ئایا هه‌ڵبژاردن له‌و واده‌یه‌ی بۆی دیاریكراوه ئه‌نجامده‌درێت یان بۆ جاری چواره‌م دواده‌خرێته‌وه؟
ئا: ئاوێنه
مەسعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان قسه‌ی كۆتایی خۆی‌و حیزبه‌كه‌ی له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه كرد. بارزانی په‌یامه ئاگرینه‌كانی خۆی له‌كۆبونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ باڵوێزی ئه‌مریكا له‌عێراق گه‌یانده یارو نه‌یاره‌كانی. دوای ئه‌م په‌یامه توندانه‌ی بارزانی چاره‌نوسی هه‌ڵبژاردن به‌كوێ ده‌گات؟ ئایا هه‌ڵبژاردن له‌و واده‌یه‌ی بۆی دیاریكراوه ئه‌نجامده‌درێت یان بۆ جاری چواره‌م دواده‌خرێته‌وه؟ له‌وێنه گه‌وره‌كه‌دا داهاتوی هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و كوێ ده‌چێت؟
به‌پێی ئه‌و واده‌یه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم‌و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق له‌سه‌ری ڕێككه‌وتون، بڕیارە ڕۆژی 10ی 6ی 2024، ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەرێوەبچێت، به‌ڵام هێشتا ڕون نییه هه‌ڵبژاردن له‌و واده‌یه‌ی بۆی دیاریكراوه، ئه‌نجامده‌درێت یاخود بۆ جاری چواره‌م دواده‌خرێته‌وه.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا سێ وادەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە (1ی 10ی 2022، 18ی 12ی 2023، 25ی 2ی 2024)، بەڵام لەهیچ کام لەو وادانەدا به‌هۆی ناكۆكییه سیاسییه‌كانی نێوان پارتی‌و یه‌كێتییه‌وه هەڵبژاردن ئەنجامنەدراوه.
هۆشداری‌و هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌مڕۆی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن، ئه‌گه‌ری ئه‌نجامنه‌دانی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی زیاتر كرد.
رۆژی 30ی 3ی 2024، مەسعود بارزانی لەسەڵاحەدین لەگه‌ڵ ئەلینا ڕۆمانسكی، باڵیۆزی ئەمەریكا لەعێراق كۆبوه‌وه. به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوی باره‌گای بارزانی، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا بارودۆخی سیاسیی عێراق‌و ناوچەكە تاوتوێكراوه‌و ڕۆشنایی خراوه‌تە سەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان‌و هەڵبژاردنی په‌رلەمانی كوردستان.
بارزانی له‌كۆبونه‌وه‌كه‌یدا لەگه‌ڵ باڵیۆزی ئەمەریكا لەعێراق قسه‌ی كۆتایی خۆی‌و حیزبه‌كه‌ی له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان كرد. په‌یامه‌كانی ئه‌مڕۆی بارزانی زۆر توندتر‌و ڕاشكاوانه‌تر بو به‌به‌راورد به به‌یاننامه‌كه‌ی ڕۆی 18ی 3ی 2024ی مه‌كته‌بی سیاسی حیزبه‌كه‌ی كه له‌باره‌ی پرسی هه‌ڵبژاردن‌و بڕیاره‌كه‌ی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق تایبه‌ت به‌یاسای هه‌ڵبژاردن ده‌ریكردبو.
سه‌رۆكی پارتی له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا ڕایگه‌یاندووه، "بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی زۆر ڕونە. پارتی لەگەڵ هەڵبژاردنە، بەڵام لەگەڵ هەڵبژاردنێك دایە كە شەفاف بێت‌و تەعبیر لەئیرادەی گەلی كوردستان بكات‌و دور بێت لەدەستوەردانی دەرەكی‌و سەپاندنی شێوازی نایاسایی، بەجۆرێك كە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەنجامەكان لەبەرژەوەندیی خۆیان یەكلایی بكەنەوە."
