سكاڵای یه‌كخراو كه‌ له‌سه‌ر هه‌ردو سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ هه‌رێم‌و عێراق سه‌باره‌ت به‌دواكه‌وتنی‌ موچه‌ی موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێمی كوردستان تۆماركرابون.

سكاڵاكان له‌لایه‌ن دو گروپ له‌مامۆستایان‌و فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ تۆماركرابون، گروپی‌ یه‌كه‌م پێكهاتبون له‌: (ره‌عد ره‌فعه‌ت محه‌مه‌د- ئاكۆ محه‌مه‌د مه‌حمود- به‌ده‌ل عه‌بدولباقی- عه‌لی ئه‌حمه‌د بابان). 

سكاڵاكه‌ی‌ دیكه‌ش له‌لایه‌ن ئه‌م مامۆستاو موچه‌خۆرانه‌وه‌ تۆماركرابو (عه‌داله‌ت ره‌حیم محه‌مه‌د- بوخاری جه‌میل عه‌لی- حه‌یده‌ر محه‌مه‌د عوسمان)، دواتر دادگا هه‌ردو سكاڵاكه‌ی‌ یه‌خست.

سكاڵاكاره‌كان له‌سكاڵاكه‌یاندا باسیان له‌وه‌كردبو، ده‌رچونی یاسای بودجه‌ی سێ ساڵه‌ی عێراق (2023-2024-2025) كه‌ رۆژی 26ی 6ی 2023 چووه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، ژماره‌یه‌ك كێشه‌ی بۆ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان دروستكردووه‌، ئه‌وان وه‌كو سكاڵاكار به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ زه‌ره‌رمه‌ندبون به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌می سه‌رۆك وه‌زیرانی فیدراڵ‌و سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان.

هاوكات داواشیانكردبو كه‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم ده‌ربهێنرێت له‌كێشه‌ سیاسیه‌كانی‌ نێوان هه‌ولێرو به‌غدا، له‌هه‌مانكاتدا دادگا بڕیار بدات موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم هاوشێوه‌ی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم به‌نیشتیمانی‌ (توطين) بكرێت‌و له‌ڕێگه‌ی‌ بانكه‌ فیدراڵییه‌كانی‌ عێراقه‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ خه‌رجبكرێت‌و به‌بێ دواكه‌وتن بگاته‌ ده‌ست موچه‌خۆران.

دادگای فیدراڵی له‌بڕیاره‌كه‌ی رۆژی‌ 21ی شوباتی 2024دا هه‌ریه‌كه‌ له‌سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق‌و سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانی‌ پابه‌ند كرد به‌كردنه‌وه‌ی حساب بانكی بۆ موچه‌ی (فه‌رمانبه‌ری سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان، پارێزگاكان، لایه‌نه‌ نه‌به‌ستراوه‌كان به‌وه‌زاره‌ت، سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ری لایه‌نه‌ حكومییه‌كانی ترو خانه‌نشینان‌و سودمه‌ندانی تۆڕی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تیی) له‌و بانكه‌ حكومییه‌ فیدراڵییانه‌ی كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان كارده‌كه‌ن.

به‌پێی بڕیاره‌كه‌، دادگا سه‌رجه‌م بانكه‌كانی سه‌ر به‌حكومه‌تی عێراقی‌ پابه‌ندكردووه‌ به‌وه‌ی ئاسانكاری بكه‌ن بۆ كردنه‌وه‌ی حساب بانكی بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم و گرتنه‌به‌ری سه‌رجه‌م رێگا پێویسته‌كان بۆ ئه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌شوێنی نیشته‌جێبونی خۆیان سودمه‌ند ببن له‌وه‌رگرتنی‌ موچه‌كانیان، ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ی ئه‌و په‌نجه‌ره‌ بانكییانه‌ی كه‌ له‌هه‌رێم هه‌ن یان ئه‌و بانكانه‌ی كه‌ له‌هه‌رێم كراونه‌ته‌وه‌و له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندیی عێراقه‌وه‌ مۆڵه‌تیان پێدراوه‌.


پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ خۆیان ده‌بوێرن له‌باسكردنی‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ دادگای‌ فیدراڵی‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ موچه‌:

دوای‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ دادگای‌ باڵای‌ فیدراڵی‌، حكومه‌تی‌ عێراق پابه‌ندبونی‌ خۆی‌ به‌بڕیاره‌كه‌وه‌ ده‌ربڕی‌‌و دوای‌ وردبینی‌ له‌لیستی‌ موچه‌خۆران، ته‌واوی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ بۆ مانگه‌كانی‌ شوبات‌و ئازار (2، 3) نارد، جه‌ختله‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ دادگا موچه‌ی‌ مانگه‌كانی‌ دیكه‌ش ڕه‌وانه‌ ده‌كات.

