"پارتى بایکۆت نەشکێنیت، یەکێتىو لایەنەکان حکومەتى ئینتقالى دروست دەکەن"
ئا: وریا حسێن
وادەکە تێپەڕبوو پارتى بایکۆتى هەڵبژاردنى نەشکاند، ئەمەش دەرگاى مەترسی بەڕووى هەرێمى کوردستان دەکاتەوە، کە لەباشترین حاڵەتدا پەرلەمانو حکومەتى نوێ بۆ ساڵێک دوادەخاتو لەخراپترین حاڵەتیشدا کوردستان بەرەوەهەڵوەشاندنەوەى تەواوى دەبات.
کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن کاتژمێر ١٢:٠٠ى ٣١ى ئازارى ٢٠٢٤ بۆ تۆمارکردنى ناوى کاندیدو قەوارەکان دەستنیشان کردبوو کۆتایهات، پارتى کاندیدەکانى پێشکەش نەکرد.
جومانە غولاى، وتەبێژى کۆمسیۆن زۆر بەڕوونى ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، "وادەکە درێژ ناکەنەوەو بەبێ پارتى هەڵبژاردن لەکوردستان بەڕێوەدەچێت".
هاوکات دوا ڕاگەیەندراوى کۆبونەوەى نێوان مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتىو ئیلینا رۆماناویسکى باڵوێزى ئەمریکا لەعێراق جەختکردنەوە بوو لەسەر ئەوەى تا داوکارییەکانى پارتى جێبەجێ نەکرێن، پارتى بایکۆت ناشکێنێت.
سیروان گەردى، کادرى پێشکەوتووى پارتى ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، پارتى سێ داواکارى سەرەکى هەیە لەدوا کۆبونەوەى بارزانىو باڵوێزى ئەمریکا باسکراونو هاوکات پەیامەکەش نێردراوە بۆ دادگاى فیدراڵى عێراق، یەکەمیان: پارتى پەرلەمانى بەبێ پێکهاتەکان ناوێت. دووەم: پارتى لەپێناو بژێوى خەڵکى کوردستان داواى هەناردە کردنەوەى نەوتى کردووە. سێهەم: ٤٠٠ هەزار دەنگدەر کە زۆرینە لەدهۆکو هەولێرو پاشان سلێمانین، ٦٠ بۆ ٧٠% کۆى ئەو دەنگدەرانە پەنجەمۆریان ناخوێنێتەوە ئەندامانى پارتین، هەموومان دەزانین بەڕوونى ئەمە بە ئەنقەست دروستکراوە چارەسەر بکرێن.
گەردی بەئاوێنەى وت "پارتى ئەگەر ئەودیوى تونێلەکەى لێ دیار نەبێت، هەرگیز بەناو تونێلەکەدا ڕەت نابێت".
سیروان گەردى جەخت لەسەر ئەوە دەکات بۆ عێراقو هەرێمى کوردستان ئاسان نیە بەبێ پارتى پڕۆسەى هەڵبژاردن بەڕێوەبەرن، بۆیە ئێستا لەبەغدا جوڵەیەک دروستبووە لەکۆبونەوەى باڵوێزى ئەمریکا لەگەڵ دادگاى فیدراڵىو سودانى لەگەڵ هەمان دادگاو تەنانەت مالکى پشتیوانى بۆ "سەرۆک بارزانى"ى دەربڕیوە، ئەو وتى "ئەگەر دادگا بەبڕیارەکەى نەچێتەوە ئاسان نیە لەکوردستان هەڵبژاردن بکرێتو هەموو ڕێگاکان دەمانباتەوە سەر ئەوەى ساڵى داهاتوودا هەڵبژاردنى کوردستانو عێراق پێکەوە ئەنجام بدرێت".
دوو هاوپەیمانیەتىو ١٠ پارتى سیاسىو ٥٤ پاڵێوراوى سەربەخۆ ناوى خۆیان لەکۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن تۆمار کردووە بۆ بەشدارى لەهەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە١٠ى حوەزیرانى ئەمساڵ، بەو پێیەش تەنها پارتى ناوى کاندیدەکانى پێشکەش نەکردووە، بەپێچەوانەوە هاوبەشەکەى پارتى لەحکومەت کە یەکێتى نیشتمانى کوردستانە زۆر دڵخۆشە بەهەڵبژاردنو دەڵێت "کۆکو ئامادەین بۆ هەڵبژاردن".
ستران عەبدوڵا، ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتى گفتگۆى لەگەڵ پەیامنێرى ئاوێنە کردو سووربونى حیزبەکەى لەسەر هەڵبژاردن لەکاتى خۆیدا دەربڕىو باسى ئەوەی کرد "یەکێتى هەموو ئامادەکارییەکى تەواو کردووەو تەنانەت کەمپینى هەڵبژاردنمان داڕشتووە".