سه‌رۆكی پارتی به‌بێ ناوهێنان، یه‌كێتی تۆمه‌تبار ده‌كات به‌دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ڕابردودا، له‌و ڕوه‌وه به‌باڵیۆزی ئەمەریكای وتووه، "لایەنەكانی تر دو ساڵ بەربەست بون لەبەڕێوەچونی هەڵبژاردن‌و ئێستاش بەپشتیوانی دەرەكی هاتون لەڕێگەی دامەزراوەیەكی نادەستوری شێوازێكی وا لەبەڕێوەچونی هەڵبژاردن دەسەپێنن كە دورە لەبنەما یاسایی‌و دەستورییەكان."
مه‌به‌ست له‌م قسانه‌ی بارزانی، بڕیاره‌كانی ئه‌مدواییه‌ی دادگای باڵای فیدراڵی عێراقه تایبه‌ت به‌یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان.
رۆژی 21ی 2ی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵایه‌كی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان 11 كورسییه‌كه‌ی "كۆتا"ی پێكهاته‌كانی له‌په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و ژماره‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی بۆ 100 كورسی كه‌مكرده‌وه، له‌پاڵ ئه‌مه‌دا سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی كوردستانی له (یه‌ك بازنه)ییه‌وه گۆڕی بۆ (فره بازنه)و كوردستانی دابه‌شكرد به‌سه‌ر چوار بازنه‌ی هه‌ڵبژاردندا (هه‌ولێر- سلێمانی- دهۆك- هه‌ڵه‌بجه)، 100 كورسییه‌كه‌شی دابه‌شكرد به‌سه‌ر چوار بازنه‌كه‌دا. هه‌روه‌ها كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقی ڕاسپارد بۆ به‌ڕێوه‌بردن‌و سه‌رپه‌رشتیكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كه.
پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌م بڕیارانه‌ی دادگای فیدراڵی به "پیلانگێریی‌و ناده‌ستوریی" له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات، چونكه ئه‌م گۆڕانكارییانه له‌یاسای هه‌ڵبژاردندا له‌به‌رژه‌وه‌ندی نین‌و وا ده‌كات پارتی زۆرینه‌ی ناو په‌رله‌مان له‌ده‌ستبدات‌و له‌مه‌ودوا ئه‌و حیزبه ناتوانێت هاوشێوه‌ی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان‌و خوله‌كانی پێشوتر، به‌پشتیوانی كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان، رێژه‌ی 50+1ی په‌رله‌مان مسۆگه‌ر بكات‌و یاسا‌و بڕیاره‌كانی په‌رله‌مان به‌دڵ‌و ویستی خۆی تێپه‌ڕێنێت.
مه‌سعود بارزانی له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆیدا باس له‌كورسی كۆتاكان ده‌كات‌و جه‌ختیكردۆته‌وه كه "ناكرێ هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت بەبێ بەشداریی پێكهاتەكان‌و په‌رلەمانێك پێكبهێندرێت كە نوێنەری پێكهاتەكانی تێدا نەبێت". ده‌شڵێت، پارتی كۆمەڵێك سەرنج‌و تێبینیی تەكنیكی هەیە لەسەر دابەشكردنی كورسیی پارێزگاكان‌و شێوازی كاری كۆمیسیۆن.
سه‌رۆكی پارتی ڕاشیگەیاندووه، "ئەگەر هەموو لایەنەكان خوازیاری ئەوە بن كە پارتی بەشداری هەڵبژاردن بكات، دەبێ ڕەچاوی تێبینی‌و سەرنجەكانی پارتیش بكەن بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێكی شەفاف‌و بێگەرد كە لەخزمەتی سەقامگیریی‌و پڕۆسەی دیموكراسیدا بێت."
بارزانی له‌ئاماژه‌یه‌كدا بۆ ده‌ستێوه‌ردانی وڵاتانی ئیقلیمیی‌و بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵیی، ده‌پرسێت، "هەڵبژاردنێك كە بەئەجیندای دەرەكی‌و بەدەستوەردانی نایاسایی‌و نادەستوری بۆ سەپاندنی شەرعیەتێكی ساختە بەڕێوەبچێت چ جۆرە سەقامگیرییەك بەدی دەهێنێت‌و چۆن تەعبیر لەئیرادەی ڕاستەقینەی دەنگدەران دەكات؟".
داواش لەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و لایەنە سیاسیەكانی عێراق ده‌كات، پاڵپشتی هەڵبژاردنێكی بێگەردو شەفاف‌و یاسایی‌و دور لەهەر جۆرە دەستوەردانێك بن.
