ئا: وریا حسێن
ئەگەر مەرجى کردنەوەى هەژمارى (کى کارد) جێ بەجێ نەکرێت، مووچەى مانگى سێى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لەکێشەیەکى گەورەدایە، تۆپەکەش ئێستا خراوەتە گۆڕەپانى وەزارەتى دارایى هەرێم، کە ٢٢ ڕۆژە بێدەنگە. بەرپرسی بەشى پەیوەندییەکانى کی کارد دەڵێت "لەو کاتەى دیاریکراوە فەرمانبەرانى هەرێم دەکەینە خاوەنى کى کارد".
بەڕێوەبەرى کاروبارى ڕاگەیاندن لەوەزارەتى دارایى عێراق، ئالاء لیس لەپەیوەندیەکى لەگەڵ ئاوێنەدا جەختى لەسەر دواهەمین ڕاگەیەنراویان دەربارەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان کردەوە کە تێیدا ئاماژە بە دوو شت دەکات، ئەویش "یەکەم، مووچەى مانگى شوباتیان ناردووە. دووەم، بۆ مووچەى مانگى ئازار ئەوان چاوەڕوانى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکەن کە مەرجەکانیان جێبەجێ بکات، ئەو بەئاوێنەى راگەیاند "ئەوە ڕاى ئێمەیە بەڕوونى".
بۆ مانگى شوبات، مەرجى وەزارەتى دارایى عێراق بۆ هەرێمى کوردستان ئەوەیە، لەڕێگەى بانکى ڕەشیدو رافیدەین، هەر مووچەخۆرێکى هەرێمى کوردستان هەژمارێکى بانکى بۆ بکرێتەوە، مانگانە لەڕێگەى ئەو هەژمارەوە وەکو هاوڵاتیەکى عێراقى مووچە وەربگرێت، ئیدى پارە بەدەستى نادرێتە فەرمانبەران.
د.نەرمین مەعروف، ئەندامى لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە هیچ هەنگاوێکى کردارى نیە سەبارەت بەکردنەوەى هەژمارى بانکى فەرمانبەران، ئەو هەنگاوەش پێویستى بەڕێکەوتنى نێوان هەرێمو بەغداد دەبێت، ئەو وتى "بەگوێرەى بڕیارى دادگاى فیدراڵى دەبێت ئەو هەژمارە لەبانکە فیدراڵیەکان بکرێتەوە کە پێکهاتووە لەبانکەکانى (ڕەشیدو ڕافیدەینو بانکى بازرگانى عێراقى)یە، ئەمە لەنێوان هەرێمو بەغداد یەکلایى نەبووەتەوە".
سەربارى ئەوەى لەناوەڕاستى مانگى ڕابردوەوە وەزارەتى دارایى عێراق سەبارەت بەمووچەى مانگى ئازار مەرجەکانى بەهەرێم ڕاگەیاندووە، بەڵام هیچ هەنگاوێکیان لەو بارەیەوە هەڵنەگرتووە، لەوبارەیەوە وتەبێژى وەزارەتى دارایى هەرێم بێدەنگەو وەڵامى پەیوەندییەکەى ئاوێنەى نەدایەوە، ئەمەش مووچەى مانگى ئازارى فەرمانبەرانى خستووەتە قوڕگى شێرەوە، خاڵە ناکۆکەش ئەوەیە "عێراق دەڵێت من بەسیستمى کى کارد مووچە دەدەم، هەرێمیش دەڵێت وەرن بەهەژمارى من مووچە بدەن".
سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابوورى پەرلەمانى عێراق بۆ ئاوێنە باسى ئەوەیکرد، مووچەى مانگى ٣ى ساڵى ٢٠٢٤ لەکێشەیەکى گەورەدایە، گرنگە بەرپرسانى هەرێمى کوردستان بچنە بەغدا ئەو پرسە یەکلایى بکەنەوە، دەنا بەپێچەوانەوە قەیرانەکە قوڵ دەبێتەوە، ئەو وتى "ئەو پرسە لەدوورەوە ناکرێت، ٢٢ ڕۆژە بڕیارەکە دەرچووە هەرێمى کوردستان بێدەنگە، ئەو فشارەشى بەغداد دەیکات بۆ ئەوەیە هەرێمى کوردستان بێت بەدەمیەوە بۆ جێبەجێکردن، مووچە لەکێشەیەکى گەورەدایە".
ئاوێنە لەبەغدا بەدواداچوونى بۆ ئەو پرسە کرد، زانیارییەکان یەکلان لەسەر ئەوەى دانوستان لەسەر مووچەى مانگى ئازار لەنێوان هەردوو وەزارەتى دارایى نیە، بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵیش دەربارەى مووچەى مانگى سێ هێزیان بەعێراق بەخشیووەو هەرێم لەخاڵى لاوازدایە، بۆیە پێدانى مووچە بەهەژمارى (کى کارد) بەهێزترین بژاردەیە.
