کچە رزگاربوەکانی دەستی داعش چۆن دەژین؟
  2024-03-22       2003       
کچانی ئێزیزدی

ئا: دیدار نیروەیی

 

ئێزیدییەکان گران بەدەست داعشەوە چەشتیان، پشکی گەورەی کارەساتیش بەر کچ‌و ژنەکانیان کەوت، کە بەشێکیان کوژران یان خۆیان کوشت، بەشێکیان وەک کەنیزەک‌و سەبایا تا ئێستاش لای داعشن‌، ئەوانەشی رزگارکران هێشتا لەبارێکی دەرونی خراپدان‌و دەڵێن "سەد خۆزگە ئەمردین‌و دەست داعش نەئەکەوتین". سەرۆکی دەزگای رفێنراوەکانی ئێزدی لەھەرێمی کوردستان دەڵێت "لەسەرەتای داگیرکردنی شەنگالەوە لەساڵی ٢٠١٤، داعش ٦٤١٧ کەسی رفاند، لەوکاتەوە تا ئێستا ٣٥٧٥ کەسیان رزگارکراون، بەڵام نزیکەی ٢٦٠٠ کەسی تر لەدەست داعشدا ماون‌و چارەنوسیان دیار نیە".

 

كه‌وتنی‌ شنگال به‌ده‌ستی‌ داعش لەساڵی ٢٠١٤دا، ئه‌و ساته‌وه‌خت‌و شكسته‌یه‌ کە له‌یاده‌وه‌ری‌ ئێزیدییه‌كاندا هەرگیزاو هەرگیز‌ نا‌سڕێته‌وه‌، ئێزیدییەکان تا ماون ئه‌و رۆژه‌یان له‌به‌رچاو ون نابێت كه‌ ئاڵا ره‌شه‌كانی‌ داعش شاره‌كه‌یانی‌ داپۆشی‌‌و داگیركردنی‌ شەنگالی راگه‌یاند. هاتنی‌ داعش هاتنی‌ گه‌وره‌ترین ئافات‌و تاریکی‌و رۆژڕەشی بو بۆ ئێزیدییه‌كان، کە ماڵوێران‌و ئاواره‌و سه‌رلێشواوی‌ كردن، بەکۆمەڵ كوژران‌و لەسەر زێدی رەسەن‌و مێژویی خۆیان هەڵکەنران‌و دەربەدەر کران، كچ‌و ژنیان رفێندراو وەک کەنیزەک بۆ موسڵ‌و رەقە بران.

کوفان خرتو

 

کوفان خرتو، یەکێکە لەو کچانەی ماوەی دە ساڵ لەدەست داعشدا، سەرەتای مانگی مارسی ئەمساڵ توانی لەروژئاوای کوردستان رزگار بکرێت‌و بگەڕێتەوە ناو کەسوکارەکەی خۆی، ئەو کاتێک کە داعش هات‌و شەنگالی داگیر کردو وەک کەنیزەک بەرەو موسڵ‌و پاشان رەقە برا، تەمەنی ١٤ ساڵ، ئێسات کە ئازاد بووە تەمەنی ٢٤ ساڵە، دیمەنەکانی ١٠ ساڵی رابردووی وەک فلیمێکی ترسناک دێتە بەرچاو، ئەو بەئاوێنەی وت "کاتێک لەسالی ٢٠١٤ چەکدارانی داعش پەلاماری شەنگالیان داو داگیریان کرد، من تەمەنم ١٤ ساڵ بو، لەبیرمە ئەو رۆژانە زۆربەی کوڕو پیاوەکانمان کۆمەڵکوژ کران‌، هەموو ژن‌و کچەکانمان رفێنران، ئەو رۆژە تاریکترین رۆژی ژیانم بو".

 

وتیشی "ئەوەی لەم ١٠ سالەدا بینیم، دیمەنەکانی وەکو فیلمێکی ترسناک لەمێشکمدا دێن‌و دەچن‌و ون نابن، ھیچ کاتێک لەبیرم ناچێتەوە، ١٠ ساڵ مانەوەم لەناویاندا وایکرد زۆربەی زمانی کوردیم لەبیرچێتەوەو ئێستا زیاتر بەعەرەبی دەتوانم قسە بکەم، زۆر تاڵیمان چەشت، سەد خۆزگە ئەمردین‌و دەست داعش نەئەکەوتین".