ئەو بەرپرسەی یەکێتى ئاماژەى بۆ ئەوە کرد، هەرێمى کوردستان وەکو بەشێک لەدەستورو ڕەوایەتى پڕۆسەى سیاسى پێویستى بەئەنجامدانى هەڵبژاردنە، ستران وتی "هەڵبژاردن ئێستا هەر پێویستیەکى دیموکراسى نیە، بەڵکو لەهەمانکاتدا پێویستیەتى نەتەوەییە، چونکە ژیانو گوەزرانى خەڵکىو پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا ڕەوا بێت یان ناڕەوا بەشێکى زۆرى پەیوەندى بەوەوەیە هەڵبژاردن بکرێت، لەبەرئەوەی پەرلەمانو حکومەتى نوێ ڕەوایەتیەکى زیاترى هەیە داکۆکى لەویستو داخوازییەکانى خەڵکى بکات".
وتى "قەوارەى هەرێمى کوردستان ئەو کاتە دەکەوێتە بەردەم مەترسى، هەڵبژاردن نەکەینو قەوارەکە نوێ نەکەینەوە، ناکرێت بەبیانوى قەوارەوە دیموکراسى جێبەجێ نەکەین، ناکرێت بەبیانوى پێویستى هەڵبژاردنەوە مەترسى دوو ئیدارەیى پیشانى خەڵکى کوردستان بدەین".
پارتە سەرەکیەکانى کوردستان لە(نەوەى نوێ، بزووتنەوەى گۆڕان، کۆمەڵى دادگەرى، یەکگرتووى ئیسلامى) لیستە تازەکانى (بەرەى گەلو هەڵوێست) کاندیدەکانیان ڕادەستى کۆمسیۆن کردووەو ئامادەن بۆ هەڵبژاردن.
موستەفا عەبدوڵا، ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکگرتووى ئیسلامى، هەڵوێستى حیزبەکەى بۆ ئاوێنە ڕوونکردەوە کە لەگەڵ هەڵبژاردنن لەکاتو وادەى خۆیداو ناوى کاندیدەکانیان پێشکەشى کۆمسیۆن کردووەو بڕوایان وایە ئەنجام نەدانى هەڵبژاردن کوردستان ڕووبەڕوى مەترسى دەکاتەوە، ئەو وتی "بەبڕواى ئێمە پارتى بایکۆت بشکێنێت، چونکە لایەکى کوردستانى بەدەستەوەیەو قەوارەى دەستوورى هەرێم تووشى کێشە دەکات".
ئەو ئەندامەى مەکتەبى سیاسى یەکگرتوو بڕواشى وایە هەڵبژاردن نەکرێت چاوەڕوانکراوە دادگاى فیدراڵى حکومەتى هەرێمى کوردستان هەڵوەشێنیتەوە، پاشان دوو ئیدارەیى ڕووبدات، مستەفا وتی "ئەگەر پارتى بەشدارى هەڵبژاردن نەکات، دەبێت کۆمسیۆن وەڵامى ئەو پرسیارە بداتەوە ئایا دەتوانێت لەژێر دەسەڵاتى پارتى هەڵبژاردن بکات؟".
هاوتاکەشى، فاروق عەلى ئەندامى مەکتەبى سیاسى کۆمەڵى دادگەرى دڵنیایى دەدات حیزبەکەى دەمێکە ئامادەکارى بۆ هەڵبژاردن کردووە لەهەر کاتو ساتێکدا بێت ئەوان ئامادەى هەڵبژاردنن، ئەو بە"ئاوێنە"ی وت "پارتى لەئێستادا دەیەوێت بەپاساوى تێکدانى یەکڕیزیى نیشتمانى هەڵبژاردن بۆ ماوەى ٣ مانگ دوابخات".
ئەو ئەندامەى مەکتەبى سیاسى کۆمەڵى دادگەرى، پرسیارێک دەورژێنێت: کە ئەگەر هەڵبژاردن نەکرێت دادگاى فیدراڵى بەبیانوى تەواوبونى ماوەى یاسایى پەرلەمانى کوردستانى هەڵوەشاندەوە، ئەى چارەنووسى حکومەت چى دەبێت؟
ئەو وتی "ئێمە ئەگەر گومانێکمان هەبوایە کە عێراق لەبیانو دەگەڕێت بۆ هەڵتەکاندنى چوارچێوەى یاسایىو دەستورى هەرێم، دەبوو بیانویان بۆ دروست نەکەین، بەڵام ئێستا کۆمسیۆن جەخت لەسەر هەڵبژاردن دەکاتەوە، پارتى گرفت دروست دەکات".
فاروق عەلى وەڵامى ئەو پرسیارەشى دایەوە کە دەڵێت:"ئایا بێ پارتى هەڵبژاردن دەکرێت؟"، پێى وابوو "ڕابردووى پارتى بخوێنیتەوە تێدەگەیت پارتى بەشدارى نەکات ڕێگە نادات لەسنورى ئەو هەڵبژاردن بکرێت".
