فازیل بەشارەتى: ئامادەین بۆ هەموو تەحەدییەک، بەسەربازیشەوە
ئا: وریا حسێن
"کارتى کشانەوە لەپڕۆسەى سیاسى عێراق دوا کارتى فشارى کوردە، پارتى تاکلایانانە ڕۆژى ١٨ى ئازار ئەو کارتەى بەڕووى عێراقدا بەرز کردەوە، ئەمەش ئەو پرسیارەى دووبارە هێنایەوە پێش ئایا کشانەوەى کورد لەعێراق قازانجە یان زیان؟".
ڕۆژى ٣ى کانوونى دووەمى ٢٠٢٤، لەکۆبونەوەى نێوان محمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانى عێراقو نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، بەشێک لەئەجێنداى کۆبونەوەکە پەیوەست بوو بەدۆخى ئێستا کێشەکانى هەرێمو عێراق، نێچیرڤان بارزانى لەکۆبونەوەکەدا بەڕوونى بەمحەمەد شیاع سودانى دەڵێت "کێشەکانى هەرێمو بەغداد چارەسەر نەکرێن، پارتى لەحکومەتەکەت دەکشێتەوە".
ڕۆژى ١٨ى ئازار پارتى بەفەرمى ئەو کارتەى بەڕووى عێراقدا ڕاکێشاو لەدوا ڕاگەیەندراویدا دەڵێت "لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەرپرسیاریێتیی نیشتمانی لەجێبەجێکردنی دەستوورو تەواوی خاڵەکانی رێککەوتنی سیاسیو ئیداریی پێکهێنانی حکومەت، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لەپرۆسەی سیاسیدا".
فازڵ بەشارەتى سەرکردەى دیارى پارتى، لەگفتوگۆیەکى لەگەڵ ئاوێنە بەدڵگەرمیەکى زۆرەوە باسى پرسى کشانەوەى کردو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەوەى پارتى دەیکات یارییەکى سیاسیە بۆ ئەوەیە وەستانێک بە بەغداد بکرێتو کاتى ئەوەیە کورد ریسکێکی سیاسى بکات تاوەکو خۆى دەرباز بکات لەو دۆخەى تێى کەوتووە، ئەو وتی "ئەنجام گرنگە، ئایا چى دەبێت؟".
ئەو سەرکردەیەى پارتى بڕواى وایە، ئەوان کاتێک لەدوای روخانی رژێمی سەدام لەساڵی ٢٠٠٣دا دیزاینى عێراقیان کردووەتەوە بۆ ئەوە بووە بەرژوەندى کوردى تێدا مسۆگەر بێت ئەگەرنا "خواى دەکرد عێراق نغرۆى غەزەب" دەبوو، ئەو وتی "لەم دۆخەشدا پارتى نیگەرانى لەخودى سودانى نیەو لەبەشێک لەکارەکانى حکومەتەکەى سودانى نیگەرانە، چونکە لەمێژووى هیچ وڵاتێکدا نەبووە کورد دوانزە مانگە لەگەڵ بەغداد دانوستان بکات لەسەر مووچە بۆیە هەڵوێست وەرگرتن بۆ پارتى فەرزى "عەین"ە هەر لایەنێکیش هەڵوێستى نەبێت لەدەرەوەى بەرژوەندى خەڵکى کورد کاردەکات".
وتیشی "ئەمە یارییەکە دەیکەین، ئەگەر بشکێتەوە بەسەرماندا ئامادەکارى ئەوەمان کردووە ڕووبەڕوى هەموو تەحەدییەک ببینەوە، تەنانەت سەربازیش، پارتى هەر ریسکێک بۆ قوتى خەڵکى کوردستان ئەگەر لەناچوونى خۆشى بێت دەیکات".