موستەفا سەڵاح، لەبەشى پەیوەندییەکانى کی کارد وەڵامى پرسیارى ئاوێنەى دایەوە دەربارەى سیستمەکەیانو ئاماژەى بۆ ئەوە کرد، (کى کارد) تایبەتە بەمووچەو فەرمانبەرانى عێراقو بەو کارتە کە وابەستەیە بەهەردوو بانکى ڕەشیدو ڕافیدەین-ەوە مووچە وەردەگرن، ئەو وتى "ئەگەر حکومەتى هەرێمى کوردستان خواستى هەبێت بەگوێرەى ڕێوشوێنى فەرمانگەکان ئەم کارتەیان بۆ دەکەینەوەو هیچ کێشەکمان نیە".
ئەو فەرمانبەرەى بەشى پەیوەندییەکانى کى کارد، جەختى لەسەر ئەوە کردەوە لەو ماوەیەى وەزارەتى دارایى عێراق دایناوە توانایان هەیە کارتى بانکى (کى کارد) بۆ هەموو فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دروست بکەنو لەڕێگەیەوە مووچەکانیان وەربگرن.
لەسلێمانى پەیامنێرى ئاوێنە سەردانى ئۆفیسى کى کاردى کرد لەگەڕەکى بەختیارى، ئۆفیسەکە جمەى دەهات لەو هاوڵاتیانەى دەیانویست ئەپى تایبەت بەکارتەکە چالاک بکەن، تاوەکو سود لەسیستمەکە وەربگرن.
یەکێک لەو هاوڵاتیانەى لەناو ئۆفیسەکە بوو کێشەى نەهاتنەوەى کارتەکەى هەبوو، لەگفتگۆى لەگەڵ کارمەندى بەشى خزمەتگوزارى کى کارد، فشارى ئەوەى دەکرد کارتەکەى زوو بێتەوە، ئەو وتى "من دەمێکە کارتم پڕ کردووەتەوەو ناوم نەهاتووەتەوە"، کارمەندەکەش کێشەکەی بۆ چارەسەر کرد.
موستەفا سەڵاح، لەبەشى پەیوەندییەکانى کی کارد لەوبارەیەوە وتی "ئەو سیستمەى بۆ هاوڵاتیانى هەرێم چالاک دەکرێت، ماستەر کارد-ى کى کاردە، ئەو کى کاردە نیە کە بۆ مووچە بەکاردێت، ئەوەى مووچە دەبێت لەڕێگەى فەرمانگەى فەرمانبەرەکەوە بەڵگەنامە فەرمییەکانیان بۆ بڕوات پاشان هەژمارى کى کارد بۆ ئەو فەرمانبەرە دەکرێتەوە، وتیشى "ئەگەر مووچەى فەرمانبەران بچێتە سەر بەغداد، فەرمانبەران دەتوانن سوود لەسولفەکانى ڕافیدەین وەربگرن بەکی کارد".
حکومەتى هەرێمى کوردستان پڕۆسەى هەژمارى من بە بەدیلى کى کارد دەزانێت، بۆیە تا کۆتایى ئەمساڵ پلانى هەیە سەرو یەک ملیۆن فەرمانبەر بکاتە خاوەنى سیستمى (هەژمارى من)، بەگوێرەی دواهەمین ئامار بێت، ٢٤٠ هەژمارى بانکى بۆ مووچەخۆران لەو سیستمە تۆمارکراونو ١٣٠ هەزاریان ئێستا خاوەنى کارتى (هەژمارى من)ن، بەڵام لەسلێمانى پڕۆسەکە هەم وەستاوەو هەم ڕەتدەکرێتەوە.
سەرچاوەیەک لەلقى سلێمانى ئاڕتى بانک کە نزیکترین بانکە لەحکومەتەوە هاوبەشى پڕۆژەى "هەژمارى من"ە زانیارى ئەوە بەئاوینە دەدات، هەژمارەکە لەسلێمانى دەستى پێنەکردووە بەبێ ڕوونکردنەوەى هۆکارەکەى، سەرچاوەکە وتى "هۆکارەکەى لەلقى سەرەکیمان لەهەولێر بپرسن".
سوربوونى تەیف سامى لەنەناردنى مووچەى مانگى سێو بێدەنگى وەزارەتى دارایى، پێدەچێت سەرەتاى ئەو گێژاوە بێت کە پێکدادانى (هەژمارى منو کى کارد) دروستیان کردووە، بۆیە ئەگەرە بەهێزەکە ئەوەیە مووچەى مانگى ئازار نەچێتە ناو گیرفانەوە، تاوەکو نەخرێتە سەر یەکێک لەو هەژمارانە.
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.