لیستى بەرەى گەل، کە بەسەرپەرشتى لاهور جەنگى هاوسەرۆکى پێشووى یەکێتى بۆ یەکەمجارە دەچێتە ناو پرۆسەى هەڵبژاردنەوە، بەهەمان شێوە دواخستنى هەڵبژاردنەکان بەخراپ وێنا دەکات، لەوبارەیەوە شادومان مەلا حەسەن یەکێک لەسەرکردە دیارەکانى ئەو لیستە بەپرسیارێک وەڵامى پەیامنێرى ئاوێنەى دایەوە لەبارەى مەترسیەکانى ئەنجامنەدانى هەڵبژاردن، ئەو وتى "دەکرێت دامەزراوەکانى کوردستان بەناشەرعى بچن بەڕێوە؟ خەڵکى مافى خۆیەتى بەشدارى هەڵبژاردن بکات، ئەوە دوو نەوە بێبەش بووە کە دوو ساڵە هەڵبژاردنى پەرلەمان دواکەوتووە".
"وەکو لیستى بەرەى گەل ئامادەین بۆ هەڵبژاردنو نازانین کاردانەوەکانى دواخستنى هەڵبژارن چى دەبێت، بەڵام پێمان وایە دواخستنى هەڵبژاردنەکان خراپە بۆ هەرێمى کوردستان". شادومان مەلاحەسەن واى وت.
هەڵمەتی هەڵبژاردنی پارتی ساڵی ٢٠١٨
ئەگەر پارتى بەشدارى هەڵبژاردن نەکات، چەند سیناریۆیەک چاوەڕیى هەرێمى کوردستان دەکات، باشترینى ئەوەیە هەڵبژاردن دوادەکەوێت بۆ ماوەى ساڵێک.
سەرکەوت شەمسەدین، توێژە لەئەنجومەنى ئەتڵەسى لەواشنتن، بڕواى وایە پارتى ئەگەر داواکارییەکانى جێبەجێ نەکرێت ناچێتە ناو هەڵبژاردنەوە، چونکە یەکەم هەڵبژاردنە دەسەڵاتى کۆنترۆڵکردنى ڕەهاى نیە لەڕووى ژمارکردنى دەنگەکانو دەسەڵاتى دادوەرییەوە، ئەمە لاى پارتى دوودڵیەکى ڕاستەقینەى دروستکردووە ئەو سەرى دۆخەى لێ نادیارە، بۆیە سروشتى پارتىو یەکێتیش وایە ناچنە ناو مامەڵەى نادیارەوە، ئەو وتى "فشارى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى دەوەستێت سەر ئەوەی کۆمسیۆنو یەکێتى تاچەند بەداواکارییەکانى پارتى ڕازی دەبن، بۆیە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى ناتوانێت پارتى بەزۆر ڕابکشێتە ناو پڕۆسەى هەڵبژاردن، ئەمریکاو یوئێن هەڵوێست دژى هیچ حیزبێک ناگرنەبەر بەشدارى هەڵبژاردن نەکات".
ئەو ڕاوێژکارە لەسەر بنەماى زانیارى و شیکردنەوەکانى بەردەستى بڕواى وایە ئەگەر هەڵبژاردن نەکرێت کۆمەڵێک سیناریۆ چاوەڕوانى هەرێمى کوردستان دەکات، باشترینى ئەوەیە: پارتى دەیەوێت هەڵبژاردن دوابخات تاوەکو لەمانگى تەموزى ئەمساڵ کۆمسیۆن وادەکەى بەسەر بچێت، یان هەڵبژاردن ناکرێت یان لەباشترین حاڵەتدا ساڵى داهاتوو هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقو کوردستان پێکەوە بەسەرپەرشتى ستافى نوێى کۆمسیۆن ئەنجام بدرێت، هەرچەندە نیازى هەیە ئەنجومەنى دادوەرى هەرێم بکاتە بەدیلى کۆمسیۆن، بەڵام ئەوە زۆر قورسە".
خراپترین سیناریۆکانیش ئەوەن دوو ئیدارەیى بەئەمرى واقع ڕووبدات، بەجۆرێک سلێمانى ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکات ئەگەرێکى نزیکەو پێدەچێت بەشێک لەلایەنە عێراقیەکان مامەڵە کردن لەگەڵ سەرکوەزیرانى ئێستا هەڵپەسێرنو حکومەتى ئینتقالى دروست بکرێت.
سێهەمین سیناریۆش هەڵوەشاندنەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستانە لەڕووى دەستوریەوەو دروستکردنى حکومەتى ئینتقالیە، ئەم سیناریۆیە یەکێتىو لایەنەکان پێیان باشە ئەگەر پارتى نەیەتە ژێر بارى ئەنجامدانى هەڵبژاردن، ئەو وتى "ئەنجامدانى هەڵبژاردن لەگەڵ پەرلەمانى عێراق ئەگەرێکى بەهێزە، هاوکات جیاکردنەوەى سلێمانى لەڕووى داراییەوەو سڕکردنى دەسەڵاتەکانى سەرۆک وەزیرانى ئێستا ئەگەرێکى دوور نیە".
بایکۆتى پارتى کوردستانى خستووەتە سەر سەوداى مانو نەمان، ئەوەى تروسکایى مانەوەى کوردستانە ئەنجامدانى هەڵبژاردنە، نەکردنى کەس پێشبینى ناکات خراپو خراپتر چۆنو کەى ڕوودەدات.
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.