لەپرسى کشانەوە لەپڕۆسەى سیاسى عێراق پارتى بەتەنها ڕێگاکە دەبڕێت، تەنانەت هاوبەشە دێرینەکەشى کە یەکێتى نیشتمانى کوردستانە لەم پرسەدا ڕێگاى خۆى لەپارتى جیاکردوەتەوەو ئەوان دەمێکە بڕوایان وایە "بەغداد سەنتەرەو کشانەوە لەعێراق بەتاکلایەنە خۆڵێکە ئەو لایەنە بەسەرى خۆیدا دەیکات".
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى لەپەرلەمانى عێراق پێچەوانەى بەرپرسەکەى پارتى پشتبەستوو بەڕاپۆرتە ناوخۆیىو نێودەوڵەتیەکان ئاماژە بەپاشەکشەى بەردەوامى هەرێمى کوردستان دەدات لەزۆرینەى پرسەکان، بەتایبەت لەڕووى دامەزراوەیىو پرسى ئازادى ڕادەربڕین، ئەو بڕواى وایە ئەزموونى ڕابردوو پیشانى داوە دوورکەتنەوەى کورد لەبەغداد وایکردووە کورد لەسەنتەرى بڕیار دووربکەوێتەوەو خاکى لەدەستبچێت، ئەوەش بەشێکى هاندانى ناوخۆیى کورد بووە بیانوى بەدەستەوە داوە.
سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى لەپەرلەمانى عێراق بەئاوێنەى وت "دەمەوێت بەکورتى بڵێم کورد لەدادى کۆمەڵایەتىو بەرجەستکردنى حکومێکى ڕەشید پاشەکشەى کرد".
سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى لەبارەى بەیاننامەکەى ١٨ى ئازارى پارتیەوە کە هەڕەشەى کشانەوە لەبەغداد دەکات، بەڕوونى وتى "هەر بڕیارێک لەچوارچێوەى یەکڕیزى ناوماڵى کورد نەبێت بەرامبەر بەغداد بدرێت، لەزیان بۆ ئەو لایەنەو شەقامى کوردى هیچى دیکە دەستەبەر ناکات".
لەڕووى یاساییەوە کورد وەکو گورزەیەکى بنەڕەتى لەعێراقدا هەر جوڵەیەک بکات کاریگەرى سیاسىو یاسایى لەسەر عێراق دەبێت، چونکە عێراقى نوێ لەسەر بنەماى شەراکەتى سێ پێکهاتە (کوردو شیعەو سوننە) دروستبووەو کشانەوەى هەر لایەکیان سیحرى مانەوەی عێراق وەکو دەوڵەت خاڵى دەکاتەوە.
د.بەهار مەحمود، پسپۆڕى یاساییەو چوارساڵ ئەندامى لیژنەى یاسایى پەرلەمانى عێراق بووە، لەڕووى یاساییەوە بڕواى وایە کشانەوەى کورد لەبەغداد بەگوێرەى دەستور واتاى لەتبوونى عێراقو هەڵوەشانەوەى هەرێمى کوردستان، بەڵام کشانەوەى پارتى بەو مانایە نایەت، ئەو بەئاوێنەی وت "ئەگەر پارتى بکشێتەوەو لایەنەکانى دیکە لەبەغداد بن، سلێمانى ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ عێراق دەکات، هەولێریش لایەکى دیکە، بۆیە خودابکات دەوڵەتانى ئیقلیمى دەستوەردان نەکەنو دۆخەکە خراپتر بێت".
د.بەهار ئەزموونى ڕابردوى خۆى لەم دۆخانەدا بۆ ئاوێنە دەگێڕێتەوەو بڕواى وایە، پارتى کوتلەیەکى کاریگەرەو زۆرینەى لایەنە عێراقیەکان بۆ پرسە چارەنووسسازەکان ڕاى پارتیان بەلاوە گرنگەو بۆ لای ئەو دەگەڕێنەوە، کشانەوەشى کاریگەرى دەبێت، بۆیە ڕەنگە بەرزکردنەوەى ئەو کارتە کۆمەڵێک ڕێککەوتنى نهێنى بەدواى خۆى بهێنیت لەوانەش دواکەوتنى هەڵبژاردنو بژاردنەوەى دەنگەگان، ئەو وتی "بەسوودى کوردە ئەگەر لەبەغداد بەهێز بێت نەک بکشێتەوە، چونکە قوڵایى ستراتیژى کورد ئەنکەرەو تاران نیە، بەغدایە".