له‌گه‌ڵ هاتنی‌ موچه‌ی‌ ئه‌و دو مانگه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌، چه‌ند ڕۆژێكه‌ به‌رپرسانی‌ باڵای‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ له‌ڕێگه‌ی‌ میدیاكانی‌ هه‌ردو حیزبه‌وه‌ هه‌ڵمه‌تێكی‌ میدیاییان ده‌ستپێكردووه‌و هه‌ردولا چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ موچه‌ وه‌ك ده‌ستكه‌وتێك بۆ حیزبه‌كانیان وێنا ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ زیاتر له‌ساڵێكه‌ شاده‌ماری‌ داهاتی‌ هه‌رێم -ڕاگرتنی‌ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وت- وشككراوه‌و موچه‌خۆران‌و هاوڵاتیانی‌ هه‌رێم ڕوبه‌ڕوی‌ ده‌یان قه‌یرانی‌ جۆراوجۆر بونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و هه‌ردوی‌ حیزب ده‌سته‌وستان بون له‌ئاست چاره‌سه‌ركردنیدا.


"پێویستە به‌رپرسان بچنه‌ به‌رده‌م خه‌ڵك‌و لەئاست خۆراگریان سەردانەوێنن‌و داوای لێبوردن بکەن"

کاروان یاروەیس، ئه‌ندامی‌ پەرلەمانی عێراق ده‌ڵێت، "چارەسەرکردنی قەیرانی موچە دەستکەوت نیە، نابێ بکرێتە موزایدەی سیاسی، بەڵکو پێویستە هەموو حزبەکان بچنە بەردەم خەڵک‌و لەئاستی خۆراگریان سەردانەوێنن‌و داوای لێبوردن بکەن."

ناوبراو ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ دادگای باڵای فیدراڵی گرێکوێرەی چارەسەرکردنی قەیرانی موچە کردەوە.. خراپترین شت ئەوەبو دەستشکانەوەی نێوان لایەنە سیاسیە کوردییەکان برایە بەغدادو کاریگەری نەرێنی لەسه‌ر یاسای بودجە هه‌بو.

لای‌ خۆیه‌وه‌ د. ئیسماعیل نامیق مامۆستای‌ زانكۆ به‌بیری‌ دێنێته‌وه‌ كه‌ "لەساڵی 2016وە موچەخۆرانی ھەرێم کێشەی موچەیان ھەیەو ھەر جارەو بەناوێکەوە ستەمیان لێدەکرێت! دەڤەری سلێمانی بەخەڵک‌و خوێندکارو موچەخۆرەکانیەوە، گەورەترین قوربانیاندا، ھاتنە سەر جادە، خۆپیشاندان‌و بایکۆتی نیمچە بەردەوام، لێدان، سوکایەتیپێکردن، تەخوینکردن، تا لەکۆتاییدا، بەغداد بەزەیی بەم خەڵکە ھەژارو ستەملێکراوو چەوساوەو بەبارمتە گیراوەدا ھاتەوە، بڕیاریدا بەشێک لەو ستەمەیان لەسەر ھەڵبگرێت‌و ھەندێک لەمەفەکانیان بۆ بگێڕێتەوە، نەک ھەموی."

ئه‌و مامۆستایه‌ ده‌ڵێت، "ئەوانەی لەئێستادا خۆیان کردووە بەپاڵەوانی موچە، دەبێت باش ئەوە بزانن، کە موچە داستان نیە، تا ئەمان پاڵەوانی بن! وە ناشبێ لەبیریان بچێت، ئەم پاڵەوانانەی ئێستا، ئەندازیارو پلان داڕێژەرو پاڵەوانی بڕینی موچەو برسیکردنی خەڵک بون!".

مامۆستایانی‌ ناڕازیییش لەپێناو موچەی سەرجەم موچەخۆران، خەباتێکی درێژمه‌ودای‌ مەدەنی، یاسایی، دیبلۆماسییان کرد. ڕۆژێک لەشەقام، ڕۆژێک لەپەرلەمان، ڕۆژێک لەدادگاو ڕۆژێک لای سەرۆک وەزیرانی‌ عێراق بون، ڕۆژێکی دیکەش لای نوێنەری وڵاتان.. تەنانەت کۆڵیاننەدا تا دەنگی موچەخۆرانی هه‌رێمی‌ کوردستان گەشتە ناو کۆبونەوەكانی‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی‌ سه‌ر به‌نەتەوەیەکگرتوەکان..

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×