 

کوفان ئاماژە بەوە دەکات کە چەکدارانی داعش تاوانێکی گەورەیان بەرامبەر بەکچانی ئێزدی ئەنجامداوە کە لەمێژوی نوێدا نمونەی دەگمەنەو تا ئەو لەژیاندا ماوە ناتوانێت لەکاریگەری خراپی ئەو بەدیل گرتن‌و مامەڵە توندوتیژو نامرۆییە رزگاری بێت کە بەدەست چەکدارانی داعشەوە چەشتویەتی ئەگەرچی لەڕووی جەستەییەوە رزگاری بوە، بەڵام لەڕوی دەرونییەوە بەردەوام ئازار دەچێژێت، ئەو وتی "ئەوان ئێمەیان وەکو کەنیزەک برد، وەک کاڵا کڕین‌و فرۆشتنیان بەجەستەی ئێمەوە کرد، ئێمەیان تا دوا سنوری بێ رەحمی‌و نامرۆیی ئازار دا، تۆزقاڵێک دلۆفانی‌و جوامێرییان بەرامبەر بەژن نەبو، جەستەی ژنیان دەڕاتاندەوەو تەنھا ویستی حەزو ئارەزووی خۆیان پێ تێر دەکرد، سەدان ژنی ئێزیدی بون بەقوربانی توندوتیژییەکانیان، منیش یەکێک بوم لەو قوربانیانە".

 

وتیشی "سەرەرای ئەم ھەموو ناخۆشیانەش، هەمیشە لەداڵغەی خێزان‌و کەسوکارەکەمدا بوم، ھیچ هەواڵ‌و شتێکم دەەربارەی کەسوکارم نەدەزانی، کە داعش شەنگالی داگیرکرد، باوکمیان دەستگیر کردو بردیان، ئێستاش نازانم چی لێهات‌و چارەنوسی چییە! هەموو رۆژو هەموو شەوێک بیرو خەیاڵم لای ئەوانە، بیریان لێدەکەمەوە کە ئاخۆ ماون یان نەماون، ئەگەر ماون لەکوێن؟ برسی‌و تینوو نین؟".

 

ئێزیدیه‌كان کە دێرینترین کەمایەتی ئایینین‌و بونە قوربانی شەڕەنگێزترین پەلاماری داعش، وەک خۆیان دەڵێن رۆژی‌ ره‌شیان لەمێژودا زۆر به‌خۆیانه‌وه‌ بینیوه‌، هه‌ر له‌فه‌رمانی‌ قڕكردنیانه‌وه‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی‌ عوسمانیه‌وه‌ به‌تۆمه‌تی‌ كافربون، تا دەگات به‌سوتاندنی‌ چه‌ندین جاره‌ی‌ شه‌نگال‌و راگواستنیان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌  داعش به‌رامبه‌ر به‌ئێزیدییەکان کردیان له‌ئه‌تككردن‌و كوشتن‌و سوتاندن‌و ته‌قاندنه‌وه‌ی‌ شوێنه‌ پیرۆزه‌كانیان، مه‌ترسیدارترین‌و تراژیدیترین روداوه‌ له‌مێژوی‌ ئێزیدیه‌كاندا، داعش خوازیار بو بەیەکجاری ئێزیدییەکان بسڕێته‌وەو لەناویان ببات.

کوفان لەکاتی رزگاربون‌و گەڕانەوەی بۆ نێو کەسوکارەکەی‌و لێدوانی یوسرا بۆ ئاوێنە

 

یوسرا عیدۆ، یەکێکی دیکەیە لەو کچانەی ماوەی سێ ساڵ‌و دوو مانگ لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێنرا بو، ئەو بەئاوێنەی وت "ئەو کاتەی من لەدەست داعشدا بوم، خۆزگەم دەخواست روحم لەگیانم دەرچێت بەھۆی ئەو هەڵسوکەوتە نامروڤایەتیەی من بەچاوی خوم بینیم".

 

وتیشی "ئێمە زۆر ئەشکەنجەو ئازار دراین، ناتوانین بەئاسانی لەسایەی ئەو رۆژە رەشانە بێینەدەرو بەشێوەیەکی ئاسایی بژین‌و ئەو رۆژگارە فەرامۆش بکەین کە وەک کەنیزەک‌و کۆیلەی سێکسی مامەڵمان لەگەڵ کرا، بۆیە حەز دەکەین کۆچ بکەین، چونکە ژیان لێرە بۆ ئێمە زۆر زەحمەتە، ژیانێکی سەخت بەڕیدەکەین، بەشێکی زۆر لەکەسوکاری ئێمە رفێنراون‌و تا ئێستا نازانین چییان لێبەسەرهات‌، ماون یان نەماون، لەئازارێکی بەردەوامدا ئەژیم‌و ئەمەوێ لەم وڵاتە بڕۆم کە ئەم هەموو نەهامەتی‌و ئەشکەنجەو ئازارەم تیا بینی‌و بۆ ئێمەو مانان دۆزەخە".

 

بەشێک لەو کچە ئێزدیانەی  لەدەستی داعش رزگار کراون، توشی نەخوشی دەرونی بوون، بەشیکی دیکەشیان سەری خۆیان بەرەو دەرەوەی وڵات هەڵگرت‌و کۆچیان کرد، یان براونەتە دەرەوەی وڵات‌و لەئەڵمانیا مەشقی دەرونییان پێدەکەن.