ئاوێنە لەسەرچاوەیەکى ناو کوتلە کوردییەکان لەبەغداد، کە نزیکە لەلایەنە عێراقیەکانەوە زانیارى ئەوەی وەرگرت، ڕایەک هەیە لەناوى لوتکەى بڕیارى عێراق کشانەوەى لایەنێکى کوردى بەتەنها هیچ قەیرانێک دروست ناکات، ئەوەشى ئێستا سودانى نەرمى بەرامبەر پارتى هەیە هۆکارەکەى ئەوەیە عێراق کەوتووەتە سەر سکەى خۆیو نایەوێت ئارامى تێکبچێت، لەئەگەرى کشانەوەى پارتى یان هەر لایەنکێکى دیکە، شوێنەکانیان بەئاسانى پڕ دەکرێتەوە.
ئەحمەدى حاجى ڕەشید، ئەندامى سەرکردایەتى کۆمەڵى دادگەرىو پەرلەمانتارى پێشووى عێراق وێنایەکى دیکە بۆ دۆخەکە دەکاتو پێیوایە پارتى لەم پڕۆسەیەدا بەتەنها نیە بەڵکو موقتەدا سەدرو حەلبوسی لەگەڵدایە بۆیە کشانەوەى پارتى کشانەوەى محەمەد حەلبوسى بەدوادادێت، ئەوە لەکاتێکدایە سودانى دڵى لەگەڵیانەو مالکێش داواى هەڵبژاردنى پێشوەختە دەکات، بۆیە ئەوانەى ناڕازین لەم دۆخە لەسەر یەک مێز کۆبوونەتەوە کە مێزى ئەمریکایەو بەرامبەر دۆستەکانى ئێران دەوەستن، ئەو بەئاوێنەى وت "هەڕەشەکانى پارتى بۆ کشانەوە، دروستکردنى شۆکێکە تاوەکو عێراق توشى شڵەژان بکاتو خۆی لەو قەیرانانە ڕزگار بکات تێى کەوتووە".
لەبارەى ئەوەى تاچەند هێزە کوردییەکان لەپرسى کشانەوە شوێنى پارتى دەکەون، ئەحمەدى حاجى ڕەشید پێشبینى بۆ حیزبەکەى خۆى ئەوەبوو ناکشێتەوە، ئەو وتیى "بەبڕوای من کۆمەڵى دادگەرى کۆتا هێزە لەبەغداد بکشێتەوە".
هاوکات سەرچاوەیەکى باڵا لەنەوەى نوێ کە بەهێزترین کوتلەى ئۆپۆزسیۆنە لەپەرلەمانى عێراق، ئەوەى بەئاوێنە وت "ئەگەر کورد لەبەغداد بکشێتەوە دەبێت سەرەتا لەسەرۆککۆمارەوە دەستپێبکات، بۆیە پارتىو یەکێتى با لەحکومەت بکشێنەوە ئەوە دەبێتە فشار بەسەر عێراقەوە، چونکە حکومەت بەڕێککەوتن پێکهاتووە، بەڵام پەرلەمان بەدەنگى خەڵک دروستبووە".
وتیشى "کشانەوەى پارتى بەتەنها کشانەوەى حیزبێکەو نوێنەرایەتی هەموو کورد ناکات".
بەگوێرەى زانیاری سەرچاوەیەکى تایبەت بۆ ئاوێنە، ئەگەر کاردانەوەکانى عێراق بەرامبەر خواستى پارتى کە لەبەیاننامەکەى ١٨ى ئازار هاتووە بەهێز نەبێت، پارتى وەکو سەرەتاى کشانەوە یان (وەزیرى دەرەوەى عێراق یان جێگیرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق) هاوشێوەى ئەندامەکەى ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى دەکشێنێتەوە".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.