په‌یامه تونده‌كانی مه‌سعود بارزانی له‌باره‌ی په‌كخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌كاتێكدایه، کەمتر لەڕۆژێک ماوە لەبەردەم پارتی‌دا تا بڕیار لەسەر بەشداریکردن لەهەڵبژاردنی پەرلەمان بدات، یان رەتیبکاتەوە، چونكه سبه‌ی یه‌كشه‌ممه، وادەی تۆمارکردنی ناوی کاندیده‌كانه بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان كۆتاییدێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆمسیۆنی باڵای سەر بەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕۆژی یەکشەممە 31ی3ی 2024، تا کۆتایی دەوامی ڕه‌سمی -تا پاشنیوه‌ڕۆی سبه‌ی- دوا وادە دەبێت بۆ تۆمارکردنی لیستی کاندیدانی هاوپەیمانیەتیەکان‌و لایەنە سیاسییەکان‌و ئەو کەسانەی دەیانەوێت بەشداربن لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام به‌وته‌ی كۆمسیۆن، تا ئێستا پارتی‌و یه‌كێتی لیستی کاندیده‌كانیان پێشکەشی کۆمسیۆن نەکردووە.
تائێستا دو جار کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق واده‌ی تۆمارکردنی ناوی کاندیدانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان درێژكردۆته‌وه كه دواینیان ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ی ڕابردو بو، كۆمسیۆن له‌زاری وته‌بێژه‌كه‌یه‌وه بۆ ماوه‌ی 72 كاتژمێر واده‌كه‌ی درێژكرده‌وه، ئه‌وه‌ش وه‌ك فرسه‌تێك لێكده‌درێته‌وه له‌به‌رده‌م پارتی‌دا تا به‌بڕیاره‌كه‌یدا بچێته‌وه بۆ به‌شدارینه‌كردن له‌هه‌ڵبژاردندا.
له‌مپه‌رو گرفتێكی دیكه له‌به‌رده‌م ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ته‌مه‌نی كۆمسیۆنه، به‌و پێیه‌ی ته‌مه‌نی یاسایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق له 1ی 7ی 2024 به‌سه‌رده‌چێت، ئه‌وكات چاره‌نوسی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن یان ده‌چێته مانگی 10ی ساڵی 2025 له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق، یاخود جارێكی تر به‌پاساوی "نه‌مانی شه‌رعییه‌تی دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان" دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیارێكی دیكه ده‌رده‌كات‌و حكومه‌تی هه‌رێم هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌و یه‌شێوه‌یه‌كی كاتیی ده‌سه‌ڵاته‌كان ڕاده‌ستی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.
له‌ئێستادا پارتی دیموكراتی كوردستان دو ڕێگه‌ی له‌به‌رده‌مدایه، یان به‌شداری له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا ده‌كات به‌و یاسایه‌ی دادگای فیدراڵی بڕیاری لێداوه‌و به‌ئه‌نجامه‌كه‌ی قایل ده‌بێت، یاخود بایكۆتی هه‌ڵبژاردن ده‌كات‌و ده‌بێته هۆی ئه‌نجامنه‌دانی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌و رێگا نادات لەناوچەکانی هەولێرو دهۆک هەڵبژاردن بکرێت.
به‌ڕێگرییكردن له‌هه‌ڵبژاردن، پارتی دەچێتە دەرەوەی سیستەمی یاسایی‌و دەستوریی عێراقەوە، شتێکیش نامێنێتەوە ناوی دەسەڵاتی یاسایی هەرێمی کوردستان بێت، لەم حاڵەتەدا ئایا بەغدا دەستکراوە ده‌بێت کە رێوشوێنی یاسایی بگرێتەبەر، سەرەتا بەداخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک حیزب بەتۆمەتی پێشێلکردنی دەستورو یاسا فیدراڵییەکان، دواتر بەغدا ڕێگه له‌به‌رده‌میدا خۆش ده‌بێت بۆ کۆنترۆڵکردنی سەربازیی تەواوی هەرێم، بەتایبەتی ناوچەکانی پارێزگای هەولێرو دهۆک؟!