 

دێرین خدر، ئەندامی ھاوپەیمانی داکۆکیکاران لەمافی ژنانی کوردستان کە ھاوکات کچە چالاکوانێکی ئێزدییە جەغت لەوە دەکات کە ژیانی ژنانی ئێزیدی بەگشتی ناخۆشە، بەتایبەت ئەوانەی هێشتا لەناو کەمپەکان لەناو خێمەدا ژیان بەسەردەبەن، لەوەش ناخۆشتر ژیانی ئەو ژن‌و کچە ئێزدییانەیە کە کەوتونەتە دەست داعش‌و رفێنراون دواتر بەھەر رێگایەک بێت رزگاریان بوە، ئەو بەئاوێنەی وت "ئەو کچ‌و ژنانە هەموویان لەدۆخێکی دەرونی خراپدان، بەتایبەتی ئەوانەی ھاوسەرەکانیان بەدەستی داعش کوژراون‌و ئێستا بەرپرسیارەتی مندالەکانیان لەئەستۆدایە‌و نەبونی موچەو داھاتیش باری سەرشانی ئەوانی قورستر کردووە".

 

وتیشی "چۆنیەتی مامەڵەکردنی داعش لەگەڵ ئەو کچ‌و ژنانە لەڕوی دەرونی‌و جەستەییەوە زۆر دڕندانە بوە، ھەرچی کاری نامرۆڤایەتییە بەرامبەریان کراوە، بۆیە کاتێک ژنێک رزگار دەکرێت‌، هەرچەندە چارەسەری دەروونییان بۆ دەکرێ، بەڵام هێشتا بەتەواوی لەئاسەواری ئەو رۆژگارە پڕ لەئازارە رزگاریان نابێ‌و لەدڵەڕاوکێ‌و خەمێکی بەردەوامدا دەژین".

 

دێرین باس لەوە دەکات کە ژیانی ئەم ژن‌و کچانە لەکۆمەڵگەیەکی داخراودا زەحمەتە ئاسایی بێت، هەرچەندە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ‌و نێودەوڵەتی پزیشکی دەرونی زۆر لێھاتویشیان بۆ دابین دەکەن، ئەو وتی "ئەوەی من دەبینم ئەو کچە رزگاربوانەی دەستی داعش تەنها کاتێک هەست بەئارامی دەکەن کە دەبرێنە دەرەوەی وڵات، بێگومان لەم ساڵانەی دواییدا ژمارەیەکی زۆریان براونەتە ئەڵمانیاو ئوستورالیا بۆ ئەو مەبەستە، ھەندێک رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەری دەرونی، ئەو کچانەو خێزانەکانیشیان دەبەن‌و ئێستا زۆربەی هەرە زۆریان لەدەرەوەی وڵات ژیان بەسەردەبەن".

کوفان و یوسرا دو کچی رزگاربوی ئێزیدی

 

لەساڵی ٢٠١٤وە بەشێک لەو ژنانەی لەلایەن داعشەوە رفێندرابون بەپارە ئازاد کران‌و بەشێکیشیان دوای تێکشکاندنی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی لەموسڵ‌و رەقە لەساڵی ٢٠١٧، گەڕانەوە بۆ ناو خێزان‌و کەسوکاریان، بەڵام هێشتا بەسەدان کچ‌و ژنی ئێزیدی چارەنوسیان نادیارە.

 

حسێن کورو، سەرۆکی دەزگای رفێنراوەکانی ئێزدی لەھەرێمی کوردستان ئەوە بۆ پەیامنێری ئاوێنە رون دەکاتەوە کە لەسەرەتای داگیرکردنی شەنگالەوە لەساڵی ٢٠١٤، داعش ٦٤١٧ کەسی رفاند، لەوکاتەوە تا ئێستا ٣٥٧٥ کەسیان رزگارکراون، بەڵام نزیکەی ٢٦٠٠ کەسی تر لەدەست داعشدا ماون‌و چارەنوسیان دیار نیە، کورو وتی "ئەوانەی رزگارکراون باری دەرونیان باش نیەو پێویستیان بەچارەسەرە، لەبەرئەمەش سەروکایەتی تەندروستی پارێزگای دھۆک سەنتەرێکی کردوتەوە بو چارەسەری دەروونی ئەو کچ‌و ژنانەی لەدەستی داعش رزگار دەکرێن".

 

وتیشی "هەماهەنگییەک لەنێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان‌و وڵاتی ئەڵمانیادا هەبوەو لەساڵی ٢٠١٥ نزیکەی ھەزار کچ‌و ژنی رزگاربوی دەستی داعش بران بۆ ئەڵمانیا بەمەبەستی چارەسەرکردن، دواتریش لەلایەن چەند وڵاتێکی تری وەکو کەنەداو فەرەنساو ئوسترالیاوە ژمارەیەکی دیکەیان بردراون بۆ چارەسەرکردن، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆریان ئێستا لەناو کەمپەکاندان‌و ھەروەھا رزگارکردنی کچان‌و ژنانی رفێندراویش بەردەوامە تا دواهەمین کەسیان".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×